ڕەووف محەمەد ئالانی: جەنگ و کاریگەریەکانی لەسەر پەروەردە.

جەنگ واتە ململانێی دوو لایەن، یان دوو بەرەی دژبەیەک لەپێناو سەرخستنی ئامانجی دیاریکراوی هەر لایەک لەوانە لە بەرژەوەندی خۆی.
دیارە لە ناساندن و پێناسەکردنی ڕاستیدا بۆ جەنگ، زۆر ئەستەمە بگەیینە پەیامی ڕاستی، چونکە هەر لایەک لەوانە خۆیان بەخاوەنی پەیامی ڕاستی و هەق دەزانن، لەڕوانگەی تێڕوانینی بیری خۆیان بۆ ئامانجەکانیان. بەڵام بۆ پرۆسەی پەروەردە هۆکارەکانی جەنگ دەتوانین، فاکتەرەکانی و کاریگەری جەنگ لەسەری ئاماژەی پێبدەین و کاریگەرییە نەرێنیەکانی دیاری بکەین کە ئەمانەن:
1- داخستنی قوتابخانەکان: لە کاتی جەنگدا زۆرجار قوتابخانەکان بەهۆی بوونی مەترسی گیانی قوتابیان و خوێندکاران و مامۆستایان و فەرمانبەران دادەخرێن، یان دەبن بە شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵک، ئەمەش دەبێتە هۆی وەستانی خوێندن.
2- تێکچوونی سیستەمی پەروەردە:
جەنگ دەبێتە هۆکاری تێکچوونی سیستەمی پەروەردە، چونکە زۆر مامۆستایان و فەرمانبەران ناتوانن لە کارەکانیان بەردەوام بن.
3- کەمبوونی مامۆستا و کەسانی پەروەردەیی و شارەزایان:
هەندێک لە مامۆستایان و شارەزایان بەهۆی جەنگەوە کۆچ دەکەن، یان لە جەنگدا زیان دەبینن، یان بەهۆی مەترسی لەسەر گیانیان وەک پێویست ناتوانن لە سەر کارەکانیان بەردەوامبن، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونی کادری پەروەردەیی.
4- کاریگەری دەروونی لەسەر قوتابیان و خوێندکاران:
جەنگ ترس و فشار و کێشەی دەروونی دروست دەکات، ئەوانەش کاریگەری نەرێنی لەسەر فێربوون و سەرنجی قوتابیان و خوێندکاران جێدەهێڵن. کە هۆکارێکە بۆ دابڕان و دواکەوتن لە فێربوون.
5- کەمبونەوەی دەرفەتی خوێندن و فێربوون:
زۆر لە منداڵان ناچار دەبن خوێندن جێبهێڵن بۆ کارکردن، یان یارمەتیدانی خێزانەکانیان.
6- تێکچوونی شوێن و بیناکانی قوتابخانە و خوێندنگەکان:
بەشێک لە قوتابخانە و خوێندنگەکان بەرشاڵاوی بۆردومانی جەنگ دەکەون و وێران دەبن، یان زیانێکی گەورەیان پێدەگات بۆیە پرۆسەی خوێندن تیایاندا ڕادەگیرێت.
7- کەمبوونەوە و سەرچاوە و کەرەستەی خوێندن:
ئەو پێداویستیانە و کەرەستانە بەردەست نابن وەک: کتێب و کەرەستەی فێرکاری و ئامرازەکانی فێرکاری و هۆیەکانی فێربوون و پەروەردەییەکان کەم دەبن، یان بەردەست ناکەون.
8- دواکەوتنی ئاراستەی پێشکەوتنی کۆمەڵگە:
کاتێک پەروەردە زیان دەبینێت، پێشکەوتنی زانستی و کۆمەڵایەتی وڵاتیش دوا دەکەوێت.
زۆرجار وتراوە پەروەردە چەکێکی کاریگەرە بۆ ئاراستەکردنی گۆڕانکاری ژیان و جیهان، وەک چۆن (نێڵسۆن ماندێلا) دەڵێ:(پەروەردە بەهێزترین چەکە کە دەتوانیت بەکاری بهێنیت بۆ گۆڕینی جیهان). بەڵام لەکاتی ڕوودانی جەنگدا ئەم وتەیە، ناتوانێت ئامانج بپێکێت و ڕۆڵ ببینێت، بەڵکو ڕادەوەستێت. چونکە پەروەردە لەکاتی ئاشتی و ئاساییدا دەبێتە فاکتەری بەدیهێنانی ئامانجە بەرزو باڵاکانی کۆمەڵگە، کە گەیشتنە بە شارستانی و خۆشنوودی وو پێشکەوتن.
کاتێ زەنگی جەنگ لەهەر ووڵاتێک لێدەدرێت، گوێهەڵخستن و چاوەڕوانی لە ژیانی ئاسایی کۆتایی دێت و نیشانەی هەواڵی ناخۆش و تاسان و چاوەڕوانی ئایندەی نادیار دەبێتە، یەکەم وێستگەی بەرکەوتنی هەستی مرۆڤەکان لە شوێنی ڕوودانی جەنگەکە.
وتارەکەم بە وتەیەکی زانای ناوداری جیهان (ئەلێرت ئەنیشتاین)کۆتای دێنم کە لەسەر جەنگ وتوێتی: (ئاشتی بە هێز ناپارێزرێت، بەڵکو تەنها بە تێگەیشتن و زانست بەدەست دەهێنرێت).
خۆزگە دەوڵەتان و ئەوانەی ئاگری جەنگ دادەگیرسێنن جوانتر بیریان لە مەترسییەکانی جەنگ دەکردەوە و بە وتەکەی ئەنیشتاین کاریان دەکرد، تێگەیشتنیان دەکردە سەرچاوەی بەدیهێنانی ئاشتی، تا پەروەردەش بیتوانیایە جیهانێکی پڕ لە شارستانی و ئارامی بەدیبێنێت.