بەختیار نامیق: قۆناغی کەرتبون و لەتبونی حیزبەکان.

بەگشتی لە هەرێمی باشوردا دوای قۆناغی شاخ و دەستپێکردنی قۆناغی شار دوای 34 ساڵ حکومڕانی ئێستا لە قۆناغی لەتبونی حیزبەکانداین،قۆناغی شاخ دوای باڵی مەکتبەت سیاسی لەناو پارتیدا و لە شیوعیدا دوو باڵ بریتی بو لە درێژکراوەی مەلایی و جەلالی و ململانێکان بە دەربەندی چەک و خوێندا تێپەڕی بە پاشکۆیەتی و دەستێوەردانی وڵاتان و دابەشبونی حیزبەکان بەسەر ململانێی ناوچەیی و جیهاندا وەک کارت حیزبەکانیان بەکار دەهێنا ، لە قۆناغی شاردا دوای گەردەلولی بیابان و دەرفەتی زێڕین بۆ کورد، دیسانەوە هەمان ململانێ دوبارەبویەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی بەرژەوەندی گرێدراوی وڵاتانی زلهێزی ناوچەیی و جیهانی دوای گەردەلولی بیابان وای دەخواست کە هەرێم دوو دۆزن بێت و لە ململانێی چەک و خوێنەوە بگوازرێتەوە بۆ جیاکاری جوگرافی و هاوسەنگی دوو هێز و ڕێککەوتننامەی ستراتیژی، لەم دوو قۆناغەدا کوتلە و باڵی جیاواز هەبو لەناو هەمو حیزبەکاندا، بەڵام حیزبە بەهێزەکان لەبەر ئەوەی سەرکردەیەک هەبو هەمو سەری کوتلە و باڵەکان پابەندبون بە بڕیاری سەرکردەکەوە نەدەگەیشتە جیابونەوە.
لە قۆناغی شاخدا زۆر جیابونەوە ڕویداوە، بەڵام دواجار یان کۆتاییان پێهاتوە یان تەواو بچوکبونەوتەوە یان چونەتە ناو ئەو حیزبانەی کە لەڕوی سەرکردەوە تۆکمە بون، هەر لە بزوتنەوەی ئیسلامییەوە تا دەگاتە پارتی گەل و پاسۆک و حسک ، هەندێکیش بەهێز کۆتاییان پێهێنراوە وەک ئاش، دوای ئەم قۆناغانە و مردنی سەرکردەکان قۆناغی لەتبونی ناوەکی حیزبەکان دەست پێدەکات هەر لە یەکێتی و پارتییەوە تا گۆڕان و بزوتنەوەوە و کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتو و حسک و بگرە لیستە تازەکانی وەک نەوەی نوێ و بەرەی گەل و هاوپەیمانی و هەڵوێست بەڵام هەر یەکێکیان بە فۆرمی جیاواز، بە تایبەت فۆرمی لەتبونی ناو پارتی تەواو جیاواز بوە.
لە ناو پارتی ئەگەر چی گەیشتە فڕاندن و دەرکردن و پەراوێزخستن تا گەیشتە خوێن، بەڵام بەهۆی بونی بارزانی لە ژیاندا و بەیعەتدانی باڵێک بە باڵێکی تر لە کۆنگرەیەکدا تا ئاستێک وەستێنراوە، دواتر لەناو یەکێتیدا بە هێز و خوێن و دورخستنەوە لەیەک بازنەدا نەمان ، لەناو یەکگرتو باڵی دژبە سەلاحەدین نەتوانی بمێنێتەوە و ململانێ بکات، لە ناو کۆمەڵ و نەوەی نوێ و هەڵوێستیش هەمان ڕوداو بو ، هاوپەیمانی بەرهەم ساڵح کە خۆی باڵێک بو لەناوخۆشیدا چەند باڵێک چوە دۆخی متبون و ونبونەوە ، ئەڵبەت حیزبە میژوو درێژەکان یەکێتی و پارتی بەو شێوەیە بوە کە باسمان کرد، بەڵام شیوعی بە حکومی دریژکراوەی ئایدۆلۆژیاوە تەواو بچوک بویەوە، هەندێ حیزب هەر کۆتیان پێهات وەک پاسۆک و زەحمەتکێشان، ئێستای بزوتنەوەی گۆڕان لە سەرەتای ململانێی دوکەرتبوندایە ئەگەر چی مەیلێک هەیە بۆ یەکگرتنەوە بەڵام وا پێ دەچێ تەواو کاڵ بێت ئەمیش هەر بەو قۆناغەدا تێدەپەڕێت، هەمو حیزبەکان خوێنی یەکەمی سەرکردەکان ئەگەر ویستبێتیان ڕۆڵی سەرەکی هەبوە بە تایبەت یەکێتی و پارتی، بە گشتی قۆناغی کەرتبون و لەتبونی حیزبەکان وای کردوە حیزبەکان سەرقاڵ بکات بە کێشە ناوخۆییەکانیانەوە و دیوارێکی وەهمی دروست ببێت لە نێوان خەڵک و کۆی حیزبەکاندا و ببێتە شورایەک بۆ جیاکردنەوەی خەڵک و حیزب و ببێتە ململانێی ئەودیو شوراکە و ناو کۆشک، گەیشتوەتە ئەوەی کە لە دوای چەند نەوەیەک بەرەی بایکۆت بەهێزتر بێت لە بەرەی کۆی حیزبەکان.