بەختیار مەلا عززەت: پێشەوا، پێشەنگ و شكۆمەندی شەهیدانە.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕۆژانی (22. 1 – 17. 12. 1946) ئەزموونێكی نوێی پڕ لە شكۆمەندیی مێژووی گەلەكەمانە، لە دامەزراندن و ڕووخاندن و سەركەوتن و تێكشكاندنی جمهوریەتی كوردستان لە كوردستانی ڕۆژهەڵاتدا.
لەو زەمەنە پڕ لە نەهامەتییەی تێكشكاندنی ئەو جمهورییەتەدا ئەم هەڵوێستە مەزنەی پێشەوا دەبێتە مایەی سەروەرییەكی گیانبازیی نەك لە مێژووی شكۆمەندیی كوردستاندا، بەڵكو لە جیهانیشدا.
پێشەواو هاوڕێكانی دەیانزانی لە سێدارە دەدرێن، بۆیە ئەوان لە (31)ی ئازاری (1947)دا، لە تەحەدایەكی گەورەدا پەتی سێدارەو دوژمنانی گەلەكەیان شەرمەزار كرد، شكۆمەندییەكی پڕ لە سەروەرییان لە بەرۆكی مێژوو دا.
لە یادەورەیی (77) ساڵەی ئەم سەركردە پێشەنگەدا، دوو دیمەنی سەروەریی مەزن دەبینین، كە مایەی تێڕامانێكی ئەوەندە بەرزە بە وشە گوزارشت ناكرێت. ئەو دەمانە ئەم سەرۆكە لە مەهاباددا نوێنەری گەلەكەی بوو، لەگەڵ ساتەوەختی زیندانی و دادگاییكردن و لە سێدارەداندا، هەر پێشەوا ڕابەرو خاوەن هەڵوێستی مەزن بوو. لە پێش لە سێدارەدانیدا بەوپەڕی ئەمەكەوە وتوویەتی: بەسەرمانەوە ناچن، دەمانكوژن، بەڵام پێم خۆش نییە گەلەكەم بەجێبهێڵم، دەمەوێت لەناو ئەواندا بمرم”(1). بۆیە پێشەوا خۆی بەدەستەوەدا، بۆ ئەوەی بە گیانی خۆی وەڵامی ئەم دوو پرسیارە جیاوازەی گەلەكەی و دوژمنەكانی بداتەوە، دەیزانی هێزەكانی لەگەڵ دوژمندا نابەرامبەرن، هەموو بەڵێن و پشتیوانییەكانی ڕووسەكان درۆ بوون. هاوپەیمانیی حكومەتی ئازەربایجانیش بڕی نەكرد، بۆیە خۆی و هاوڕیكانی كرد بە سەرقافڵەی شەهیدانی جمهورییەتی كوردستان، ئەو لە كاتی سەركەوتن و نوشوستیدا هەر سەركردەو ڕابەرو سەرۆك بوو.
پێشەواو هاوەڵەكانیان بە چەند تۆمەتێكی ناڕاست تاوانباركران، كە لەم چەند خاڵەدا خۆیان دەنوێنن:
1- جمهورییەتی كوردستان و دامودەزگاكانیان دامەزراندوە.
2- ئاڵای كوردستانیان هەڵكردوەو ئاڵای ئێرانیان نەوی كردوە.
3- پلەی ژەنراڵیان بەخشیوە بە گەورە سەربازانی جمهوریەتەكە، وەك: (مستەفا بارزانی، عومەر خانی شكاك، حەمە حسین سەیفی قازی، حەمەڕەشی خانی بانە).
4- سەفەرییان بۆ باكۆ كردوە بۆ گفتوگۆ.
5- هاوپەیمانیەتییەكییان لەگەڵ حكومەتی ئازەربایحاندا گرێداوە.
6- بواریان داوە كوردەكانی خواروو و باكوور بەشداریی لە جمهوریەتیەكەدا بكەن، بە تایبەتی كوردستانی خواروو، وەك بارزانی و ئەفسەرانی بەتواناو لێهاتووی وەك (مستەفا خۆشناو و خەیروڵڵا عەبدولكەریم و عێززەت عەبدولعەزیز و محەمەد قودسی و بەكر عەبدولكەریم و وەهاب ئاغاو نووری ئەحمەدی تەهاو جەلالی ئەمین بەگ) و گەلێك كەسی تری وەك مامۆستا قانیعی شاعیرو عوسمان دانش و محمد تۆفیق وردی.
ئەم كارو كردەوە گەورانەی پێشەوا دەستكەوتی گەورە بوون بۆ گەلەكەی، هۆكاری پڕ مەترسی بوون لەسەر ژیانی خۆیان و مزگێنی پر لە هیوای ئایندەی نەتەوەی كورد بوون، دامەزراندنی كۆمار، ئاواتی سەربەخۆیی لێ چاوەڕوان دەكرا، لەم سۆنگەیەشەوە پێشەواو سەیفی قازی و سەدری قازی و دەیان تێكۆشەری تر لە سێدرە دران، دوژمنان ویسیان هەموو ئاوات و خواستەكانی كورد لە مەیدانی چوارچرادا لەچاڵ بنێن، بەڵام ئەم خەونەیان نەهاتەدی.
تەمەنی یانزە مانگی جمهوریەتی كوردستان، لەو هەولومەرجە ئاڵۆزەی ئەوسادا، ئەزموونی گۆڕانكارییەكی نوێ بوو لە بواری سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و كولتووریدا، چونكە ئەو سەردەمە ڕێكخراوەكانی ژنان، نەوجەوانان و… هتد، دامەزرێندرابوون، كۆمەڵی كوردەواری لەو بەشەدا بەرەو ژیانێكی مەدەنیی ئازاد هەنگاوی دەنا، لە دەستچوونی ئەم دەستكەوتانە زیانێكی گەورە بوو بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد.
ئەو سەردەمانە پێشەوا پەرۆشی خوێندن و پەروەردە بوو، زمانی كوردیی كردە زمانی ڕەسمی و ئیجباری، هەموو نامەكانی ئەو سەردەمە بە زمانی كوردیی دەنوسران، ئەنجومەنێكی پێكهێنا بۆ بژاركردنی زمانی كوردی، بڕیاری خوێندنی كوردیی بە ئیجباری دا، (75) ساڵ لەمەوبەر لە ژمارە (10، 11)ی ڕۆژنامەی كوردستان لە ژانیوەری (1946)دا دەنووسێت: ئا لەم تأریخەوە تا 10 ڕۆژی دیكە هەر كەسێك كوڕو كچی هەبێ كە عومری اقتضای خوێندن بكا، دەبێ بینێرێتە مەدرسە، ئەڵبەتە هەر كەس لەو ئەمرە ڕوو وەرگێڕێ، بە توندترین مجازات تەمبێ دەكرێ(2)”.
پێشەواو هاوڕێكانی گەورەترین لاپەڕەی مێژووی پڕ لە سەروەری و شكۆمەندیان تۆماركرد، كە نەوەكانی دواتر پەیڕەوی ڕێبازەكەیان بكەن.
با پێكەوە ئەم پارچە شیعرەی مامۆستا هێمن، كە بە ناوی (ڕۆژگاری ڕەش)ەوەیە، كە بۆ پێشەوای هاوڕێی نووسیوە بخوێنینەوە:
لە چوارچرای مەهاباد
لە كانگای بیری ئازاد
دەستی ڕەشی ئیستیبداد
چەقاندی داری بێداد
لە كاتی نیوەشەودا
لە جەنگەی شیرین خەوا
كرا كاری ناڕەوا
لە داردرا پێشەوا
ڕۆڵەی وەفاداری كورد
پێشەوای ئارام و ورد
بۆ كورد ژیا بۆ كورد مرد
گیانی فیدای گەلی كرد
زانا بوو، كوردپەروەر بوو
پێشەوا بوو، ڕابەر بوو
هەر كورد نەبوو بە شەر بوو
خەمی خەڵكی لەبەر بوو

سەرچاوەكان:
1- جمهوریەتی كوردستان، مەحمودی مەلا عززەت، چاپی دووهەم، سلێمانی 2003، ل 308.
2- دەوڵەتی جمهوری كوردستان، مەحمودی مەلا عززەت، نامەو دوكۆمێنت، چاپی دووهەم، سلێمانی 2003، ل 593-594.
3- دیوانی هێمنی موكریانی (تاریك و ڕوون، ناڵەی جودایی، پاشەڕۆ، لێرەو لەوێ)، سوید، چاپی یەكەم 2003، ل 143- 144.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت