سەرکۆ یونس: مووچەیەک بۆ قەرزەکان!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دواجار و پاش چاوەڕوانییەکی تاقەتپروکێن، مووچەی مانگی دوو لە کۆتایی مانگی سێ و سەرەتای مانگی چواردا دابەشکرا و بڕیارە بەیەک هەفتە سەرجەم مووچەخۆران، مووچەکانیان وەربگرن.
ئەم ماوەیە بۆ زۆربەی هاونیشتمانیان بەگشتی و مووچەخۆران و فەرمانبەران و مامۆستایان بەتایبەتی، قورس و ماندووکەر بوو، چونکە لەلایەک لەگەڵ هاتنی ساڵی نوێدا تەنها یەک مووچە دابەشکرا. لەهەمانکاتدا لەسەرەتای مانگی سێ دا، مانگی ڕەمەزانی پیرۆز دەستی پێکرد. مووچەخۆری ڕۆژووەوان، بۆ دابینکردنی پێداویستیەکانی ڕۆژانەی ئەم مانگە هیچ پارەیەکی لەبەردەستدا نەبوو، بەناچارییەوە پێداویستییەکانیان بەقەرز دابین دەکرد، تەنانەت پێداویستی وەک سەوزەو نان و بابەتەکانی تر.
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، ئەوەیە کە یاسای خواست، پێچەوانە کاردەکات، بەو مانایەی کە هەرچەندە نرخ بەرز ببێت، بڕی داواکراوەکانمان کەمناکات، واتە خواستی مانگی ڕەمەزان، بەرزو گەورەیە و پێویستی بە پارەیە.
بەکورتی، پێمان وایە، بەدەگمەن خێزانێکی مووچەخۆر لەم ماوەیەدا تووشی قەرزاری نەبوو بێت، لەبەرئەوە هەر لە قەرزی دەستی خزموکەسوکار و برادەرەوە، تا قەرزی مارکێت و مریشکفرۆش و گۆشتفرۆش و بەقاڵ و… هتد. لەلایەکی ترەوە، لەبەرئەوەی سیفەتی قەرز، گەڕانەوەی هەیە بۆ خاوەنەکەی، خۆشبەختانە زۆربەی هاوڵاتیان، متمانەیان هەیە بۆ گەڕانەوەی قەرزەکانیان، بۆیە پێمانوایە ڕێژەی 50- 70% ئەم مووچەیە دراوەتەوە بە خاوەن قەرزەکان. ئەوەشمان لەبیر نەچێت، جەژن نزیکەو لەگەڵ بۆنەی جەژندا، وەرزی گەشتوگوزاری بەهارەی کوردستان دەستپێدەکات.
هیوادارین، ئەم دواکەوتنە دوبارە نەبێتەوە، مووچەی مانگەکانی تر، لەکاتی خۆیدا و بەبێ کێشە دابەشبکرێت بەسەر چیینەکانی کۆمەڵگادا، چونکە بەڕاستی زیاتر لە یەک ملیۆن 250 هەزار هاوڵاتی سەرچاوەی سەرەكی بژێوی ژیانیان تەنها مووچەیە. بەدڵنیاییەوە ئەوانەیشی کە مووچەخۆر نین، بە ناڕاستەوخۆ بەستراونەتەوە بە مووچەخۆرانەوە، لە دوکان و بازاڕ و خاوەن قەرز و قیستی کۆمپانیا و قیستی نیشتەجێبوون، تەنانەت لەبەرئەوەی بودجەی وەبەرهێنان و پێشینەکان نەماوون و نین، جومگەسەرەکییەکانی بازرگانی و گەشتیاری و خزمەتگوزاریش، پەیوەست و هاوتەریبن لەگەڵ مووچەدا.

* ئابوریناس

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت