سەلاح حسەین ئەفەندی: ئایا هەژموونی جیهانیی ئەمریکا لە سەدەی بیست و یەکەمدا بەرەو شکستی و کەمبوونەوە دەچێت؟

ئەم پرسیارە بنەمای سەرەکیی ئەو کتێبەیە کە بە ناوی
“Failing Hegemony? Four Essays on the Global Engagement of the United States of America in the 21st Century”
لە لایەن توێژەری فینلەندی Ville Sinkkonen نووسراوە و ساڵی 2020 بڵاوکراوەتەوە. ئەم کتێبە بە هاوکاری ژمارەیەک توێژەر لە فینلەند، سوید و نەرویج نووسراوە و هەوڵدەدات رۆڵی جیهانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سەدەی بیست و یەکەمدا شی بکاتەوە و بپرسێت ئایا ئەم وڵاتە دەتوانێت هەژموونی خۆی لە سیستەمی نێودەوڵەتی بپارێزێت یان نا.

بەپێی ئەم کتێبە، تا ساڵی 2020 ژمارەیەک نیشانە هەبوون لەسەر ئەوەی کە هێزی ئەمریکا لە هەندێک بواردا لە کەمبوونەوەدا بوو، تایبەتی دوای ئەم رووداوانە:
• شەڕە درێژخایەنەکانی عێراق و ئەفغانستان
• قەیرانی دارایی جیهانی ساڵی 2008
• سەرکەوتن و بەرزبوونەوەی هێزە نێودەوڵەتییە نوێکان، بە تایبەتی چین.
بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا، کتێبەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ویلایەتە یەکگرتووەکان هەتا ئەوسا هۆکار و توانای بنەڕەتی هەبوو بۆ پاراستنی پێگەی خۆی وەک هێزی سەرەکی لە سیستەمی جیهانی.

رۆڵی مێژوویی ئەمریکا لە سیستەمی نێودەوڵەتی
هەژموونی ئەمریکا بە شێوەیەکی زۆر بە رۆڵی مێژوویی ئەو وڵاتە لە دروستکردنی سیستەمی نێودەوڵەتیی نوێ پەیوەستە. دوای شەڕی جیهانی دووەم، ئەمریکا بە شێوەیەکی چالاک بەشداری کرد لە دامەزراندنی ژمارەیەک دامەزراوەی نێودەوڵەتی گرنگ، وەک:
• ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (UN)
• پەیمانی باکووری ئەتلەنتیکی (NATO)
• سیستەمی ئابووریی Bretton Woods
لە ماوەی شەڕی سارددا، ئەمریکا رۆڵی سەرکردایەتیی جیهانی خۆی بەردەوام کرد بەهۆی ملمەلانێی سیاسی و ئایدیۆلۆژیکی لەگەڵ یەکێتیی سۆڤیەت. پاش کۆتایی هاتنی شەڕی ساردیش، ئەمریکا بووە تاکە هێزی گەورە لە جیهاندا، کە ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی قۆناغێکی هەژموونی تاک-جەمسەری.

ئەم هەژموونە بە چەندین هۆکاری سەرەکی پشتبەستوو بوو، وەک:
• سەرکەوتنی سەربازی
• هێزی ئابووری
• پێشەنگایەتیی تەکنەلۆژی
• بەدەستهێنانی ڕەوایەتی نێودەوڵەتی

ئەم ڕەوایەتییەش هەتا رادەیەکی زۆر لە ڕێگای ئەمانەوە هاتووە:
• کارکردن لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان
• پابەندبوون بە یاسا و ڕێسای سیستەمی نێودەوڵەتی
• قبووڵکردنی رۆڵی سەرکردایەتیی ئەمریکا لەلایەن زۆرێک لە وڵاتان
بەم شێوەیە، کتێبەکە ئاماژە دەکات کە هەژموون تەنها بە هێزی ماددی دروست نابێت، چونکە هێزی سەربازی یان ئابووری بە تەواوی بۆ پاراستنی هەژموون بەس نییە، بەڵکو پێویستە لەگەڵیدا ڕەوایەتی و قبووڵکردنی نێودەوڵەتی هەبێت. لەبەر ئەمەش پاراستنی سەرکردایەتیی جیهانی پێویستی بە هاوسەنگی نێوان سەرکردایەتی و هاوکاری نێودەوڵەتی هەیە.

کۆتایی وتەی کتێبەکە
کتێبەکە دەگات بەو ئەنجامەی کە تا کاتی بڵاوکردنەوەی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێشتا هێزی سەرەکیی جیهان بوو، بەڵام هەژموونی ئەو وڵاتە بووە ئاڵۆزتر و کەمتر جێگیر بەراورد بە ماوەکانی پێشوو. هەروەها بە شێوەیەکی زیاتر پێویستی بە هاوکاری نێودەوڵەتی و ڕەوایەتیی سیاسی هەیە بۆ پاراستنی شوێنی خۆی.

پێشبینییەکان سەبارەت بە ئێستا و داهاتووی هەژموونی ئەمریکا
بەپێی زانیاری و ئەنجامەکانی کتێبەکە، دەتوانرێت هەوڵ بدرێت بۆ تێگەیشتن لە شوێنی ئەمریکا لە سیستەمی جیهانیی ئێستا و هەروەها داهاتووی ئەو سیستەمە.

ئایا ئەمریکا هێشتا هێزی هەژموونە؟
نیشانەکان دەریدەخەن کە ئەمریکا هێشتا لە بوارەکانی ئابووری، سەربازی و تەکنەلۆژیدا پێشەنگی هەیە. بەڵام ئەم پێشەنگییە بە شێوەیەکی بەردەوام بەرەو سەرەوە ناچێت، بەڵکو بەهۆی گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکان لە سیستەمی جیهانی، هەندێکجار بەرەو کەمبوونی نیسبی دەچێت.

لە گرنگترین ئەم گۆڕانکارییانە:
• گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکان لە سیستەمی سەرمایەداریی جیهانی، کە ئێستا زیاتر خەسڵەتی نێودەوڵەتی و بێ سنوور وەردەگرێت.
• سەرکەوتن و گەشەی چەندین ناوەندی ئابووری گەورە وەک یەکێتیی ئەوروپا، چین، هیند، برازیل و ژاپۆن.
• گەشەی خێرای تەکنەلۆژی و بڵاو بوونەوەی لە جیهاندا، کە بووەتە هۆی پەیوەندی زیاتر نێوان بەشە جیاوازەکانی جیهان.
• نرخنەدان بە رۆڵی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان لە هەندێک سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا.
• هەندێک ڕەخنە لەسەر پابەندبوونی ئەمریکا بە یاسا و ڕێساکانی سیستەمی نێودەوڵەتی.
• کەمبوونەوەی قبووڵکردنی سەرکردایەتیی تاکەیی ئەمریکا لەلایەن هەندێک وڵات، تەنانەت لەلایەن هەندێک هاوپەیمان.
ئەم هۆکارانە نیشان دەدەن کە ئەمریکا بە شێوەیەکی نیسبی هەندێک جار ڕەوایەتی نێودەوڵەتیی خۆی لەدەست دەدات، کە ئەمەش کاریگەری هەیە لەسەر توانای ئەو وڵاتە بۆ هاوسەنگی نێوان سەرکردایەتی و هاوکاری نێودەوڵەتی.

ئەو ئامرازانەی ئەمریکا بۆ پاراستنی هەژموون بەکاری دەهێنێت
لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانەدا، ئەمریکا هەندێک ئامراز بەکار دەهێنێت بۆ پاراستنی نفووزی خۆی، وەک:
• بەکارهێنانی هێزی سەربازی لە ژێر دروشمی بە دەستهێنانی ئاشتی
• بەکارهێنانی سزا ئابوورییەکان بۆ فشار خستنە سەر نەیاران و دۆستان
• کاریگەری لە هاوسەنگییە نێودەوڵەتییەکان بەشێوەیەک ناسەقامگیری و ئاژاوە لە سستمی جیهاندا دروست دەکات.
• پشتبەستن بە هێز و وڵاتانێک کە ملکەچ دەبن بۆ ئەو دەوڵەتە و زۆر جار پشتبەست دەبن بە هاریکاری و پارێزگاریان.
• پەیڕەوکردنی سیاسەتی کورتخایان کە پەیوەندیان بە بەرژەوەندییە کاتییەکان هەیە

سروشتی سیستەمی جیهانیی ئێستا
بەهۆی ئەم گۆڕانکارییانەی لە ئابووری و تەکنەلۆژی جیهاندا هاتوون، ئەو سیاسەتانەی وڵاتە زلهێزەکان پەیڕەوی دەکەن، سیستەمی جیهانی کە دوای شەڕی جیهانی دووەم جێگیر بوو، ئێستا بە شێوەی پێشوو کار ناکات. لە هەمان کاتدا، هێشتا سیستەمێکی نوێی جێگرەوە دروست نەبووە.
لە ئەنجامدا، جیهان لە دۆخی نائارامییەکی نەسبیدا دەژی، کە تێیدا:
• بەکاربردنی هێز لە سیاسەتی نێودەوڵەتی زیاتر بووە
• رژێمە دیکتاتۆرییەکان هەندێکجار بەهێزتر بوون
• گرژییە ناسیۆنالیستییەکان زیاد بوون

شوێنی ئەمریکا لە سیستەمی جیهانیی داهاتوو
لەگەڵ ئەو هەموو گۆڕانکارییانەشدا، پێشبینی دەکرێت کە ئەمریکا هێشتا یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی ئابووری و سیاسەتی جیهان دەبێت، رەنگە بە درێژایی هەموو سەدەی بیست و یەکەمدا.

ئەمەش بەهۆی چەندین فاکتەری گرنگەوەیە، وەک:
• پێشەنگایەتیی تەکنەلۆژی
• هێزی ئابووری
• سیستەمی فیدراڵی و دابەشبوونی دەسەڵات لە ناوخۆدا
• رۆڵی گرنگی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی
• سیستەمی پەروەردەی پێشکەوتوو و پشتگیریی نوێکاری
• بوارێکی گونجاو بۆ گەشەی کەرتی تایبەت
بەم شێوەیە، ئەمریکا دەتوانێت هێشتا یەکێک لە هێزە کاریگەرەکانی گۆڕانکارییە ئەرێنییەکان لە جیهان بێت، بە مەرجێک کە بە شێوەیەکی چالاک لە دروستکردنی سیستەمێکی جیهانیی فرەجەمسەر و هاوکارییەتیدا بەشدار بێت. بەڵام ئەگەر بەردەوامبێت لەسەر پەیڕەوکردنی سیاسەتی هەژموونی تاکڕەوی، ئەوە نەک تەنها کاردانەوەی ترسناکی لەسەر داهاتووی خۆی دەبێت، بەڵکو دەبێتە هەڕەشە لەسەر پێشکەوتن و ئارامی سیستەمی جیهانییش.

تێبینی/ شیکردنەوەی دۆخی ئێستا و ئایندەی سستەمی جیهانی، پشت بە کتێبە تازەکەم دەبەستێ، بەناوی ”نهضة الشرق الأوسط في عصر العولمة”.