نەوزادی موھەندیس: گەلانی ئێران لەنێوان ترس لەدەسەڵات و بێ متمانەیی بە ئەمریکا؟

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ماوەی 47 ساڵە ڕژێمی ئیسلامی شیعەمەزھەب لە ئێراندا و ڕێک لە 9 شوباتی 1979دا دەسەڵاتی گرتۆتە دەست و تائێستاش بەردەوامە. لەو ماوە دوورودرێژەدا ئەم ڕژێمە بەبێ جیاوازی سیاسەتی شیعەگەرایی و توندوتیژی و کوشتن و بڕین و ڕاوەدونان و لە سێدارەدانی پیادەکردوە لەھەموو ناوچەکان و بەرامبەر ھەموو پێکھاتە نەتەوەییەکان بەبێ جیاوازی (لەگەڵ جیاوازی بەرامبەر ھەندێکیان و بەتایبەتیش کورد). ھەربۆیەش ھەموان کەم تازۆر ناڕەزا و دڕدۆنگ و خۆیان بەنەیاری ئەم ڕژێمە دەزانن و لەھەلێک دەگەڕێن بۆ ڕووخاندن و گۆڕانکاری ڕیشەیی لەو دەسەڵات و ڕژێمەدا. لەو ماوەیەشدا چەندین جار خۆپیشاندانی جەماوەری لە ھەموو ناوچەکان بە تارانی پایتەخت و شارە گەورە گرنگەکان ئەسفەھان و قوم و مەشھەد و کرمانشا و تەورێز و سنە و… ھتد، ڕوویانداوە و گیانبازی و قوربانی زۆریشیان پێشکەش بە ئازادی کردوە. بەڵام ھەموانیان بەزەبری ھێز و کوشتن و گرتن و ڕاوەدونان سەرکوتکراون.
لە ماوەی ساڵی ڕابووردووشدا ئەوە بۆ دووەم جارە کە ئەمریکا و ئیسڕائیل بە ھێرش و پەلاماری سەربازی و بەوپەڕی توانای تەکنەلۆجی سەربازی پێشکەوتوو شەڕی 12 ڕۆژە لەساڵی 2025 و لە ئێستاشدا ماوەی 10ڕۆژە شەڕێکی گەرم و خوێناوی بەرپابۆتەوە و ھەردوولا زۆر بەگەرمی و شێلگیرانە پەلامار و ھێرشەکانیان دژی یەکتری بە ڕاستەوخۆ و دواتریش بەناڕاستەوخۆ بۆ سەر ھەموو وڵاتانی ناوچەکە کە بنکە و بارەگای زانیاری و ھەواڵگری و سەربازی و کونسوڵخانە و سەفارەتەکانی یەکتریان چڕکردۆتەوە و زیانی گەورەی ماڵی و گیانیان لە یەکتر داوە.
ئەوەی ئاشکرایە توانا و وزەی ئێران بەتەنھا ھیچ کات ناگاتە توانا و وزەی سەربازی و تەکنەلۆجی ئەمریکا و ئیسڕائیل،گەرچی تائێستاش بەرگریکارێکی سەرسەختە و توانا درۆنی و ڕۆکێتە بالیستیەکانی باش بەکارھێناوە و بەردەوامیشە، وەکو دەڵێن ئێران شەڕی مان و نەمانی خۆی و ڕژێمەکەی دەکات و بەھەر شێوەیەک بێت گەرەکێتی تائەوپڕی بەرگری بکات و پارێزگاری لەخۆی بکات دوای ئەوەی کە ڕابەرەکەشی کوژراوە و زیاد لە 50 سەرکردەی سەربازی گرنگیشی لەدەستداوە و ھێزە سەربازیەکەشی ڕۆژ بەڕۆژ ڕوو لەکەمیە و لەولاشەوە ھیچ وڵاتێکی دۆستی پشتیوانی گەموگوڕی لێناکات و دەستی ھاوکاریشی بۆ درێژناکەن.
لەئێستادا و دوای نزیکەی 10 ڕۆژی جەنگەکە و لێدانی بەھێزی ئەمریکا و ئیسڕائیل بۆ بنکە و بارەگا سەربازیەکانی ئەرتەش و پاسداران و بەسیج و پۆلیس و کارگە و فڕۆکەخانە و دامودەزگا ھەواڵگریەکانی ئێران و کۆگا و پاڵاوگە نەوتیەکانی،کە شادەماری ھێزی بەرگریکردنی ڕژێمەکەن کەچی ھێشتاش بەپێوە و سەربڵندنە ڕاوەستاوە و مقاوەمەت دەکات.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ڕۆڵی گەلانی ئێران چییە؟ بۆچی ڕانەپەڕن و لەناوخۆشەوە بەرەیەکی مەترسیدار دژی ئەو ڕژێمە بەرپاناکەن؟ لەچی دەترسن؟ چاوەڕوانی چین؟ و دەیان پرسیاری تریش..
وەڵامی ئەو پرسیارانە زۆر ھەڵدەگرن، بەڵام بەکورتی لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا کورتیان دەکەینەوە:
• ڕژێمی کۆماری ئیسلامی لەماوەی 47 ساڵی ڕابووردوودا بەلانی کەم دوو نەوەی عەقائیدی و مەزھەبگەرای توندڕەوی تۆڵەسێن و پابەندی دروستکردوە کە تا ئەوپەڕی قوربانیدان خۆیان بەخت دەکەن لەپێناو مانەوەی ڕژێمەکەدا.کە ھێزێکی کەم نین و بە پێی ئامارێک 18 ملیۆن چەکداری جۆراو جۆری ھەیە.
• ئەم ڕژێمە لەو ماوەیەدا سیستەمێکی کۆماری ئۆرگانی پێکەوە گرێدراو ( بەڵام سەربەخۆ لە بڕیار و مامەڵەدا) وەک ناوەندێکی بڕیار جیا لەیەکتر ھەڵسوکەوت دەکەن.کە زۆر توندوتۆڵن وبنەمای کارکردنیان ڕوو لە گەلانی ئێران زۆر توندە و گرتنەبەری توندوتیژی و کوشتن و بڕین لەسایەی دەستور و یاسا مەزھەبگەراییەکانیانەوە بچوکترین چاوپۆشین بۆ کەمترین ناڕەزایی ناپۆشن بەرامبەر ھیچ ھاوڵاتیەک و نمونەی ئەو مامەڵە نامرۆڤانەیانەشیان سەرکوتکردنی ھەموو خۆپیشاندانە جەماوەریکانی ڕابووردووە و لەناویشیاندا ڕاپەڕینی ژینا ئەمینی بەدروشمی (ژن + ژیان+ ئازادی) بوو.
• نەبوونی حیزب و سەرکردە گەلێکی جەماوەری و لە پاڵیشیاندا ھێزگەلە چالاکە کۆمەڵایەتیەکان لە کرێکاران و جوتیاران و خوێندکاران و ژنان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەندەنی و… ھتد. ھەموو ئەمانە بونەتە ھۆی ئەوەی کە جەماوەری پانوپۆڕی ئێرانی بەبێ ڕابەر و سەرکردە و ڕێنوێنیکەر و ڕێبەرێکی کاریزمایی بمێننەوە لە حیزب و سەرکردە و ئایندەیان بۆ ڕۆشنبکاتەوەو خاوەن دیدگا و بەرنامە و تێڕوانینیش بێت بۆ دوای نەمان و ڕووخانی ڕژێمەکە. ئەم خاڵە زۆر گرنگە چونکە گەر بەراوردێک بکەین لەنێوان دامودەزگا ئەمنیەکان و سالاواک و ئەرتەشی سەردەمی شا و ئێستاشدا ڕەنگە دامودەزگاکانی شا دڕندەتر و توندوتیژتر و سامناک و تۆقێنەرتربوبن.بەڵام لەبەرئەوەی لەلایەک ئیمام خومەینی وەکو سەرکردەیەکی کاریزما و پیاوانی ئاینی چالاک و لەولاشەوە حیزبەکانی تودە و چەپەکان و دواتریش موجاھیدینی خەڵکی ئێران و لەکوردستان و بەلوجستانیش چەندین حیزب و سەرکردەی ناسراو ھەبوون، توانرا لەماوەی 11 مانگدا ئەو ڕژێمە کۆنکرێتیە و تۆقێنەرەی شا بڕوخێنرێت.
کەواتە بوونی حیزبی سیاسی و سەرکردەی جەماوەری زۆر گرنگە بۆ ڕابەرایەتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانی گەلانی ئێران. ھەربۆیە تاکو ئێستا لەناوخۆدا ئەو جۆرە لە حیزب و سەرکردە پەیدانەبوون لەناوخۆ و لەسەر ئاستی دەرەوەشدا نەبونەتە خاوەن دیدگایەکی ڕۆشن بۆ سەرکردەیەکی کاریگەر و خاوەن جەماوەر کە ئایندە و دەسەڵاتی بدرێتە دەست. جا بەو پێیە بێت ئەم ململانێ و شەڕی ڕووخاندنە ڕەنگە درێژەبکێشیێت.
• خاڵێکی گرنگتر ئەوەیە کە ھەردوو ھۆکاری دەرەکی و ناوخۆیی ئێران ھێشتا نەگەیشتونەتە خاڵی پێکگەیشتن و لێکتێگەیشتن و کاری پێکەوەیی،کە ئەمە بۆخۆی زۆر گرنگە بۆ سەرکەوتن و کۆتایی ھێنانی جەنگەکە و ڕژێمەکەش. جا تا ئەو کاتە ھەردوو فاکتەری دەرەکی و ناوخۆییەکە یەکانگیر نەبن ئەوا مەحاڵە ڕووخاندنی ڕژێمەکە وەدیبێت.
ھەموو ئەم فاکتەرانە بونەتە ڕێگر لەبەردەم جەماوەر و گەلانی ئێرانیدا بۆ ڕاپەڕین، چونکە لەلایەک بەرچاویان ڕوون نیە تاکەی ئەمریکا و ئیسڕائیل بەردەوام دەبن بۆ ڕووخاندنی ڕژێمەکە و وەکو دەیانجاری تر پشتیان تێناکەن و بەتەنھا بەجێیان ناھێڵن، ئایای بەرژەوەندی گەلانی ئێرانیان گەرەکە یان بەرژەوەندی سیاسی و ئابوری و ئەمنیەکانی خۆیان،کەواتە جەماوەر تائێستا متمانەیەکی کۆنکرێتیان بە وتە و کرداری ئەمریکا و ئیسڕائیلیەکان نیە و وەک دەڵێن؛ گورگان خواردویان بکەن، لەبەرامبەریشدا دەترسن لە توندوتیژی و تۆقاندن و سەرکوتکردن و لە سێدارەدان لەلایەن دەسەڵاتدارانی ڕژێمەوە. ھەربۆیە جەماوەری پانوپۆڕی گەلانی ئێرانی بە ھەموو پێکھاتەکانیانەوە لە ھەڵوێست و پێگەیەکی دوودڵی و ڕاڕایدا ماونەتەوە و تەنانەت وەکو تەماشەکەرێکیش وان بۆ ڕووداوەکان نەک ببنە یاریزانێکی ناو گۆڕەپانەکە. ئەگینا لە ئێستادا لەلایەن ئەمریکا و ئیسڕائیلەوە زۆرترین سەرکردە بەڕابەری کۆماریشەوە کوژراون و زۆرترین پێگە و بنکە و پایەگای سەربازی و ئەمنیشیان لەناوبردوە و خاپوورکردوە وەک ئەوەی بڵێیت ڕژێمی ئێرانیان لەپەلوپۆخستوە،کەچی گەلانی ئێران بێ جوڵە و بێ ئیڕادەی ماونەتەوە، ئەمەش ھۆکارەکەی بۆ نەبوونی حیزب و سەرکردەیەکی خاوەن دید و فکر و بەرنامە بۆ ئایندە دەگەڕێتەوە کە بتوانێت ڕابەرایەتی گەلانی ئێران بکات و لەولاشەوە بێ متمانەییەکەیان بە بەڵێن و کردارەکانی ئەمریکا و ئیسڕائیل وایکردوە کە توانا و بوێری ڕاپەڕینیان نەبێت بەڕووی ڕژێمی ئێرانیدا. جا تا ئەوکاتەی ئەو ترس و دڵەڕاوکێیە لە دەسەڵاتداران بمێنێت و لەولاشەوە ئەمریکا نەبێتە متمانەپێکراو و فریادڕەسێکی ڕاستەقینە بۆیان ئەوا گەلانی ئێران ھەروا بە تەماشاکەر دەمێننەوە و بەمەش تەمەنی ڕژێم و دەسەڵاتەکەش بەردەوامی دەبێت و دەمێنێتەوە.