دکتۆر پیرۆت محەمەدئەمین: شەڕی نرخەکان، چۆن حکومەت توانای کڕینی هاوڵاتیان دەپارێزێت؟

لە چوارچێوەی ململانێی بەردەوامی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران، بازاڕە جیهانییەکان شەپۆلێکی هەڵاوسانی توندی نرخی “کاڵای سەرەکی” بەخۆیەوە دەبینن، كەهەڕەشە لە توانای کڕینی هاووڵاتییان دەکات. لەگەڵ فراوانبوونی کاریگەرییەکانی لەسەر خۆراک و وزە و زنجیرەکانی دابینکردن، حکومەتەکان بەدوای ڕێوشوێنی خێرادا دەگەڕێن بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی قەیرانەکە لەسەر بەکارهێنەران.
کاڵا سەرەکیەكان ئەوانەن كە کە تاکەکان لە ژیانی ڕۆژانەیاندا پشتیان پێدەبەستن بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان، و تەنانەت بە بەرزبوونەوەی نرخەکانی ئەم كاڵایانە یان دابەزینی داهاتی تاكەكان ناتوانرێت بە ئاسانی دەستبەرداری بن. ئەم کاڵایانە بە شێوەیەکی گشتی خۆراکە سەرەکییەکانی وەک ( گەنم، برنج، شەکر، ڕۆن، شیر و گۆشت ) لەخۆدەگرن، ئەمە جگە لە هەندێک پێداویستی سەرەکی وەک ( سووتەمەنی و کارەبا و ئاو و دەرمانی سەرەتایی).
حکومەت دەتوانێت سیاسەتێکی کاتی جێبەجێ بکات لەرێگەی باجەوە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری شۆکی نرخ لەسەر ئەو کاڵایانە. ئەم سیاسەتە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ئاستی کەمکردنەوەی ڕێژەی باجی سەر كاڵا سەرەکییەکان دیاری دەکات بە پشتبەستن بە بەرزبوونەوەی ڕێژەی ڕاستەقینەی نرخی ئەم کاڵایانە لە بازاڕی ناوخۆیی یان بە تێکڕای نرخی جیهانی.
واتە ئەگەر نرخی کاڵا سەرەتاییەکان بەرزبێتەوە، حکومەت دەتوانێت باجی سەر ئەم كاڵایانە بە ڕێژەیەکی دیاریکراو لە بەرزبوونەوەی نرخەکانیان کەم بکاتەوە، بەجۆرێک گەنجینەی حكومەت بەشێک لە زیادبوونەکەی بەربكەوێت و نرخەکان بۆ بەکاربەران جێگیرتر بمێننەوە. بۆ نموونە دەتوانرێت باجەکە تا 75%ی بەرزبوونەوەی نرخەکان کەم بکرێتەوە.
واتە ئەگەر نرخی کاڵایەک بە ڕێژەی 10% بەرزبێتەوە، دەتوانرێت باجەکەی کەم بکرێتەوە بۆ ئەوەی 75% ی ئەو زیادبوونە لەخۆبگرێت، وە لە 25%ی ئەو زیادبوونە بەر تاكەكانی كۆمەڵگا بكەوێت. ئەمەش بارگرانی تەواوی بەرزبوونەوەی نرخەکان کەمدەکاتەوە کە دەگوازرێتەوە بۆ بەکاربەر.
لەم دۆخەدا، پاراستنی داهاتی گشتی حكومەت سەرەڕای کەمبوونەوەی کاتی باجی بەکاربردن پێویستی بە ستراتیژییەکی هاوسەنگ هەیە. چارەسەرێک کە حکومەت دەتوانێت بیگرێتەبەر ئەوەیە کە بەشێکی ئەم كورتهێنانە قەرەبوو بکاتەوە بە زیادکردنی داهات لە کەرتەکانی دیکە کە ڕاستەوخۆ کاریگەری قەیرانەکەیان لەسەر نەبووە، وەکو:
1- زیادکردنی باج لەسەر کۆمپانیا گەورەکان و لەسەر کاڵای لوکس یان نیمچە لوکس وەک (بۆنی لوکس، کاتژمێری گرانبەها، زێڕینگەریی، جلوبەرگی دیزاینەر، و جوانکاری گرانبەها). ئەم کاڵایانە ناچنە خانەی پێداویستی ڕۆژانە، بۆیە حکومەت دەتوانێت باجی زیاتریان بەسەردا بسەپێنێت یان ڕێگە بدات نرخەکانیان بەرزبێتەوە.
2- کەلوپەلی” لوکسی بەکاربەر” وەک ئۆتۆمبێلی لوکسی گرانبەها وئامێری ئەلیکترۆنی گرانبەها و مۆبایلە ئاست بەرزەکان ومۆبیلیاتی لوکس.
3- خزمەتگوزاری گەشتوگوزاری نێودەوڵەتی و گەشتیاری وەک بلیتی فڕۆکە، مانەوەی هۆتێلی لوکس، و گەشتی ڕێکخراو لەم کاتەدا بۆ زۆربەی هاووڵاتیان بە پێویست نازانرێت.
4- هەندێک لە خزمەتگوزارییە بەرزەکان كە ئیختیارین وەكو خزمەتگوزارییەکانی کەسی ( ساڵۆنی جوانکاری ).
دەکرێت بابەتەكە بە شێوەیەکی بیرکاری بۆ هەندێك لەو کاڵا سەرەکیانەی کە وەک نموونە ئاماژەیان پێکراوە، بخەینەڕوو، بە گریمانەی ئەوەی نرخی بنەڕەتی هەر کاڵایەک پێش زیادکردنەکە ١ یەکەیەکی دراوی بێت، و با وا دابنێین نرخی كاڵاكان بەم ڕێژەیە بەرزبوونەتەوە:
ئارد 12٪، برنج 10٪، گۆشت 14٪، سووتەمەنی 20٪، کارەبا 11%، و دەرمانی پێویست 7%. وە لەئەنجامی پەیڕەوكردنی سیاسەتی کەمکردنەوەی باجی زیادە بەڕێژەی 75%ی زیادبوونەکە بۆ هەر کاڵایەك بۆ ئەوەی كەمبكرێتەوە بەم شێوە دەبێت:
ئارد، دوای بەرزبوونەوەی نرخەكەی بە ڕێژەی 12%، نرخەكەی پێش دەستێوەردانی سیاسەتی باج دەبێتە 1 + (1 × 0.12) = 1.12 یەکە. حکومەت 0.75 × 0.12 = 0.09 یەکە لە زیادکردنەکە پاڵپشتی دەکات بەكەمكردنی باجەكەی، بۆیە بەکاربەر تەنها 0.12 − 0.09 = 0.03 یەکە دەدات، بەمەش نرخی ڕاستەقینە دەکاتە 1 + 0.03 = 1.03 یەکە
برنج، دوای بەرزبوونەوەی نرخەكەی بە ڕێژەی 10% نرخی پێش باج دەبێتە 1 + 0.10 = 1.10 یەکە. حکومەت 0.75 × 0.10 = 0.075 یەکە پاڵپشتی دەکات بەكەمكردنی باجەكەی ، بۆیە بەکاربەر 1 + (0.10 − 0.07) = 1.03 یەکە دەدات.
گۆشت، دوای بەرزبوونەوەی نرخەكەی بە ڕێژەی 14%، حکومەت 0.75 × 0.14 = 0.105 یەکە پاڵپشتی دەکات بەكەمكردنی باجەكەی ، و نرخی ڕاستەقینەی بەکاربەر دەبێتە 1 + (0.14 − 0.105) = 1.035 یەکە.
سووتەمەنی، دوای بەرزبوونەوەی نرخەكەی بە ڕێژەی 20%، حکومەت 0.75 × 0.20 = 0.15 یەکە پاڵپشتی دەکات بەكەمكردنی باجەكەی ، و نرخی ڕاستەقینە دەبێتە 1 + (0.20 − 0.15) = 1.05 یەکە.
کارەبا، دوای بەرزبوونەوەی نرخەكەی بە ڕێژەی 11%، حکومەت پاڵپشتی 0.75 × 0.11 = 0.0825 یەکە دەکات، و نرخی کۆتایی دەبێتە 1 + (0.11 − 0.0825) = 1.0275 یەکە.
دەرمانە سەرەکییەکان، دوای بەرزبوونەوەی نرخ بە ڕێژەی 7%، حکومەت 0.75 × 0.07 = 0.05 یەکە هەڵدەگرێت بەكەمكردنی باجەكەی ، و ئەو نرخەی کە بەکاربەر دەیدات 1 + (0.07 − 0.05) = 1.02 یەکە.
ئەم نموونەیە بە ڕوونی ئەوە نیشان دەدات کە سیاسەتی کەمکردنەوەی باج لەسەر کاڵا سەرەکییەکان زۆرینەی بەرزبوونەوەی نرخ بۆ هەر کاڵایەک (75%) هەڵدەمژێت، ئەمەش بارگرانی نرخەکان لەسەر بەکاربەران بە شێوەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە و تاڕادەیەک توانای کڕین لە بازاڕدا دەپارێزێت.
لە کۆتاییدا، گرتنەبەری سیاسەتی هاوسەنگی باجی کاتی پێویستە وەک هەنگاوێکی ستراتیژی بۆ پاراستنی هاوڵاتیان لە شۆکەکانی بەرزبوونی نرخی کاڵا سەرەکییەکان بەهۆی جەنگەكەوە پەیڕەو بكرێت بۆ سەقامگیری هێزی کڕین، لە هەمان کاتدا پاراستنی بەردەوامی داهاتە گشتیەکان. ئەم ڕێبازە ڕەنگدانەوەی توانای حکومەتە بۆ گونجاندن لەگەڵ بارودۆخی نائاسایی و گۆڕینی تەحەددیاتی ئابووری بۆ دەرفەتێک بۆ بەڕێوەبردنی زانستی و گونجاو لە بازاڕدا.

پسپۆڕی : دارایی گشتی