محەمەد بەرزی: گــونــدەکــان شـــادەمــاری دەوڵــەتــن.
لە هەموو وڵاتێکدا گوندەکان، بەردی بناغەی سەقامگیری و شادەمار و بڕبڕەی پشتی ئابورین، ڕۆڵێکی بنەڕەتییان لە پێشکەوتنی کۆمەڵگادا هەیە. لە ڕێگای کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەوە بەرهەمهێنەری خۆراکن. هۆکارێکی گرنگی ئاشتی و ئارامین. بە هێز و بازووی ڕۆڵەکانیان، سەرچاوەکانی خۆراک و ئاژەڵ و شیرەمەنی بۆ خۆیان و شارەکان دابین دەکەن. هاوکاری لە زۆر بواری کەرتی پیشەسازییدا دەکەن، کە بۆ ئاسایشی خۆراک و سەقامگیری ئابووری هەر نەتەوەیەک گرنگن. ژیانیان ئارامە و پەیوەندی کۆمەڵایەتییان بەهێزە. تا خوا حەزبکا دڵنەرم و ئاکارچاکن. خاوەنی ژینگەیەکی پاک و بێگەردن. بەردەوامیش کەلتور و داب و نەریتی کوردانەی خۆیان پاراستووە، ڕۆڵێکی گەوەرەیان لە پێشکەوتنی کۆمەڵگادا هەبووە. سەرباری ئەوەی بە درێژایی مێژووی خوێناویمان، گوندەکانی کوردستان لە پێناوی سەروەری نیشتماندا، لانکەی شۆڕش و پەناگایەکی ئارام و قەڵای سەخت و سەنگەری بەرگریی و خەبات و تێکۆشانی میللەتەکەمان بوون. بێ بەرامبەر بە سەر و ماڵ و هێز و تین و تاوی خۆیانەوە وڵاتیان پاراستووە. لەو پێناوەشدا تووشی ئەنفال و ماڵوێرانی و دەربەدەری و زیانی ئێجگار گەورە و گران بوون، بــەبـێ ئــەوەی ئاوڕێکیان لیێ بدرێنەوە.
ئەوەی شایانی باسە دەربارەی گرنگی گوندەکان، پێشەوای گەورەی هیندستان غاندی مەزن دەڵێ؛ هێز و داهاتووی هیندستان لە گوندەکاندایە و میللەتەکەی بەبێ پێشکەوتنی ئەوان ناتوانێت پێشبکەوێت. دیارە قسەکەشی نەخشی سەر بەردە و بۆ هەموو وڵات و نەتەوەیەک ڕاستە، هەر بۆیە دەبووایە لە دوای ڕاپەڕینەوە زۆر بە باشی ئاوڕ لە گوندەکان بدرێنەوە، هاوسەنگی گەشەپێدانی نێوان شار و لادیێ ڕابگرن، بەڵام بە داخەوە ئەمە نەکراوە. ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گوندەکان پشتگویێ خراون و بەرەو چۆڵبوون ڕۆیشتوون، هاوڵاتییەکانی بە کۆمەڵ ڕوویان لە شارەکان کردووە، لە کاتێکدا کۆچکردن لە گوندەکانەوە بۆ شارەکان، هۆکاری کەمبوونەوەی ڕێژەی جوتیار و بەرزکردنەوەی ڕێژەی دانیشتووانی شارەکانە. ئەمەش ڕاستەوخۆ، کاردانەوی خراپیان بۆ کشتوکاڵ و ئاژەڵداری هەبووە. هەر بۆیە زۆر پێویست بوو ئەو کۆچە زۆرە بەزوویی ڕابگیرێت. پاشان لەجیاتی ئەوەی گرنگی بە گوندکان بدرێن و ئاوەدان بکرێنەوە، کەچی بەبێ ئەوەی سەرژمێرییەک بۆ ئەو کەسانەی کرابێت، کە لە شارەکاندا پێویستییان بە شوێنی نیشتجێبوونە، ساڵانە سەدان باڵەخانە لە شارەکاندا ڕوو لە ئاسمان دەکەن. کەچی نەمانبینی گوندێک ئاوەدان بکرێتەوە، یان خەڵکی گوندەکان سەربەرزانە لە شارەکانەوە بگەڕێنەوە بۆ گوندەکانی خۆیان ، یان گوندێکی تازە دروست بکرێت. ئەمەش نیشانەیە، کە شتێکمان نییە بە ناوی پلانەوە. چ پلانی ساڵانە بێ ، یان پلانی درێژخایەن. سەرباری ئەوەی ئەو باڵەخانانە دەبێتە هۆکاری بە عەربکردنی نیشتمانەکەمان، ڕەنگە ماددەیەکی نویێ دەوڵەتی عیراق بە ناوی ماددەی ( 141 ) وە بە دوای خۆیدا بهێنێت. جــــا ( 35 ) ساڵی تەواوە، چی کراوە بۆ ماددە کۆنەکەی ( 140 )، هەر ئەوەندەش دەکرێت بۆ ماددە تازەکەیی ( 141 ). هەر بۆیە پێویستە ئەو ڕاستییە زۆر چاک بزانیین، کە پێشەکەوتن و خۆشگوزەرانی هەرێم و هاوڵاتییەکانی، پابەندن بە ئاوەدانکردن و گەشەکردنی دێهاتەکانییەوە، نەک لوتکەی ئەو باڵەخانانە زۆرانەی ڕوویان لــە تروپکی ئاسمان کردووە. دەوڵەتێکیش چەند حکومەتەکەی بەهێزبێت، بەڵام گوندەکانی لاوازبن، بە دەست گرفت و کێشەی زۆرەوە دەناڵێنێ . چونکە گوندەکان ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ملیۆنەها کەس هەیە. جێگای داخیشە، کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گوندەکانمان لاوازدەبن، ئاخر هەر بەرهەمی ئەو گوندانە بوون، کە سەروەختێ هەشت هەزار تەن تووتنیان ناردووە بۆ ئەم وڵاتانە؛ ( میسر، ئوردن، ژاپۆن، ئەمریکا، بەلجیکا، چین، یەکێتی سۆڤییەت و هەنگاریا ) و داهاتێکی زۆریشی بە دوای خۆیدا هێناوە. پاشان لە سەرەتای ساڵەکانی حەفتاکانەوە تا ساڵەکانی هەشتاکان، لە وەرزی چەوەندەردا گوندەکانمان ڕۆژانە نزیکەی ( 2000 تەن ) چەوەندەریان ناردووە بۆ کارگەی شەکری سلێمانی. بە هەزاران جوتیار و کرێکار و فەرمانبەر ژیانیان لەسەر ئەو دوو بەرهەمانە بووە. کەچی لە دوای ڕاپەڕینەوە شتێک نەماوە بە ناوی پیشەسازی تووتن و شەکرەوە. ئەمەش یەکێکە لە هۆکارەکانی چۆڵکردنی گوندەکان. ئاخر ئەگەر پلان هەبووایە، نە ئەو بەرهەمانە بەو دەردە دەبران، نە کارگەکانی شەکر و جگەرەش دادەخران، کە سەرچاوەی بژێوی هەزاران کەس بوون. جا جێگای خۆیەتی لێرەدا بە کورتی ئاماژە بۆ هەندێک لە سوودە زۆرەکانی گوندەکان بکەین؛
1- گوندەکان سەرچاوەی سەرەکی بەرهەمی کشتوکاڵین، کە بۆ ئاسایشی خۆراک و خۆڕاگری ئابووری هەر نەتەوەیەک گرنگن . ڕۆڵێکی زۆر کاریگەر دەگێڕن لە بەڕێوەبردن و پارێزگاری ئەو سەرچاوە سروشتیانەی ، کە شارەکان پشتییان پێدەپەستن . وەک : ئاو ، هەوای پاک و دارستانەکان ، سەرباری پاراستنی گیانلەبەرە کێوییەکان.
2- گوندەکان ژینگەیەکی سەوز و پاکیان هەیە، لە چاو شارەکاندا ئاستی پیسبوونیان کەمە. لێکۆڵینەوە زانستییەکانیش دەریانخستووە، کە بەسەربردنی کات لە سروشتدا، دەبێتە هۆکاری کەمکردنەوەی فشار و دابەزاندنی پەستانی خوێن و باشترکردنی تەندروستی دەروونی و کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی.
3- ژیانی گوندەکان سوودی زۆری بۆ تەندروستی جەستە هەیە، چونکە بە گشتی خەڵکەکەی سەرقاڵی کارن وەک؛ جوت و کێڵانی زەوی و بەخێوکردنی مەڕوماڵات و بڕینەوە و کۆکردنەوەی دار، پاشان بۆ هاتووچۆش گواستنەوەی گشتی بەکاردەهێنن، بۆ کاروباری خۆشێان پشت بە ئوتوومبیل نابەستن، زیاتر کەر و وڵاخ و ماتۆڕ و پاسکیل و پێ بەکاردەهێنن، کە ئەمانەش جۆرێکن لە وەرزش و سودی زۆریان بۆ جەستە و جوانی لەش هەیە. پاشان چونکە لە گوندەکاندا کارگە و ئوتومبیلی زۆر نییە، تا سووتەمەنی و ماددەی کیمیایی بەکاربهێنن، بۆیە دوورن لە دووکەڵ و پیسبوونەوە.
4- بە شێوەیەکی گشتی خواردن لە گوندکاندا تازە و سروشتیین. چونکە سەوزە و میوە و بەرهەمی خۆیان دەخۆن، کە دەوڵەمەندن بە ماددە خۆراکییەکان. بەمەش خۆیان لە چەوری و ئاستی بەرزی شەکر و ماددە پارێزراوەکانی ناو خواردنەکانی شار دەپارێزن. جا چونکە لە گوندەکاندا چێشتخانە و خواردنی خێراش نییە. هەر بۆیە خواردنەکانی خۆیان زۆر لە خواردنەکانی شار باشترن. پاشان بەهۆی دار و درەخت و سەوزایی زۆرەوە هەواکەیان لە هەوای شارەکان پاک و خاوێنترە، ئەگەری پیسبوونییان ئێجگار کەدمە. ئەمانەش یارمەتیدەرن بۆ باشترکردنی هەناسە و کەمبوونەوەی کێشەی کۆئەندامی هەناسە.
5- لێکۆڵینەوە زانستییەکان ئەو ڕاستییانەی دەرخستووە، بەسەربردنی کات لە سروشتدا، دەبێتە هۆکاری کەمکردنەوەی فشار و دابەزاندنی پەستانی خوێن و باشترکردنی تەندروستی دەروونی. لە گوندەکاندا ئەم سوودانە بە شێوەیەکی سروشتی ڕۆژانە ئەزموون دەکرێن. جا پیاسەکردن بێت لە کێڵگە و باخەکاندا، یان گوێگرتن بێ لە دەنگی خۆشی باڵندە و شنەی شەماڵ و سەمای گەڵاکان، کە باوەشێنی ڕۆح دەکەن و ئارامی دەدەن بە دەروون و دڵەڕاوکێ و خەمۆکی کەم دەکەنەوە.
6- یەکێک لە سوودە هەرە گرنگەکانی ژیانی گوندەکان، خێزانەکان نزیک یەک دەژین، بە باشی یەکتری دەناسن. لە کاتی تەنگانەدا هاوکاری یەکتری دەکەن. پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان لە پەیوەندییەکانی دانیشتوانی شارەکان بەهێزترن. زۆر جاریش باپیرە و داپیرە و دایک و باوک و منداڵەکانیان لە ماڵێکدا دەژین. بەمەش نەریت و ڕەوشت و بەها جوانەکان دەگوازرێنەوە بۆ نەوەکانیان و پەیوەندی نێوانیان بەهێزتردەکات، بە پێچەوانەی شارەکانەوە، کە پەیوەندییەکان بەجۆرێک لاواز بوون، برا لا لە برای خۆی ناکاتەوە، دراوسێش ئاوڕ لە دراوسێی خۆی ناداتەوە.
7- لە ژیانی گوندنشینەکاندا ، دەرگایان لەسەرپشتە، ڕێژەی توندوتیژی و شەڕ و کۆشتن و تاوان و دیاردەی دزێو و دزی، لەچاو شارەکاندا زۆر کەمترن. ئەمەش ئارامی دەدات بە دەروون و ترس و دڵەڕاوکێش کەمدەکاتەوە. هەر بۆیە ژیان لە گوندەکاندا لە ژیانی ناوشارەکان ئارامترە.
8- یەکێک لە گەورەترین سوودەکانی ژیانی ناو گوندەکان لەچاو شارەکاندا، کە میی تێچووی ژیانە. چونکە لە شارەکاندا نرخی زەوی و خانووبەرە و خواردن و خزمەتگوزارییەکان زۆر بەرز و گرانن. ئەمانەش کاریک دەکەن گوندنشینەکان ئاسانتر لە گوندەکاندا ببنە خاوەنی خانووی خۆیان.
9- گوندەکان داب و نەریت و فۆلکلۆر و میراتی کولتوری نیشتمان دەپارێزن. وەک پیشە دەستییەکان و مۆسیقا و گۆرانی و هەڵپەڕکێ و… هتد. ئەوەتا ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ساڵی ( 2026 ) ی وەک ساڵی نێودەوڵەتی شوانکاری ناساندووە. تا تیشک بخاتەسەر گرنگی ڕۆڵی کۆمەڵگای گوندنشینەکان، لە پاراستنی کەلتووری جۆراوجۆر و زانیاری ڕەسەندا.
10- بە گشتی خەڵکی گوندەکان بە باشی لە یەکتری تێدەگەن، چ بەهۆی خزمایەتییەوە بێ، چ بەهۆی ئەو کاتە زۆرانەی پێکەوە بەسەری دەبەن. وەک یەک خێزان هەڵسوکەوت دەکەن و هەمیشەش لە خەمی یەکتریدان.
لە دواجاردا چەند دەوڵەت بەهێز بێت، بەڵام گوندەکانی دواکەوتووبن، ئەو دەوڵەتە بە دەست کێشەی زۆرەوە دەناڵێنێ، چونکە گوندەکان ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ژیانی ملیۆنەها کەس هەیە. هەر بۆیە پێویستە کۆچی گوندنشینەکان بۆ شارەکان کەمبکرێتەوە، قەربووی زیانلێکراوەکان بکرێن، تا بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان. پاشان خزمەتگوزارییەکانی خوێندن و تەندروستی و ڕێگاوبان و ئاو و ئاوەڕۆ و کارەبایان بۆ دابین بکرێت، بە بەردەوامیش خوێندکاران و ئەندازیارانی بواری کشتوکاڵ سەردانیان بکەن، یارمەتییان بدەن بۆ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای تازە و چارەسەرکردنی کێشەکانیان، تا جۆری بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان باشتر و زیاتر بێ. زۆریش گرنگە لە وڵاتدا گەشەپێدان دوو لایەنەبێ، شار و گوندەکان بگرێتەوە، چونکە تا گوندەکان گەشەنەکات، مەحاڵە باڵەخانە بەرزەکانی ناو شارەکان گەشە بە وڵات بکات.
تێبینی : بۆ ئەم باسە سود لە چەند سایتێکی ئینگلیزی وەرگیراوە .
- Latest Posts by محەمەد بەرزی
-
محەمەد بەرزی: مــنــداڵ و وەرزش.
- -
محەمەد بەرزی: ئــامــۆژگـــاری بــۆ مــنــداڵان.
- -
محەمەد بەرزی: مــنــداڵـــی زیــــرەک.
- All Posts