ئومید ناسح جیهانی: جیۆگرافیا، سروشت تۆمەتباری دەست نەگەیشتنە بە سەربەخۆیی!
بەشێک لە لێکۆڵەر و مێژوونووسان بێ خوێندنەوەی سەرچاوەگەلی جیاواز، بێ تێفکرین و ڕۆچوون لە قۆناغە جیاجیاکانی مێژوویی کورد، بێ بەراورد کردن لە نێوان کات و سەردەمی دەسەڵات و میرنشینە کوردییەکان دا، بێ لێکۆڵینەوە لە شوێنی جیۆگرافیایی ئەمارەت و میرنشینە کوردییەکان، بێ تێگەیشتن لە ململانێی دەسەڵات و شەڕی نێوان میرەکانی میرنشینە کوردییەکان، بێ تێگەیشتن لە هەستی خودنەفرەتی کورد و ئەویدی سەنتەر و خۆبەقوربانیکردنی دوژمن و جەنگاندن لە پێناوی دوژمن دا، بۆ سەربەست نەبوونی کورد، بە واتایەکی دیکە دروست نەبوونی دەوڵەتی کوردی، یان نەبوون بەهێزی سێیەم لە سەر خاکی کوردستان، جیۆگرافیا تۆمەتبار دەکەن، جیۆگرافیا بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی سەربەست نەبوونی کورد ئەژمارە دەکەن. بەرزی و نزمی، چیا و شاخ و دۆڵ (تۆبۆگرافیا)، جیۆگرافیا و سروشتی سەختی کوردستان بە هۆکاری دروست نەبوونی پەیوەندی لە نێوان ناوچە و میرنشین و دەسەڵاتە کوردییەکاندا وەکو گرفتێکی گەورە دادەنێن، وێنا دەکەن. لە تێڕوانینی خەیاڵییاندا، بێ مەعریفەیەکی مێژوویی جیۆگرافیا تۆمەتبار دەکەن لە دەستنەگەیشتنی کورد بە سەربەخۆیی. ئەوان پێیان وایە جیۆگرافیا و سروشتی سەخت ڕێگربووە لە دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان دەسەڵاتە کوردییەکاندا!. ئێمە لێرەدا بە بەڵگەی مێژوویی پێچەوانەی ئەو تیۆر و بۆچوونە دەسەلمێنیین کە جیۆگرافیا – تۆبۆگرافیا تۆمەتبار دەکات بە هۆکاری سەربەخۆنەبوونی کورد، بەڵکو لە کاتی شەڕی ناوخۆ و براکوژی و جەنگی نێوان میر و میرنشینەکاندا، جیۆگرافیا نەک گرفت نەبووە، بەڵکو بەسەر جیۆگرافیاشدا زاڵ بوون، جیۆگرافیاشیان تێپەڕاندوە. گەر شیکاری قۆناغە مێژووییەکان، سەرچاوە جیاوازەکان بکەیت، دەگەیتە ئەو ئەنجامەی جیۆگرافیا تەنها بۆ ئاشتی و یەکڕیزی لە پێناوی ڕزگاری و سەربەستیدا کێشە بووە، بەڵکو لە کاتی شەڕ و جەنگی نێوان میران و سەرانی کورددا، جیۆگرافیا نەک گرفت نەبووە، بەڵکو بەسەر جیۆگرافیاشدا زاڵ بوون، جیۆگرافیاشیان تێپەڕاندوە. نەک هەر ئەوە، بەڵکو بۆ خۆبەقوربانکەری دوژمن، جەنگاندن لە پێناوی ئەوانی دیکەدا، لە پێناوی دوژمندا، دیسان جیۆگرافیایان تێپەڕاندوە و تۆبۆگرافیا گرفت نەبووە و تێیانپەڕاندوە. لە ڕاستیدا تەنها بۆ یەکگرتوویی و یەکێتی کورد لە پێناو سەربەخۆیدا جیۆگرافیا گرفت بووە و تۆمەتبارە! ئەمەش بە هۆی شەڕی دەسەڵات و خودنەفرەتی و نەخەمڵیویی سەرانی کوردەوە بووە. لێرەدا بە چەند نمونەیەک تێپەڕاندنی جیۆگرافیا، نەبوونە گرفتی جیۆگرافیا لە شەڕی نێوان میرە کوردییەکاندا باس دەکەین:
یەکەم/ شەڕی نێوان میر ئەبولفەتحی کوڕی محەمەد کوڕی عەننازی میری میرنشینی عەننازی و میر بەدری کوڕی حەسنەویی میری میرنشینی حەسنەویی.
میر ئەبولفەتحی کوڕی محەمەد کوڕی عەننازی میری میرنشینی عەننازی بەربەرەکانێی میر بەدری کوڕی حەسنەویی میری میرنشینی حەسنەویی دەکرد بۆ دەستگرتن بەسەر چەند ناوچەیەکدا، لەبەرئەوە کاتێک لە ساڵی (397ک) بهاء الدولەی بوەیهی کاری پاراستنی ڕێگەی (خوراسان)یدا بە ئەبولفەتحی کوڕی محەمەد کوڕی عەننازی، بەدری کوڕی حەسنەویی ئەو کارەی بە دژایەتیکردن لە قەڵەمدا. بەدر سوپایەکی گەورەی سازکرد بە هاوکاری ژمارەیەک میری کورد و عارەب، هەڕەشەی کۆنتڕۆڵکردنی شاری بەغدادی پایتەختی ئیمپڕاتۆریەتی عەباسی کرد، ئەبولفەتحی کوڕی محەمەد کوڕی عەننازی خێرا بە سوپایەکەوە ڕۆیشت بۆ پاراستن و بەرگریکردن لە بەغداد بە هاوکاری ئەو تورکانەی لەوێ هەبوون، لە بەرامبەر ئەو کارانەی ئەبولفەتح کوڕی محەمەد کوڕی عەننازی ئەنجامیدا، بەدری کوڕی حەسنەویی قرمسین (کرمانشاه) و حلوانی کۆنتڕۆڵکرد و لە ئەبولفەتحی کوڕی محەمەد کوڕی عەننازی سەند. واتە بۆ شەڕی براکوژی، شەڕی ناوخۆ و شەڕی کوردکوژی سەختی سروشت و جیۆگرافیا کێشە و گرفت نەبووە لە نێوان خوراسان و کرماشان دا.
دووەم/ هێرش و پەلاماری میر محەممەد میری میرنشینی سۆران بۆ سەر میرنشینی ئامێدی – بادینان.
میرنشینی سۆران لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی میر محەمەد دا ململانێیەکی توندی هەبوو لەگەڵ میرنشینی بادینان دا. بۆ پەلاماردانی میرنشینی ئامێدی – بادینان جیۆگرافیا کێشە نەبوو، بە واتایەکی دیکە میر محەممەدی میری میرنشینی سۆران بە سەر جیۆگرافیادا زاڵ بوو بۆ پەلاماردانی میرنشینی ئامێدی – بادینان. میر محەممەد لە ساڵی 1831 دا پەلاماری میرنشینی ئامێدی – بادینانیدا و کوشتارێکی زۆری لێکردن. دیارە کە مەلا یەحیایی مزوری فەتوایی دابوو کە شەڕکردن لە دژی میری سۆران و پشتیوانی میرانی بادینان تاوانە، گوایە میری بادینان لە ئیسلام دەرچووە، ئەمەش بەهۆی یارمەتیدانی میری بادینان بۆ ئێزدییەکان. ئەو فەتوایە یارمەتی میری سۆرانیدا تا بتوانێت بەسەر جیۆگرافیادا، بە سەر سەعید پاشایی میری بادینان – ئامێدیدا زاڵ بێت. ئەوەبوو لە ساڵی 1831 شاری ئامێدی کۆنتڕۆڵکرد، هەر لەبەرئەوەیە لای هەندێک لە لێکۆڵەران مەلا یەحیایی مزوری بە یەکێک لە هۆکارەکانی ڕوخانی میرنشینی بادینان ناوزەند دەکرێت. بۆ یەکگرتن و یەکڕیزی کورد جیۆگرافیا لە نێوان ڕەواندز و ئامێدیدا کێشەی و لەمپەری گەورە بووە و هیچ هەماهەنگییەک لە پێناوی یەکێتی کورداندا نەبووە، بەڵام بۆ شەڕی براکوژی و کوردکوژی جیۆگرافیا، تۆبۆگرافی و سەختی سروشت لە نێوان شاری ڕەواندز – پایتەختی میرنشینی سۆران و شاری ئامێدی – پایتەختی میرنشینی بادیناندا گرفت و لەمپەر نەبووە و شەڕەکە جیۆگرافیایی تێپەڕاندوە.
سێیەم/ هێرش و پەلاماری میر محەممەد میری میرنشینی سۆران بۆ سەر میرنشینی بۆتان
لە ساڵی (1833 – 1834 عیسایی) بۆ پەلاماردانی میرنشینی بۆتان جیۆگرافیا کێشە نەبوو، بە واتایەکی دیکە میر محەممەدی میری میرنشینی سۆران بە سەر جیۆگرافیادا زاڵ بوو بۆ پەلاماردانی میرنشینی بۆتان و جەزیرەی پایتەختی کۆنتڕۆڵکرد. بەدرخان پاشای میری میرنشینی بۆتان بڕیاری پاشەکشەی دا بۆ ناوچەیی حەسەنکێف. میر محەمەد میری میرنشینی سۆران چەندین ناوچەیی بە شەڕ لە میرنشینی بۆتان زەوتکرد. بەڵام بەهۆی ڕاپەڕینی شاری ئامێدی-یەوە دژ بە میری سۆران، لەلایەن سەعید پاشای میری ئامێدییەوە، میر محەممەد – پاشای کۆرە ناچار بوو لە ماردین-ەوە بگەڕێتەوە، تاکو ئەو ڕاپەڕینە سەرکوت بکات. میرنشینی بادینان-یش بە مەرگی ئەو کۆتایی هات. دواتر بەدرخان پاشا براکەی وەکو نیشانەی هاوپەیمانێتی نارد بۆ لای میر محەمەد. ئەوەی یارمەتی میری سۆرانیدا لە داگیرکردنی خاکی میرنشینە کوردییەکانی دیکەدا یەکێک لە هۆکارەکان خراپی بارودۆخی میرنشینەکان بوو بە هۆی ناکۆکی و ململانێی ناوخۆییەوە، میرنشینی سۆران لەوپەڕی بەهێزی و پەرەسەندن دا بوو، دەکرا لە جیاتی پەلامار و هێرش هاوپەیمانیان لەگەڵدا بکات بە ئامانجی یەکێتی کوردان. ئەو شەڕ و پەلاماری کوردکوژییە لە نێوان شاری ڕەواندز و شاری جزیرەدا بووە، بە واتایەکی دیکە لە نێوان باشور و باکوردا بووە و بەسەر ئەو جیۆگرافیا – تۆبۆگرافیا سەختەدا زاڵ بوو بۆ شەڕی ناوخۆ و کوردکوژی. بەڵام بۆ یەکگرتن و یەکڕیزی کورد جیۆگرافیا لە نێوان شاری ڕەواندز و شاری جزیرەدا کێشە و لەمپەری گەورە بووە و هیچ هەماهەنگییەک لە پێناوی یەکێتی کورداندا نەبووە.
بەشێک لە میران و سەرانی کورد، بۆ جەنگاندن و خۆبەقوربانیکەری ئەوی دیکەی دوژمن، جەنگاندن لە پێناو سەرخستن و بەهێزکردنی ئەوی دوژمن، بۆ یەکلایکردنەوەی کێشەکانی نێوان دوژمنان، بۆ نۆکەری و پاڵپشتی و خۆبەقوربانیکەری نەیاران و دوژمن نە دووری شوێنی جەنگ و نەک هیچ بەربەستێکی جیۆگرافی و ئابوری و ئایینی نەبووە، نەک جیۆگرافیا کێشە نەبووە، بەڵکو بەسەر تۆبۆگرافیا و جیۆگرافیاشدا زاڵ بوون. لێرەدا بە چەند بەڵگەیەکی مێژوویی مەبەستەکەمان ڕووندەکەینەوە:
ئەحمەد پاشای میری میرنشینی بابان، بە سوپایەکەوە چوو بۆ بەغداد بۆ هاوکاری عەلی پاشای والی بەغداد، والی عوسمانلی بۆ شەڕ و سەرکوتکردنی خێڵی (کەعب)ی عارەب. محەمەد پاشای میری بابان بە دوو هەزار چەکدارەوە چوو بۆ هاوکاری عومەر پاشای والی بەغداد بۆ سەرکوتکردنی خێڵەکانی عارەب، ئەوەی پێی ڕاسپێردرابوو لە جەنگەکەدا ئەنجامیدا. ئەحمەد پاشای میری بابان بە هێزێکەوە لە قەڵاچوالانەوە چوو بۆ پاڵپشتی حەسەن پاشای والی بەغداد بۆ سەرکوتکردنی کەهیەکانی یاخیبوەکانی بەغداد. عوسمان پاشا لە ساڵی (1778) دا هاوکاری سلێمان پاشای والی بەغدادی (1778 – 1802) کرد بۆ سەرکوتکردنی خێڵە عارەبە ڕاپەڕیوەکانی بەسڕە. جیۆگرافیا لە نێوان قەڵاچوالان و بەغداددا لەمپەر و کۆسپ نەبووە بۆ جەنگاندنی کورد لە پێناوی عوسمانلیدا دژی خێڵە عارەبەکان! بەڵام جیۆگرافیا لە نێوان سۆران – بابان – ئەردەڵان – بادینان- بۆتاندا لەمپەر و ڕێگری گەورەی پەیوەندیکردن بووە بۆ دروستکردنی یەکێتی کوردان و بەدەستهێنانی سەربەستی لە خاکی کوردستان.
نەک هەر پاڵپشتی دوژمن لە شەڕ و جەنگە فراوانخوازی و سەرکوتکارییەکانیاندا، بەڵکو هەندێک میری کورد پاڵپشتی دوژمنی کردوە لە دژی دەسەڵاتدارێکی دیکەی کورد، خەسرەو خانی میری ئەردەڵان هاوکاری محەمەد حەسەن خانی قاجاری کرد لە دژی کەریم خانی زەند. ئەمانوڵڵا خانی میری ئەردەڵان پاڵپشت و هاوکاری ئاغا محەمەد خانی قاجاری کرد لە دژی زەندییەکان.
کورد لە شەڕی ئەفغان و تورکدا. خانە محەمەد پاشای میری بابان لە پێناو عوسمانییەکاندا بە سوپایەکەوە چوو بۆ شەڕی ئەفغانەکان. هێزی کورد لە ناو سوپاکەی ئەحمەد پاشا والی بەغدادی عوسمانلی بۆ شەڕی ئەفغانییەکان، نزیکەی (20)هەزار چەکدار بوو، لەلایەن (20)میری کوردەوە سەرکردایەتی دەکرا: حاکمی ئامێدی، میری درنە و دەرەتەنگ ئەحمەد بەگ، میری باجەلان عەلی بەگ، میری کۆیە عەلی بەگ، میری جاف سەفی قولی بەگ، میری گەڕوس حەسەن بەگ، میری حەریر مستەفا بەگ، میری سەعدئاباد سوبحان ویردی بەگ، میری کەلهور ڕەزا قولی بەگ، میری زەنگەنە محەمەد بەگ، میری سەرتاس حەسەن بەگ، میری ئاڵتون کۆپری ئەحمەد بەگ، میری قزڵجە فەرهاد بەگ، میری شارباژێڕ فەرهاد بەگ، میری سرۆچک حەسەن بەگ، هەموو ئەم میرانە لەلایەن خانە محەمەد پاشایی بابان-ەوە سەرکردایەتی دەکران و گەیشتونەتە هەمەدان. لە نێوان قەڵەمڕەوی بابان تاکو هەمەدان جیۆگرافیا نەبۆتە لەمپەر بۆ جەنگاندن لە پێناو ئەودیکەی دوژمندا، لە پێناو تورکی عوسمانلی بەسەر تۆبۆگرافیا و جیۆگرافیادا زاڵ بوون لە دژی ئەفغانییەکان! کەچی ئەو (20) میرە تەنها لە قەلەمڕەوی باباندا جیۆگرافیا بۆتە گرفت لەبەردەم یەکێتیاندا!
بەشێک لە میرانی کورد لە پێناو دەسەڵاتدا شەڕی هاوخوێنەکانیان ئەنجامداوە، لایان گرنگ نەبووە ڕووبەری میرنشینەکەی بە قەد ڕووبەری تاشە بەردێک بووبێت، گرنگە ئەوە بووە لەو ڕووبەرەی بە قەد تاشەبەردە دا ئەو دەسەڵاتدار بێت، وەها بیری کردۆتەوە چی لە جیۆگرافیاییەکی گەورە و فراون بکات کە ئەوی خۆپەسەند تێیدا دەسەڵاتدار نەبێت، لەم تێڕوانینە دا جیۆگرافیا گرفت بووە و ڕێگربووە لە یەکڕیزی کورد لە پێناوی سەربەخۆی و سەربەستیدا.