ئومێد ناسیح: کورد لە نێوان جەنگاوەریی ئازا و جینۆسایددا.

کورد خوێن، هێز، چەک، کلیک، دوا پلان، دوا کارتی یەدەگە بۆ بەکارهێنان و یەکلایکردنەوەی جەنگەکان بێ ئەوەی لە جێگەیەکدا ببێتە بکەرێکی سەربەخۆ. بێ ئەوەی هیچ نەخشە و گۆڕانکارییەک بۆ ئەوە بێت کورد ببێتەوە بە خاوەنە بنەڕەتییەکەی ناوچەکە. کورد بۆ ئەوە خولقاوە کرێگرتە بێت، سەرخەر و بنیاتنەر و یەکلاکەرەوەی پیلانگێیەکان ببێت و دواتر دەبێت چاوی لە ڕەحمی عەقڵییەتە فاشستی و تیرۆکاریی و مەزهەبگەراییەکانی تورک و عارەب و فارس ببێت.
دوای دابەشکردنی کوردستان، ئیمپریالیزم کوردی خستە بیرێکەوە. لەو دابەشکارییەدا حاڵی کوردی لە دۆخی کەسێک دەچێت لە نێو بیرێکدا بێت، بە حەبلێک شۆڕکرابێتەوە تا ناوەندی بیرەکە، لە بنکی بیرەکەدا چەند دڕندەیەک هەبێت، لە نێوەندی بیرەکەدا چەند دەعبایەک خەریکی کڕانەوەی حەبلەکە بێت، لە سەرەوەی بیرەکە چوار جەللاد بە شمێشرەوە وەستاون. کورد زیاتر لە سەدەیەکە لە دۆخ و ناوەندی سڕینەوە و مانەوەدا دەژی، مەحکومکراوە بە جینۆسایدی بەردەوام.
دوای ئەم دۆخە هەمیشە ناوچەکە لە جەنگ و گۆڕانکاریدا بووە لە لایەن زلێهزانی ناوچەیی و نێونەتەوەییەوە. لەو دۆخە پیلانگێڕییەدا کورد هەمیشە لە نێوان سڕینەوە، نکۆڵیکردن و قڕکردنی یەکجارەکیدا بووە، هەموو تێکۆشان، ئاگربەست، ڕێکەوتن، پێکەوەژیان، فیدڕاڵی، کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتی، کۆدار، پڕۆسەی ئاشتی – کۆمەڵگەی دیموکراتیک و برایەتی گەلانی کورد بۆ ئەوە بووە تاکو ئەو حەبلە لەوە زیاتر نەکڕێندرێتەوە، چوار جەللادەکە کەمێک شمشێرەکانیان ڕاگرن، تاکو بەیەکجاری نەکەوێتە بنکی بیرەکەوە لە هۆڤیەتی سوپا و دەزگا هەواڵگیرییەکان و دەوڵەتی قوڵ و بەرژەوەندییە سیاسی و ئابورییەکانی پیلانگێڕی ناوچەیی و نێونەتەوەییەدا بۆ هەمیشە هاوشێوە چەند گەلێکی دیکە ناوچەکە نەسڕێتەوە و بمێنێتەوە، ئەگەرچی هەمیشە بە نێو پڕۆسەی جینۆساید و ئتنۆساید و ئەنفال و فەتحدا گوزەری کردوە، مێژوو و ئێستای خوێنی لێدەچۆڕێت و تاکو لەم دۆخەدا بێت، نەبێتە بکەرێکی سەربەخۆ، ئەوە لە نێو فاشسیزمی نەتەوەیی و مەزهەبگەرایی، عەقڵییەتی تیرۆر و سڕینەوەدا کورد و جینۆساید بووە و دەبێتە دووانەیەکی لێکدانەبڕاو.
ناوچەکە هەمیشە لە دۆخی جەنگ و تیرۆر دا بووە، لە جەنگە هەڵگیرساوەکانی پڕۆ غەرب و پیلانگێڕی زلهێزەکان، زلهێزەکان کەمێک چوار جەللادەکەیان لاوازکردوە، بێ ئەوەی دەستکاری سنورەکانی بۆ بکرێت، تاکو کورد لەنێوەندی بیرەکەوە بێتە سەرەوە، بۆ ئەوەی ببێتە شەڕکەری ئازا، هەر جەنگێک یەکلایینەکرایەوە کورد بە خوێنی خۆی یەکلایی بکاتەوە. ئیمپریالیزم، لە ئێستاشدا ئیسڕائیل + ئەمەریکا کوردیان وا وێناکردوە هەر جەنگ و پیلاننگێڕییەکیان لە خاڵێکدا لێ عاسی بوو، بووە گرێکوێرە، ئەوە کوردی ئازا، جەنگاوەری ئازا بە پارە گرێکوێرەکە یەکلایدەکاتەوە.
لەم جەنگی ئێراندا هاوکێشەکان و جۆری جەنگەکە ئەوەی سەلماند کە گۆڕینی ڕژێم تەنها بە هێرشی ئاسمانی یەکلای نابێتەوە، بەڵکو ئەوەی هاوکێشەکە دەگۆڕێت هاوتەریبکردنی هێرشی زەمین و پاڵپشتی ئاسمانییە. ئیسڕائیل+ئەمەریکا نایانەوێت سەربازی خۆیان بکەنە قوربانی. شەقامی ئەمریکی ڕازی نابن ئەزموونی ئەفغانستان و بەتایبەت عێراق دووبارە بێتەوە کە سەربازێکی زۆری ئەمەریکی کوژرا و عێراق بووە چەقی هەژموونی ئێران. ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر کوردن، لەبەرئەوەی کورد هێزی چەکداری ڕێکخراو و ڕێکخستنی بە دیسپلینی هەیە، ئێرانیش ترسی زۆری لە بەشداری زەمینی و سەربازی کورد هەیە. بە باوەڕی ئێمە پەیوەندییەکانی تڕەمپ لەگەڵ سەرکردەکانی کورد و بڵاوکردنەوەی نەخشەی کوردستانی گەورە لەلایەن دەزگا میدیاییە گەورەکانی ئەمریکی، ئەوروپی و ئیسڕائیل-یەوە هەم بۆ تێوەگلانی کوردە بۆ بەشداری زەمینی و یەکلایکردنەوەی جەنگەکە، هەم بۆ وروژاندنی فاشستیەتی و هۆڤیەتی تورک، عارەب و فارسە دژی کورد، تاکو بەو گەلانە بڵێن: لەگەڵتانیین و ڕێگە دەگرین لە تێکشکاندنی سنورەکان و گۆڕینی فۆڕمی کورد لە جەنگاوەری ئازاوە بۆ بکەربوونی سەربەخۆیی.
بەڵگەی ئەمەش لێدوانی تورکیا و ئێرانە دوای پەیوەندییەکانی تڕەمپ. مەسعود پزیشکیانی سەرۆک کۆماری ئێران وتی: “هێزە چەکدارەکانی ئێران پابەند بەوەی دژی هەر شێوە جموجوڵێکی جودایخوازانه کاردانەوەی یەکلاکەرەوەیان هەبێت.”
هاکان فیدان-یش، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە ئەستەنبوڵ، وتی: “ساڵانێکی زۆرە ئیسرائیل ستراتیژێکی بەکارھێنانی گروپە کوردییەکانی لە ناوچەکەدا بە وەکالەت (پرۆكسی) پەیڕەو کردووە، لەبەر ڕۆشنایی پێشھاتەکانی ئێستای ئێران، ئیسرائیل بە ئاشکرا لە ھەندێک نێوەندا ستراتیژی خۆی بۆ بەکارھێنانی گروپە کوردییەکان بەم شێوەیە رادەگەیەنێت.” یەشار گولەر وەزارەتی بەرگری توركیاش وتی: “تورکیا پشتیوانی لە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی وڵاتانی دراوسێ دەکات. لە نزیکەوە چاودێری چالاکییەکانی ڕێکخراوی “تیرۆریستی پژاک “لە ئێران و پێشهاتەکانی ناوچەکە دەکەین، بە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی وڵاتەکەمان. لەوچوارچێوەیەدا چالاکیی ئەو گروپانەی کە دنەی كەڵكەڵەی جوداخوازی نەتەوەیی دەدەن، وەک رێکخراوی “تیرۆریستی پژاک”، نەک تەنیا کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاسایشی ئێران دەبێت، بەڵکو کاریگەرییان لەسەر ئاشتی و سەقامگیریی گشتیی ناوچەکە هەیە. تورکیا پشتیوانی لە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی وڵاتانی دراوسێ دەکات نەک دابەشبوونیان.
لێرەوە هێزه سیاسییەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان بۆ بەکارنەهێنانیان وەکو جەنگاوەری ئازا دوو ئەزموونی بەکارهێنانی کوردی باشور و ڕۆژئاڤا وەکو جەنگاوەری ئازا لە بەرچاوە. (لە نوسینەکانی پێشتر دا ئەمەمان ڕوونکردۆتەوە) کاتێک خاتوو ئیلهام ئەحمەد و جەنڕاڵ مەزڵوم عەبدی چوونە کۆنفڕانسی ئاشتی میونخ، سەرۆکی فەڕەنسا بە مەزڵوم عەبدی وتی: جەنگاوەری ئازادی. نەک جەنگاوەری سەربەخۆ، تا ببێتە بکەرێکی سەربەخۆ. دواتر تڕەمپ وتی: خۆم شەرعم داناوە، کارێکی نایاب دەکات. واتە جینۆسایدی کورد و لە قاڵبدانی ڕۆژئاڤا کارێکی نایابە، کورد نابێت خۆبەڕێوەبەری هەبێت و سنورەکان تێکبشکێندرێت، چونکە ئەوان تەنها جەنگاوەری ئازان بۆ یەکلاییکردنەوەی گرێکوێرەی جەنگە هەڵگیرسێندراوەکان.
لەم جەنگی ئێران و ئەمەریکا+ ئیسڕائیلەدا تڕەمپ وتی: “کێشەم نییە سەرکردەی داهاتوویی ئێران ئایینی بێت و دیموکراسیش نەبێت.” یەکەم ئەوە ڕوونە کە بە گۆڕینی ڕژێم عەقڵییەتە فاشیزمەکە گۆڕانی بەسەردا نایەت، عێراق و سوریا باشترین دوو نمونەن. هەروەها ئەوان تەنها پڕۆ ئەمریکی و ئیسڕائیلیان دەوێت و دەستکاری سنورەکان ناکەن. کورد لە خۆرهەڵات کار لەسەر ئەوە نەکات ببێتە بکەرێکی سەربەخۆ لە هاوکێشەی سیاسی ئێران، یان ئەمریکی و ئیسڕائیلدا، ئەوە بەشداریکردنی ئەوان لەم جەنگەدا دەبێتە ئەزموونی سێیەمی بەکارهێنانی کورد وەکو جەنگاوەری ئازا و کۆی کورد لە بازنەی بێ دەستکەوتی و نەزیفی مێژووییدا خول دەخوات.
هەندێک لەو دەنگانەی بانگەشەی تێوەگلانی کورد لە باشور و خۆرهەڵات لە جەنگەکە دەکەن لەبەرەی ئیسڕائیل+ئەمریکا، پاساویان ئەوەیە کە ئەمریکا+ئیسڕائیل لە قایلنەبوونی کورد، هێز و نەتەوەی دیکە بەکاردەهێنن و دواتر کورد مافی ئەوەی نییە ببێتە هێزی ناو هاوکێشە سیاسییەکان. یاخو دەڵێن: دۆخی کورد لە خۆرهەڵات جیاوازە لە دۆخی کورد لە باشور و ڕۆژئاڤا، بە هۆکاری هەڵکەوتەی جیۆگرافی و بەرژەوەندی سیاسی، ئابوریی و هەژموونی ئەمریکا+ئیسڕائیل-ەوە، کە دوای جەنگەکە حکومەتێکی پڕۆ دروست دەکەن بۆ تەوقدانی چین و ڕوسیا و بۆ ئەمەش کورد دەبێتە کارەکتەرێکی سەرەکی. بەڵام ڕوسیا دەستبەرداری ئێران نابێت و تەوقبدرێت، هەروەکو چۆن دەستبەرداری سوریا و ئەحمەد شەرع نەبووە ئەگەرچی پڕۆ ئەمریکی و ئیسڕائیلە. ئەمە جگە لەوەی بۆ کورد، کورد ئەزموونی کۆماری کوردستان لە مەهاباد و ئەفرین-مان لەگەڵ ڕوسیا هەیە، ڕووسی بەشداری هەر پیلانگێڕییەک تورکیا، ئازەربایجان و ئێران دەبێت بۆ بێ کاریگەرکردنی کورد و شکاندنی تەوقدان، کە تاکو ئێستاش ڕووس و تورک هاوپەیمانێکی ستراتیجین و سەرەڕای بوونی تورکیا لە ناتۆ سیستمی موشەکی S400 لە ڕوسیا کڕی. هەروەها سەرەڕای ڕووخاندنی ڕژێمەکانی ناچەکە لەلایەن ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانییەوە، بەڵام هەمیشه ڕژێمەکان نابنە پڕۆیەکی حەتمی ئەمەریکی، عێراق باشترین نمونەیە، دوای سەددام ئێران بووە هێزی کاریگەری عێراق و حەشدی شەعبی پڕۆ ئێرانی پێکهێنا کە سەرێشەی گەورەیان بۆ ئەمەریکا دروستکردوە. لە ئایندە دا هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکە وەڵامدەرەوەی زۆر ئەگەری دیکە دەداتەوە و کورد بۆ ئەوەی بەشداری کاریگەری گۆڕانکارییەکان بێت، دەبێت داواکارییەکان بگۆڕێت بۆ دەستکاریکردنی سنورەکان تاکو لە جەنگاوەری ئازا و کۆکوژی بەردەوامەوە بگۆڕێت بۆ بکەربوونی سەربەخۆیی، ئیدی لە هەر بەرەیەکی ناوچەیی یان نێودەوڵەتی بێت.
لە کۆتاییدا ئەم جەنگە هەم دەرفەتی گەورە، هەم مەترسی گەورەی خوڵقاندوە. دەکرێت کورد کات بکوژێت، تاکو لە جەنگەکەدا تەواوی توانای ئاسمانی و دەریایی و موشەکی ئێران تیابچێت، یان شەکەت ببێت. هەروەها بۆردومانەکان بۆ سەر تەواوی بارەگا سەربازییەکانی ئێران لە خۆرهەڵات بەردەوام بێت و لە ناوببرێت. هەڵگەڕانەوە لە نێو سوپادا ڕووبدات، لە بەشێکی دیکەی ئێران شەڕی چەکداری ڕووبدات و دەستکەوتی هەبێت، کورد نەبێتە قوربانی یەکەم. ئەو کات کورد دەتوانێت لە بەشدریکردنی دا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت. دواتر لە ئێرانی ئایندەدا ئیسڕائیل و ئەمەریکا بە تەواوی ئێران لە چەک دادەماڵن هاوشێوەی سوریا و ناتوانێت ببێتە هەڕەشەیەکی گەورە و کورد دەتوانێت زیاتر پێشکەوێت. یاخود بە گەرەنتی ناوچەیی دژە فڕین و بەڵێنی پابەندبوونی فەرمی بەشداری جەنگەکە بکرێت. لەم ڕووەوە جەنگە دەبێتە دەرفەت و کورد لە جەنگاوەری ئازاوە دەگۆڕێت بۆ بکەربوونی سەربەخۆ، بەڵام بێ گەرەنتی مەترسییە گەورەکان کورد دەخاتەوە بەردەم پڕۆسەی جینۆساید.