سورەتی فەتح

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەناوی خوای مەزن و بەخشندە

آیە ( 1 )

﴿ إِنَّا فَتَحْنَا لَكَ فَتْحًا مُبِينًا﴾
(ئەی موحەممەد ﷺ) بێگومان ئێمە سەرکەوتنێکی ئاشکرامان پێ دایت (کەڕێکەوتنی حودەیبیەیە)

آیە ( 2 )
﴿لِيَغْفِرَ لَكَ اللَّهُ مَا تَقَدَّمَ مِنْ ذَنْبِكَ وَمَا تَأَخَّرَ وَيُتِمَّ نِعْمَتَهُ عَلَيْكَ وَيَهْدِيَكَ صِرَاطًا مُسْتَقِيمًا﴾
تا خوا خۆش ببێت لە گوناھەکانی ڕابوردو و داھاتووت وەنیعمەتی خۆی بەتەواوی بڕژێت بەسەرتدا وەرێگای ڕاستت نیشان بدات (بەردەوامت کات)

آیە ( 3 )
﴿وَيَنْصُرَكَ اللَّهُ نَصْرًا عَزِيزًا﴾
وەخوا سەرت بخات بەسەرکەوتنێکی باڵادەستانە

آیە ( 4 )
﴿هُوَ الَّذِي أَنْزَلَ السَّكِينَةَ فِي قُلُوبِ الْمُؤْمِنِينَ لِيَزْدَادُوا إِيمَانًا مَعَ إِيمَانِهِمْ ۗ وَلِلَّهِ جُنُودُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ ۚ وَكَانَ اللَّهُ عَلِيمًا حَكِيمًا﴾
ئەو خوا زاتێکە ئارامی دابەزاندووەتە ناو دڵی ئیمانداران تا ئیمانیان زیاد بکات لەگەڵ ئەو ئیمانەی کە ھەیانە، تەنھا ھی خوایە سەربازانی ئاسمانەکان وزەوی وە ھەمیشە خوا زانا و کاردروستە

آیە ( 5 )
﴿لِيُدْخِلَ الْمُؤْمِنِينَ وَالْمُؤْمِنَاتِ جَنَّاتٍ تَجْرِي مِنْ تَحْتِهَا الْأَنْهَارُ خَالِدِينَ فِيهَا وَيُكَفِّرَ عَنْهُمْ سَيِّئَاتِهِمْ ۚ وَكَانَ ذَٰلِكَ عِنْدَ اللَّهِ فَوْزًا عَظِيمًا﴾
تا پیاوان و ئافرەتانی باوەڕدار بباتە بەھەشتانێك کە ڕوبارەکان بەژێریاندا دەڕوات بەھەمیشەیی تیایدا دەمێننەوە وەتا لەگوناھەکانیان خۆش ببێت وە ئەم (بەڵێنە) لای خوا سەرکەوتنێکی گەورەیە

آیە ( 6 )
﴿وَيُعَذِّبَ الْمُنَافِقِينَ وَالْمُنَافِقَاتِ وَالْمُشْرِكِينَ وَالْمُشْرِكَاتِ الظَّانِّينَ بِاللَّهِ ظَنَّ السَّوْءِ ۚ عَلَيْهِمْ دَائِرَةُ السَّوْءِ ۖ وَغَضِبَ اللَّهُ عَلَيْهِمْ وَلَعَنَهُمْ وَأَعَدَّ لَهُمْ جَهَنَّمَ ۖ وَسَاءَتْ مَصِيرًا﴾
وە تا سزای بدات پیاوان و ئافرەتانی (دوو ڕوو) و ناپاك و پیاوان و ئافرەتانی ھاوبەش پەیداکەری گومان بەرانی خراپ دەربارەی خوا، ئەو خراپە (لەناو چوونەی چاوەڕوانی دەکەن بۆ ئیمانداران) ھەر بەسەر خۆیاندا دێت وەخوا خەشمی لێ گرتوون و نەفرەتی لێ کردوون و دۆزەخی بۆ ئامادە کردوون، ئای چ سەرئەنجامێکی خراپە

آیە ( 7 )
﴿وَلِلَّهِ جُنُودُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ ۚ وَكَانَ اللَّهُ عَزِيزًا حَكِيمًا﴾
تەنھا ھی خوایە سەربازانی ئاسمانەکان و زەوی وەخوا ھەمیشە باڵادەستی کاربەجێیە

آیە ( 8 )
﴿إِنَّا أَرْسَلْنَاكَ شَاهِدًا وَمُبَشِّرًا وَنَذِيرًا﴾
بەڕاستی (ئەی موحەممەد ﷺ) تۆمان ناردووە بەشایەت و مژدەدەر و ترسێنەر

آیە ( 9 )
﴿لِتُؤْمِنُوا بِاللَّهِ وَرَسُولِهِ وَتُعَزِّرُوهُ وَتُوَقِّرُوهُ وَتُسَبِّحُوهُ بُكْرَةً وَأَصِيلًا﴾
بۆ ئەوەی باوەڕ بە خوا و پێغەمبەرەکەی بھێنن وە پشتیوانی لێ بکەن و ڕێزی لێبگرن وە تەسبیحاتی خوا بکەن بە بەیانیان و ئێواراندا

آیە ( 10 )
﴿إِنَّ الَّذِينَ يُبَايِعُونَكَ إِنَّمَا يُبَايِعُونَ اللَّهَ يَدُ اللَّهِ فَوْقَ أَيْدِيهِمْ ۚ فَمَنْ نَكَثَ فَإِنَّمَا يَنْكُثُ عَلَىٰ نَفْسِهِ ۖ وَمَنْ أَوْفَىٰ بِمَا عَاهَدَ عَلَيْهُ اللَّهَ فَسَيُؤْتِيهِ أَجْرًا عَظِيمًا﴾
بەڕاستی ئەو کەسانەی پەیمان دەدەن بەتۆ (ئەی موحەممەد ﷺ) بێگومان ئەوانە پەیمان بەخوا دەدەن، دەستی خوا لەسەر دەستی ئەوانەوەیە (لەم ئایەتە پیرۆزەدا جێگیرکردن و باسکردنی سیفەتی دەست بۆ خوا ھاتووە ئێمەش بڕوامان پێیەتی بەبێ ھیچ لێچواندن و لەیەکدانەوەیەك، وەشێوەکەی نازانین تەنھا خوا خۆی دەیزانێت) جا ھەرکەس پەیمانەکەی شکاند ئەوە بێگومان ئەو پەیمان شکاندنە تەنھا (زیانی) بۆ خۆیەتی ھەر کەسیش وەفا بکات بەو پەیمانەی کەداوێتی بەخوا ئەوە بەڕاستی خوا پاداشتی گەورەیی دەداتێ

آیە ( 11 )
﴿سَيَقُولُ لَكَ الْمُخَلَّفُونَ مِنَ الْأَعْرَابِ شَغَلَتْنَا أَمْوَالُنَا وَأَهْلُونَا فَاسْتَغْفِرْ لَنَا ۚ يَقُولُونَ بِأَلْسِنَتِهِمْ مَا لَيْسَ فِي قُلُوبِهِمْ ۚ قُلْ فَمَنْ يَمْلِكُ لَكُمْ مِنَ اللَّهِ شَيْئًا إِنْ أَرَادَ بِكُمْ ضَرًّا أَوْ أَرَادَ بِكُمْ نَفْعًا ۚ بَلْ كَانَ اللَّهُ بِمَا تَعْمَلُونَ خَبِيرًا﴾
بێگومان پێت دەڵێن ئەو عەرەبە دەشتەکیانەی کەلە غەزا جێ مابوون، سامان و خاوخێزانمان مەشغوڵیان کردین (نەیان ھێشت بێین بۆ غەزا) لەبەر ئەوە داوای لێ خۆشبوونمان بۆ بکە، ئەوەی بەزمانیان دەیڵێن لەدڵیاندا نیە (وباوەڕیان پێی نیە) بڵێ جا کێ لەبەرانبەر خوادا ھیچی بەدەستە بۆتان ئەگەر خوا زیانێکی بۆتان بوێت یان سوودو قازانجێکی بۆتان بوێت (وانیە کە دەیڵێن)، بەڵکو خوا ئاگادارە بەھەرچییەك کە دەیکەن

آیە ( 12 )
﴿بَلْ ظَنَنْتُمْ أَنْ لَنْ يَنْقَلِبَ الرَّسُولُ وَالْمُؤْمِنُونَ إِلَىٰ أَهْلِيهِمْ أَبَدًا وَزُيِّنَ ذَٰلِكَ فِي قُلُوبِكُمْ وَظَنَنْتُمْ ظَنَّ السَّوْءِ وَكُنْتُمْ قَوْمًا بُورًا﴾
بەڵکو وا گومانتان دەبرد کە پێغەمبەر و ئیمانداران ھەرگیز ناگەڕێنەوە بۆ ناو کەس و کاری خۆیان و ( شەھید دەبن) ئەو گومانە لەدڵتاندا ڕازێنرابوویەوە وە گومانی خراپتان دەبرد و بەڕاستی ئێوە گەلێکن لەناو دەچن

آیە ( 13 )
﴿وَمَنْ لَمْ يُؤْمِنْ بِاللَّهِ وَرَسُولِهِ فَإِنَّا أَعْتَدْنَا لِلْكَافِرِينَ سَعِيرًا﴾
وە ھەر کەس باوەڕی نەھێنابێت بەخوا و پێغەمبەرەکەی ئەوە بەڕاستی ئێمە ئامادەمان کردووە بۆ ئەو بێ باوەرانە ئاگرێکی ھەڵگیرساو

آیە ( 14 )
﴿وَلِلَّهِ مُلْكُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ ۚ يَغْفِرُ لِمَنْ يَشَاءُ وَيُعَذِّبُ مَنْ يَشَاءُ ۚ وَكَانَ اللَّهُ غَفُورًا رَحِيمًا﴾
ئاسمانەکان و زەوی تەنھا موڵکی خوایە، لەھەر کەس کە بیەوێت خۆش دەبێت، سزای ھەر کەسیش دەدات کە بیەوێت (لەتاوانباران) وە خوا لێبوردەی میھرەبانە

آیە ( 15 )
﴿سَيَقُولُ الْمُخَلَّفُونَ إِذَا انْطَلَقْتُمْ إِلَىٰ مَغَانِمَ لِتَأْخُذُوهَا ذَرُونَا نَتَّبِعْكُمْ ۖ يُرِيدُونَ أَنْ يُبَدِّلُوا كَلَامَ اللَّهِ ۚ قُلْ لَنْ تَتَّبِعُونَا كَذَٰلِكُمْ قَالَ اللَّهُ مِنْ قَبْلُ ۖ فَسَيَقُولُونَ بَلْ تَحْسُدُونَنَا ۚ بَلْ كَانُوا لَا يَفْقَهُونَ إِلَّا قَلِيلًا﴾
بێگومان بەجێماوان لەغەزا دەڵێن ھەرکاتێك (لەمەدینە) دەرچوون بۆ گرتنی دەسکەوتەکان (غەنیمەت) لێمان گەڕێن باشوێنتان بکەوین، دەیانەوێت ووتەی خوا (کە دەسکەوتەکانی خەیبەر بۆ بەشدارانی حودەیبیەیە) بگۆرن، (ئەی موحەممەد ﷺ) بڵێ ھەرگیز نابێت شوێنمان کەون، چونکە پێشتر خوا دەربارەتان ھەروای فەرمووە، ئەمجا دواتر دەڵێن (وا نیە)، بەڵکو حەسوودی بە ئێمە دەبەن (وا نیە)، بەڵکو ئەوان زۆر کەم تێدەگەن

آیە ( 16 )
﴿قُلْ لِلْمُخَلَّفِينَ مِنَ الْأَعْرَابِ سَتُدْعَوْنَ إِلَىٰ قَوْمٍ أُولِي بَأْسٍ شَدِيدٍ تُقَاتِلُونَهُمْ أَوْ يُسْلِمُونَ ۖ فَإِنْ تُطِيعُوا يُؤْتِكُمُ اللَّهُ أَجْرًا حَسَنًا ۖ وَإِنْ تَتَوَلَّوْا كَمَا تَوَلَّيْتُمْ مِنْ قَبْلُ يُعَذِّبْكُمْ عَذَابًا أَلِيمًا﴾
بڵێ بەجێماوان لەغەزا لە عەرەبە دەشتەکیەكان لەمەولا بانگ دەکرێن بۆ (جەنگ لەگەڵ) گەلێکی زۆر بەھێزی جەنگاوەر (دەبێ) جەنگیان لەگەڵ بکەن، یان خۆیان موسڵمان ببن. جا ئەگەر گوێرایەڵ بن خوا پێیان دەدات پاداشتێکی زۆرباش، وە ئەگەر سەرپێچی بکەن ھەروەك لەوەو پێش سەرپێچیتان کرد (لە حودەیبیەدا)، (خوا) سزایەکی سەختان دەدات

آیە ( 17)
﴿لَيْسَ عَلَى الْأَعْمَىٰ حَرَجٌ وَلَا عَلَى الْأَعْرَجِ حَرَجٌ وَلَا عَلَى الْمَرِيضِ حَرَجٌ ۗ وَمَنْ يُطِعِ اللَّهَ وَرَسُولَهُ يُدْخِلْهُ جَنَّاتٍ تَجْرِي مِنْ تَحْتِهَا الْأَنْهَارُ ۖ وَمَنْ يَتَوَلَّ يُعَذِّبْهُ عَذَابًا أَلِيمًا﴾
بۆ کوێر گوناە نیە (بەشداری جیھاد نەکات) بۆ شەلیش گوناە نیە ھەروەھا بۆ نەخۆشیش گوناە نیە وە ھەر کەس گوێرایەڵی خوا و پێغەمبەرەکەی بێت دەیباتە بەھەشتانێك کەڕوبارەکان بەژێریاندا دێن و دەچن ھەر کەسیش سەرپێچی بکات، (خوا) سزای سەختی دەدات

آیە ( 18 )
﴿۞ لَقَدْ رَضِيَ اللَّهُ عَنِ الْمُؤْمِنِينَ إِذْ يُبَايِعُونَكَ تَحْتَ الشَّجَرَةِ فَعَلِمَ مَا فِي قُلُوبِهِمْ فَأَنْزَلَ السَّكِينَةَ عَلَيْهِمْ وَأَثَابَهُمْ فَتْحًا قَرِيبًا﴾
سوێند بەخوا بێگومان خوا ڕازی بوو لەو ئیماندارانەی کە پەیمانیان پێدایت لەژێر درەختەکەدا (لە حودەیبیە)، جا خوا ئاگادار بوو بەوەی لە دڵیاندایە، بۆیە دڵنیایی و ئارامی بۆ ناردن وە پاداشتی دانەوە بەسەرکەوتنێکی نزیك (کەئازاد کردنی خەیبەر بوو)

آیە ( 19 )
﴿وَمَغَانِمَ كَثِيرَةً يَأْخُذُونَهَا ۗ وَكَانَ اللَّهُ عَزِيزًا حَكِيمًا﴾
وە غەنیمەتی زۆر کەبەدەستی دەھێنن وە خوا ھەمیشە زاڵ و باڵادەست و کاربەجێیە

آیە ( 20 )
﴿وَعَدَكُمُ اللَّهُ مَغَانِمَ كَثِيرَةً تَأْخُذُونَهَا فَعَجَّلَ لَكُمْ هَٰذِهِ وَكَفَّ أَيْدِيَ النَّاسِ عَنْكُمْ وَلِتَكُونَ آيَةً لِلْمُؤْمِنِينَ وَيَهْدِيَكُمْ صِرَاطًا مُسْتَقِيمًا﴾
خوا بەڵێنی پێ داوون کەغەنیمەتی زۆر (لە بێ باوەران) دەگرن بۆیە ئەم (غەنیمەتەی خەیبەر)ی بۆ پێش خستن وە دەستی خەڵکی (مەککەی) لێتان کۆتا کرد تا (ئەم ڕووداوە) ببێتە بەڵگەیەك بۆ باوەڕداران وەتا ڕێنموونیتان بکات بۆ ڕێگای ڕاست

آیە ( 21 )
﴿وَأُخْرَىٰ لَمْ تَقْدِرُوا عَلَيْهَا قَدْ أَحَاطَ اللَّهُ بِهَا ۚ وَكَانَ اللَّهُ عَلَىٰ كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرًا﴾
وە چەندەھا (غەنیمەتی)تر ھەیە کەھێشتا دەسەڵاتتان نیە بەسەریدا، بێگومان خوا ئاگای لەھەموویانە وەخوا ھەمیشە بەسەر ھەموو شتێکدا بەدەسەڵات و بـەتوانایە

آیە ( 22 )
﴿وَلَوْ قَاتَلَكُمُ الَّذِينَ كَفَرُوا لَوَلَّوُا الْأَدْبَارَ ثُمَّ لَا يَجِدُونَ وَلِيًّا وَلَا نَصِيرًا﴾
ئەگەر ئەوانەی کافرن جەنگیان لەدژتان بکردایە بێگومان (تێك دەشکان و) ھەڵدەھاتن پاشان دەستیان نەدەکەوت ھیچ دۆست و پشتیوانێك

آیە ( 23 )
﴿سُنَّةَ اللَّهِ الَّتِي قَدْ خَلَتْ مِنْ قَبْلُ ۖ وَلَنْ تَجِدَ لِسُنَّةِ اللَّهِ تَبْدِيلًا﴾
ئەوە یاسا و باوی خوایە کە بێگومان پێشتریش ھەروا بووە قەت نابینیت باو و یاسای خوا ھیچ گۆڕانێکی بەسەردا بێت

آیە ( 24 )
﴿وَهُوَ الَّذِي كَفَّ أَيْدِيَهُمْ عَنْكُمْ وَأَيْدِيَكُمْ عَنْهُمْ بِبَطْنِ مَكَّةَ مِنْ بَعْدِ أَنْ أَظْفَرَكُمْ عَلَيْهِمْ ۚ وَكَانَ اللَّهُ بِمَا تَعْمَلُونَ بَصِيرًا﴾
خوا ئەو زاتەیە کەدەستی ئەوانی (کافران) لەئێوە کۆتا کرد، دەستی ئێوەشی لەوان (کۆتاکرد بەڕێکەوتنی حودەیبیە) لەناو جەرگەی مەککەدا لەپاش ئەوەی ئێوەی بەسەر ئەواندا زاڵ کرد وەخوا بەھەرچی ئێوە دەیکەن بینایە

آیە ( 25 )
﴿هُمُ الَّذِينَ كَفَرُوا وَصَدُّوكُمْ عَنِ الْمَسْجِدِ الْحَرَامِ وَالْهَدْيَ مَعْكُوفًا أَنْ يَبْلُغَ مَحِلَّهُ ۚ وَلَوْلَا رِجَالٌ مُؤْمِنُونَ وَنِسَاءٌ مُؤْمِنَاتٌ لَمْ تَعْلَمُوهُمْ أَنْ تَطَئُوهُمْ فَتُصِيبَكُمْ مِنْهُمْ مَعَرَّةٌ بِغَيْرِ عِلْمٍ ۖ لِيُدْخِلَ اللَّهُ فِي رَحْمَتِهِ مَنْ يَشَاءُ ۚ لَوْ تَزَيَّلُوا لَعَذَّبْنَا الَّذِينَ كَفَرُوا مِنْهُمْ عَذَابًا أَلِيمًا﴾
ھەر ئەوان (مەککەیەکان) بوون کافر بوون وە ڕێگری ئێوەیان کرد (لەزیارەتی) مزگەوتی حەرام ( کەعبەی پیرۆز) وە (نەیانھێشت) قوربانیە وەستێنراوەکان (لەحودەیبیەدا) بگاتە شوێنی سەربڕینی خۆی (خوا زاڵی دەکردن بەسەر مەککەدا لەو ساڵەدا) ئەگەر پیاو و ئافرتانی ئیماندار نەبوایە (لەناو کافرانی مەککەدا) کەئێوە نەتان دەناسین، پێتان پێدادەنان (دەتان کوشتن) جا بەھۆیانەوە تووشی تاوان دەبوون بێ ئەوەی بزانن، تاخوا بیخاتە بەر بەزەیی خۆی ئەو کەسەی کە خۆی دەیەوێت، بەڵام ئەگەر (ئیمانداران و کافران لەمەککەدا) لەیەکتر جیاببوونایەتەوە، بێگومان بێ باوەڕەکانیانمان سزادەدا بەسزادانێکی سەخت

آیە ( 26 )
﴿إِذْ جَعَلَ الَّذِينَ كَفَرُوا فِي قُلُوبِهِمُ الْحَمِيَّةَ حَمِيَّةَ الْجَاهِلِيَّةِ فَأَنْزَلَ اللَّهُ سَكِينَتَهُ عَلَىٰ رَسُولِهِ وَعَلَى الْمُؤْمِنِينَ وَأَلْزَمَهُمْ كَلِمَةَ التَّقْوَىٰ وَكَانُوا أَحَقَّ بِهَا وَأَهْلَهَا ۚ وَكَانَ اللَّهُ بِكُلِّ شَيْءٍ عَلِيمًا﴾
کاتێك ئەوانەی بێ باوەڕن دەمار گیرییان خستە دڵیانەوە کەدەمارگیری نەفامیە، جا خواش دڵنیایی و ئارامی خۆیی ناردە خوارەوە بۆ پێغەمبەر ﷺ و ئیمانداران وە باوەڕدانی پابەند کرد بەووشەی (لا الە الا اللە محمد رسول اللە)وە وەئەوان بەو وشـەیە شیاو تر بوون و خاوەنی بوون وە خوا بەھەموو شتێ ئاگادار و زانایە

آیە ( 27 )
﴿لَقَدْ صَدَقَ اللَّهُ رَسُولَهُ الرُّؤْيَا بِالْحَقِّ ۖ لَتَدْخُلُنَّ الْمَسْجِدَ الْحَرَامَ إِنْ شَاءَ اللَّهُ آمِنِينَ مُحَلِّقِينَ رُءُوسَكُمْ وَمُقَصِّرِينَ لَا تَخَافُونَ ۖ فَعَلِمَ مَا لَمْ تَعْلَمُوا فَجَعَلَ مِنْ دُونِ ذَٰلِكَ فَتْحًا قَرِيبًا﴾
سوێند بە خوا بێگومان خوا ئەو خەوەی کە پێغەمبەرەکەی دیبوی بەڕاستی گێڕاو ھێنایەدی کە(ووتبوی) دڵنیابن دەچنە ناو مزگەوتی حەرام ( کەعبەی پیرۆز) بەوویستی خوا بە ئارامی و بێ ترس، سەرتان تاشییوە، یان کورتان کردۆتەوە، (لەدوژمن) ناترسن، جا ئەوەی (خوا) دەیزانی ئێوە نەتان دەزانی (کەخێر لەڕێکەوتن دایە) وە جگە لە (چوونە مەککە) بڕیاری داوە سەرکەوتنێکی نزیك (بۆ ئێوەیە کەڕێکەوتنی حودەیبیەیە)

آیە ( 28 )
﴿هُوَ الَّذِي أَرْسَلَ رَسُولَهُ بِالْهُدَىٰ وَدِينِ الْحَقِّ لِيُظْهِرَهُ عَلَى الدِّينِ كُلِّهِ ۚ وَكَفَىٰ بِاللَّهِ شَهِيدًا﴾
خوا ئەو زاتەیە کەپێغەمبەرەکەی ناردووە بەڕێنموونی و ئایینی ڕاستەوە، تا بەسەر ھەموو ڕێبازێکدا زاڵی بکات، تەنھا خوا بەسە کە شاھید بێت لەسەر ئەمە

آیە ( 29 )
﴿مُحَمَّدٌ رَسُولُ اللَّهِ ۚ وَالَّذِينَ مَعَهُ أَشِدَّاءُ عَلَى الْكُفَّارِ رُحَمَاءُ بَيْنَهُمْ ۖ تَرَاهُمْ رُكَّعًا سُجَّدًا يَبْتَغُونَ فَضْلًا مِنَ اللَّهِ وَرِضْوَانًا ۖ سِيمَاهُمْ فِي وُجُوهِهِمْ مِنْ أَثَرِ السُّجُودِ ۚ ذَٰلِكَ مَثَلُهُمْ فِي التَّوْرَاةِ ۚ وَمَثَلُهُمْ فِي الْإِنْجِيلِ كَزَرْعٍ أَخْرَجَ شَطْأَهُ فَآزَرَهُ فَاسْتَغْلَظَ فَاسْتَوَىٰ عَلَىٰ سُوقِهِ يُعْجِبُ الزُّرَّاعَ لِيَغِيظَ بِهِمُ الْكُفَّارَ ۗ وَعَدَ اللَّهُ الَّذِينَ آمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ مِنْهُمْ مَغْفِرَةً وَأَجْرًا عَظِيمًا﴾
موحەممەد ﷺ پێغەمبەری خوایە ئەو (باوەڕدار)انەش کەلەگەڵیدان بەرامبەر بێ باوەڕان توندو تیژن و لەنێوان خۆیاندا بە بەزەیین، دەیان بینی (ھەمیشە) لە کوڕنوش و سوژدە بردنـدان، داوای فەزڵ و ڕەزامەندی خودا دەکەن، نیشانەیان لە ناو چاوانیاندا دیارە بەھۆی زۆر سوژدە بردن (یانەوە)، جا ئەو (ھاوەڵە بەڕێزانە) ئەوە نموونە وصیفەتیان بوو لە تەوراتدا وە نموونە و صیفەتیان لە ئینجیلیشدا وەك ڕووەك و کشتوکاڵێك وایە چەکەرەی دەرکردبێت (سەوز بووبێت) ئەمجا چەکەرەکەی بەھێز کرد بێ و قاییم بوو بێت، جا لەسەر لاسکی خۆی ڕێك وەستابێ (ئەوەندە جوان بێ) جوتیارەکانی سەرسام کرد بێ، تا بە (زۆر بوونی) ھاوەڵانی داخ و مەراق بدا بەکافران, خوا بەڵێنی داوە بەوانەیان کە باوەڕیان ھێناوە و کردەوەی چاکەیان کردووە بە لێبوردن و پاداشتی گەورە (کە بەھەشتە)

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت