دکتۆر پیرۆت محەمەدئەمین: هەرێمی کوردستان لە نێوان فشاریی بەشداری و بژاردەی بێلایەنی.
لە کاتێکدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم جەنگێکی فراواندایە، پرسیارێکی جەوهەری دەدرێتە پاڵ هەرێمی کوردستان، ئایا هەرێم دەخرێتە ناو ئەم ململانێیەوە؟ شیکارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەهۆی پێگە جوگرافییەکەی و بوونی بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە هەرێم، فشارێکی ناڕاستەوخۆ دەبێت بۆ ئەوەی هەرێم وەک بەشێک لە جەنگەکە دەربکەوێت.
پێکدادانەکانی ئێستای نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک و ئێران لە لایەکی دیکە، ناتوانرێت تەنها بە تێپەڕاندنی شەڕ و پێکدادانی سەربازی یان ئۆپەراسیۆنی خۆپارێزی ئاسایی لێکبدرێتەوە. بەڵکو دەربڕینێکی چڕبوونەوەی ململانێیەکی ستراتیژی قووڵترن. ئەم جەنگە سنووری ئاسایش و سیاسەت تێدەپەڕێنێت و دەگاتە دڵی ئابووری جیهانی.
لە ژێر ڕۆشنایی ئەم هەڵکشانەدا، ناوچەکە وا دیارە گۆڕەپانێکە بۆ دووبارە کێشانەوەی نەخشەی ئابووری و بازرگانی، کە هاوسەنگی هێز نەک تەنها بە هێزی سەربازی دیاری دەکرێت، بەڵکو لەهەمان كاتدا بە توانای کۆنترۆڵکردنی ڕەوتی ئابووری و ڕێڕەوی وزە .
ئەمریکا لە هەوڵی پاراستنی سیستەمی دارایی جیهانی و باڵادەستیی دۆلاردایە، لە کاتێکدا ئێران وەک جەمسەرێکی ناوچەیی هەوڵ بۆ شکاندنی ئەم گەمارۆ ئابوورییە دەدات کە ساڵانێکە ملی پێدا ناوە. ئەم ململانێیە وایکردووە کە هەموو مووشەکێک و هەموو درۆنێک کە لە ئاسمانی ناوچەکەدا دەفڕێت، خاوەنی نرخێکی ئابووریی دیاریکراو بێت و ئامانجەکەی نەک تەنیا سەربازگەیەک، بەڵکو پەکخستنی پڕۆژەیەکی ئابووریی لایەنی بەرامبەر بێت.
لە ناو جەرگەی ئەم گەردەلوولەدا، عێراق و هەرێمی کوردستان وەک ناوچەیەکی ستراتیژی و خاوەن سەرچاوەی دەوڵەمەندی وزە، خۆیان لە ناو هاوکێشەیەکی زۆر دژواردا دەبیننەوە. عێراق کە ئابوورییەکەی بە تەواوی پشت بە هەناردەی نەوت دەبەستێت، کەوتووەتە نێوان بەرداشی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر سیستەمی دارایی ئێران و فشارەکانی تاران بۆ ڕاکێشانی بەغدا بۆ ناو میحوەری خۆی.
هەڵوێستی عێراق تا ئێستا بریتی بووە لە “هاوسەنگییەکی پڕ لە مەترسی” و هەوڵدان بۆ پاراستنی پەیوەندییە بانکی و داراییەکانی لەگەڵ واشنتۆن بۆ ڕێگری لە داڕمانی بەهای دینار، و لە هەمان کاتدا ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییە ئەمنیی و ئابوورییەکانی لەگەڵ دراوسێیە ئێرانییەکەی. ئەم دۆخە عێراقی کردووەتە گۆڕەپانی سەرەکیی “شەڕی دۆلار” و “شەڕی وزە”، کە تێیدا فشارە داراییەکان وەک ئامرازێکی سیاسی بۆ گوشار خستنە سەر حکومەتی بەغدا بەکاردەهێنرێن.
هەرێمی کوردستان وەک کارەکتەرێکی سەرەکی لە نەخشەی وزەی ناوچەکەدا، لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژوویی و چارەنووسسازدایە. داهاتووی سیاسی و دارایی ،بەندە بەوەی تا چەند سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێم دەتوانێت لەم “جەنگی زلهێزەکان بۆ سەرچاوەکان”دا لاسەنگیی بێلایەنیی خۆی ڕابگرێت. ئەم بێلایەنییە تەنیا هەڵوێستێکی دیپلۆماسی نییە، بەڵکو ستراتیژییەکی مانەوەیە لە ناوچەیەکدا کە تێیدا ئابووری کراوەتە چەکێکی کوشندە بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێی نێوان واشنتۆن و تاران و دەوڵەتە هەرێمییەکان.
پاراستنی بێلایەنی هەرێم لەم سیاقەدا بەو مانایەیە کە نابێت ڕێگە بدات خاک و ژێرخانە ئابوورییەکەی ببنە ئامرازێک بۆ گوشار خستنە سەر لایەنێکیان، چونکە هەر لادانێک لەم هاوسەنگییە، دەبێتە هۆی ئەوەی هەرێم ڕووبەڕووی سزای دارایی یان گەمارۆی ئابووریی توند ببێتەوە.
لە لایەکی ترەوە، بێلایەنی بە مانای “پەراوێزکەوتن” نایەت، بەڵکو بە مانای خۆگونجاندنە لەگەڵ نەخشە نوێیەکە. ئەگەر هەرێم بتوانێت وەک “ناوچەیەکی ئارامی ئابووری” خۆی بناسێنێت. بەڵام مەترسییەکە لەوەدایە کە زلهێزەکان زۆرجار بێلایەنی وەک “دژایەتی” لێکدەدەنەوە، ئەمریکا دەیەوێت هەرێم بەشێک بێت لە گەمارۆکانی سەر ئێران، و ئێرانیش دەیەوێت هەرێم دەروازەیەک بێت بۆ دەربازبوون لەو گەمارۆیانە. لێرەدا، داهاتووی هەرێم بەستراوەتەوە بە زیرەکیی لە بەکارهێنانی کارتەكان نەک وەک چەکێک، بەڵکو وەک پردێک بۆ ڕاکێشانی بەرژەوەندیی هەموو لایەنەکان بەرەو سەقامگیریی ناوچەکە.
لە ڕاستیدا، ئەمریکا چاوەڕوانی ئەوە ناکات هەرێمی کوردستان وەک هێزێکی سەربازیی بەشداریی جەنگەکە بکات، بەڵکو داواکارییەکان زیاتر لە چوارچێوەی “پاڵپشتیی لۆجستی”و “ڕێگەدان بە بەکارهێنانی خاک و ئاسمان” دایە. لایەنی بەرامبەریش ئەم جۆرە هاوکارییانە وەک بەشداریکردنێکی ڕاستەوخۆ دەبینن، ئەمەش هەرێم دەخاتە ناو بازنەی ئامانجە سەربازییەکان.
بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان خۆی لەم سووتانە بەدوور بگرێت، پێویستە چەند هەنگاوێکی دیپلۆماسی و ئەمنی بگرێتە بەر و پێویستە بە ڕوونی ڕایبگەیەنێت کە خاکی هەرێم نابێتە گۆڕەپانی هێرش بۆ سەر هیچ وڵاتێکی دراوسێ، ئەمەش وەک جێبەجێکردنی دەستووری عێراق هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا، باشترین ڕێگە بۆ ڕەتکردنەوەی داواکارییە نێودەوڵەتییەکان، پەنابردنە بۆ چەتری دەوڵەتی فیدراڵ. کاتێک بڕیارەکان لە بەغداوە دەردەچن
لەهەمان كاتدا ئەگەر هەرێمی کوردستان داواکارییەکی فەرمی یان توندی ئەمریکا بۆ پاڵپشتی سەربازی ڕەت بکاتەوە، ڕەنگە ڕووبەڕووی چەند لێکەوتەیەکی دارایی و ئابووری ببێتەوە وەكو کەمبوونەوەی هاوکارییە داراییەکانی ئەمریکا . هەروەها دەتوانێت لە ڕێگەی سزای بانکی یان توندکردنەوەی ڕێکارەکانی گواستنەوەی دۆلار، فشارێکی گەورە بخاتە سەر بازاڕی هەرێم.
لەبەرئەوەی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وزە کە لە هەرێم کار دەکەن، زۆربەیان ئەمریکی وڕۆژئاوایین. نەمانی “چەتری پاراستنی ئەمریکی” دەبێتە هۆی کشانەوەی ئەم کۆمپانیایانە و داڕمانی کەرتی وزەی هەرێم.
لە کۆتاییدا، دەتوانرێت بگوترێت کە سەرکەوتنی هەرێمی کوردستان لە پاراستنی بێلایەنیدا، کلیلی گۆڕینی هەرێمە لە “گۆڕەپانی ململانێ”وە بۆ “هاوبەشێکی ستراتیژی”. ئەگەر هەرێم نەتوانێت ئەم هاوسەنگییە بپارێزێت، ئەوا ئابوورییەکەی دەبێتە سووتەمەنیی جەنگێکی ساردی درێژخایەن کە تێیدا قەوارە سیاسییەکە و بژێویی هاووڵاتییانیش دەکەونە مەترسییەوە. بۆیە، بێلایەنی لەم جەنگە ئابوورییەدا تەنیا بژاردەیەک نییە، بەڵکو تاکە ڕێگایە بۆ ئەوەی هەرێم لە نەخشە نوێیەکەی بازرگانیی جیهانیدا جێگەی خۆی بکاتەوە .
پسپۆڕی : دارایی گشتی