نەوزادی موھەندیس: پڕۆژەی کەناڵی سەلمان، وەک پڕۆژەی سەدەی سعودیە و جێگرەوەی تەنگەی ھورموز.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
ئاشکرایە کە وڵاتانی کەنداوی عەرەبی- فارسی لەناو جەرگەی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا گرنگی و کاریگەرییەکی گەورەیان ھەیە وەک خاوەنی دوو سەرچاوە گرنگەکەی وزە لە نەوتی خاو و غازی سروشتی لە دونیادا و ئەو وڵاتانەی کە لەسەر کەنداوی عەرەبی- فارسین بریتین لەھەریەکە لە ئێران لەبەری ڕۆژھەڵاتەوە و ھەریەکە لە عێراق و کوێت و بەحرەین و قەتەر و سعودیە و ئیماراتی عەرەبی و عومانن کە ھەموانیان دەوڵەمەندن بە نەوت و غازی سروشتی و بەشێوەیەک ڕۆژانە یەک لەسەر سێی بازرگانی دەریایی نەوت و غازی سروشتی لەم وڵاتانەوە دەچنە ناو بازاڕە نەوت و غازیەکانی جیھانەوە بۆ وڵاتانی ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوای جیھان و ڕۆژانە دەگاتە بڕی 12 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو،کە بۆخۆی ئەم بڕە کەم نیە و زۆرێک لە وڵاتانی پیشەسازی گەورە بەنموونەی چین و ھندستان و… ھتد. پشتیان بەدابینکردنی ئەو سەرچاوە گرنگانە بەستوە لەم ناوچەیەوە.
جا ھەڵکەوتەی ئەم وڵاتانە لەم بەرو ئەوبەری کەنداوەکەوە بەشێوەیەکە کە ئێران لەبەری ڕۆژھەڵاتەوە وەک وڵاتێکی گەورە و فراوان بەتەنھا کە سنورەکانی بەدرێژایی کەنداوە و لە باکورەوە درێژبۆتەوە بۆ باشوور بەدرێژایی 2440کم لەھەموان گەورەتر و بەھێزترە لەڕووی سەربازی و مرۆیی و پانوپۆڕی جوگرافیاکەیەوە و وڵاتانی عەرەبیش لەبەری ڕۆژئاواوە و پێکەوە ھەموانیان بە درێژی 3490کم لەبەرامبەر ئێراندا سنوریان لەسەر کەنداوەکە ھەیە و ھەمیشە ناکۆکن لەگەڵ ئێران و ئەمان ھاوپەیمانی ئەمریکا و ڕۆژئاوان و بەم دواییانەش ھەموانیان پەیوەندیە سیاسی و دیبلۆماسی و ئابوری و ئەمنیەکانیشیان لەگەڵ ئیسڕائیلدا دروستکردوە و بەمەش دووجار بونەتە ھاوپەیمانی ئەمریکا و ئیسڕائیل و بەم کارەشیان ھێندەی تر ململانێکانیان لەگەڵ ئێراندا توندکردۆتەوە و ھەمیشە لە کێبڕکێیەکی ئاشکرا و نھێنیدان.چونکە ھەمیشە ئێران لەڕووی سیاسی و ئەمنی و مەزھەبیەوە بە نەیاری خۆیان دەزانن و وەکو ھەڕەشەیەکی جدی لێیدەڕوانن. ھەربۆیەش لە پێشبڕکێیەکی خۆپڕچەککردندان بۆ پارێزگاری لە کیان و بوون و سەروەریان.
ئەمریکا و ئیسڕائیلیش ماوەی زیاد لە 47 ساڵە و بەتایبەتی دوای ھاتنە سەر دەسەڵاتی ئیسلامیە شیعە مەزھەبەکان لە ساڵی 1979وە و دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی ئێرانی،و سەرھەڵدانی دوژمنایەتی و ناکۆکی بەردەوام لە نێوانیاندا،سەرقاڵی گەمارۆدانی ئابوری و سیاسی و ئەمنی ئێرانن و لەھەوڵی ڕووخاندن و گۆڕانکارین لە سیستەمی حوکمڕانیەکەیدا و بەھەموو شێوەیەک گەرەکیانە ئەو ڕژێمە لەناوبەرن و لەوپێناوەشدا جەنگی عێراق-ئێرانی ھەشت ساڵە 1980-1988 و دواتر گەمارۆی ئابوری و لە ئێستاشدا جەنگی 12 ڕۆژە و ھەڵایسانی گەڕێکی نوێی جەنگەکە لە ٢٨شوباتەوە، ناوچەکە و دونیای ڕوبەڕووکردۆتەوە لەگەڵ مەترسی و ھەڕەشە سیاسی و ئابوری و ئەمنیەکاندا و ھەموانیان بونەتە ئامانجی ھەڕەشەکانی ئێران چونکە ھەموو وڵاتانی عەرەبی کەنداو بە نەیاری خۆی دادەنێت کە بونەتە مۆڵگەی جاسوسی و ھەواڵگری و بنکەی سەربازیەکانی ئەمریکا و ئیسڕائیل.
جا ئێران وەک وڵاتێکی گەورەی دەستڕۆیشتوو بەسەر تەنگەی ھورمز (( درێژییەکەی 167کم وپانییەکەی لەنێوان 39- 96کم) ،وەک تاکە ڕێڕەوی ھاتوچۆی ئاوی و ئابوری ئەم ناوچەیە ھەمیشە کارتی داخستنی ئەم تەنگەیەی وەک کارتێکی فشار بەڕووی ھەمواندا بەرزدەکاتەوە و لەدوای ھێرشەکانی ئەمریکا بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمیەکانی لە 22/ 6/ 2025دا پەڕلەمانی ئێرانی دەنگیدا بە داخستنی ئەو تەنگەیە ،بەڵام چاوەڕوانی ڕەزامەندی بڕیاری ئەنجومەنی باڵای ئەمنی نەتەوەیی ئێرانیان دەکرد بۆ داخستنی،ئەوەتا بۆ یەکەم جار لە مێژووی ململانێکاندا ئەو تەنگەیە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە لە 2/ 3/ 2026 وە داخراوە و نرخەکانی نەوتی خاوی لە 58 دۆلارەوە بەرزکردۆتەوە بۆ 81 دۆلار و ئەگەری زیاتر بەرزبوەنەوەشی ھەیە لەکاتی درێژەکێشانی جەنگەکەدا و نرخی غازی سروشتیشی بەھەمان شێوە بەڕێژەی 50% بەرزکردۆتەوە بەتایبەتی لە وڵاتانی ئەوروپادا.بەمەش نەک مەترسی بۆ سەر تەنھا وڵاتانی کەنداو دروستکردوە بەڵکو بۆ ھەموو بازاڕەکانی جیھان و بەتایبەتی بۆ چین وەک ڕکابەری ئابوری و ئەمنی دژ بە ئەمریکا دروستکردوە.
جا وڵاتی سعودیە وەک گەورەترین وڵاتانی کەنداو و دەوڵەمەندترینیشیان لەمێژە لە بیر و خەیاڵی ئەوەدایە ھەر لەساڵی 2015وە کە پڕۆژەیەک وەک جێگرەوەیەک بۆ ڕێڕەوی ئاوی و دەروازەی ناردنەدەرەوەی نەوت و غازە سروشتیەکەی بدۆزێتەوە و بیکاتە دەروازە و ڕێڕەوێکی جێگرەوە بۆ تەنگەی ھورمز وەک پڕۆژەیەکی ستراتیژی کە تائێستا دەستنەکراوە بە جێبەجێکردنی،ھەربۆیە لەو کاتەوەی محمد کوڕی شا سەلمانی سعودیە وەک وەلی عەھدی باوکی ھاتۆتە سەر حومکم و تاکە دەستڕۆیشتووی بەھێزیشە و گەنجە و خاوەنی چەندین بیرۆکەی سیاسی و ئابوری مەزن و بێ وێنەیە و گەرەکێتی سعودیە بکاتە وڵاتێکی گەورەی بازرگانی و پیشەسازی و ئابوری بەھێز لەناوچەکەدا ولەو پێناوەدا چەندین پڕۆژەی گەورەی وەکو ڕێڕەوی ئابوری لە نێوان ھندستان و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپادا IMEC کە پڕۆژەیەکی ئابوری گەورە و ستراتیژییە ( ھندستان (بۆمبای) –ئیمارات-سعودیە-ئیسڕائیل-ئەوروپای دەستپێکردوە و پڕۆژەی نیۆم 2030 و لە ئێستاشدا بیرۆکەی لێدانی کەناڵێکی ئاوی لە ڕۆژھەڵاتی سعودیەوە لەسەر کەنداوی عەرەبیەوە بەناو بیبانەکانی ناوچەی چۆڵی سعودیەدا بەرەو ڕۆژئاوا لەسەر دەریای سوور لێبدات و بەمەش ئیدی دەروازەیەکی جێگرەوە بۆ تەنگەی ھورمز دروستدەکات و چیدی ناکەوێتە بەر ھەڕەشەی کارتی مەترسی ئێران و داخستنی ئەو تەنگەیەوە و بەمەش ئیدی تەنگەی ھورمز ئەو گرنگی و کاریگەرییەی نامێنێت و ھەموو وڵاتانی کەنداویش بە عێراقیشەوە دەتوانن ئەو کەناڵە بەکاربێنن و ئابوریەکەیان سەلامەت و ئەمین بێت.
زانیاری لەسەر ئەم کەناڵە:
پڕۆژەکە ناوی کەناڵی سەلمانە لەسەر ناوی شا سەلمانی باوکی محەمەد و بە موعجیزەی سەدەی سعودیە دادەنرێت. درێژییەکەی بریتیە لە 950 کم. قوڵییەکەی بریتیە لە 25 مەتر بەم پێیەش دەتوانێت گەورەترین پاپۆڕ و گوێزەرەوەی نەوتی جیھانی پیادا گوزەر بکات. پانییەکەی بریتیە لە 150 مەتر بۆ ئاسانکاری جوڵەی دەریایی دووسەرە. تێچووی ئەم پڕۆژەیە بریتیە لە 80 ملیار دۆلاری ئەمریکی.
گرنگی ئەم پڕۆژەیە؛
ئەم پڕۆژەیە بەتەنھا پڕۆژەیەکی ئاسان و ئاسایی نیە، بەڵکو بریتیە لە پڕۆژەی داڕشتنەوەی جوگرافیایی و سیاسی و ئابوری ناوچەکە و دونیاش لە ڕێگەی:
• جێگەرەوەیەکی سەلامەتە، بەھۆی دووکەوتنەوە لەتەنگەی ھورمز و بەمەش بازرگانی و ئابوری ناوچەکە دووردەکەوێتەوە لە ھەڕەشە و ناجێگیری و ململانێ.
• ناوەندێکی لۆجستی جیھانیە، وا لە سعودیە دەکات دەیکاتە خاڵێک پێکگەیشتنی سەرەکی لە نێوان زەریای ھندی و دەریای ناوەڕاستیشدا.
• ڕابوون و گەشانەوەیەکی گەورەدەبێت،دەبێتە ھۆی بنیاتنانی شاری ئابوری و ناوچەی پیشەسازی نوێ لەسەر ھەردوو کەناری کەناڵەکە بەمەش ھەزاران ھەلی کار دەخوڵقێنێت.
• کاریگەری ژینگەیی،لەڕێگەی خۆشکردنی کەشوھەوای ناوچەکە و زیادکردنی ڕووپۆشی ڕوەکی لەناوچە بیابانیەکاندا.
• ئەم پڕۆژەیە تەنھا بەستنەوەی دوو دەریا نیە بەیەکەوە(کەنداوی عەرەبی و دەریای سوور)،بەڵکو بەستنەوەی ئایندەشە بە ئێستاوە و بەستنەوەی دیدگایە بە خەونەکانەوە.
بۆیە گەر ئەم پڕۆژەیە بچێتە بواری جێبەجێکردن و تەواوبوونەوە ئەوا دەبێتە جێگرەوەی لەلایەک تەنگەی ھورمز و لەلاکی تریشەوە کێبڕکێ دەکات لەگەڵ کەناڵی سوێسی میسریدا لەڕووی گرنگی و کاریگەرییەکەیەوە و ڕێگەیەی دووردورێژی نێوان وڵاتانی کەنداو و ئەوروپا کەمدەکاتەوە و کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر نرخەکانی نەوت و غازی سروشتی و کەلوپەلەکان.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی