هاوژین زیبا: 8ی مارسێکی نوێ، 8ی مارسی کەزیی.
تێپەڕاندنی ڕەگەزگەرایی، هەنگاویی یەکەمی نیشتیمانپەروەریی و دادپەروەرییە.
ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ڕۆژئاوای کوردستان و مەترسیی هەڕەشە لە سەر هەرێمی باشوور، ڕووبەڕووی گوتارێکی نوێمان دەکاتەوە. ئەو گوتارە بینینی ژنە لە دیدی نیشتیمانەوە.
باسێک کە هیچ پێوەندیەکی بەو پلە و پایە و ئیمتیازانە نییە کە ژنانێکی کەمئەژمارد بە هۆی نزیکیان لە دەسەڵات پێیان دەبەخشرێت، بەڵکو باسێکە سەبارەت بە پرسی ژن و مافەکانی ژنە وەک مرۆڤ.
کاتێک باس لە نیشتمان دەکەین، باس لە پانتاییەکی گشتیی دەکەین کە بە پێی پرینسیپی زۆرێک لە ئایدیۆلۆژییەکان وەک جۆرەکانی لیبرالیزم و کۆنسەرڤاتیزم و سۆشیالیزم و سۆشیالدیموکراتیی، بە پێی دەستوور هەمووان لە ژێر چەمکی هاونیشتیمانییبوون/ هاووڵاتیبووندا، لە ئەرک و مافدا یەکسانن.
کێشەی گەورەی کۆمەڵگە پیاوسالارییەکان کە لە هەموو جۆرە سیستمە ئایدیۆلۆژییەکاندا هەن، ئەوەیە کە پیاوان پێگەی باڵاتریان هەیە لە ڕووی سیاسی، ئابووری، و کۆمەڵایەتییەوە، و ژنان دەرفەتی کەمتریان بۆ دەڕەخسێت یان پەراوێز دەخرێن. ئەم پەیوەندییە لە دەسەڵاتی باڵاوە بە ناو دامەزراوەکاندا هەتا دەگاتە ناو تاکەکەسی خێزان، شۆڕ دەبێتەوە.
سیستەمە پیاوسالارییەکە لە بۆشایی دەستوورییدا، لە یاسا و ڕێساکاندا، لە دامەزراوەکان و لە بەڕێوەبەرایەتییە بیروکراسیەکان و سترەکچەری خوێندن و نەخۆشخانە و… هتد دا، هەن و ڕۆژانە بەریان دەکەوین. نەزمەکە هێندە ئاشکرایە کە نەبینراو دەردەکەوێت. هەر خودی ئەم ئاشکرایی و هاوکات نەبینراوییە کێشەی گەورەی لێ دەبێتەوە.
دەتووانین بڵێین پیاوسالارییەکە لە خانەکانی خێزانەوە ڕووەو سەرەوەی لوتکەی دەسەڵات بەرز دەبێتەوە. لەو سیستەمە پیاوسالارییەدا رەنگە رووبەڕووی جیاوازیی پرینسیپیی نەبینەوە، چونکە چەوساندنەوەکە کەمئەژمارد بن، یان بەئەژمارد و بچووک بن یا گەورە لە گوندەوە بۆ شار هەن. جیاوازییەکە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پرسی میتۆدۆلۆجی و چۆنیەتیی شێوەی چارەسەر دایە.
ئەگەر پیاوسالاریی تەنها پرسێکی ناو خێزان بووایە، خێزان وەک تۆڕێکی کۆمەڵایەتیی، ئەوا بێگومان بابەتێکی تەواو جیاواز بوو. چونکە سترەکچەری خێزان نەیدەتووانی لە بەرامبەر ویستێکی سەرەکیی یەکسانخواز و مرۆڤپەروەری دەسەڵاتدا، خۆی بگرێت.
پیاوسالاریی، چ وەک بیر و چ وەک پراکتیک، لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەت، ئایین و کولتوور و نەریتی باودا دەژی. لە بەرئەوەیە شانە سەرەکیەکەی کە خێزانە دەتوانێت درێژە بەو نەریتگەراییەی خۆی بدات.
هاوکات خێزان هەر تۆڕێکی کۆمەڵایەتیی نییە، بەڵکو تۆڕێکی تەواو سیاسییە و ڕەگ و ڕیشەی لە ناو دامەزراوەکاندا داکوتاوە و قەد نوێ دەکاتەوە، بۆ نموونە سیستەمی خوێندن و تەندروستیی و… هتد. تەسلیمکردنی پرسی ژن بە خێزان نەک هەر کێشەکانی ژن چارەسەر ناکات، بەڵکو لە زۆر دۆخدا دژوارتر و خوێناویتری دەکات و دەبێت بە مایەی دروستکردنی کێشەی زیاتر بۆ کۆمەڵگا.
پیاوسالاریی لە خێزاندا لە فۆرمێکی وشک و برینگ و ئەبستراکتدا نییە، بەڵکو هەبوونێکی جەستەیی و هەستەکیی و پێوەندیی جۆراوجۆری ڕۆژانەیە. کار و ئەرکەکان لە ماڵەوە و لە دەرەوە دابەش کراون و دیارن. تەنانەت خواردن و جلکوبەرگ و شێوەی دانیشتن و هەستان و بەخێرهێنانی میوانانێکیش دەگرێتەوە.
سیستەمی پیاوسالاریی، لە هەر شوێنێک بێت، ئەوەیە کە ”نیشتمان“ ــی تەنها وەک “پیاو” وێنا کردووە و دەکات و ”ژن“ ــی تەنها وەک “ڕەگەز” بینیووە و دەبینێت. ”پیاو“ مرۆڤە ئەسڵییە سەرەکییە بینراو و بیستراوەکەیە و ”ژن“ ڕەگەزەکەی ترە. ”ژن“ لە مانا ناتەواوەکەیدا نە مرۆڤە و نە پیاو، بەڵکو ئەو بوونەوەرەیە کە لە هەردووکیان بچووکتر و لاوازترە.
کاتی ئەوە هاتووە تێبگەین کە نیشتمان پێویستی بە ئیرادەی مرۆیی هەیە بۆ تێگەیشتن کە ”ژن“ مرۆڤە، ”ژن“ نە پیاوە، و نە ڕەگەزەکەی ترە، لەو مانایەدا کە بەلێ پیاو نییە، جیاوازە. ئەوەی پێویستە تێبگەین هەروەها ئەوەیە کە سەپاندنی ناسنامەی جێندەری لە سەر ژن ئەو زیانە گەورەیە دەگەیەنێت کە ژن دەکات بە ”ڕەگەزەکەی تر“ و بینیوومانە کۆمەڵگایەکی کۆیلەبەرداریی بەرهەم دەهێنێت.
تێگەیشتن لە چەمکی ”نیشتمان“ تێگەیشتنێکی قووڵمان سەبارەت بە هاوبەشیەکان پێ دەدا. نیشتیمان خۆی هاوبەشە، هەوای نیشتیمانێک و سرووشتی نیشتیمانێک و سامانی نیشتیمانێک هاوبەشە، ئەگەرچی لە پراکتیکدا وا نەبێت. کێشەی سیستەمی پیاوسالاریی گەلێکە، یەکێک لەوانە تێکدانی پارسەنگ و تەرازووی ئەو هاوبەشیەتیەیە. تێگەیشتن لە هاوبەشیی تێگەیشتن لە یەکسانیی بەهێز دەکات و پێچەوانەکەیشی ڕاستە.
لە کایە چارەنووسسازەکاندا، وەک پاراستنی خاک و خەبات بۆ ئازادیی، نیشتمان پرسیاری ڕەگەز ناکات. کاتێک ژنێک لە سەنگەری بەرگریدا دەجەنگێت، تەقاندنی فیشەکێک و سەختییەکان جیاوازی لە نێوان نێر و مێدا ناکەن. لێرەدا نیشتمان وەک “مرۆڤێکی تێکۆشەر” لە ژن دەڕووانێت. ئەمە ئەو کایەیەیە کە تێیدا ژن و پیاو دەبن بە یەک ئیرادە بۆ مانەوە. ژنێتی لە ناسنامەیەکی کۆتوبەندئامێزی داسەپاوەوە، دەبێت بە سەرمایەیەکی سەروەریی.
کاتێک نیشتمان لە مرۆڤبوونی ژن تێدەگات، واتای ئەوەیە کە کۆمەڵگە نابێت دەستوەردان لە “ژنێتی” ئەو بکات و دەبێت وەک مرۆڤ بیبینێت. ژنێتی کایەی تایبەتی و سەروەریی خودییە (جەستە، هەست، بژاردە کەسییەکان)، هەروەک چۆن پیاوبوون بۆ پیاو هەمان شتە و هیچ ژنێک نایخاتە ژێر پرسیار. مرۆڤبوون کایەی گشتیی و هاوبەشە (زانست، خەبات، بونیادنانی وڵات و… تاد).
ئەو هەڵەیەی تا ئێستا کراوە ئەوەیە کە کۆمەڵگە ویستوویەتی “ژنێتی” بکات بە بابەتێکی گشتی و “مرۆڤبوون”ی ژنیش بشارێتەوە، هەندێک جار تەنانەت لەو ئاستەدا کە بە ناوی خوداکان و ئایینەکانەوە تەنانەت وەک عەیبەیەک بیبینێت و لێی بدوێت.
بە ڕوونیی دیارە کە پێچەوانەکەی ڕاستە. گۆڕینی ئەو نەریتە باوە کۆمەڵگا بێ هێز ناکات، بەڵکو بەهێزی دەکات.
ئەو ژنەی نیشتمان دەیناسێت، ئەو ژنەیە کە خاوەن بڕیار و دەستپێشخەرییە. ئەو وێنەیەی کە ژن تەنها وەک “پاسەوانیکراو” یان “لاواز” دەبینێت، نەناسین و نەبینینی ژنە وەک ژن و بەو شێوەیەش سووکایەتییە بە ناسنامەی مرۆڤیی ژن و داماڵینی مافە مرۆڤییەکانە لێی. نیشتمانێک کە تەنها بە چاوی ڕەگەز لە نیوەی کۆمەڵگەکەی بڕووانێت، نیشتمانێکی کەمئەندامە.
ئەو پێچەوانەبوونە کە ژن بۆ نیشتمان هاوبەشێکی بێباک و ئیرادەیەکی ئازادە، هاوکات کە بۆ کۆمەڵگە، ژنێتیی ژن قەڵایەکی تایبەتە و تەنها خۆی خاوەنیەتی، بە ڕوونیی دەبینرێت. کۆمەڵگایەکی بە هۆش و ڕوو لە ئاییندە دەبێت بە هەموو شێوەیەک هەوڵ بدات چارەسەری ئەو جیاوازیکاریی و هەڵاواردنانە بکات. خاوەنداریەتیی ژن لە خۆی، بەشێک لە تێکۆشانی ژنانە بۆ سووربوون لە سەر ناسنامەی ژنبوونی خۆیان و ڕوونکردنەوەی سیستەمی پیاوسالاریی. نابێت و دروست نییە وەک دژایەتیکردنی پیاوان ببینرێت.
هەتا ئێستا چەکی سیستەمی پپیاوسالاریی ئەوەیە کە مۆری ”دژ بە پیاوبوون“ لەو ژنانە دەدات کە دەیانەوێت ئەم نەزم و ڕوون بکەنەوە. لە بەرامبەر ئەوەدا دروشمی ”ژن، ژیان، ئازادیی“ و هۆنینەوەی پرچ کە ئێستا سەرانسەری کوردستانی تەنیووە، مرۆڤبوون و ژنێتیی تاکەکەسی ژن دەسەلمێنێت و پەردەکان هەڵ دەداتەوە. هەر وێنەی ئەو پیاوانە نیشان نادات کە لە پشت فەرشی چڕچنراو و سفتچنراوەوە ڕادەووەستن، بەڵکو پێشمان دەڵێت؛ کە بە پەنجەی کچانی منداڵ چنراون و بەرامبەر نرخی کار و نرخی ژیان و ئازاری ژیان ڕاماندەگرێت.
ڕوون و ئاشکرایە ئەمە پەیوەندیە دەسەڵاتیە سیاسییە ئابوورییەکەیە، دەنا نیشتمان لە مرۆڤبوونی ژن تێدەگات و لە ڕەگەزەکەی ناڕووانێت.
ئامادەیی ژنان لە سەرشەقام و خاوەن دەرکەوتنیان لە کەزیی خۆیان و چالاکی سیاسی کەزیی لە سوشیاڵ میدیادا لە ئاستی جیهاندا لە بەر چاوبوو. بە سەدان و بگرە هەزاران لە ژن لە ناو نەتەوەکانی دیکەدا بە هۆنینەوەی پرچیان هاوپشتیی خۆیان لەگەڵ ژنانی کوردستان و دۆزی نیشتیمانەکەدا دەردەبڕی. زۆرینەی میدیاکارو ژنانی سەرجەم کایەکانی کۆمەڵگای کوردی خۆیان بە خاوەن پرسی نەتەوە دەزانی. دەرکەوت ئەگەر شەقامەکانی نیشتیمان لە بەها نەریتی و کۆنە پارێزییەکان بشۆرێنەوە، ئەوا ژنان دەیسەلمێنن کە هەر بستێک لەم خاکە بە ئیرادە و بەرگریی و ژیاندۆستیی دەرازێننەوە.
ڕاستە ژنانی کورد خاوەنی خەبات و تێکۆشانی بەرچاون، بەڵام شۆڕشی کەزیی وەرچەرخانێکی مێژووییە و نیشانیدا کە ژنی کورد خەلافەت شکێنە. ژنی کورد واقیعی داسەپاو قبوڵ ناکات و دەتوانێت لە گۆڕانکاریی ڕیشەییدا ئەکتەری سەرەکیی بێت.
دەرکەوتنی ژنانی کوردستان لە خۆپیشاندان و ناڕەزاییە گەورەکانی سەرانسەری کوردستاندا نیشانیدا کە ژنانی کورد لە پاراستنی هاوبەشیی نیشتیماندا خوازیارییەکی بە هێزیان بۆ کردنەوەی کەلەپچەی دەستیان و شکاندنی تەوق و زنجیری پێیان و فڕێدانی کڵاوەی ئاسنی سەریان هەیە.
ئەو بەشداریەی ژنانی کوردستان لە ڕزگارکردنی نیشتیماندا سیمایەکی جیاواز و تاییەتیان هەیە و لە هەر جێیەک دەناسرێنەوە
زمانی کوردی هەر لە وشەکاندا نا بەڵکو لە زمان و لە کەزیی و لە پۆشاکی ئامادەیی رووبەرووبوونەوەدا لەلایەن ژنانی کوردەوە بە هەموو دنیا ناسێندرا. ئەوەش بە ڕوونیی بینرا کە زۆرینەی پیاوانی کورد هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ ژناندا نییە کاتێک دێتە سەر پاراستنی هاوبەشیەتیەکانی نیشتیمان و تەنانەت شانازیی پێوە دەکەن. دەبینرا کە پیاوان دڵخوازانە و خۆبەخشانە لە پشتی کامێراکانەوە و بە نەبینراوی دەوەستان و کەزیی منداڵ و خوشک و هاوسەر و دایکی خۆیان دەهۆنییەوە. بەرجەستەکردنی ژن بەو شێوەیە یەکێکە لە جوانترین تابلۆکانی سەردەم. ئەم چالاکییە سیاسییە کە دیارە ئازادیخوازە، هەروەها پێشکەوتنخوازیشە. کەس لە جیهاندا ناتوانێت بە بێ ناوهێنانی ژنانی خەلافەت شکێنی کورد، باسی ئیرادە بکات.
هۆنینەوەی پرچ و کەزیی مانیفێستێکی ئازادیخوازیی ژنانەش بوو. کەس ناتوانێت باسی بوێری لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا بکات بەبێ باسی ژنانی کورد. کرۆکی باسەکە نەک هەر فڕێدانی نیقاب و بورقە بوو کە ئێمە بینیمان لە پێشکەشکردنەکەی زانکۆی سلێمانی هەوڵ درا سوودی کۆنەپەرستانەی، هەم دژ بە خەباتی ئازادیخوازیی کوردستان و هەم دژ بە ژنان، بەڵکو بە شانازییەوە پرچ و کەزیی لە هەوای خواست بۆ ئازادیدا دەهۆنرانەوە.
لە کچە منداڵەوە تا داپیرەکان و لە کوڕانەوە تا باپیرەکان، کورد وەکو نەتەوەیەک دژ بە چەوساندنەوەی نەتەوەیی و کۆنەپەرستیی و تاریکیی پرچی ژنانی خۆیی هۆنییەوە. ئەم چالاکیە هاوبەشە هەموو نەتەوەی کوردی لە پرچی ژنێکی خاوەن ئیرادەی سیاسی و تێکۆشەری ئازادیی دا پێناسە کرد.
مێژووی هەشتی مارس تا ئەمرۆ لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا بە شێوەی جۆراو جۆر لە توندوتیژیی، بەردەوامە، بەڵام لە ٢٠٢٦ دا شۆڕشی کەزیی کە هەڵقوڵاو و چڕبوونەوە و درێژەی ”ژن، ژیان، ئازادیی“یە، ڕووخسار و ناوەڕۆکێکی نوێ بە تێکۆشانی هەشتی مارس دەدات. خەسڵەتێکی بەرچاوی ئەم ڕووخسار و ناوەڕۆکە نوێیە بەشداریی پیاوە وەک ئەکتەرێکی چالاک، بەڵام دڵخوازانە لە پشت و لە تەنیشت ژنەوە.
خەسڵەتێکی تری بەرچاو ئەو لایەنە جوانەیە کە بەرکەوتنی دەستدرێژیی و سێکسیستیی و تاوانبارکردنی ژنانی تیادا نەبوو.
خەسڵەتێکی تر لە هاواری شۆڕشی کەزیی ژنانی کورددا بۆ ئازادیی و پێشکەوتنخوازیی، ڕەهەندە نێونەتەوەییەکەیەتی. ژنانێکی بەئەژمارد لە سەرانسەری جیهاندا، دڵخوازانە و هاوهەستیانە، پرچیان نیشان دەدەن و لەگەڵ ژنانی کورددا دەیهۆننەوە. ئەو ژنانە ژنانی کچان و دایکانی ئاسایی یان ئەندام پەرلەمان و وەزیر و پلەداری فەرمیی ناو سیاسەتن. بە ڕوونیی دیارە، پێویستیەک لە ئارادایە و ژنانی جیهان دەیانەوێت هاوواتای شۆڕشی ئازادیخوازیی ژنانی کورد کە درێژکراوەی هەمان فکر و فەلسەفەی ژن ژیان ئازادییە و کە لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بەرەو جیهان کەوتە رێ، تیایدا بەشدار بن.
لە سەدەی بیستویەکدا ژنانی کورد پێشەنگی خەباتێکی ئازادیخوازیی ژنان دەکەن کە ڕاستە بەشێکە لە دەنگ و رەنگ و ئیرادە و خاک و نیشتیمانی کورد، بەڵام هەروەها بەشێکی سرووشتییە لە ژن و لە تێکۆشانەکەی. لە ئەمڕۆدا کەزیی ڕووخسار و سیمبولی ئەو تێکۆشانەیە.
کێ هەیە لەگەڵ بینینی پرچی هۆنراوە و کەزییدا کورد و کوردستان و ژنانی کورد و تێکۆشانی ژنان نەبینێت؟