سەلاح حسێن ئەفەندی: لێکەوتەکانی خەونی ئیمپراتووریانەی ئێران و تورکیا و ئیسرائیل.
ئەو خەونانە چین؟
خەونی ئیمپراتووریانە بریتییە لە هەوڵی ئەو دەوڵەتانەی کە خۆیان بە بەهێز و زڵ دەزانن بۆ ئەوەی بگەنە ئاستی جەمسەرە گەورەکانی جیهان و ببنە هێزێکی کاریگەر و بڕیاردەر، وەک وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، چین یان رووسیا.
ئەم ئارەزووە لە پێش هەموو شتێکدا بە خۆسەپاندنیان بەسەر دەوڵەت و میللەتانی ناوچەکەدا دەردەکەوێت.
ئەگەرچی ئەم جۆرە خەونە بووەتە مۆدێلێکی باو لە ناوچەکەدا و تەنانەت وڵاتانی بچووکی وەک ئیمارات و قەتەریش گرتووەتەوە، بەڵام لە پێش هەموویانەوە ئێران، تورکیا و ئیسرائیل ــ هەتا ڕادەیەکیش سعودیە ــ ئەو دەوڵەتانەن کە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆیان هەیە لەسەر ئێستا و ئایندەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، لە پاکستانەوە هەتا مەغریب.
بنەمای مێژوویی ئەو خەونانە:
ئێران
ئێران مێژوویەکی درێژی دەسەڵاتی ئیپراتووری لە ناوچەکەدا هەیە.
ئیمپراتۆری ئەخمەنییەکان (550–330 پ.ز) توانی ئیمپراتوورییەکی جیهانی دروست بکات کە بێجگە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بەلقان، باکوری ئەفریقا و ناوەڕاستی ئاسیاشی گرتەوە.
ئیمپراتۆری ساسانی بۆ ماوەی نزیکەی هەزار ساڵ هەتا فەتحی ئیسلامی دەسەڵاتی بەسەر بەشێکی گەورەی جیهانی ئەوسا هەبوو.
دواتر، دەوڵەتی سەفەوی یەکێک بوو لە گەورەترین هێزەکانی ناوچەکە بۆ ماوەی نزیکەی 400 ساڵ هەتا کۆتایی جەنگی یەکەمی جیهان.
لە سەدەی بیستدا، خەونی رەزا شا پەهلەوی بۆ دامەزراندنی ئیپراتوورییەتی ئاری هەتا ساڵی 1979 بەردەوام بوو، بەڵام بە پشتگیری ڕۆژئاوا کۆتایی پێهات.
بەو هۆیە بەردەوامبوونی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر هەمان ئاراستە، بە شێوەی مەزهەبی شیعە، شتێکی سەیر نەبوو.
تورکیا
ئیمپراتۆری عوسمانی نزیکەی 700 ساڵ (1299–1923) بەردەوام بوو و بەشێکی گەورەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، باکوری ئەفریقا و خۆرهەڵاتی ئەوروپای لەژێر دەسەڵاتدا بوو، بە مەساحەیەکی نزیکەی 5.2– 7.6 ملیۆن کیلۆمەتر دووجا.
دوای داڕمانەکە، تورکیای نوێ هەتا ئێستا تەواو دەستبەرداری خەونی سەرلەنوێ بونیادنانی تورکیایەکی گەورە نەبووە.
ئیسرائیل
خەونی جولەکەکان بۆ دامەزراندنی ئیپراتووری لە مێژوودا بە ئەنجام نەگەیشتووە. ئاینی جوو، بە پێچەوانەی ئیسلام و مەسیحیەت، ئاینێکی داخراوە و سنوردارە و تەنها بۆ گەلی بەنی ئیسرائیل تەرخانکراوە.
لە کاتێکدا ژمارەی مەسیحیانی جیهان نزیکەی 2.2 ملیارد و موسڵمانان 1.6– 2 ملیاردن، ژمارەی جولەکەکان لە 15 ملیۆن تێناپەڕێت.
بەم پێیە، خەونی مێژوویی جولەکەکان و هەروەها خەونی سایۆنیزم لە تێکەڵاوبوون و پێکەوژیاندا نەبووە، بەڵکو لە خۆسەپاندندا بووە.
خەونی ئێستای ئەو وڵاتانە
ئێستا سیستەمی سەرمایەداری جیهان هەموو جیهانی گرتووە و وەک نیوەی دووەمی سەدەی بیست بە دوو بەرە دابەش نەکراوە. زۆرێک لە دەوڵەتان هەوڵدەدەن ببنە بەشێکی کاریگەر لەم سیستەمەدا.
ئەم سێ دەوڵەتەش هەوڵی گەیشتن بەو ئامانجە دەدەن، بەڵام بە شێوازی جیاواز: لە ڕێگەی خۆسەپاندن و بەکارهێنانی هێزی سەربازی و ئەمنی، بە شێوەی ڕاستەوخۆ یان بە وەکالەت.
ئایا ئەو هەوڵانە سەر دەکەون؟
بە گشتی نەخێر، بۆ چەند هۆکار:
• ناوچەکە وەک پێش دوو سەدە نییە؛ دەوڵەت و میللەتەکان هەژموونی هەر هێزێکی هەرێمایی قبووڵ ناکەن.
• سیستەمی جیهان گۆڕاوە؛ سەردەمی کۆلۆنیالیزم بەسەرچووە و ئابووری جیهانی پێکەوە گرێدراوە.
• هیچ یەک لەو دەوڵەتانە نەگەیشتوونەتە ئاستی تەکنەلۆجی و ئابووری جەمسەرە گەورەکان.
• گرنگی جیوسیاسی ناوچەکە وایکردووە جەمسەرە گەورەکان، بەتایبەتی ئەمەریکا، ڕێگە بە سەرهەڵدانی جەمسەرێکی نوێ نەدەن.
• دەرئەنجامی ئەو هەوڵانە زۆرجار ناسەقامگیری، شەڕ و دەستێوەردانی دەرەکیی زیاترە.
تایبەتمەندیی دۆخی ئیسرائیل
ئیسرائیل ناتوانێ هەژموونی فراوان بسەپێنێت، چونکە:
• لە ناوچەکەدا خۆی بە جەستەیەکی غەریب دەزانێت و وا دەبینرێت.
• پێویستی بە پاڵپشتی ڕۆژئاوا، بەتایبەتی ئەمەریکا، هەیە.
• بە هۆی بچووکی و کەمی دانیشتوان، توانای ئابووری و تەکنەلۆژیی پێویستی بۆ سەپاندنی هەژموونی ئاشتیانە نییە.
• لە جیهانی فرەجەمسەردا، ئەگەر هێزی ئەمەریکا کەمببێتەوە، پاڵپشتییەکەشی زۆر کەم دەبێتەوە.
دەرئەنجام
هیچکام لە ئێران، تورکیا یان ئیسرائیل ناتوانن تاکلایەنانە ببنە جەمسەرێکی بەهێز و بڕیاردەر لە سیستەمی سەرمایەداری جیهاندا، یان هەژموونی تەواو بەسەر ناوچەکەدا بسەپێنن.
هەوڵەکانیان زۆرجار دەبێتە هۆی ناسەقامگیری، شەڕ، دەستێوەردانی زلهێزەکان و بەردەوامبوونی پاشکۆیەتی.
پرسیاری سەرەکی ئەوەیە:
ئایا دەرفەتێک هەیە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ببێتە هێزێکی کاریگەر لە سیستەمی جیهانی؟
فاکتەرە یارمەتیدەرەکان و ڕێگرەکان چین؟
ئەم پرسیارانە گەورەن و بە وتارێک وەڵام نادرێنەوە، بەڵام لە کتێبی داهاتوو «هەستانەوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە سەردەمی جیهانگیریدا» تاوتوێ کراون.
- Latest Posts by سەلاح حسێن ئەفەندی
-
سەلاح حسێن ئەفەندی: تێگەیشتنی سیستەمی نوێی جیهان: قەیرانی تاکرەوی ئەمەریکا و پێوستبوون بە پەیڕەوکردنی دیموکراسی فرەلایەنی.
- -
سەلاح حسێن ئەفەندی: کێشەی نەبوونی ستراتیژییەکی سیاسی لە کوردستاندا، لە نێوان سەربەخۆیی و عێراقچێتیدا.
- -
سەلاح حسین ئەفەندی: جووڵەی خەڵکانی کوردستان، تێکشکاندنی هەموو سنوورەکان.
- All Posts