زرار سڵێمان بەگ دەرگەڵەیی: بیرەوەرییەکانم.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە ناوەڕاستی مانگی 5. 1. 1961 لە کاتێکدا عەباس ئاغا، دەڕۆیشتە حاجی ئۆمەران، لە دەرگەڵە چاوم پێی کەوت، گفتوگۆیەکی دۆستانەمان کرد. دیار بوو ئەویش کاربەدەست بوو لەگەڵ ئەوەش کەش بین نەبوو لە هەڵوێستی مەلا مستەفا بە گلەیی بوو. بەڵام هەست و مستی فەرمان بەدەست خۆی بوو. پێش ئەوەی بڕوات گوتی؛ زرار، نازانم مەلا مستەفا بۆ ئەوەندە لە جەمال حەیدەری و هەمزە ناڕازییە، قسەی بێ ڕێزیان پێ دەڵێت؟. ناوبراو بەردەوام بوو لە قسەکانی و نیشانیدا کەوا لەم زوانە شتێک ڕوو دەدات، بە پێویستی دەزانم ئێوە ئاگاداری خۆتان بن، پێم ناخۆشە چیت بەسەر بێت.
ئەوەی راستی بێت، ئەو قسانەی کاک عەباسم بەلاوە زۆر سەیر بوو، ئەو شتە نوێیە کە ڕوودەدات دەبێ چی بێت؟ بەڵێ ئەو ڕووداوەی عەباس ئاغا پێش بینی کرد پەیتا پەیتا نیشانەکانی بەدیار دەکەوتن. ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ئالۆزیی زیاتر بەدیار دەکەوت و هەڵوێستی کارمەندانی دەوڵەت بە ئاشکرا بەدیار کەوت، دژی کەسایەتییە ناسراوەکان و سیاسییەکان دووریان خستنەوە بۆ شوێنە دوورەکان و زۆریشیان ڕاپێچی بەندیخانەکانی ژێر چاودێری ئەمن و ئیستیخبارات کران. تادەهات ناخۆشی و ئاژاوەنانەوە پەرەی دەسەند و ناکۆکییەکان دژوارتر دەبوون. پیاوە پیسەکانی دژ بە ئازادی و ئاشتی خۆیان خزانەدبووە ناو ڕیزەکانی خەڵک و بۆ دابین کردنی مەرامە گڵاوەکانیان، ئەویش تێکدانی ڕیزی ڕیکخراوەکان و لێک دابرینی کۆمەڵە سیاسییەکان بوو بۆ ئەوەی بێ هێز بن و گۆڕەپان چۆڵ بکەن بۆ ناپاک و داخ لە دڵان، بەڵکوو بتوانن دەست درێژی بکەنە سەر ئەو خەڵکەی کە دەزانن لەگەڵیان ناگونجێن، تا بەوە گەیشت دەست دڕیژیی کرایە سەر ژیانی هەندێک لە کەسایەتییە چالاک و زیرەکەکانی ناو ڕیزی جوتیاران، بە نیازیی هەڵوەشاندنەوەی ڕیکخراویی جوتیاران و ئەو کۆمەڵانەی لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی 14 ی تەموزی 1958 ڕێکخراو بوون، دەسەڵاتدارانی خاوەن زەوی دەسەڵاتدارانیان تەنگاو و ناچار کردبوو هەموو توانایەکیان بخەنە کار بۆ لێدان و هەڵوەشاندنەوەی یاساکانی چاک کردنی کشتووکاڵ و کۆمەڵەو ڕێکخراوی جوتیاران، ئەوە بوو ئاغاکان و دەسەڵاتدارەکان زۆر بە گەرمی کەوتنە جوڵانەوەو یەکیان گرتەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی دەستکەتەکانی جوتیاران. بەوەیان توانی لە ژێر دروشمێکی ئاوات خواز و مەرامی نەتەوەییان بەرز کردەوە لە ژێر سێبەری ئەو دروشمە ئاوات خوازەی تێکرای نەتەوەی کورد هیچ کوردێکی نیشتمان پەروەری ڕێگای کوردایەتی نەیانتوانی بەرهەڵستی بکات، کەچی زۆربەی نەیارانی پێشکەوتنی نیشتمان لە ژێر ئەو دروشمە بەرزەدا خۆیان شاردبووەوە، ببونە سوارچاکی گۆرەپانی خۆیان لەژێر مۆڵ دابوو تا بۆیان هەڵکەوێت ئارەزووی خۆیان بوەشێنن، بەڵام کۆمەڵە سیاسییەکان وا دەکشێنە ناو جوڵانەوەی گوومان لێکراو، ئەوە بوو پارتی دەستی بە سەر سەرکرادەیەتییدا گرت و جەڵانەوەکەیان لە گومان ڕزگار کرد، کەسانی ناپاک ئەوانەی لە ژێر سێبەری کوردایەتی خۆیان پەنا دابوو چەکی ناپاکیان هەڵگرت و ڕووبەڕووی جوڵانەوەی کوردایەتی وەستان، ئەوانەی جوڵانەوەی کوردایان بە هی خۆیان دەزانی و لافیان پێ دەدا بەسەر شۆڕیی ڕۆیشتنە هێلانەی بەدکاری و بە فەرمانی دەوڵەت بوونە کورد کوژو بەرگی پیرۆزی جاشایەتیان کردە بەریان، هەر هەندێک بە بیانوێک چەکیان هەڵگرت و ڕۆیشتنە ژێر ڕکێفی ئاغاکانیان و دەست بە کاربوون بۆ کوشتنی براکانیان، ئاغاکانیان بە بەدەوامی هانیان دەدان بۆ شەڕی کورد کوژی.

بۆ جوێندنەوەی تەواوی پەرتووکەکە، کلیک بکەرە سەر/  بیرەوەرییەکانم، زرار سڵێمان بەگ

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت