نەوزادی موھەندیس: ھەرێمی کوردستان لەکوێی پڕۆژەی گەشەپێدانی عێراقدایە؟

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

عێراق لەماوەی ئەو دووساڵەی حوکمڕانی سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شەیاع سودانیدا گەلێک بەرنامە و ھەنگاوی کردارەکی ھەڵناوە و داناوە بەمەبەستی دەرکردنی عێراق لە گێژاوی شەڕی ناوخۆیی و مەزھەبی و نەتەوەیی و قەیرانە ئابوریەکان و خۆڕاپسکاندن بۆ دەربازبوون لە تەوقی گەندەڵی و دەستوەردان لەکاروباری حکومەت و کرانەوە بەڕووی وڵاتانی ناوچەکە و دونیاشدا و ڕووکردنە گەشانەوە و گەشەپێدانی ژێرخانی ئابوری عێراق لەھەموو سێکتەرەکانی کشتوکاڵ و ئاودێری و گەشتوگوزار و ڕێگاوبان و گواستنەوە و نەوت و وزە و غازی سروشتی و کارەبا وبەندەر و… ھتد.
ئەوەتا لە مانگی ئایاری ساڵی 2023وە عێراق کەوتۆتە خۆ بۆ بونیادنانی چەندین پڕۆژەی گەورە و زەبەلاحی ئابوری بەنموونەی بەندەری گەورەی فاو کە دادەنرێت بەیەکێک لە پڕۆژە زۆر گەورە ئابوریەکان لەناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت جیھانیشدا کە کاریگەری گەورەی دەبێت بۆ ئایندەی عێراق لە ڕووی داھات و دەرامەت و خۆشگوزەرانی و ڕەخساندنی ھەزاران ھەلی کار و دواتریش پڕۆژەی ڕاکێشانی ھێڵێکی شەمەندۆفێری پێشکەوتوو و ڕێگایەکی دوورودرێژ لە باشووری عێراقەوە کە لەشاری بەسرەوە دەستپێدەکات و تا دوا خاڵی سنوری عێراق لەگەڵ تورکیادا (فیشخابور) درێژ دەبێتەوە.کە ئەم پڕۆژەیە بە پڕۆژەیەکی بە ئیمتیاز نیشتیمانی و عێراقی دادەنرێت بەناوی (پڕۆژەی گەشەپێدانی عێراق) کە وەک باسی لێوەکرێت بۆ ئایندەی عێراق دەبێتە سەرچاوەی داھاتێکی گەورە.

پڕۆژەی گەشەپێدانی عێراق چییە؟
ئەم پڕۆژەیە بریتیە لە پڕۆژەیەکی ھێڵی ئاسنینی شەمەندەفەری کارەبایی خێرا بۆ گواستنەوەی کەلوپەل و سەرنشینان بە خێرایە 300کم/کاتژمێر. کە لە ئێستادا تەنھا یەک ھێڵی شەمەندەفەری شەوانە ھەیە لەنێوان بەغداد و بەسرەدا کە ماوەی 10-12کاتژمێر دەخایەنێت کە درێژییەکەی تەنھا 500کم. کە لە قۆناغی یەکەمدا توانای گواستنەوەی 305 ملیۆن تەنی ھەیەو لە قۆناغی دووھەمیشدا دەگاتە 705 ملیۆن تەن و ڕێگایەکی وشکانی و ھێڵی گواستنەوەی وزە ئەمە سەرەڕای دروستکردنی بەندەری فاو، بەدرێژایی 1200کم و بە 10 پارێزگای عێراقدا تێپەڕدەبێت تا دەگاتە سەرسنوری تورکیا لە پارێزگای موێڵدا. ئەم پڕۆژەیە، پڕۆژەیەکی گرنگ و کاریگەریشە بۆ ئایندەی عێراق و بوژاندنەوەی ئابوری کە داھات و قازانجی ساڵانە دەگاتە 4 ملیار دۆلار و ڕەخساندنی نزیکەی 100ھەزار ھەلی کار و دەبێتە ھۆکاری ئەوەی کە عێراق پێگە جوگرافیاکەی ببێتە خاڵی گواستنەوە و تێپەڕبوونی کاڵاو کەلوپەل لەنێوان وڵاتانی کەنداو و تورکیا و ئەوروپا و بە پێچەوانەشەوە. و دەبێتە ھۆکاری بوژاندنەوەی ژێرخانی وڵاتیش. عێراق لەو چوارچێوەیەدا 15 وێسگەی شەمەندۆفێری گواستنەوەی کەلوپەل و سەرنشینان بە درێژایی ڕێگاکە دروستدەکات لەگەڵ چەندین شاری پیشەسازی و شاری نیشتەجێبوون لە چواردەوری ڕێگاکە و پڕۆژەکانی دروستکردنی بەندەر و فڕۆکەخانە و ڕێگای خێرا و ھێڵی شەمەندۆفێر نوێ لەخۆدەگرێت. ڕێگاکە لەناو خاکی عێراقدا 1200کم درێژە و لەناو ھاکی تورکیاشدا 2000کم درێژەو پێکەوە کۆی درێژییەکەی 3200کم دەبێت.
جا ئەم پڕۆژەیە ڕکابەری پڕۆژەی ڕێڕەوی ئابورییشە کە لە ھندستانەوە دەستپێدەکات و بە ئیمارات و سعودیە و ئەردەن و ئیسڕائیلدا دەپەڕێتەوە بۆ ئەوروپا کە درێژییەکەی 7000 کم دەبێت کە لە کۆنگرەی لوتکەی وڵاتانی 20دا لە ھندستان بڕیاری لەسەردراوە. ئەم پڕۆژەیەی عێراق بەھەمان شێوە ئامانجی بەستنەوەی ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوای جیھانە بەیەکەوە و ماوەی گەشتی دەریایی لە ئاسیاوە بۆ ئەوروپا لە 33 ڕۆژەوە کەمدەکاتەوە بۆ 15 ڕۆژ. بەمەش دەبێتە ڕێگایەکی کورت و کەم تێچوو.

تێچووی پڕۆژەکە:
ئەم پڕۆژەیە تێچووەکەی تەواو عێراقیە ولەناو خاکی عێراقدایە و بڕی 17 ملیار دۆلاری بۆ تەرخانکراوە. بەدرێژی 1200کم لەناو عێراقدا. بە سێ قۆناغ :10ملیار دۆلار بۆ کڕینی نوێترین و خێراترین شەمەندۆفێری کارەبایی بۆ گواستنەوەی کەلوپەل لەماوەی 16 کاتژمێردا و ماوەکەشی بۆ ڕاکێشانی ھێڵێکی ئاسنینەبە درێژی 1200کم. دووھەمیشیان بریتیە لە دروستکردنی ڕێگایەکی مۆدێرن و خێرای وشکانی کە لە بەسرەوە دەستپێدەکات و بە پارێزگاکانی ( ناصریە و قادسیە و حلە و نەجەف و کەربەلا و بەغداد و سامەڕا و تکریت و بێجی وموێڵ و دواتر بۆ ڕەبیعە( لەسەر سێ سنوری عێراق و سوریا و تورکیا ) و لەخاڵی فیشخابورەوە دەچێتە ناو تورکیاوە) درێژدەبێتەوە. بەپێی پلانی نەخشەبۆکێشراو لەماوەی نێوان 3-5 ساڵدا تەواو دەکرێت ، واتا لە 2024 بۆ 2029.
ھەرێمی کوردستان لە کوێی ئەم پڕۆژە گرنگەدایە؟ کاریگەرییەکانی لەسەر ھەرێمی کوردستان چین؟
بەداخەوە ئەم پڕۆژە گرنگە بەھیچ یەکێک لە پارێزگاکانی کوردستاندا لە کەرکوک و ھەولێر و دھۆکدا تێپەڕنابێت، ئاشکراشە ئەمەش بەمەبەستە و بەھاندانی لەلایەک تورکیا و دواتریش عێراق و ڕەنگە ئێرانیش دەستی تێداھەبێت، بۆئەوەی کوردستان نەبێتە بەشێک لە پڕۆژەکە و سوود و قازانجی لەڕووی داھات و ھەلی کارەوە دەستنەکەوێت و جارێکی تر نەتوانێت وەک کارتی فشار بەرامبەر تورکیا و عێراقیش بەکاریبێنێت. بۆیە ھەرێمی کوردستان کەوتۆتە دەرەوەی ڕێڕەوی ئەم پڕۆژەیە. ھەربۆیەشە کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر ھەرێمی کوردستان و عێراقیش بەھاندانی تورکیا و ئێران پیلانی لاوازکردن و ھەڵوەشاندنەوەی قەوارەی دەستوری ھەرێمی کوردستانیشی ھەیە، لەم پێناوەشدا تورکیا ڕۆڵێکی نەرێنی زۆر خراپ دەبینێت و وەک دەڵێن پاڵپشتی سەرەکی و ھاندەری گەورەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەیە بەو شێوەیە و دووریش نیە لە ئایندەدا ڕێگای فیشاخابوریش وەک تاکە دەروازەی گرنگی نێوان تورکیا و ھەرێمی کوردستانیش بگوازنەوە بۆ ئەم پڕۆژەیە و ئیدی ھێندەی تر ھەرێمی کوردستان بچووک و بێھێزدەبێت لەڕووی دارایی و ئابوری و داھات و بازرگانیەوە.

ڕۆڵی تورکیا لەم پڕۆژەیەدا چییە؟
بەھەمان شێوە تورکیا لە ئێستادا لەگەڵ عێراقدا سەرقاڵی دانانی پیلانگێڕیەکی سەربازی و ئەمنیە بۆ ئەوەی تورکیا و بەناوی ڕێکەوتنی ئەمنی ستراتیژی و پاراستنی سنوورەکانەوە ناوچەیەکی دابڕێنراو لەناو ھەرێمدا بە قوڵایی 40کم دروستبکەن و لەھاوینی داھاتوودا ھێرش بکەنە سەر ناوچەی شەنگال بۆ دەرپەڕاندنی پەکەکە لەو ناوچەیەدا وەک ھەنگاوی سەرەتا بۆ دابینکردنی ئاسایش و ئەمنیەتی پڕۆژەکە. بەھەمان شێوە ئەوکاتیش عێراق و سوپاکەشی دەتوانن بە ئاسانی بێنە ئەو ناوچە دابڕێنراوە و بەمەش سەروەری و گەورەیی قەوارەی ھرێمی کوردستان دەبەزێنرێت و بچووکتر دەبێتەوە.
پڕۆژەکە گرنگیەکی گەورەشی بۆ تورکیا دەبێت و لەناو خاکی تورکیاشدا زیاد لە 3 ھەزار کم درێژدەبێتەوە تا دەگاتە ئەوروپا.بەم شێوەیە ئەم پڕۆژەیە لەبەرامبەر پڕۆژەی ڕێڕەوی ئابوری ھند و ئەوروپادا ھەم ڕێگایەکی کورت و ناوقەدبڕەو ھەمیش زۆر سەلامەترەم، چونکە تەنھا بە دوو وڵاتی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا تێپەڕ دەبێت کە عێراق و تورکیایە.
لەکۆتایدا ھەرێمی کوردستان وەک چۆن لەڕووی سیاسیەوە گەمارۆدراوە ئاوھاش بەپیلانێکی ناوچەیی گەمارۆی ئابوری و بازرگانیشی دەخرێتە سەر بۆ زیاتر بچووکبونەوە و لێکھەڵوەشاندنەوە. ھەربۆیە ئەرکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و دەسەڵاتدارە سیاسیەکەیەتی کە شێلگیرانە و بە وریایەوە مامەڵە لەگەڵ گۆڕانکاریە ناوچەیی و جیھانیەکاندا بکەن و بە غروری سیاسی و ھێزی پارەی کەمی خۆیانەوە نەنازن و بکەونە خۆ بۆ دەربازبوون لەو تەنگژە گەورەیەی لە ئایندەدا ڕوودەکاتە ھەرێمەکەمان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت