ئومید ناسح جیهانی: کورد و باڵانسی هێز و گۆڕانکارییە سیاسییە گەورەکان.

سەرەڕای هۆکارە خودییەکانی کورد، تێکۆشانی سیاسی و خەباتی چەکداری و شۆڕشی هزری و فکری ڕۆژئاڤا، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی سەرپێکەوتنی ئەزموونی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاڤا باڵانسی هێزی نێوان سوننە و شیعە، جەنگی ناوخۆیی سوریا بوو. لەکاتی جەنگی ناوخۆیی سوریا بە دەستتێوەردانی دەرەکی ڕژێمی بەشار ئەسەدی شیعی و کۆماری ئیسلامی شیعی ئێران نەیاندەتوانی لە یەک کاتدا هەم جەنگی سوننە، هەم کورد ئەنجامبدەن. هەروەها شیعە ئەزموونی ڕووخانی دەوڵەتی فاتمی شیعی لە میسڕ و جەنگی چاڵدێرانی لەگەڵ کورددا هەبوو، دەیزانی بە دژایەتیکردنی کورد و کوردخستنە بەرەی سوننەوە، هەر زوو جەنگەکە یەکلایی دەبێتەوە و ڕژێمی بەشار ئەسەد دەڕوخێت. شیعە لە ناوچەکەدا لاواز دەبێت، هەروەکو ئێستا، لەبەرئەوە لە سەرەتایی جەنگی سوریاوە، ڕژێم لە ناوچە کوردییەکاندا پاشەکشەی کرد و کورد بە پەیڕەویکردن لە هێڵی سێیەم، بەهۆی لێکدابڕاوی جیۆگرافیایی ڕۆژئاڤا-وە سیستمی کانتۆنی و خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاڤای ئاواکرد. بە مانایەکی دیکە ئەزموونی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاڤای کوردستان قازانجکردنی کێشمەکێشی باڵانسی هێزی نێوان سوننە و شیعە بوو. شیعە دوای ئەو دوو ئەزموونە تاڵەی لەگەڵ کورد دا بەردەوام پێویستی بە کورد بووە بۆ باڵابوونی هەژموونی بەسەر باڵانسی هێزی لەگەڵ سوننەدا، هەر لە پەیوەندییەکانی ڕژێمی شیعی سوریا لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان، پەیوەندییەکانی سوریا لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، یارمەتی و پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ پارتەکانی باشوری کوردستان لە هەشتاکانی سەدەیی ڕابردوو دژی ڕژێمی بەعس، سەرەڕایی باگراوندە فاشستییە ئەعڕابی و عەجەم و تۆرانی و سیاسییەکانی دیکە. ئەوەش ڕاستییەکی بەڵگەنەویستە کە هەر چوار (دەوڵەت – نەتەوە)ی کوردستان بەسەردا دابەشکراو چەندین ڕێکەوتنی پێکەوەییان هەیە دژی کورد و بوونی کوردیان بە مەترسی لە سەر ئاسایشی نەتەوەییە خۆیان زانیوە، ئەگەرچی ئەو ڕێکەوتنە ناوچەییانەش بەشی پاراستنی باڵانسی هێزی نێوان سوننە و شیعەی تێدابوو.
هێرشی و پەلامارەکانی سەر ڕۆژئاڤای کوردستان لە مانگی یەکی ساڵی 2026 دا بەشێکی بەهۆی نەمانی باڵانسی هێزی نێوان شیعە و سوننە بوو لە سوریا، بە کەوتنی ڕژێمی شیعی بەشار ئەسەد و پاشەکشەی ئێران لە سوریا و هێنانی محەممەد جۆلانی لە پیلانگێڕییەکی نێونەتەویی و ناوچەیی، بە پۆلیسکردنی حکومەتی کاتی سوریا بە پێی ڕێکەوتی پاریسی نێوان حکومەتی کاتی سوریا و ئیسڕائیل (6/ 1/ 2026) بۆ پاراستنی ئاسایشی ئیسڕائیل و پچڕاندنی پەیوەندی ئاسمانی و زەمینی لە نێوان حیزبوڵڵای لوبنان و ئێران دا، چەتەکانی جۆلانی بە تیشکی سەوزی (تۆم باراک) نێردەی ئەمەریکا و پیلانگێڕی تورکیا هێرشیان کردە سەر ڕۆژئاڤا، واتە لە ئەگەری نەکەوتنی باڵانسی هێزی نێوان سوننە و شیعە لە سوریا، نە ڕژێمی سوریا و نەگروپە سوننەکان توانای ڕووبەڕووبونەوەی هەسەدە و خۆسەری ڕۆژئاڤایان هەبوو، نە هیچ کامیشیان دەچوونە جەنگێکی گەورەوە لەگەڵ هەسەدە کە ببێتە مەترسی لەسەر هەژموونیان. بەڵام کەوتنی بەشار ئەسەد لە بەرژەوەندی باڵانسی هێزی سوننەدا بوو، عارەبی سوننە، ڕژێمی شیعەی خست، پاشان پەلاماری کوردی دا.
دابەشکردنی کوردستان زۆر نائەخلاقی بوو، لە سەر خاکی خۆی کرایە کەمینە لە چوار دەوڵەتدا، لەبەرئەوە هەرگیز نەیتوانیوە و ناتوانێت نە له ڕووی چۆنیەتییەوە نە لە ڕووی چەندێتییەوە گۆڕانکاری گەورە ئەنجامدات لە دەسەڵاتی چوار دەوڵەت – نەتەوەی سەردەستدا، یان دەبێت بە سازشی گەورە لەگەڵ دەوڵەت – نەتەوەی زاڵدا ڕێکەوێت، یان دەبێت لە تێکۆشین و ڕێکخستنی بەردەوام دا بێت، تاکو گۆڕانکاری و ڕووداوی سیاسی گەورە ڕووبدەن و قازانجی بکات بە هاوشێوە ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە عێراق ساڵی 2003، جەنگی سوریا ساڵی 2011، هەروەها ئەم جەنگەی ئیسڕائیل + ئەمەریکا لەگەڵ ئێران.
بە گۆڕانی هێز و دیزاینکردنەوەی خۆرهەڵاتی ناوین و بە جەمسەربوونی ئیسڕائیل و هەژموونی گەورەی ئەمریکا دژ بە چین و ڕوسیا و بە لاوازی شیعە و کەوتنی ئێران باڵانسی هێزی شیعی و سوننە گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا دێت، لەبەرئەوە دەبێت کورد بازنەی باڵانسی هێزی شیعە و سوننە تێپەڕێنێت و بە یەکێتی نەتەوەیی گۆڕانکارییە سیاسییە گەورەکان قازانج بکات و خۆی ببێتە هێز و باڵانس لە ناوچەکەدا. کورد دەتوانێت بە ڕێکخستن و یەکێتی نەتەوەیی و تێکۆشانی هێزی نەتەوەیی، پەیوەندی دبلۆماسی و سیاسی جەنگ و لاوازبوون، یان کەتنی ئێران قازانج بکات و نەبێتە پڕۆ ئیسڕایل و ئەمریکی، هەروەکو (نا)یەکەی جەنڕاڵ مەزڵوم عەبدی دژی حکومەتی کاتی سوریا و تۆم باراک نێردەی ئەمریکا و پیلانگێڕییەکانی تورکیا سەرەڕای هاوپەیمانی تاکتیک نێوان هەسەدە و ئەمەریکا. لەم ڕووەوە هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان ئامادەگی و وەڵامدانەوەیەکی هەنوکەیی و باشە بۆ قازانجکردنی ڕێکەوتن، یان ڕووخانی ئێران لە جەنگی ئەمەریکا + ئیسڕائیلدا، بەوەی ڕێکخستن و هاوپەیمانی و ئامادەسازی چەکدارییان کردوە بێ ئەوەی تاکو ئێستا بێ گەرەنتی بەشداری جەنگەکە بکەن.