دوکتۆر بێرگ: پاراستنی ماسولکەکان لە کاتی پیربوون و چوونە تەمەنەوە/ماسولکەکانت ژیانی تۆن!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئامادەکردنی : حەسەن ڕازانی
سەرچاوەی ئەو بابەتە لە یوتیوب:https://youtu.be/e5MhlSjvXh8?t=7
دەبا ئەوجارە قسە لە سەر ئەوە بکەین کاتێک کە هەردووک لا، ژن و پیاو، دەچنە تەمەنەوە چۆن ڕێگریی لە لەناوچوونی ماسولکەکانیان دەکەن! کاتێک کە ژنان دەگەنە تەمەنی پەنجا ساڵی تووشی وەستانی سووڕی خوێنی مانگانە دەبن، کە ئەمەش دەبێتە هۆی گۆڕانکاریی لە هۆڕمۆنەکانیاندا کە من لێرەدا باس لە هەموو ئەمانە دەکەم، بەڵام پیاوان لە تەمەنی 60 ساڵیدا تووشی گۆڕانکاریی لە هۆڕمۆنەکانیاندا دەبن!
ئێستا لێرەدا دمەوێت بە پلەی یەکەم چەخت بکەمە سەر کاریگەریی گۆڕانکاریی هۆڕمۆنەکان لەسەر ماسولکەکانی لەش! لێڕەدا باس لەو پەیوەندیە دەکەم کە لە ئەنجامی ئەو گۆڕانکاریەدا ماسوولکەکانی کەسێک چیان لێ بەسەردێت! کاتێک کە تۆ دەچیتە تەمەنەوەو گۆڕانکاریی لە هۆڕمۆنەکانتدا پەیدا دەبێت کە ئەمەش دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی کەمیی لە ئیسکەپەیکەرەی ماسولکەکانتدا کە پێی دەگوترێت سارکۆپینیا Sarcopenia کە بە لاتینی بریتیە لە کەمیی گۆشت. واتە ئێستا تۆ ڕێژەی پێویستت لە پەیکەرە ئێسقان نیە کە ئەمەش تەنها پەیوەندی بە چوونە تەمەنەوە هەیە.
هەروەک و چۆن ئێمە هەموومان دەچینە تەمەنەوە، دیارە بە خۆشمەوە، کە من ئێستا تەمەنم 59 ساڵە کە ئەمەش بەلامەوە شتێکی سەیرە، چونکە من خۆم هەست بەوە ناکەم کە وا دیاری بدەم. چونکە بە دڵنیاییەوە من هەموو هەوڵێک دەدەم کە بتوانم پارێزگاریی لە مانەوەی ماسوولکەکانم بکەم.
باشە بۆچی ئەوە گرنگە؟ چونکە کاتێک کە ئێمە دەچینە تەمەنەوە ماسوولکەکان لەدەست دەدەین و لەو نێوەشدا ڕێژەیەکی زۆر میتابۆلیزم لەدەست دەدەین! جا ئەوەش تەنها پەیوەندی بە تواناو خێرایی سووتاندنی چەورییەوە نیە، بەڵکو پەیوەندی هەیە بە هەموو ئەو شتانەی تریشەوە کە پەیوەندیان بە Metabolism میتابۆلیزمەوە هەیە. تۆ ژمارەیەکی زۆر لە مایتۆکۆندریا Mitochondriaلە ماسوولکەکانتدا بوونیان هەیە. ئینجا ئەگەر بێت و تۆ ماسوولکەکانت لەدەست بدەیت ئەوە ژماریەکی زۆر لە مایتۆکۆدریا،کە بریتین لە فاکتەرەکانی وزەی لەش، لەدەست دەدەیت. جا بە شێوەیەکی ئاسایی کە ئێمە دەچینە تەمەنەوە دەست دەکەین بەلەدەستدانی ماسوولکەکانمان بە ڕێژەی 1 بۆ 2% لە ساڵێکدا کە ئەمەش دەبێتە نزیکەی لە 40% ی میتابۆلیزم کە پەیوەندیدارە بە ماسولکەکانتەوە، هەربۆیە دەتوانێت کاریگەریی خەراپ و زیانبەخش دابنێت!

با لە ژنان و ئێسترۆجینەوە دەست پێبکەین!
ژنان هەتا بچنە تەمەنەوە هۆڕمۆنی ئێسترۆجین Estrogen یش لە لەشیاندا بەرەو کەم بوونەوە دەڕوات، بەڵام لە بەرامبەردا Progesterone پرۆجسترۆن زۆر زیاتر بەرەو کەمبوونەوە دەڕوات هەتا وای لێدێت بەرەو سفر دەڕوات. جا ئەگەر تۆ هۆڕمۆنی پرۆجێستەڕۆن لە لەشتدا نەما ئەوا کێشەیەکی زۆرت بۆ درووست دەبێ لە گەڵ ئیستڕۆجیندا بە هۆی نەبوونی پڕۆجەستڕۆن! ئەو کێشەیەش لەگەڵ ئیسترۆجیندا کە بە هۆی نەبوونی پڕۆجێستەڕۆنەوە درووست دەبێ، کاریگەریی خەراپ درووست دەکات لەسەر ئێسقانەکان و لەسەر ماسوولکەکان، لەسەر شانە بەستەرەکان و هەروەها لەسەر پێکهاتەی سەرەکی پرۆتین (کۆڵیجین Collagen)و لەسەر کڕکڕاگەش. ئیتر لێرەوەیە کە تۆ دەست دەکەی بە لەدەستدانی ئەو ڕیشاڵە بەستەرانەی لەش کە دەکەونە ژێر پێستەوە. جا ئیتر شتەکان دەست دەکەن بە خاوبوونەوەو شلبوونەوە و لێرەشەوە ئیتر چرچو لۆچ لە پێستدا سەرهەڵدەدات.
کۆلسترۆڵ بنەمایەکی سەرەکی بنیاتنانی هۆرمۆنە ستیرۆیدەکانە، وەکو هۆرمۆنی تێستۆستەرۆن و ئێسترۆجین کە هەردووکیان ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ماسولکەکانت دەبێت. هەر بۆیەش ئەو خواردنانەی کە کۆڵستڕۆڵ و چەوریان کەمە دەبنە هۆی لەدەستدانی ماسوولکوکانی لەش. بەڕێکەوت نیەو هەر لەبەر ئەمەشە کە تێکچوونی ماسولکەکان و نەخۆشیەکانی پەیوەست بە بەکارهێنانی دەرمانی ستاتین دەبینیت. دەرمانەکانی ستاتین ئەو دەرمانانەن کە بۆ دابەزاندنی کڵۆسترۆڵی خەراپ بەکاردەهێنرێن، بەڵام لەهەمان کاتدا دەبنە هۆی لەدەستدانی ماسولکەکان.
پیاوان بە شێوەیەکی ئاسایی نەخۆشی A LS Ametropic Lateral Sclerosis یان تێدا سەرهەڵدەدات کە بریتیە لە تێکچونی تووندی دەمارەکان بە شێوەیەکی زۆر خەراپ لە ناو بڕبڕەی پشت و بۆسەرەوە و هەروەها تێکدانی هەندێک دەماری تریش. جێی باسە کە پیاوان چوار جار زیاتر تووشی کێشەی ALS دەبن لە ژنان تا دەگەنە تەمەنی ڕاوەستانی خوێنی مانگانەیان.
من لێرەدا شەش ڕێگا دەخەمە ڕوو بۆ پاراستن و پشتگیریکردنی هۆڕمۆنەکانت بۆ ئەوەی یارمەتیدەر بن و ڕێگریی بکەن لە لەدەستدانی ماسوولکەکانت کاتێک کە دەچێتە تەمەنەوە!

ستراتیژەکانی بەرەنگاربوونەوەی لەدەستدانی ماسولکەکان
یەکەم/ پێویستە مێلەتۆنینMelatonin لە ناو لەشماندا زیاد بکەین! نابێت لێمان تێکچێت کە دوو جۆرە مێلەتۆنین هەیە؛ جۆرێکیان بۆ خەوتن و یارمەتیدەرە بۆ خەو، ئەوەی تریشیان هۆکارێکی زۆر گرنگە بۆ پارێزگاری کردن لە مایتۆکۆندریا Mitochondria. جا کاتێک کە ئێمە گەنج و لاوین ڕێژەیەکی زۆرو بەرزمان لە مێلەتۆنین هەیە، کە بەرەو پیریش دەچین مێلەتۆنین بە ڕێژەیەکی زۆر خێرا دادەبەزێت و هەر بۆیەش کێشەی کەم خەویی تێماندا سەرهەڵدەدا. گلاندێک کە بە بارستایی دەنکە نۆکێک دەبێ بە بنی مێشکەوەیە کە بەرپرسە لە ڕژاندنی دوو جۆرە هۆڕمۆن کە پێیان دەگوترێت هۆڕمۆنی لوتینیزینگ Luteinizing hormone کە بریتیە لە هۆڕمۆنی هاندەری هێلکەدان لە ژنان و درووستکەری ئەندرۆجین لە پیاواندا، هەروەها هۆڕمۆنی هاندان و وریاکردنەوە Follicle Stimulating hormoneکە ئەو هۆڕمۆنانە کۆنتڕۆڵی گون لە پیاوان و هێلکەدان لە ژناندا دەکەن. جا لە گلاندی نوخامیەوە فەرمان دەردەردەچێت بۆ گلاندی زاوزێ کە هۆڕمۆنەکانیان بڕێژن.
لە پیاواندا هەتا بەرەو پیری بچین ئەو دوو هۆڕمۆنە زۆر بەرەو بەرزبوونەوە دەچن تا دەگاتە ڕادەی 1000%. بۆیە تۆ دەتوانی بە زیاد کردنی رێژەی مێلەتۆنین سنوورێک بۆ بەرزبوونەوەی ئەو دووهۆڕمۆنە دابنێیت. جا کێشەکە ئەوەیە کە مێلەتۆنینیش زۆر خێراتر دادەبەزێت و تێدا دەچێت! ئەدی باشە چۆن دەتوانین مێڵەتۆنین زیاد بکەین؟ لەو بارەوە چەندین ڕێگا هەیە دەتوانیت بیانگریتە بەر بۆ نموونە: بە تیشکی ژێر سوور(ئینفڕێرد لایت) Infrared light دەتوانین مێلەتۆنین زیاد بکەین. وە بۆ ئاگاداریشت کە تیشکی خۆرو ئاگر و مۆم هەموویان ڕووناکی ژێر سوور دابین دەکەن! بۆ ئەو مەبەستەش تۆ زۆر بچۆرە دەرەوەو خۆت بدە بەر خۆر. چونکە لە نیوە زیاتری تیشکی خۆر ڕووناکی ژێر سوورە. بۆ زانیاریشتان کە تیشکی ژێر سووور 2 ئینچ، واتە نزیکەی 5 سم توانای چوونە ناوەوەی جومجومەی سەری هەیەو دەتوانێت خانەکانی مێلەتۆنین بخاتەوە گەڕو چالاکیان بکاتەوە. ئینجا سەرباری ئەوەش کات بەسەر بردن لە دەرەوە زۆر گرنگە. بۆ نموونە تۆ دەتوانیت ئاگرێک بکەیتەوەو لەبەری دابنیشیت، یان لە نزیک شووشە دابنیشە بۆ ئەوەی بەرکەوتنی ژێر سووری سروشتیت هەبێت. بەڵام لەهەمان کاتدا هەندێک تیشک و ڕووناکی هەیە، دەبێت هەتا بۆت بکرێت کەمیان بکەیتەوەو سنوورداریان بکەیت. بۆ نموونە تیشکی کۆمپوتەر، تیشکی مۆنیتەر، تیشکی تەلەفۆن و ئایپادو تابلێت و LED و تەواوی ئەو جۆرە شاشانە، هەموو ئەو ڕوناکی و تیشکانەی کەلەو شێوەیەن دەبێ تا بۆمان بکرێت خۆمانیان لێبەدوور بگرین و بەکارهێنانیان کەم بکەینەوە، چونکە ئەو جۆرە ڕووناکیانە کاریگەریی تیشکی ژێر سور کەم دەکەنەوە. بەرکەوتن بە ڕووناکی دەستکرد و LEDو ڕووناکی شین کە لە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان دەردەچێت سنوورداری بک!
دووەم/ وەرزشی بەردەوام و ڕێک و پێک و بە بەرنامە کە بەرگرییکەریش بێت. هەموو ئەوانە بەهێزترین هاندەرن بۆ بنیاتنانی ماسوولکەکان. تۆ دەبێ بچیت وەرزشی کێش و قورسایی بکەیت، یان ڕاکێشانی سپرینگ و ئەو ئامڕازانەی کە وەک لاستیک لێکدەکێشرێنەوەو دێنەوە یەک و هەموو ئەو جۆرە وەرزشانەی کە بەرگرییکەرن. هەموو ئەو جۆرە وەرشانە دەبنە هۆی ڕاگرتن و پارێزگاری لە ماسلولکەکان و هێشتنەوەیان بەچالاکی و زیندوویی.
سێهەم/ پڕۆتینی ئاژەڵیی. بە شێوەیەکی گونجاو دەبێ پڕۆتینی ئاژەڵیی کواڵیتی بەرز بە بەردەوامیی وەربگریت. دەبێ وابکەی کە لە ڕۆژێکدا 0.8 بۆ 1.2گرام بۆ هەر کیلۆگرامێک لە کێشی جەستە بە بەردەوامی وەبگریت. بۆ نموونە تۆ دەتوانیت سینگی مریش بخۆیت، چونکە سینگی مریشکێک ئەگەر کێشەکەی پێش لێنانی 100 گرام بێت، ئەوا لە دوای کوڵاندن و ئامادەکردنی بۆ خواردن 30 گرام پڕۆتینی هەیە. بۆ نموونە من ئێستا نزیکەی 84 کیلۆگرامم. کەواتە دەبێت بە پێی ئەو یاسایە بێت من ڕۆژانە 67 بۆ 100 گرام بە بەردەوامی پڕۆتینی ئاژەڵیی وەربگرم. بۆی هەیە شتێک کەمتر، یان زیاتر وەربگرم، ئەوەیان نابێتە گرفتێکی تەندرووستی. بەڵام خاڵە گرنگەکە ئەوەیە کە نابێت من خۆم بێبەش بکەم لە پڕۆتینی پێویستی ڕۆژانە. ئەگەر بێت و پڕۆتینی پێویست وەرنەگرم، ئەوا من خۆم تووشی کێشەی نەبوونی ماسوولکە دەکەم. زۆرێک لە خەڵک هەیە کە ئۆزێمپیک Ozempic بەکاردێنن کە یەکێک لە هەرێ زیانە گەورەکانی بەکارهێنانی ئەو دەرمانە، بریتیە لە دەستدانی ماسولکە بە شێوەیەکی زۆر ترسناک. ئەوەیان ڕاستە کە تۆ بە هۆی ئەو دەرمانەوە گەلێک لە چەوری لەشت لادەبەی و لەوبارەوە سوودەکەی دەبینیت، بەڵام لە هەمان کاتدا ماسولکەکانیشت هەلابەهەلا دەکەیت! بۆیە من پێم باش نیەو پێشنیاری ئەوەش ناکەم کە تۆ بچیت بۆ کەم کردنەوەی کێش و چەوریت تۆ بچیت دەرمانی ئۆزێمپیک Ozempic وەربگریت.
چوارەم/ کڵستڕۆڵ. دەبێت دڵنیا بیت کە تۆ کڵستڕۆڵی تەواوت هەیە. بۆ ئەو مەبەستەش دەبێ تۆ بەردەوام بیت لە خواردنی ئەو خواردنانەی کە دەوڵەمەندن بە کڵستڕۆڵ بۆ نموونە گۆشتی سوور و بەرهەمە شیرەمەنیەکان و دەتوانیت کەرەش بخەیتە ناو خواردنەکانتەوە. کڵستڕۆڵ زۆر کاریگەریی هەیە لە بەرهەم هێنانی هۆڕمۆنەکان بۆ نموونە هۆڕمۆنی تێستۆستەڕۆن.
پێنجەم/ تەواوکەری پڕێگنەنۆلۆن Pregnanolone کە لە بازاردا لە ژێر ئەو ناوەدا دەفرۆرشرێت. من پێم باشەو پێشنیار دەکەم کە تۆ بە جیا بچیت تەواوکەری پڕێگنەنۆلۆن وەربگریت. من پێم باشە ژنان بە 30 میلیگرام دەست پێبکەن، بەڵام پیاوان دەتوانن بە 100 میلیگرام دەست پێبکەن. ئەو تەواوکەرە یارمەتیت دەدات لە دابینکردنی ئەو مادە خاوانەی کە لەشت پێویستی پێیان هەیە بۆ بەرهەم هێنانی هۆڕمۆنەکان. بەڵام وەک هەموو جاران دەیڵێم؛ دەبێ پێش هەموو شتێک ڕاوێژ بە پزیشکێکی پسپۆریش بکە، پێش بەکارهێنانی هەر دەرمانیک.
شەشەم/ DHEA. من پێم باشە ژنان 25 میلیگرام وەربگرن و پیاوانیش دەتوانن 100 میلیگرام وەربگرن. DHEA کە ئەمەش هەر تەواوکەرێکەو دەتوانێت هاوکارو یارمەتیدەرێکی باش بێت بۆ بنیاتنانی ماسولکەکان. لە بازاردا لە ژێر ئەو ناوەدا دەفرۆرشرێت.
تێبینی: هەرسێک ستراتیژەکەی یەکەم و دووەم و سێهەم کە بریتین لە وەرش و وەرگرتنی پڕۆتین و کڵستڕۆڵی پێویست دەبێت بکەیتە بنچینەو بناغەی پاراستن و بنیاتنانی ماسولکەکانت و لە فەوتانیش بیان پارێزیت. بەڵام هەروەک گوتم دەبێ بۆ وەرگرتنی DHEA و پڕێگنانۆلۆن Pregnanolone ڕاوێژ بە پزیشکی پسپۆریش بکەی و هەر تەنیا پشت بە ئێرە نەبەستیت.

تێگەیشتن لە کێشەکە و هەندێک ڕوونکرنەوەش:
شێواوی ماسولکەکان: زاراوەیەکی تەکنیکییە بۆ لەدەستدانی ماسولکەکانی پەیوەست بە تەمەنەوە، کە بە زمانی لاتینی بە واتای “هەژاری گۆشت، یان کەم گۆشتی، یان بێگۆشتی کەمەبەست لەوەیە لەش نابێتە خاوەنی گۆشتێکی توند و پتەو، واتە شلک و خاوو خلیچە.
ناهاوسەنگی هۆرمۆنەکان: هەردوو ژن و پیاو بەدەست گۆڕانی هۆرمۆنەکانەوە دەناڵێنن کە بەشدارن لە لەدەستدانی ماسولکەکان لەوانە:
ئیسترۆجین: لە ئافرەتاندا لە کاتی وەستانی سوڕی مانگانەدا بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەبێتەوە، کاریگەری لەسەر ماسولکە و ئێسک و شانە بەستەرەکان دەبێ.
پرۆجسترۆن: بە ڕێژەیەکی زیاتر لە ئیسترۆجین لە خانماندا کەم دەبێتەوە، ئەمەش کاریگەری زیاتری لەسەر کارەکانی ماسولکەکان هەیە.
تێستۆستەرۆن: لە پیاواندا کەم دەبێتەوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر گەشەی ماسولکەکان و ئارەزووی سێکسی دەبێت.
هۆرمۆنی گەشە: لەگەڵ تەمەندا کەم دەبێتەوە، کاریگەری لەسەر تەندروستی گشتی ماسولکەکان دەبێت.
مێلەتۆنین: ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە پاراستنی ماسولکەکان و لەگەڵ تەمەندا بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەبێتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت