نەوزادی موھەندیس: سیستەمی سەرپەرشتیکردنی نێودەوڵەتی و ھەرێمی کوردستان و ھەنگاوێک بەرەو سەربەخۆبوون!

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەم سیستەمە بەپێی حوکمەکانی بەشی دوانزەھەم لە میساقی نەتەوە یەکگرتوەکان لەساڵی 1945دا لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە دامەزراوە،بەمەبەستی سەرپەرشتیکردن بەسەر ئەو ھەرێمانەی کە دەچنە چوارچێوەی سەرپەرشتیکردنەوە کە دیاریکراون بۆ سەرپەرشتیکردنیان لە میانەی ڕێکەوتنە تاکە کەسیەکانەوە لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە ھەڵدەستن بە بەڕێوەبردنیان.
پێناسە سەرپەرشتیکردنی نێودەوڵەتی ( الوصایە الدولیە):
بریتیە لە شێوەیەک لە شێوەکانی داگیرکردن،کە داھێنراوی وڵاتە سەرکەوتووەکانی جەنگی جیھانی دووەم بوو لە ژێر سایەی نەتەوە یەکگرتوەکاندا بۆ ئەوەی ببێتە جێگرەوەی سیستەمی ماندێت ( ئینتیداب) کە لەلایەن کۆمەڵەی گەلانەوە دامەزرابوو. لەڕێگەی سەرپەرشتیکردنی نێودەوڵەتیەوە ئەو ھەرێم و ناوچانە بەڕێوەدەبرێن کە دەکەونە ژێر سەرپەرشتیکردنەوە.
بەھەمان شێوە سەرپەرشتیکردنی نێودەوڵەتی زاراوەیەکی سیاسی یاسای نێودەوڵەتیە، مەبەست لێی ملکەچکردنی ھەرێمێکی دیاریکراوە بۆ ئیدارەی دەوڵەتێکی تر، بەپێی مەرج گەلێکی تایبەت کە ڕێکەوتنێک لەخۆدەگرێت لە نێوانیاندا کە (ئەنجومەنی سەرپەشتیاران) ی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان ھەڵدەستێت بە جێبەجێکردنی.
جا سیستەمی سەرپەرشتیکردنی نێودەوڵەتی جێبەجێدەکرێت بەسەر ئەو وڵاتانەدا کە لەیاسای نێودەوڵەتیدا ناسراوان بە وڵاتانێک کە ( سەوەرییەکی ناتەواو) یان ھەیە.

ئەو ھەرێمانە کامانەن کە سیستەمی سەرپەرشتی نێودەوڵەتی دەیانگرێتەوە؟
بەپێی مادەی 77 لە میساقی نەتەوە یەکگرتوەکان، سیستەمی سەرپەرشتیکردنی نێودەوڵەتی جێبەجێدەبێت بەسەر ئەم ھەرێمانەی لای خوارەوەدا:
• ئەو ھەرێمانەی کە سیستەمی (ئینتیداب) دەیانگرێتەوە کە لەلایەن (کۆمەڵەی گەلانەوە) دامەزرابوو لەدوای جەنگی جیھانی یەکەمەوە.
• ئەو ھەرێمانەی کە دادەبڕێن ( لە وڵاتانی دوژمنکار) لە ئەنجامی جەنگی جیھانی دووەمەوە.
• ئەو ھەرێمانەی کە بەتەواوی ئیڕادە و ویستی خۆیان لەلایەن وڵاتی بەڕێوەبەرەوە دەخرێنە ژێر سەرپەرشتیکردنەوەوە.

ئامانجە بنەڕەتیەکانی سیستەمی سەرپەرشتیکردنی نێودەوڵەتی چین؟
بەپێی مادەی 76 لە میساقی نەتەوە یەکگرتوەکان، ئامانجە بنەڕەتیەکانی سیستەمی سەرپەرشتیکردنی نێودەوڵەتی بەپێی مەبەستەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان بریتین لە:
• کارکردن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی دانیشتوانی ئەو ھەرێمانەی کە سیستەمی سەرپەرشتیکردن دەیانگرێتەوە لە کاروباری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و خوێندن.
• بەرزکردنەوەی پێشکەوتنیان بەرەو خۆبەڕێوەبەری، یان سەربەخۆی.
• ھاندانی ڕێزگتنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتیەکان بۆ ھەمووان.
• درککردن بەوەی کە لەنێوان گەلانی جیھاندا ھەیە لە پابەندبوونیان لەگەڵ یەکتریدا.
• لە پێناو سەرپەرشتیکردنی ئەو ھەرێمانەی دەکەونە چوارچێوەی سیستەمی سەرپەرشیکردنی نێودەوڵەتیەوە.
• لە پێناو دڵنیابوون لەوەی کە حکومەتە بەڕێوەبەرەکان ھەنگاوی پێویست ھەڵدەنێن بۆ ئامادەکردنی ھەرێمەکان بۆ وەدیھێنانی ئامانجەکانی میساقی نەتەوە یەکگرتوەکان.

ئەنجومەنی سەرپەرشتیاران:
نەتەوەیەکگرتوەکان (ئەنجومەنی سەرپەرشتیارانی) بەپێی حوکمەکانی بەشی سیازدەھەم لە میساقەکەی دامەزراند، وەک یەکێک لە دامودەزگا سەرەکیەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەرکی سەرپەرشتیکردنی بەڕێوەبردنی ئەو ھەرێمانەی پێسپاردووە کە دەچنە چوارچێوەی سیستەمی سەرپەرشتیکردنەوە.
ئامانجەکانی ئەنجومەنی سەرپەرشتیاران:
• ھاندانی ڕابوونی دانیشتوانی ئەو ھەرێمانەیە کە سیستەمی سەپەشتیکردنی نێودەوڵەتی دەیانگرێتەوە.
• پێشخستنیان بەشێوەیەکی ھێواش و لەسەرخۆ بە ئاڕاستەی خۆبەڕێوەبردن ( حوکمی زاتی) یان سەربەخۆیی.
جا ئەو 11 ھەرێمەی کە دەکەوتنە چوارچێوەی ئەو سیستەمەوە ھەموانیان، یان بوونە خاوەنی خۆبەڕێوەبەری، یان سەربەخۆبوون وەک وڵاتێکی تەنھا، یان چوونە پاڵ وڵاتانێکی سەربەخۆوە.

پێکھاتە ئەنجومەنی سەرپەرشتیاران:
پێکدێت لە نوێنەری پێنج وڵاتە ئەندامە ھەمیشییەکەی ئەنجومەنی ئاسایش کە بریتین لە ھەریەکە لە ڕوسیا و چین و فەرەنسا و بەریتانیا و ئەمریکا.
ئەرک و دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی سەرپەرشتیاران:
بەپێی مادەی 87ی میساقەکەی نەتەوە یەکگرتوەکان ئەنجومەنی سەرپەرشتیاران ڕێگەی پێدراوە بە:
• ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە و گفتوگۆکردن دەربارەی ئەو ڕاپۆرتانەی کە لەلایەن لایەنی بەڕێوەبەرەوە بەرزدەکرێتەوە دەربارەی پێشکەوتنی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و خوێندنی دانیشتوانی ھەرێمەکە.
• وردبینکردنی ئەو داواکاریانەی کە لە ھەرێمەکانەوە بەرزدەکرێنەوە.
• ناردنی نێردە تایبەتەکان بۆ ھەرێمەکان.

ھەڵبژادنی ئەنجومەنی سەرپەرشتیاران:
ئەم ئەنجومەنە لە سەرەتای ھەرخولێکدا سەرۆک و جێگری سەرۆک ھەڵدەبژێرێت لە ناو نوێنەرانی ئەندامانی ئەنجومەنەکەدا، سەرۆک و جێگرەکەی لە پۆستەکانیاندا دەمێننەوە بۆ ئەوپەڕی ماوەی پێنج ساڵ تا ھەڵبژاردنی شوێنگرەوەکانیان، ئەم ئەنجومەنە لە خولی 74 ھەمینیدا لەساڵی 2023دا، جێمس کاریۆکی لە بەریتانیا وەک سەرۆک و ناتالی برۆدھێرست لە فەڕەنسا وەک جێگری سەرۆک ھەڵبژارد، ئەنجومەنەکە جارێکی تر لە مانگی کانونی یەکەمی ساڵی 2025دا کۆدەبێتەوە.

• لەساڵانی یەکەمی تەمەنی نەتەوە یەکگرتوەکاندا، 11 ھەرێم خرانە ژێر سەرپەرشتیکردنی سیستەمی نێودەوڵەتیەوە. دواتر ھەر 11 ھەرێمەکە بەونە وڵاتانی سەربەخۆ، یان چوونە پاڵ وڵاتانی سەربەخۆی دراوسێیانەوە، لەساڵی 1993دا کۆتا ھەرێمی ژێر سەرپەرشتی نێودەوڵەتی کە بریتی بوو لە ھەرێمی زەریای ئارام ( پالاو) کە لە ژێر بەڕێوەبردنی ئەمریکادا بوو، نەتەوە یەکگرتوەکان کۆتایی بە ڕێکەوتنی تایبەت بە سەرپەرشتیکردنی ھێنا لەساڵی 1994دا،دوای ئەوەی کە بەویستی خۆی چوە پاڵ ئەمریکا لە ڕێگەی ڕاپرسیەکی گشتی دانیشتوانەکەیەوە کە لەساڵی 1993دا ئەنجامیدا و دواتر لەساڵی 1944دا بوە وڵاتێکی سەربەخۆ و و بووە ئەندامی ژمارە 185لە نەتەوە یەکگرتوەکاندا بەو پێیەی وڵاتێکی سەربەخۆیە.
جا لەبەرئەوەی لەساڵی 1994دا ھیچ ھەرێمێک نەما لە بەرنامەی کاری ئەنجومەنی سەرپەرشتیاراندا( مجلس الوصایە) ھەربۆیە لە 1. 11. 1994دا ھەموو چالاکیەکانی ھەڵپەسارد. بەڵام ھێشتاش ئەو ئەنجومەنە وەک یەکێک لە دامودەزگاکانی سەر بەنەتەوە یەکگرتوەکان ماوە و ھەرکات و لەھەر جێگەیەکدا پێویست بکات کۆبونەوە دەکات.

ئەو ھەرێمانە کامانەن کە سیستەمی سەرپەرشتیکردنی نێودەوڵەتی گروتونیەتەوە و بونەتە وڵاتانی سەربەخۆ؟
1- تۆگۆلاند لە ژێر ئینتیدابی بەریتانیادا: لەمانگی 3. 1957 لەگەڵ کەناری ئاڵتون ( ھەرێمێک کە سیستەمی خۆبەڕێوەبەی نایگرێتەوە) بۆ دامەزراندنی وڵاتی غانا.
2- کامیرۆن لەژێر بەڕێوەبردنی فەڕەنسادا: لە کانونی دووەمی ساڵی 1960دا سەربەخۆیی خۆی بەدەستھێنا بەناوی کامیرۆنەوە.
3- تۆگۆلاند لە ژێرئیدارەی فەڕەنسادا: لە نیسانی ساڵی 1960 بەناوی تۆگۆوە سەربەخۆی خۆی بەدەستھێنا.
4- صۆمالیلاند لە ژێر ئیدارەی ئیتالیادا: لە تەمووزی ساڵی 1960دا لەگەڵ صۆمالیلاندی بەریتانیادا یەکیانگرت و وڵاتی صۆمالیایان پێکھێنا.
5- کامیرۆنی ژێر ئیدارەی بەریتانیادا: لە شوباتی ساڵی 1961دا و دوای ڕاپرسیەکی میللی، بەشی باکور لەو ھەرێمەی کە سیستەمی سەرپەرشتیی دەیگرتەوە چوە پاڵ نەیجریا و بەشی باشووریشی چووە پاڵ کامیرۆن.
6- تەنجانیقا لە ژێر ئیدارەی بەریتانیادا: لە کانوی یەکەمی ساڵی 1962دا سەربەخۆیی خۆی بەدەستھێنا و لەساڵی 1964دا لەگەڵ زنجباردا یەکیانگرت لە یەک وڵاتدا بۆ پێکھێنانی کۆماری تەنزانیای یەکگرتوودا.
7- ساموای ڕۆژئاوا لە ژێر ئیدارەی نیوزیلاندا: لە کانونی دووەمی ساڵی 1962دا بەناوی ساموای ڕۆژئاواوە سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاندو لەساڵی 1977دا ناوی خۆی گۆڕی بۆ ساموا.
8- ڕواندا-ئۆرۆندی لەژێر ئیدارەی بەلجیکادا: لە تەمووزی ساڵی 1962دا بوونە دوو وڵات بەناوەکانی ڕواندا و بۆرۆندی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری.
9- ناورۆ: لە کانونی دووەمی ساڵی 1968دا کە لەژێر ئیدارەی ئوستوڕالیادا بوو بەوەکالەت کە بریتی بوو لە ئیدارەی ئوستوڕالیا و شانشینی یەکگرتوو و نیوزیلاند، سەربەخۆیی خۆی وەرگرت.
10- غیینای نوێ/ بابوا غینیای نوێ لەژێر ئیدارەی ئوستورلیادا: لە ئەیلولی ساڵی 1975دا یەکیانگرت لەگەڵ ھەرێمی بابوا کە حوکمی زاتی ھەبوو،کە بەھەمان شێوە لە ژێر ئیدارەی ئوستوڕالیادا بوو، بوە کۆماری بابوا غینیای نوێی سەربەخۆ.
11- دورگەگانی زەریای ئارام لە ژێر ئیدارەی ئەمریکا- میکرۆنیزیا: لە تشرینی یەکەمی ساڵی 1990دا کۆمارەکانی میکرۆنیزیای یەکگرتوو کە حوکمی زاتی ھەبوو بەشێوەیەکی تەواوەتی لەگەڵ پەیوەندی ئازادانەدا بە ئەمریکاوە.
12- دورگەکانی زەریای ئارام لە ژێر ئیدارەی ئەمریکا- دورگەکانی مارشاڵ: لە تشرینی یکەمی ساڵی 1990 کۆماری دورگەکانی مارشاڵ بونەخاوەنی حوکمی زاتی خۆیان بەشێوەیەکی بەتەواوەتی بەدەستھێنا لەگەڵ پەیوەندی ئازادانە لەگەڵ ئەمریکادا.
13- دورگەکانی زەریای ئارام لەژێر ئیدارەی ئەمریکا-دورگەکانی ماریانای باکوور: لە تشرینی دووەمی ساڵی 1990دا کۆمۆنوێڵسی دورگەکانی ماریانای باکوور حوکمی زاتی خۆیان بەتەواوەتی بەدەستھێنا لە چوارچێوەی کۆلۆنوێلی سەر بە ئەمریکا.
14- دورگەکانی زەریای ئارام لە ژێر ئیدارەی ئەمریکادا: لە تشرینی یەکەمی ساڵی 1994 دا پالاو حوکمی زاتی خۆی بەتەواوەتی بەدەستھێنا لەگەڵ پەیوەندی ئازادانەی لەگەڵ ئەمریکادا.
ئایا ھەرێمی کوردستانی عێراق، دەتوانرێت بخرێتە ژێر سایەی سیستەمی سەرپەرشتیکردنی نێودەوڵەتیەوە؟ میکانیزمەکان بەو ئاڕاستەیە چین؟
وەڵامی ئەم پرسیارانە، تەواو یاساین و کەسانی پسپۆڕ لە یاسای نێودەوڵەتیدا دەتوانن بەووردی و گشتگیری وەڵامیان بدەنەوە و ڕێگا و میکانیزمە پێویستەکانیش دیاریبکەن، بەڵام ئەوەی ئێمە لێیتێگەیشتووین و بەپێی مادەی 77 لە میساقی نەتەوە یەکگرتوەکان و لەخاڵی 3دا ئەو ھەرێمانە دیاریکراون کە سیستەمی سەرپەرشتیکردنی نێودەوڵەتی دەیانگرێتەوە بریتییە لە ( ئەو ھەرێمانەی کە بەتەواوی ئیڕادە و ویستی خۆیان لەلایەن وڵاتی بەڕێوەبەرەوە دەخرێتە ژێر سەرپەرشتیکردنەوە).

لێرەدا ئەم ھەنگاوەش دەبێت لەڕێگەی:
1- چێکردنی ڕاپرسییەکی میللی لە ھەرێمی کوردستان بۆ دەنگدان و بڕیاردان لەسەر خستنە ژێر سایەی نەتەوەیەکگرتوەکان و ئەنجومەنی سەرپەرشتیارانەوە.
2- ڕێکەوتنی دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان( حکومەتی ھەرێمی کوردستان)ـە لەگەڵ حکومەتی عێراقدا وەک لایەنی بەڕێوەبەری ھەرێمەکە بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان بخاتە ژێر سەرپەرشتیکردنەوە.
3- ئەوکات لەلایەن ئەنجومەنی سەرپەرشتیارانی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە ھەرێمی کوردستان سەرپەرشتی دەکرێت بۆ ماوەیەکی دیاریکراو تا ئەو کاتەی مەرجەکانی سیستەمی خۆبەڕێوەبەری، یان سەربەخۆی وەدیدێت و ئەوکات بڕیار دەدرێت بەجیابونەوە لە دەوڵەتی عێراق.
4- دواتر دان نانە بە قەوارە و سنووری دیاریکراوی ھەرێمی کوردستاندا لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ و بوونە ئەندام لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان وەک وڵاتێکی سەربەخۆی خاوەن سەروەری.

ئاڵنگاری و ڕێگرییەکان لەبەردەم ئەم پڕۆسەیەدا
بە وردبونەوە لە دۆخی ھەرێمی کوردستان وەک ھەرێمێکی دەستوری لەچوارچێوەی دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵدا و پێشتریش پێکەوەلکاندنی ئەم ھەرێمە لەساڵی 1925- 1926بە ڕێکەوتنی ھەرسێ دەوڵەتی بەریتانیا و تورکیا و عێراقی ئەو کاتە، ھەرێمی کردستان (( ولایەتی موصڵ)) بۆتە بەشێک لە دەوڵەتی عێراق و ماوەی نزیکەی 100ساڵی ڕێکە لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە بەڕێوەدەبرێت وەک بەشێکی دابڕێندراو لە میراتی دەوڵەتی عوسمانی دۆڕاو لە جەنگی جیھانی یەکەم. سەرەڕای ئەو ھەموو ساڵانەی کە کورد لەم ھەرێمەدا بەبەردەوامی لە شۆڕش و ناڕەزایەتی و خۆپیشانداندا بوە دژی داگیرکاری دەوڵەتی عێراق و داوای سەربەخۆیی و جیابونەوە و دامەزاندنی حکمڕانیەکی خۆسەری و دیاریکردنی مافی چارەنوس و دواھەمینیشیان پێکەوەکارکردنە لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی فیدڕاڵیدا لە ئەنجامی ڕاپرسیەکی گەلانی عێراقەوە بە گەلی کورد لە ھەرێمی کوردستاندا. بۆیە:
1- کارێکی سەختە کە کۆمەڵگەی عێراقی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی ڕێگە بەو کارە بدەن، نموونەش ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکەی 25- 09- 2017 بوو کە ھەمووان دژایەتیان کرد و سەریی نەگرت.
2- پەرتبوون و ناتەبایی کۆمەڵگەی کوردیە لەم ھەرێمەدا بەسەر حیزب و سەرکردە سیاسیەکانی ناوخۆ لەلایەک و دواتریش پەیوەستبوونیان بە بەرژەوەندی وڵاتانی ناوچەکەوە لەلایەکی ترەوە، کە بونەتە ڕێگر لەبەردەم وەدیھێنانی ئەو ئامانجەدا. چونکە ئەو وڵاتانە و بەتایبەتی تورکیا و ئێران و سوریا کە بۆخۆشیان ملیۆنان کوردیان تیادا دەژی دەترسن دواڕۆژ وڵاتەکانیان ڕووبەڕووی ھەمان چارەنوس ببێتەوە، بۆیە ھەتا دەتوانن دژایەتی ئاوھا کارێک دەکەن.
بۆیە خستنی ھەرێمی کوردستان بۆ ژێر سەرپەرشتیکردنی نێودەوڵەتی تاڕادەیەکی زۆر کارێکی گەر مەحاڵ نەبێت ئەوا زۆر سەختە و ڕێگری زۆر لە بەردەمدایە.
باشترین چارەسەر بەھێزکردن و چەسپاندنی ئۆرگانەکانی حوکمڕانی ھەرێمی کوردستانە بەشێوەیەکی دیموکراسیانە و ئازادانە و دادپەروەرانە و پێشخستنیانە بۆئەوەی ڕای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ناوچەیی قبوڵی بکەن و دواتریش لەگەڵ دەوڵەتی عێراقیشدا بگەنە ڕێکەوتنێک لەو بارەیەوە بۆئەوەی پڕۆسەکە بە ئاشتیانە و دوور لە جەنگ و توندوتیژی بەڕێوەبچێت و وەک ڕیفراندۆمەکەی بەسەر نەیەت.کە ئەم ھەگاوە و پڕۆسەیەش چەندین ساڵی پێویستە و پێویستی بەپشوودرێژی و چاوەڕوانی زیاتر ھەیە بۆ گۆڕانکاری لە بارودۆخە سیاسی و ئابوری و ئەمنی و جیۆپۆلەتیکەکانی ولاتانی ناوچەکە بەتایبەتی تورکیا و ئێران وەکو دوو زلیھێزی ناوچەکە.

سەرچاوەکان:
.١https://www.un.org
.٢https://www.aljazeera.net
.٣https://ar.wikipedia.org
.٤https://www.un.org/ar

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت