نەوزادی موھەندیس: لەسایەی داخستنی گەرووی ھورمزدا، کەرتی وزەی عێراق بەرەو کوێ؟
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
ئاشکرایە جەنگی کەنداو لەنێوان ئەمریکا و ئیسڕائیل لەلایەک و ئێرانیش لەلاکەی ترەوە بۆتە مۆتەکەیەکی مەترسیدار بۆ سەر دۆخی ئابوری سەرجەم وڵاتانی کەنداو و بەتایبەتیش عێراق کە تاکە دەرچە و دەروازەی سەرەکی ھەناردەکردنی نەوتەکەیەتی و پشتبەستنی بەداھاتی نەوت بەڕێژەی 85- 95% لەداھاتی نیشتیمانیەکەی بۆتە ھۆکاری ڕوودان و سەرھەڵدانی مەترسی گەورە لەسەر بودجە و تەنانەت مووچەی مانگانەی مووچەخۆرانیشی بەھەرێمی کوردستانیشەوە.
وڵاتانی کەنداو لەھەریەکە لە عێراق و کوێت و قەتەر و بەحرەین تەنگەی ھورمز تاکە ڕێگای سەرەکیانە بۆ ھەناردەکردنی نەوت و غازە سروشتیەکەیان،بەڵام سعودیە و ئیمارات چەند ڕێگایەکی جێگرەوەیان ھەیە بۆ سەر دەریای سوور بەڵام ھیچ کات ناگاتە ڕێژە و ڕادەی ھەناردەکردنیان لە ڕێگەی تەنگەی ھورمزەوە.
لەدوای دەستپێکی ھێرش و پەلامارەکانی ھەردوولای شەڕەکە بۆ سەر یەکتر و بۆسەر وڵاتانی کەنداو لەلایەن ئێرانەوە لە 28. 2 وە و دواتریش داخستنی گەرووی ھورمز بەڕووی ھەناردەکردن و ھاتنی پاپۆڕە نەوتی و غازیەکان بۆتە ھۆی زیانگەیاندنی گەورە بەکەرتی وزە بۆ ھەموان و بەتایبەتیش بۆ عێراق بەشێوەیەک لە 14 ھەمینی ڕۆژی جەنگەکەدا زیاتر لە 150 نەوتھەڵگر ڕێگەیان لێگیراوە و لەناو بەندەرەکانی وڵاتانی کەنداودا ماونەتەوە.لە ڕێکەوتی 12. 3 وە عێراق بەڕەسمی داخستنی بەندەرە نەوتیەکانی ڕاگەیاند دوای ئەوەی کە دوو پاپۆڕی بارھەڵگری نەوتی عێراق لەلایەن ئێرانەوە کرانە ئامانج و لێیان درا. بەم شێوەیەش عێراق تاکە دەروازە گەورە و سەرەکیەکەی لەدەستداوە، چونکە تەنھا لە بەندەری بەسرەوە بەپێی ڕاپۆرتی کۆمپانیای سۆمۆوە لە مانگی شوباتی 2026دا بڕی 101,160,349 بەرمیل نەوت لەکۆی گشتی نەوتی ھەناردەکراو بەبڕی 107,616,220 بەرمیل نەوت لەو بەندەرەوە ھەناردەکراوە و بەھۆی نەڕۆیشتنی نەوتەکەشیەوە لەڕێکەوتی 10. 3 وە بڕیاری کەمکردنەوەی بڕی بەرھەمی ڕۆژانەی دا لە 4.3 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانەوە بۆ 1.2 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە و دوای پڕ بوونی کۆگانیشی ئیدی بەتەواوەتی بڕی بەرھەمھێنانی ڕادەوەستێت و بەمەش داھاتی نەوتی سفر دەبێتەوە. لەملاشەوە بڕی نەوتی ھەناردەکراو لەھەرێمی کوردستانەوە لەدوای شەرەکەوە و بەھۆی کەمبونەوەی بڕی بەرھەمھێنان لەلایەن کۆمپانیا نەوتیەکانەوە ئەوا بڕی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمیش لە 215ھەزار بەرمیلی ڕۆژانەوە کەمبۆتەوە بۆ نزیکەی20 – 40 ھەزار بەرمیلی ڕۆژانە، بەمەش جارێکی تر داھاتی نەوتی عێراق و ھەرێم نزیک بونەتەوە لە سفر و بەشی مووچەی مانگانەی مووچەخۆرانیشی ناکات.لەوپەڕی دۆخی باشی بۆری گواستنەوەی نەوتی ھەرێم دەتوانرێت بڕی نەوتی ھەناردەکراو بەرزبکرێتەوە بۆ 500- 600 ھەزار بەرمیل کە عێراق داوای کردوە ڕۆژانە بڕی 100ھەزار بەرمیل نەوتی کەرکوکی پیادا بگوێزرێتەوە بۆ بەندەری جیھانی تورکی.
ھەربۆیە دۆخی کەرتی وزەی عێراقی لە دۆخێکی شپرزەو و خراپدایە و گەر جەنگەکە زیاتر درێژەبکێشێت و تەنگەی ھورمزیش دابخرێت بەم شێوەیەی ئێستا ئەوا لەلایەک ھەناردەکردنی نەوتی عێراقی نامێنێت و لەولاشەوە نرخی بەرمیلێک نەوت لە بازاڕەکانی جیھاندا بەرزدەبێتەوە بۆ سەروو ١٠٠دۆلاری ئەمریکی کە ھەندێک وای بۆدەچن بگاتە ١٧٠-١٩٥ دۆلاریش.
بۆیە بەڕاستی درێژەدانی ئەم جەنگە دەبێتەمایەی کارەساتی ئابوری و ھەڵاوسان و بەرزبونەوەی نرخەکانی کەلوپەل و پێداویستیەکان نەک لەناوچەکەدا بەڵکو لەھەموو جیھاندا و بەتایبەتیش بۆ ئەو ناوچە و وڵاتانەی کەپشتیان بەستۆتە سەر کڕینی نەوتی وڵاتانی کەنداو.داخستنی تەنگەی ھورمزیش بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ وەک یەکێک لە دەروازە گرنگ و کاریگەرە ئاویەکانی جیھان کە ڕۆژانە بڕی ٢٠ملیۆن بەرمیل نەوتی لێوە دەچێتە بازاڕەکانی جیھانەوە کاریگەرییەکی بەرچاوی دەبێت لەسەر ڕاوەستان و سستبوونی گەشەو پێشکەوتن و پیشەسازی و داھاتی ئەو ڵاتانەی کە کڕیاری ھەمیشەیی نەوتی ئەم ناوچەیەن.
عێراق لەگەڵ ئەوەی وڵاتێکی گەورەی نەوت و غازی سروشتیە و یەکێکە لە دووەم بەرھەمێنەرەکانیش لە ڕێکخراوی ئۆپیکدا،بەڵام بەھۆی بێ پلانی و مشوورنەخواردن و گەندەڵییەوە لەو کەرتە گرنگ و ھەستیارەدا نەتوانراوە کە ژێرخانێکی پتەو وبەھێز دروستبکرێت بۆ ڕۆژە تەنگانەکانی وەکو ئێستا.
ئاشکرایە ژێر خانی کەرتی وزە بەشێوەیەکی گشتی لەچەند وێسگە و پایەیەکی گرنگ و سەرەکی پێکدێن لە : کێڵگە و بیرە نەوتەکان، ھێڵی بۆری گواستنەوەی نەوتی خاو و بەروبومە نەوتیەکان، کۆکاگانی ھەڵگرتنی نەوتی خاو و بەروبومە نەوتیەکان،دواتریش پاڵاوگە نەوتیەکان.
لەئێستادا ئەوەی گرنگە کە باسی لێوەبکەین بریتیە لە نەبوونی کۆمەڵگای گەورە و فراوانی کۆگای ھەڵگرتنی نەوتی خاو،کە بەشی لانی کەم ١مانگ بۆ ٢ مانگی بکردایە و نەبوایەتە ھۆی کەمکردنەوە یان ڕلگرتنی بڕی بەرھەمی نەوتی خاو.چونکە گەر کۆگاکانی نەوتی خاو پڕببن ئەوا بەناچاری دەبێت بەتەواوەتی بیرە نەوتەکان دابخرێن و بەرھەمھێنان ڕابگیرێت کەئەم کارەش لەڕووی زانستی و عەمەلیەوە زیانی گەورە دەدات لە بیرەنەوتیەکان و مۆڵگە نەوتیەکانی ژێر زەوی ناو بیرەکان و تاکو جارێکی تر بخرێنەوە بەرھەم و ئاستی ئاسایی خۆیان ئەوا گەلێک پڕۆسەی زانستی و ئەندازەیی گەرەکە و ماوەیەکیشی پێویستە گەر بەسەرکەوتووی بەڕێوەبچێت.
ئەوەتا ڕاپۆرتێکی شۆکھێنەری کۆمپانیای جەی پی مۆرگان باس لەوە دەکات کە عێراق زۆرترین کاریگەری لەسەر دەبێت ئەگەر بەرھەمھێنانی نەوت بوەستێت. عێراق تەنھا ماوەی سێ ڕۆژی ھەیە پێش ئەوەی تانکی عەمبارەکانی پڕببێتەوە، ئەمەش ناچاری دەکات بەرھەمھێنانی ڕابگرێت، چونکە چیتر شوێنی ھەڵگرتنی نەوتە نوێیەکە نامێنێت. نەوت ناتوانێت بە سادەیی و بەخاوی بەبێ عەمبارکردن بڕوات، بۆیە کۆمپانیاکانی نەوت ناچارن بیرەکان دابخەن. کێشەی ئەمە ئەوەیە کە داخستنی بیرێک بڕیارێکی سادە نییە. دووبارە کردنەوەی ئاسان نییە، مەترسی ڕاستەقینەش ئەوەیە کە ڕەنگە بیرەکە بە ئاسانی نەگەڕێتەوە بۆ دۆخی سەرەتایی خۆی. لەوانەیە پێویستی بە چاککردنەوەی ئەندازیاری ھەبێت و بیرەکە تووشی زیانێکی ئابووری یان بەرھەمھێنانی دەبێت. ھەر لەبەر ئەمەشە کە کێڵگە نەوتییە گەورەکان بە شێوەیەکی گشتی مەیلیان ھەیە کە بەڕێوەبردنێکی ووردی بەرھەمھێنان و تێکردنیان ھەبێت. بۆ نموونە وڵاتێکی وەکو سعودیە تانکی عەمبارکردنی بەشی ماوەی 65 ڕۆژ دەکات و بیرەکانی داناخات ئەگەر بەبازاڕکردنی کەم ببێتەوە، بەڵکو بەرھەمھێنان کەم دەکاتەوە.
شایانی باسە کە دروستکردنی تانکی ھەڵگرتنی نەوت لە ڕووی تەکنیکییەوە یەکێکە لە سادەترین پڕۆژەکانی پیشەسازی نەوتی جیھانی. بۆ نموونە یەک تانکی نەوت کە توانای یەک ملیۆن بەرمیلی ھەبێت، دەتوانرێت لە ماوەی 12 بۆ 18 مانگدا دروست بکرێت بە تێچووی نزیکەی 40 بۆ 70 ملیۆن دۆلار. تەکنەلۆژیاکە سادەیە و دەیان ساڵە ناسراوە. ئەمەش بەو مانایەیە کە دروستکردنی توانای ھەڵگرتنی 10 ملیۆن بەرمیل دەتوانێت کەمتر لە 700 ملیۆن دۆلاری تێبچێت. بەڵام لە ئێستادا و لەماوەی ئەو 23 ساڵەی دوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسدا،نەتوانراوە کە کەرتی وزە بەگشتی و ژێرخانەکەی ئاوەدانبکرێتەوە و گەشەشی پێبدرێت بە دروستکردنی ژمارەیەک کۆگای گەورەی نەوتی خاو بۆ ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆ.ئەمەش خۆی لەخۆیدا شکستێکی دیکەیە بۆ حکومەتە یەک لە دوای یەکەکان کە بیرکردنەوەکانیان لە ھەڵبژاردن و گرێبەستە گەندەڵەکان و کۆمیسیۆنەکان و بەرژەوەندی تەسک و بەرژەوەندخوازی تەسک تێناپەڕێت.و خاوەنی تێڕوانین و پلانی ستراتیژی و درێژخایەن نین لەھیچ بوارێکدا.
جا زیانەکانی عێراق تەنھا بە کەرتی وزە لە نەوت و غازی سروشتیەکەیەوە ناوەستێت، بەڵکو بە نەمان و کەمبونەوەی بەرھەمھێنانی نەوت و غازی سروشتیش ئەوا ناتوانرێت بڕی پێویست دابینبکرێت بۆ پاڵاوگەکان و بەروبومە نەوتیەکان لە بەنزین و گازۆیل و نەوتی سپی و… ھتد. بەرەو کەمبونەوە و گرانبوون دەچن و دواتریش وزەی کارەبای نیشتیمانیش کەمدەبێتەوە و ئەوکات کارەسات و قەیرانی قوڵتر ڕوودەدەن.
بەم شێوەیە عێراق لە ئێستادا ژێرخانێکی پتەوی کەرتی وزەی نیە و گەر بەو شێوەیەش جەنگەکە بەردەوام بێت ئەوا ڕەنگە تەواوی ئۆرگانەکانی حکومەتیش پەکیان بکەوێت بەھۆی کورتھێنان لەبودجەدا و زۆری خەرجیەکان و نەمانی داھاتە نەوتیەکان و لەولاشەوە نەناردنی پارەی کاش بەدۆلاری ئەمریکی وەک مانگانە دووجار دەنێردرا ئەوا ناتوانێت مووچەی مانگانەی مووچەخۆرانیشی بدات کە مانگانە بریتیە لە 8 تریلیۆن دیناری عێراقی . ئەوەتا ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق مەزھەر محمد دەڵێت تەنھا پارەی کاش وەک یەدەگی بانکی ناوەندی بەشی ٥ مانگ زیاتر ناکات بۆ پێدانی مووچە و دوای ئەوە بەناچاری دەبێت ڕووبکەینە قەرزکردن بۆ دابینکردنی مووچەی مانگانەی فەرمانبەران.
بەم شێوەیە درێژەدان و بەردەوامبوونی جەنگەکە بۆ عێراق کارەساتێکی گەورەیە و دۆخی ئابوری و بەتایبەتیش کەرتی نەوت و غازی سروشتیەکەی ڕووبەڕووی قەیرانی قوڵدەکاتەوە کە بۆخۆی لەبنچینەدا دەناڵێت بەدەست دەیان قەیرانی ئیداری و دارایی و ژێرخان و کادری تەکنیکی و گرێبەستەکان و کۆمپانیا نەوتیەکانی و… ھتد وە، بەو ھیوایە بەزووترین کات ئەو جەنگە نەگریسە کۆتایی پێبێت و ژیان و گوزەران و گەشە و ئاوەدانی بگەڕێتەوە بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستانیش.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
- Latest Posts by نەوزادی موهەندیس
-
نەوزادی موھەندیس: گەلانی ئێران لەنێوان ترس لەدەسەڵات و بێ متمانەیی بە ئەمریکا؟
- -
نەوزادی موھەندیس: پڕۆژەی کەناڵی سەلمان، وەک پڕۆژەی سەدەی سعودیە و جێگرەوەی تەنگەی ھورموز.
- -
نەوزادی موھەندیس: دیموکراسی چییە؟ فەرمانڕەوایی زۆرینە، یان دەستەبەری کەمینە. بەشی یەکەم.
- All Posts