ئارام محەمەد غەریب: شەڕی شەقامی ئەریتریەکان لە ئەڵمانیا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پەناهێندە لە ئەوروپاو ئاژاوەو ئابووری و ڕامیاریی
پێشی هەفتەیەک لەشاری شتووتگارتی ئەڵمانیا پەناهێندە ئەریتریەکانی سەر بەدەوڵەتی و دژە دەولەتی ئەریتریە لەسەر شەقامەکانی شتووتگارت دایان بەیەکدا بەدارو بەردی سەر شەقامەکان لەیەکدی بەربوون. پاش شەڕێکی قورس ئەم رووداوانە هاتنە کایەوە.

زیانەکان
شەرەکە چەندەها برینداری لێ کەووتەوە، بێجگە لە تێکشکانی چەندەها دووکان و شووشەبەندی باڕو قاوەخانەکانی سەر ئەو شەقامە. 29 پۆلیسی ئەڵمانی بریندار بوون، چەند پۆلیسێک بەخەستی بریندار بوون و نێردرانە نەخۆشخانەکان. هەروەها 200 هاووڵاتی پەناهێندەی ئەریتری لەبەرەی دەوڵەت و لەبەرەی ئۆپۆزیسیۆنی دەوڵەت گیراون، ڕەوانەی بەندیخانە جیاوازەکانی ئەڵمانیا کران.

دیاردە ڕامیاریەکان
ئەم دیاردەی پێکادانە خەڵکانی ئەڵمانی بزواندو ناڕەزاییەکی زۆر و کۆڕو کۆبوونەوە و دانیشتنە ڕۆژانەکانی ناو خەڵکانی بەدویدا هات. پاشان دەنگ و نارەزاییەکی تووندی دەوڵەت و سیاسەتمەدارەکانی لێ کەوتەوە. وەزیرەکان و پارتە جیاوازەکان و سەرۆکی ناوچە فیدراڵیەکان، دژی ئەو ئاژاوەیە وەستانەوە و داوای یاسایەکی تایبەتیان کرد بۆ ڕێکخستنەوەی کاری پەناهێندە سەر لەنوێ. زیاتر داوای ناردنەوەی پێکادەرەکانیان لەهەردوولایان دەکرد. یاخود هەرکەسیک لەوانەی مافی مانەوەی لەئەڵمانیا وەرگرتووە، دەبێت ئەو مافەی لێ بسەندرێتەوە. ئەم کارە بوو بەهۆی ئەوەی کە سەرەک وەزیرانی ئەڵمانیا خانمی نانسی فائێسەر سەر بە پارتی سۆسیال دیموکراتەکانت بەڕوونی داوای ناردنەوەیان بکات. هەروەها دەستنیشانی ئەوەشی کرد کە ناردنەوەیان مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەکات لەلایەن دەوڵەتی ئەریتریاوە. پاشی هەفتەیەک لەو ئاژاوەیە پاپای فاتیکان داوای کرد کە ئەو پەناهێندە ئەریتریانە نەنێرنەوە، چونکە مەترسی لەسەر ژیانیان دروستدەبێت، لەلایەن دەوڵەتی ئەریتریاوە. پاش کۆمەڵێک کۆبونەی دەوڵەتی و بەرەی ئۆپۆزسیونی دەوڵەت، داوایان کرد کە پەناهێندە سوری و ئەفغانیەکانیش بنێردرێنروە بۆ وڵاتی خۆیان، بەتایبەتی ئەوانەی کە لەئەڵمانیا سزادراون: بە دزیکردن و تەزویرکردنی دۆکۆمێنتەکان و شەڕو لەش بریندارکردن، دەستبردن و سوکایەتی سێکسی بەژنان و کچان، فرۆشتن و بازرگانی کردنە بە بابەتە هۆشبەرەکانەوە: وەک کۆکاین و حەشیشە و مەریوانە و هیرۆیین و حەبی خەیاڵفڕێن و حەبی وزەپێدان و حەبی ئەلستەسی و ئۆپیۆم. بەتایبەتی لەساڵی 2016 لەئاهەنگگێڕانی هاتنی سەری ساڵی تازەدا لەشاری کیۆلن لەئەڵمانیا نزیکەی 1300 گازندە(شکایەت) لەسەر پەناهێندە، بەتایبەتی مەغریبیەکان تۆمار کرا کە لەکاتی کۆبوونەوەی سەری ساڵدا دەستیان بۆ ژنان و کچان بردووە و سوکایەتی سێکسیان پێکردوون، کاتێ کە بەخۆشی یەوە ئاهەنگی سەری ساڵی تازەیان گێراوە.
ئەوەی من وەک وەرگێڕێکی یاسایی لەگەڵ دەزگا یاساییەکانی ئەلمانیادا کار دەکەم و زیاتر بەهۆی دادگاکان و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسەوە لە نزیکەوە لەکاری پەناهێندە و زیندانەکان ئاگادارم. بەشی زۆری گیراوەکان و سزا دراوەکان پەناهێندەو ئەو بێگانانەن کە لەئەڵمایا دەژین. لێرە دیاردەیەکی زۆری جیابوونەی خیزان هەیە و هەروەها دوورخستنەوەی باوکان لەلایەن پۆلیسەوە لەخێزانەکانیان بەهۆی توندوتیژی و لێدانی مندااڵ و ژنەکانیانەوە. دەتوانم بەڕوونی ئەوە بێژم کە ژیانی کۆمەڵایەتی ڕۆژانەی سەرجەمی ئەڵمانیا شێواویەکی و بێ ئارامیەک و بێ یاساییەکی تێکەڵی بەخۆیەوە بینیوە. لەو کاتەوە کە بەلێشاو پەناهێندە ڕوویان لەئەڵمانیا کردووە. ئەمە لێدوانی ناخی من نییە، وەلێ لێدوانی بەڕیوەبەرایری پۆلیسی شتووتگارت و ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانەکی ئەڵمانیایە لە ڕۆژنامەکانی ڕۆژانەو هەفتانەی ئەڵمانیادا بڵاو دەکرێنەوە. من لەناخەوە ئەوە دەخوازم ئەو پەناهێندانەی ووڵاتەکەیان بەجێدەهێڵن و دێنە ئەوروپا، هیوادارم بتوانن لەگەڵ منداڵەکانیاندا پاشەرۆژ دروست بکەن و بەرەو خۆش نودی و خۆش گوزەرانی هەنگاو بنێن و ئاوێزان ببن بەسەردەمی ڕۆشەنبیری و تێگەیشتن لەژیان. بەراستی ئەوروپا شوێنی ژیان دروست کردن و پێکەوە ژیانی هاوبەشی خیزان و تاکی مرۆڤە. ئەروپا شوێنی ئازادی ژیان و هەستکردن بە بوونی کەسایەتی خودە.
ئەلەکسەندەر تۆرم، کەسایەتیەکی سیاسی ناسراوی سەر بەپارتی سۆسیال کریستانەکانەو ووتە بێژی ناوخۆی پارتەکەیەتی. بەڕوونی ڕەخنە لە وەزیری ناوخۆ خانمی نانسی فائێسەر دەگرێت و دەبێژێت: لە ساڵی (2021 )کەوە (پارتی سۆسیال دیموکرات و پارتی سەوزو پارتی دیمکراتە ئازادەکان) فەرمان ڕەوایی ئەڵمانیا دەکەن. لەماوەی فەرمانرەوایی ئەم سێ پارتەدا ووڵاتی ئەڵمانیا زۆر لە نائارامی و سەرگەردانی یەکی یاسایی و ئابووری دا دەژی. چونکە ئەو پارتانە هیچ پەناهێندەیەکی سزادراو نانێرنەوەو چاو لە ئاست تاوانەکانیاندا دەپۆشن. ئەمە کارێکە دژ بەیاسای بنەڕەتی ئەڵمانیا کە پارتە فەرمانرەواکان جێبەجێی دەکەن. هەروەها مەترسیەکی گەورەیە بۆ نائارامی و شێواندنی ژیانی ئاسایی هاووڵاتیانی ئەڵمانیا.

دیاردە ئابووریەکان
ئەم سەرژمێرە لە ڕاپۆرتێکی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیاوە وەرگیراوە
لەم چەند ساڵەیی دواییدا تەنها لەسوریاوە 1.300.000 پەنا‌یندەهاتوونەتە ئەڵمانیاوە. 1.400.000 لە ئۆکرانیاوە هاتوونەتە ئەڵمانیا. نزیکەی 800.000 هەزار لەووڵاتەکانی دیکەوە وەک ووڵاتە ئەفریقیەکان و سیریلانکاو ئەریتریاو کوردستان و ئێران و عێراق و و ئەفغانستان و وولاتە ئاسیایەکانەوە هاتوونەتە وولاتی ئەڵمانیاوە. ڕاپۆرتی ناوخۆی وەزارەتی دارایی ئەڵمانیا ئەوە دەردەبڕێت کە ساڵانە نزیکی 5 ملیاردو هەشت سەدهەزار ئۆیرۆ بۆ پەناهێندە خەرج دەکرێت، بێجگە لە پەناهێندەکانی ئۆکرانیا کە لەشەڕ هەڵهاتوون و ڕوویان لەئەڵمانیا کردووە. ئەمانە دەرماڵەیەکی تایبەتیان بۆ سەرفدەکرێت، جیاواز لەدەرماڵەی پەناهێندەکانی ئەفریقاو ئاسیا.
هەروەها شەڕی ئوکرانیاو رووسیا هەڵئاوسانیێکی ئابووری گەورەی لەئەڵمانیا دروست کردووە. ژیان و پیویستەکانی خواردن و ژیانداریی، یەکاو یەک زیادیان کردوەو ڕاپۆرتی ئابوری ئەڵمانیا روونی کردۆتەوە کە بەهۆی گرانی کارەباو هێزی کارو پیویستە سەرەتاییەکانی دروستکردنی ئامێرەکانەوە، بابەتە خامەکان دوو هێندە زیادی کردووە کە کارگە ئەڵمانیەکان ڕۆژانە ڕووبەڕووی داخستن دەبنەوە، یان بنکەیان دەگوێزنەوە بۆ ئەو ووڵاتانەی دیکەی ئەوروپی کە کەرەستەی خاو تیاندا هەرزانترە وەک لەئەڵمانیا. پاشان گەورەترین کێشە بۆ پەناهێندە جێگاو خانو بەرەیە، ناوچەو کۆمۆنەکان کەوتوونەتە نارەزایی دەبڕین و بەرکاردانەوەی فەرمانەکانی دەوڵەت بۆ نیشتەجێکردنی پەناهێندە لە شارو گووندەکانیان. لەم ڕۆژانەدا چەندان خۆپیشاندانی ناوخۆیی لەسەر شەقامەکان دەرکەتن و مەترسی خۆپیشاندانی گەورەتریان بەدەوڵەت ڕاگەیاند. ئێستە دەوڵەت لەهەمووشارەکان و ناوچەکان کەرەنتینەیان بۆ پەناهێندە دروست کردووە لەبەر نەبوونی بێ جێگەیی. پاشان وەک لایەنە مرۆڤایەتیەکە لە زۆربەی شوێنەکاندا دژایەتیکردنی پەناهێندە زیادی کروەو بە ئاشکرا خەڵکان نایشارنەوەو ناڕەزایی خۆیان دژی پەناهێندە دەردەبڕن. لە هەموو شتێک مەترسیدارتر ئەوەیە کەبەهۆی پەنا‌هێندەوە ڕەوتێکی تووندڕەوی ئیسلامی سەلەفی سەرجەمی ئەڵمانیای گرتۆتەوەو مەترسی لە سەر ژیانداری پێکەوە ژیانی سەردەمیانەی ئەڵمانیا دروست کردووە. کە بەو ڕێگەیەوە بەئیسلام کردنی ئەوروپا زۆر گەشەی کردوەو لەژیانی ڕۆژانەدا ڕەنگی داوەتەوەو دەبینرێت

دەرئەنجام
ئەم ئاڵوگۆرە کۆمەلایەتی و مرۆڤایەتیانە، ناڕەزایییەکانی خەڵکانی ئەڵمانیا مەترسییەکی لەسەر دەوڵەتی ئەمڕۆی ئەڵمانیا داناوە کە هەوڵ بدەن لەگەڵ یەکێتی ئەروروپادا چارەسەرێک لە چوارچێوەیوەیەکی یاساییدا بۆ رەوتی کۆچی پەناهێندە بدۆزنەوە، بەردەوام کۆنفرانس و دانیشتن هەیە بۆ دەرکردنی کۆمەڵێک یاسای نوێ لەسەر پەناهێندە. وەلێ لە زۆربەی خاڵەکاندا ناگەنە ئەنجام و ڕیسەکەیان دەبێتەوە بەخوری و دیسانە دەست بەدانیشتن دەکەنەوە، بەتایبەتی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئەڵمانیا، ئەم هەلەیان قوستۆتەوەو دژی پارتە فەرمنانڕەواکان و هانی خەڵکانی ئەڵمانیا دەدەن بۆ نارەزایی زیاتر، تاوەکو لە هەڵبژاردنی داهاتوودا سەرکەوتن بەدەست بهێن و فەرمانروایی بگرنە دەست.

سەرژمێرێکی ناوخۆی سزادانی پەناهێندەو ئەڵمان/لەڕاپۆرتێکی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیاوە وەرگیراوە
ساڵی 2021لەسەردەمی فەرمانڕەروایی سۆسیال کریستانەکاندا 11.559 پەناهێندە نێردراونەتەوە. بەڵام سەردەمی فەرمانڕەوایی سۆسیال دیموکراتەکان 10.045 پەناهێندە نێردراونەتەوە. هەروەها ساڵی2023 ڕێژەی ناردنەوەی پەناهەندە زیاتر کەمی کردووە بۆ ئاستی 6116 کەس.
ساڵی 2019 تاوەکو مانگی هەشتی ساڵی2023 ڕێژەی 53.609 کەسی مەترسیداری سزادراو نێردراونەتەوە، وەلێ لەو ژمارەیە 15.706 کەس دیسانەوە گەڕاونەتەوە ئەڵمانیاو لەئەڵمانیا دەژین.
سەرجەمی ئەو پەناهێندانەی لەنیوان ساڵی 2019 تاوەکو ساڵی 2021 کاریی نایاساییان کردووە لەڕێوبانەکانی هاتوچۆ و بوارەجیایاکانی ژیاندا دەگاتە 500.000 کەس، لەو ژمارەیە سەرجەمیان 94.000 کەسیان حوکم دراون کە کامڵی ژیان بوون بەواتای لەسەرو 18 ساڵەوە بوون. 7.500 کەس حوکم دراون کە لەژێر هەژدە ساڵەوە بوون، بەواتا هێشتا نەوجەوان بوون. زیاتر ئەو کەسانەی کە بە سزای لەش بریندارکردن و تووندو تیژی و خوێناویی سزا دراوون پەناهێندەن.
ساڵی 2021 سەرجەمی حوکم دراوەکان دەگاتە 6.402 کەسی بێگانە، وەلێ لەوانە 3.381 کەسیان زیندانی کراون. 1.597 کەسیان بەپارە سزادراون. هەروەها 1424 کەسیان سزای گەنجیان بەسەردا سەپاوە.
هیوادارم پەناهێدەکان بتوانن ژیانێکی ئارام و دواڕۆژێکی بەختەوەر لەئەڵمانیا بەسەر بەرن و هەوڵ بدەن ئاوێزانی کۆمەڵی ئەڵمانی ببن و دواڕۆژی نەوەکانیان لەئەڵمانیا گەشەدارو سەرکەووتوو بکەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت