لاوک کونجرینی: حوسەین یەزدان پەنا و دەیان هەزار پێشمەرگە.

هێز بە هاشوهوش پانتاییەکەی دەست نیشان ناکرێت. هێزیی سەربازیی خۆڕاگرییەکەی پەیوەستە بە پانتاییە جەماوەرییەکەیەوە لە کاتی شۆڕشدا، ئینجا خاڵبەندە ڕێساییەکانی سیستەمی سەربازیی تر، کە پێک دێت لە دارایی و تەکنەلۆژیای سەربازیی.
لە دوای ڕووخانی شا، حیزبی دیموکرات، میراتگریی شۆڕشی ڕۆژهەڵات بوو، لە پاڵ کۆمەڵە.
ئەم دوو هێزە تایبەتمەندی خۆیان هەبوو؛ حیزبی دیموکرات بە هۆی هاوبەشە کۆمەڵایەتییەکەی لەگەڵ پێکهاتەی خەڵکدا، ببووە زۆرینەی دەسەڵات بە سەر ڕۆزهەڵاتدا. هەرچی کۆمەڵەیە بە هۆکاریی هەڵچوونی بیریی کۆمەنیستی لە جیهان و کوردستان و سەرهەڵدانی ئەو بیروڕایە، ئەویش پانتاییەکی باشی لەشۆڕش پڕکردبووە. چونکە بەبێ کۆمەڵە لەو سەردەمەدا شۆڕشکردن بەربەستی بۆ پەیدا دەبوو.
ئەم سەردەمە جیاوازە، سەردەمی ڕوخانی شاهانشا نییە. بەڵکوو پێگەی کۆماریی ئیسلامی بە هۆکاری جیۆسیاسیەکەیەوە، هەڵکەوتەی ئۆپۆزیسیۆنی بە تەواویی گۆڕییووە، هەروەها بەرەی شۆڕشکردنیشی گۆڕیی. ئەم دوو هۆکارە، هەم کۆمەڵەو هەم حیزبی دیموکرات بۆشاییەکی گەورەیاندا بەدەستەوە بەهۆی هەڵەو کەموکوڕییەکانیانەوە، جگە لەوەش بەهۆکاریی ئەو فەزایە سیاسیە ناوچەییەوە کە ئێران و ناوچەکەی پیاتێپەڕ دەبێت، کردنی بە هێزێکی پچووکتر و کەم کاریگەر تر. دەتوانین بڵێین هۆکاریی سەرەکی تریش؛ نەمانی شەهید قاسملۆ هێزوو توانای حیزبی دیموکراتی بۆ ئەمڕۆ پچوک کردۆتەوە.
ماوەیەکی زۆرە چەمکی پەکەکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە سیستەماتیکی نوێ و بەپێی ئەو هەڵکەوتەی ویستویەتی لەو بەشەدا بەباشی خۆی جێگیر کردووەو پانتاییەکی زۆریی لە جەماوەر ڕێکخراو کردووەو پەیدا کردووە، قسە لەوە دەکرێت، ئێستا پەژاک هێزیی بێ ڕکابەرە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناو گەنجەکانداو هەروەها شوێنە دوورە دەستەکانی شۆڕشی پاش ڕووخاندنی شای ئێران.
لە ئێستادا پەژاک کوانویی جوڵاندنی هەستی کوردایەتییە لەوێ. بەم هێزە زۆرەشەوە، چونکە پەژەک خاوەنی مەدرەسەیەکی کوردایەتی مۆدێرن و خۆ بە بەرپرسیار دەزانێت، لە بەرەی ڕۆژهەڵاتدا، پانتایی هێزی نەکرد بە پێوانەی دەسەڵات لەو بەرەیەداو، دەسەڵاتی مستەفای هیجری پەسند کرد.
قسەکان لەسەر زۆریی هێزە، من هێندە هێزم هەیەو هێندەم هێز ئامادەیە. ئەم بۆچونە لە ڕووی سیاسیەوە دەکرێت، خەفەی ترشاندنی سیاسی بۆ بکرێت ١.
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە مێدیکانەوە، قسە لەسەر ئەوە کرا، پارتی ئازادی کە کاک حوسەین یەزدان پەنا سەرکردایەتی دەکات، دەیان هەزار چەکداری لەو دیوو سنورەکانی هەرێمی کوردستانەوە ئامادەیەو لە سەر کات وەستاوە تا تەواوی کوردستان کۆنتڕۆڵ بکات.
ئەم شێوە پڕوپاگەندەیە، هیچ لە ڕەوڕەوەی ڕەوشەکە ناگۆڕێت، جگە لە سینارۆیەکی خۆ هەڵکشانی کورت مەودا، لەسەر ئاستی کورد و هەروەها دەوڵەتی ئێرانیش. کەواتە نەکردنی باشترە، لەبەر ئەوەی دەکەوێتە بەردەم گاڵتەجاریی.
ئەمڕۆ تەکنەلۆژیا هێندە پێشکەوتووە، دەتوانرێت گەر ژمارەکانیش نەزانرێت، پێوانەکان لە هێزو تواناو جەماوەری حیزبەکان، لانی کەم هەڵبسەنگێنرێت.

*١. مەبەستم ئەو چل ڕۆژەیە کە ترێ دەکاتە ترشیات.