سەرکۆ یونس: نرخ بەرزکردنەوە لەنێوان واقیع و ویژدانی فرۆشیاراندا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەپاش چارەسەری کێشەی مووچە، لەنێوان هەولێر و بەغدا و هەروەها دابەشکردنی دوو مووچە لە ماوەیەکی کاتی کورتدا، کڕینی پێویستیەکانی ڕۆژانەی ڕەمەزان و پێداویستییەکانی جەژن، بەشێوەیەکی گەورەو فراوان، بازاڕیان گەرمکردووە و جمەی دێت لەکڕیاران، دابەشکردنی نزیکەی دوو ترلێۆن دینار، خواستی بەڕێژەیەکی گەورە زیادکردووە و لەبەرئەوەی ئارەزووی بەکاربردنی بەکاربەران بەرزە، لەگەڵ دەستکەوتنی پارە، خواستی کەسەکان زۆرو خێرا دەبێت.
بەداخەوە بەشێکی زۆری بازرگان و فرۆشیاران، ئەم دەرفەتەیان قۆستووەتەوە و نرخی شمەک و کاڵاکانیان لەبچوک تا گەورە گرانکردووە، لەکاتێکدا نرخەکان لەپێش دابەشکردنی دوو مووچەکە، جێگرو تاڕادەیەک نزمبوون.

بەرزکردنەوەی نرخەکان، هەمیشە و بەردەوام ترس و دڵەڕاوکێ ی هاوڵاتیان بووە.
لەڕاستیدا دیارکردنی نرخەکان، لە دەستەڵاتی حکومەتی هەرێمدا نی یە، چونکە هەرێم وەک بەشێک لەعێراق لەدوای پرۆسەی ئازادییەوە، پەیڕەوی سیاسەتی بازاڕی ئازاد و سەربەستی بازرگانی دەکات.
ئاشکرایە لە سیاسەتی بازاڕی ئازاددا، نرخەکان بەپێی میکانزمی نرخ (خواست و خستنەڕوو) دیاری دەکرێن، بەبێ دەستێوەردانی حکومەت.
هەرچی لیژنەکانی قائیمقامیەتەکان و بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی لەشاروشاروچکەکانی هەرێمدا، ئەرکەکەدانیان لەدەرەوەی دیاریکردنی نرخەکانەوەیە، تەنها لەڕووی نرخەوە، دەتوانن لێپرسینەوە بکەن ئەگەر جیاوازییەکی گەورە دروست ببێت لەنێوان نرخی کۆ (جملە) و نرخی تاکدا(مفرد)
ئامارەکان باس لەوە دەکەن، زیاتر 90% ی شمەک و کاڵاکان لەدەرەوە هاوردە دەکرێن، کەواتە دەتوانین بڵێین ڕێژەیەکی بەرزی نرخەکان پەیوەستە بەهاوردەکردنەوە، بەهۆی هەڵاوسانی حیهانییەوە بەگشتی نرخی هاوردەکراو بەرزە. بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت، بەرزبوونەوەی نرخ لەم چەند ڕۆژەی کۆتایی مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا، تەنها پەیوەندارە بە خودی بازرگان و فرۆشیارانەوە، ڕاستەوخۆ لەدوای دابەشکردنی مووچە، بەبێ گوێدانە هیچ ڕێساو ویژدانێک نرخەکانیان بەرزکردووەتەوە.
هەر بۆیە پێویستە لەسەر بازرگانان و فرۆشیارانی بەڕێز، دوور بن لە بەرزکردنەوەی نرخی شمەک و کاڵاکان، لەلایەک وەک بەرپرسایەتی ئایینی و پابەندبوون بە بنەماکانی ئایینی ئیسلام، کەبەدڵنیاییەوە بنەماکانی ئابوری ئیسلامی، دژی قۆستنەوەو گرانفرۆشیە. لەلایەکی ترەوە وەک بەرپرسیارییەتی نەتەوەیی و نیشتمانی و هەستی کوردبوونەوە، خۆیان بگرن لەم دیاردەیە.
پێویستە لەکاتی تۆمارکردنی سەرپێچی فرۆشیاراندا، لیژنەکانی قایمقامییەتەکان و بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانیدا، پێویستە دەستکراوە بن لەسزادانی دارایی و تەنانەت داخستنی دوکان و مارکێتەکاندا.
ئەوەشمان لەبیرنەچێت، پێویستە سوپاس و دەستخۆشی تایبەت ببەخشرێت بەو بازرگان و فرۆشیارو مارکێتانە، کە نرخەکانیان دابەزاندووە.
بە ئومێدی ئەوەی جەژنێکی پڕشادی و خۆشی و سەلامەت بۆ هەموو لایەک بەڕێبکەین.

* ئابووریناس

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت