لاوک کونجرینی: یەکێتی وەک موچەخۆری حکومەتی پارتی.

ئەگەر جوان بڕوانیتە پەیکەری پێکهاتەی حکومەتی هەرێم، هەست بەو تێزە دەکەیت، کە پارتی تەواوی دەسەڵاتەکانی بەدەستەوەیە و خۆی زاڵ کردووە بەسەر تەواوی بڕیاریی سیاسی و دبلۆماسی و نەوت و دارایی و شەڕو ئاشتیدا. ئەم فۆرمە لە سیاسەتدا بە پێی فیگوورە دەسەڵاتەکانی جیهانی دیموکراسی لە دوو بەشدا گۆشەگیر کراوە؛
1- کابینەی هاوبەش.
2- کوتلە، یان حیزبی بەشدار بوو، لە ناو پێکهاتەی حکومەتێکی هەڵبژێردراو.
جگە لە نموونەی یەکەم، نمونەی دووەم لە بەشێک لەوڵاتانی ئەوروپادا بوونی هەیە.

هاوبەشی واتای چی یە؟
کاتێک کابینەیەکی هەر حکومەتێک پێکهێنرا، گەر زۆرینەی براوە نەیتوانی حکومەتەکە پێک بهێنێت، بەو پێیەی دەنگی تەواو بۆ پێکهێنانی لەناو پەرلەماندا مسۆگەر ناکات، دەبێت پەنا بۆ حیزبی تر ببات. لەدانیشتن و گفتوگۆکانیاندا ڕێک دەکەون لەسەر میکانیزمی کارکردن، بەپێی ئەو ماوەیەی دەستوری وڵات ماوەی پێداون.
ئەگەر لەسەر فۆڕمی هاوبەش ڕێک کەوتن، ئەوا بە تەواوی بە پێی بوونی ڕێژەی پەڕلەمانەکانی هەر لایەنەیان و ئەو بەشە وەزارەتانەی بەریان دەکەوێت، هاوبەشی گرنگ و خاوەن بڕیار دەبن.
ئەم شرۆڤەیەی پێکهێنانی کابینەی هاوبەش لە سەرچاوەیەکی ئەوروپییەوە وەرم گرتووە با پێکەوە بیخوێنینەوە، فەرموون؛
لە سیستەمە دیموکراسییەکاندا، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی پەیڕەوی سیستەمی پەرلەمانی دەکەن، حکومەتی هاوبەش (ئیئتلافی) دیاردەیەکی باوە. هێزە بچووکەکان لەم جۆرە حکومەتانەدا پێگەیەکی سەرنجڕاکێشیان هەیە کە زۆرجار لە قەبارەی ڕاستەقینەی خۆیان گەورەتر دەردەکەون.
​لێرەدا تیشک دەخەینە سەر ئاستی کاریگەرییان لەسەر بڕیارە هەستیارەکان:
1. هاوسەنگی هێز: “دروستکەری پاشا”
​هێزە بچووکەکان زۆرجار ڕۆڵی (Kingmaker) دەبینن. ئەگەر حکومەتەکە پێویستی بە دەنگی ئەوان بێت بۆ مانەوە لە دەسەڵات، ئەوا هێزێکی “ڤیتۆ”یان پێ دەبێت.
​بڕیاری دارایی: دەتوانن بودجە پەک بخەن ئەگەر داواکارییە ئابوورییەکانیان جێبەجێ نەکرێت.
​بڕیاری دبلۆماسی: دەتوانن فشار بکەن بۆ گۆڕینی ئاڕاستەی سیاسەتی دەرەوە بەرامبەر دەوڵەتێکی دیاریکراو.
2. وەرگرتنی وەزارەتە سیادییەکان
​لە کاتی پێکهێنانی کابینەدا، هێزە بچووکەکان مەرجی وەرگرتنی وەزارەتە گرنگەکان دادەنێن (وەک وەزارەتی دەرەوە، یان بەرگری).
​ئەگەر سەرۆکی پارتێکی بچووک ببێتە وەزیری دەرەوە، ئەوا ڕاستەوخۆ دەبێتە ئەندازیاری بڕیارە دبلۆماسییەکان و نوێنەرایەتی وڵات لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەکات.
3. بڕیاری ئاشتی و شەڕ
​ئەمە هەستیارترین خاڵە. لە وڵاتە دیموکراسییەکاندا، بڕیاری شەڕ پێویستی بە کۆدەنگی، یان زۆرینەی پەرلەمانی هەیە.
​پاشەکشێ: هێزە بچووکەکان دەتوانن هەرەشەی کشانەوە لە حکومەت بکەن ئەگەر وڵات بچێتە شەڕێکەوە کە ئەوان لەگەڵی نین، ئەمەش دەبێتە هۆی ڕووخانی حکومەت. بۆیە پارتی گەورە ناچارە ڕەزامەندی ئەوان وەربگرێت.
4. ئاستەنگ و سنوورەکان
​سەرەڕای ئەو هێزەی هەیانە، هێزە بچووکەکان هەمیشە دەستکراوە نین:
​فشاری نێودەوڵەتی: زۆرجار هاوپەیمانییە سەربازییەکان (وەک ناتۆ) ڕێڕەوی بڕیارەکان دیاری دەکەن و ڕێگە نادەن پارتێکی بچووک هاوسەنگییەکان تێکبدات.
​بەرژەوەندی نیشتمانی: ئەگەر پارتێکی بچووک لە کاتی تەنگانەدا تەنها بیر لە بەرژەوەندی حیزبی بکاتەوە، ڕەنگە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا سزای جەماوەری بدرێت.
کەواتە کابینەی هاوبەش لەنێوان هێزی گەورەو بچووکدا، هەموویان خاوەن بڕیاریی هاوبەش دەبن لە هەموو جومگەکانی بڕیارداندا بەبێ جیاوازیی.

ئەی حیزبی بەشدار بوو، چ دەسەڵاتێکی هەیە لە کابینەکەدا؟
بۆ حیزبی بەشدابوو، ئەم شرۆڤەیەم لە سەرچاوەیەکی ئەوروپییەوە وەرگرتووە، با ئێمەش ئەمە بخوێنینەوەو بزانین بۆچوونیان چییە؟ فەرموون؛
حیزبی بەشدار (Participant)
​ئەم حیزبە زیاتر بۆ “تەواوکردنی ڕێژەی یاسایی” یان نیشاندانی “فراوانیی بنکەی حکومەت” بانگهێشت دەکرێت.
​قورسایی سیاسی: حیزبێکی بچووکە. زۆرجار حکومەت بەبێ ئەویش دەتوانێت بەردەوام بێت، یان تەنها بۆ ئەوە هێنراوە کە حکومەتەکە سیمایەکی نیشتمانی، یان هەمەجۆری هەبێت.
​بڕیاردان: تەنها لەو بوارانەدا ڕای وەردەگیرێت کە پەیوەندی بە وەزارەتەکەی خۆیەوە هەیە. لە بڕیارە باڵا و هەستیارەکاندا زۆرجار تەنها “ئاگادار دەکرێتەوە” نەک “ڕاوێژی پێ بکرێت”.
​پۆستەکان: وەزارەتە خزمەتگوزارییەکان، یان وەزارەتە بێ وەزیفەکان (Minister of State) وەردەگرێت.
​پەیوەندی: پەیوەندییەکەی “ستوونییە” (Vertical)؛ واتە وەک فەرمانبەرێکی باڵا لە ناو حکومەتەکەدا کار دەکات و دەبێت پەیڕەوی ئەجێندای پارتی گەورە بکات.
ئێستا لەمەش گەیشتین. هەردوو بەشەکە بنەمای ئەو یاساو ڕێساییانەیە، کە وڵاتێکی مۆدێرن و ئۆرگانی و دیموکراسی بێ خەوش، لەسەریی بنیاد دەنرێت بەپێی ڕێکەوتنی پێشوەخت. کەواتە کاتێک کابینەیەک پێک دەهێنرێت، هەموان هەنگاوەکانی خۆیان دەزانن و سنوری داخوازییەکانی خۆشیان لەبەردەمیاندا دانراوە. ئەم زانیاریی یاساو ڕێسایەی سەرەوە بۆ پێکهێنانی حکومەت، هیچ هێزێکی سیاسی لە وڵاتانی پێشکەوتوو بێ ئاگا نییە لێی. کەواتە کاتێک گفتوگۆ دەکرێت لەسەر کابینەی حکومەت، کات ناکووژن بە هەندێک یاساو ڕێساوە، کە لەوەو پێش ئامادەیەو ڕاستەخۆ قسە لە جۆری پەیوەندییە دیبلۆماسییەکان و پلانی پێشهاتەکانی ئابووری و جەنگ و ئاشتی دادەنێن. قسە لەسەر پلانی داهاتوو بۆ دابینی ژیانی شایستە و ئاوەدانی و گەشەی ژێرخانی ئابوریی کە دینەگەکەی خۆی دەبینێتەوە لە گەشەی پیشەسازیی. بۆ هەموو ئەمانە فۆڕمی پەروەردە کە بەبێ گەشەی ئەم تۆپکە، وڵات پاشەکشە دەکات.
ئەوەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا بۆ پێکهێنانی کابینەیەکی حکومەتی تەندروست، پێمان دەڵێت؛ یەکێتی و بزوتنەوەی گۆڕان پێگەکەیان لە ناو ئەم بەناو حکومەتی ئێستای هەرێم چییەو چەندە. نەک هاوبەش نین، بەڵکوو بەشداریش نین و پارتی وەک مووچەخۆرێکی خۆی مامەڵەیان لەگەڵ دەکات.