سەرکەوتی جیهاز و بەختیار نامیق: کورد لە کاتی شکستی دەوڵەتەکاندا.

بە درێژایی مێژوو کورد بۆتە کارت و بەکارهێنراوە لەنێوان بەرداشی بەریەککەوتنی دەوڵەتەکاندا، هەم دەوڵەتە ناوچەییەکان هەم دەوڵەتە جیهانییەکان. دەوڵەتانی ناوچە بەتایبەت زلهێزە ناوچەییەکان ( تورکیا و ئێران ) لە مێژەوە تا ئێستا و بەتایبەت سەردەمی سەفەوی و عوسمانی تا ئێران و تورکیای ئێستا هەرکات لاواز بوبێتن مافی کوردیان وەک تاکتیک بەکارهێناوە و بگرە نیمچە سەربەخۆییەکیان پێداون تا ئاستی میرنشین و خودموختاری و کارگێڕی. هەرکات لە تەنگژەکان دەرچوبێتن پشتیان کردوەتە کورد و بگرە جەنگی خوێناویان دژکردون. هەر لە میرنشینەکانی بابان و ئەردەڵان و تا نەهری و شۆڕشی بەدرخانیەکان و تا قازی و شێخ مەحمود و بارزانی، عەرەبیش هەر هەمان تاکتیکیان بەکار دەهێنا بە تایبەت لە عێراق و سوریا کە نەک هەر دژی خۆبەڕێوەبەری کورد بون تەنها دژی شۆڕش و سەرکردەکان بن بگرە بونە خاوەنی قێزەوینترین دۆسەی کۆمەڵکوژی وەک ئەنفال و کیمیاباران ، دەوڵەتە زلهێزەکانیش لەکاتی لاوازبون و گۆڕانی دەوڵەتە ناوچەییەکان مافی کوردیان وەک خاڵی پەیماننامەکان نوسیوە، بەڵام دوای خۆگرتنی دەوڵەتە ناوچەییەکان ئەوان بە پێی بەرژەوەندی خۆیان لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی پشتیان لە مافی کورد کردوە و کوردیان کردوەتە دەرخواردی بەرژەوەندییەکانی خۆیان، ئەڵبەت هەموی بە هۆی جەنگ و ململانێوە بۆشایی دروست بوە ئەوکات کورد توانیویەتی هەم شۆڕش و هەم هەندێ کات خۆسەری و خۆبەڕێوەبەری بەدەست بهێنێ، ئەم مێژووە بەدرێژایی سەدان ساڵ خۆی دوبارە دەکاتەوە.
لە ئێستادا عێراق و ئێران و سوریا و تورکیا لەبەردەم نەخشەیەکی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدان وکەوتونەتە بەردەم پێکدادانی زلهێزەکان و بەتایبەت بەهێزبونی ئیسرائیل ، بۆیە دەبینین دوبارە کارتی کورد بەکاردێننەوە و باسی ماف و پرۆسەی ئاشتی دەکەن، بۆنەکان پڕ دەبێت لە شایستەیی کورد بۆ مافەکانی و زمانی کوردی و ئاڵای کوردستان لەهەر چوارپاچەکە دەبینرێت، ئەڵبەت ئەگەرچی سەردەمەکە تەواو جیاوازە، بەڵام هەر بەدەر نیە لە دوباربونەوەی مێژوو، چونکە نە زلهێزەکانی وەک ڕوس و چین و ئەمریکا و فەرەنسا و بەریتانیا هەمان پێوەریان هەیە و بەرژەوەندییان گەورەترە لە دۆستایەتیان و مافی نەتەوەکان نە دەوڵەتی زلهێزی ناوچەیش بەهێزن تا ڕوبەڕوی کورد ببنەوە، ئەمەشمان لە ڕیفراندۆم و عەفرین و جۆلانی و خاوبونەوەی پرۆسەی ئاشتی تورکیا بینی، لە ئەمڕۆی سیستەمی سەرمایەداری و پاشەکشەی دروشمەکانی وەک مافی مرۆڤ و نەتەوەیەکگرتوەکان ئەگەری دوبارەبونەوەی هەمان مێژوو لە ئارادایە.
کورد لە ئێستادا لە نەبونی دەوڵەتی بەهێزی دیکتاتۆری تورکی و عەرەبی و فارسیدایە، دەوڵەتە زلهێزەکانیش لە جەنگی شاراوە و ململانێیەکی بەهێزدان ئەمە وایکردوە بۆشایی ناوچەیی و جیهانی بۆ کورد دروست ببێت، کورد توانیویەتی لە باشور و ڕۆژئاوا خۆسەری و خۆبەڕێوەبەری هەبێت، کە ئەگەر سود لەهەڵە مێژوییەکان ببینێت دەتوانێ تا ئاستێک لەم سەردەمەدا وەک باشور لە ڕۆژئاوا و باکور و ڕۆژهەڵات بگاتە نیمچە مافێکی خۆسەری.
ئەوەی گرنگە یەکێتی ناوەکی ناو ماڵی کوردە، لە مێژودا کورد بۆتە خۆراکی خیانەتی ناوخۆیی، دەبێت لە ئێستادا هەمان هەڵەی مێژوو دوبارە نەبێتەوە، یەکێتی ناوەکی لە هێرشی جۆلانی بۆ سەر ڕۆژئاوا و نەورۆز کورد توانی ئامادەگی هەبێت لەسەر شانۆی جیهانی، دەبێت کورد بزانێت چۆن یاری دەکات لەناو بازنەی بەرییەککەوتنی بەرژەوەندی وڵاتانی ناوچەیی و جیهانیدا بە تایبەت نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ وە چۆن یارییەکانی بکات بە یەکدەنگی.