حەسەن ڕازانی: بۆچی ئەمریکا لە ئێران دەدات؟

بەهانەکان کە لە ڕاگەیاندنەکانەوە باسیان لێوە دەکەن:
ئێران چەکی ئەتۆمیی درووست دەکات، یان یورانیوم دەپیتینێ و بۆچەکی ئەتۆمیی ئامادە دەکات! ئێران سەرچاوەی تیرۆریزمە!
بەڵام بۆ بابەتی چەکی ئەتۆمیی: ئیسڕائیل یەکەمین وڵاتە لە ناوچەکەدا کە تەیارو ئامادەیە بە دەیان کڵاوەی ئەتۆمیی و کەسیش باس لە ئیسڕائیل ناکات!
دەربارەی ئەوەی کە ئێران سەرچاوەی تیرۆریزمە:
ئایا ئەوە ئێران بوو بزووتنەوەی تاڵیبانی لە ئەفغانستان درووست کرد؟ ئایا ئەوە ئێران بوو داعشی درووستکردو جیهادی ڕاگەیاند لە دژی خەڵکی سوریاو ئێراق؟ ئایا ئەوە ئێران بوو کە گروپە تیرۆریستە تونڕەوەکانی لە نێو سوریادا درووستکردن و بە چەکی قورس تەیاری کردن و ناوی لێنان بەرەی ئۆپۆسزیۆن؟ ئەو گروپانە گوایە لە دژی رژێمەکەی ئەسەد دەجەنگان، بەڵام کاری سەرەکییان لێدان لە کورد و خەڵکی سوریا بوو! ئایا ئەوە ئێرانە کە لە هەرچوار لای دنیاوە تیرۆریستی تێڕا دێنە ناو سوریاو ئێراقەوە بۆ جیهاد لە دژی خەڵکی سوریاو ئێراق، یان وڵاتی تورکیای ئەندامی ناتۆیە؟ ئایا چیچانیی و ئوغوریەکانی چین لە ئێرانەوە دێنە ناو سوریاو ئێراق، یان لە تورکیای ئەندامی ناتۆوە؟
چەندین نموونەی تر هەن و چەندین گرووپی تیرۆریستی تر هەن کە بە هەر چوار لای دنیادا بڵاوکراونەتەوەو بەردراونەتە گیانی خەڵکی سیڤیل و هەر هەمووشیان ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی ئەمریکا سەرچاوەی بژێویی و پڕچەک کردنی ئەو گرووپانەن نەک ئێران! ئەمریکا خۆی بۆ خۆی، بووەتە پۆلیسی جیهانیی نەک ئێران!
من بەرگریی لە ئێران ناکەم و پێشم وایە و بە بەڵگەش سەلماوە کە سیستەمی ئاخوندیەکان سیستەمێکی دژە ئینسانییە و بە ڕژیمی پەت و سێدارەش ناسراوە. بە زەبری سەرکوت و سێدارەو برسیکردن بە دەیان ساڵە خۆی سەپاندووە!
ئەدی ئەمریکا بۆچی لە ئێران دەدات؟
ئەمریکا لە ئێران نادات، چونکە ئێران لە گەڵ کورد خەراپە، یان لە گەڵ گەلانی ئێران خەراپە، یان چونکە سیستەمی ئاخوندەکان سیستەمێکی دێموکراسی و ئینسانیی نیە، یان لە بەر ئەوەی سیستەمی ئێران سیستەمێکی عیلمانی نیە، بەڵک و ئەمریکا لە ئێران دەدات، چونکە:
ئێران ناچێتە ژێر باریی داخوازیەکانی ئەمریکا! ئێران دژی ئیسرائیلەو هەڕەشەیە بۆ سەر ئاساییشی ئیسرائیل! ئێران خاوەنی سەرچاوەی سرووشتی زۆرەو ئەمریکا دەیەوێت سەرچاوەکانی ژێر زەوی و سەرزەوی ئێران بۆخۆی بەرێت! ئەمریکا دەیەوێت ئێران لە چین و روسیا دووربخاتەوەو دەستی چینیش لە ناو ئێران و ناوچەکەدا، کە بە هۆی ئێرانەوەیە، کۆتایی پێبێنێت!
ئەم بۆچوونەی من دیسان ڕاستە بۆ ڕژێمە لەناوچووەکانی سەردەمی بەهاری عارەبی. کە ناتۆ بە سەرپەرشتی ئەمریکا هەریەکەی بەهانەیەکی لێدۆزینەوە. من پێم وایە ئەگەر ئەو دەوڵەتانەی بەهاری عارەبیی وەک پێویست ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی لە ئەدایان ڕازی بوانایە هەرگیز ئەمریکا لە دژیان جووڵەی نەدەکرد!
بۆ نموونە ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی سەدامیان نەڕوخاند چونکە سەدام لە گەڵ کوردو گەلی ئێراق خەراپ بوو، یان سەدام چەکی کۆمەڵکوژی هەبوو، یان کیمیاوی بەکار هێنا لە دژی کوردان،. بەڵکو لە سەر هۆی ترو بۆ مەبەستی تر سەدامیان ڕوخاند کە دوروو نزیک پەیوەندی نەبوو بە چەکی کۆمەڵکووژ یان بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لە دژی کورد یان سەدام دیکتاتۆرە.
ئەو هۆیانەی کە بەڕواڵەت و لە ڕاگەیاندنەکانەوە باسیان لێوە دەکران تەنها بەهانە بوون و هۆی ڕاستەقینە نەبوون. تەنها بەهانە بوون بۆ ئەوەی هەم خەڵکی ئەو وڵاتە ڕەکێش بکەنە ناو سوپاکەی خۆیان و هەمیش شەرعیەتێکی نێو دەوڵەتی، کە هەر خۆشیان بەرپرسی ئەو شەرعیەتەن، بدەنە هێرش و پەلامارو وێرانکاریەکانیان.
هۆیە درووست و ڕاستەقینەکان بریتیبوون لە:
بۆ پاراستنی ئاساییشی ئیسڕائیل بوو. چونکە سەدام دوژمنی ئیسرائیل بوو، چونکە ئێراق خاوەنی سەرچاوەی نەوت و سەرچاوەی سرووشتی بوو کە ئەمریک تەماحی پێوەبوو. چونکە ئێراق لە سەر بەرەی ڕوسیا دەبینراو ئەمریکاش نەیدەویست بەلای ڕوسیاوە بێت. لە کۆتاییدا ئەمریکا تا ڕادەیەک بە ئاواتەکانی گەییشت!
من دیسان دەیڵێمەوە هەموو ئەو ڕژێمانەی کە لە بەهاری عارەبییدا ڕووخێنران و ئەوانەی کە ئێستا لەسەر کارن، هیچیان دووروو نزیک پەیوەندییان بە خەڵکەوە نیەو هەموویان دژە خەڵکن یان دیکتاتۆر بوون یان ئێستا دیکتاتۆرن!
بەڵام میژوو سەلماندوویەتی ناتۆ بە سەرپرشتی ئەمریکا دژی دیکتاتۆریەت نیە لە جیهانی عارەبیی و ئیسلامییدا، بەڵک و دژی ئەو سیستەمەیە کە لە گەڵ ئەمریکا نەبێت! تکایە بە وردی دیقەت لە ناوچەکەو رژێمەکانی ناوچەکە بدەن بۆتان دەردەکەوێت کە ئەم قسەیەی من ڕاستە!