كەمال محەمەد: بەردەوامی بایكۆت و مانیفێستی قەیرانەكان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەمیشە دەڵێن؛ هەر گەڕانێك بەدوای حەقیقەتدا بە ڕەتكردنەوەی چەوتی و ناحەق دەست پێ ئەكات، بۆیە ئەم هەڵوێستەی كە من نامەوێ بەم شێوەیە ژیان بكەمە تۆكمەترین هەڵوێستە. واتای ئەم هەڵوێستە ئەكرێ بخرێتە بەر باس و هەموان تێبگەن كە ئیتر بەشداری سیستەمێك نەكەن و تێڕاوانینیان بۆ ژیان دەرهەستانێك بێت بەجۆرێك هەر فیكرو پێشكەوتنێكی زەینی بكرێتە پراكتیكێكی هاوئاست بۆئەوەی فیكرو كردار هەمیشە پێكەوە بن، چون هەر پەرەسەندنێك لە فیكردا هاوتەریبە لەگەڵ بە كۆمەڵایەتیبون و دواجار ئەو كۆمەڵایەتیبونە ئەخوڵقێنێت.
بونیادنانی هەمو حەقیقەتێك بە بونیادی كۆمەڵ دەست پێ ئەكات، تەنانەت بونیادی دیموكراتیش كە ئەمەشە پێشخستن و ڕێكخستن و دەستەبەركردنی خۆبەرێوەبەرێتی هەڵ ئەسەنگێنیت، بۆیە بەردەوامی هەڵوێست و خۆپیشاندان ئەتوانێت گۆڕەپانی كۆمەڵایەتی بكاتە گۆڕەپانی سیاسەت. بۆیە بێ دەنگی كۆمەڵگا و ڕاكردن لە بەرپرسیارێتی، سیستەمی سامناكی گوشار و زوڵمی دەسەڵات زیاتر ئەكات و دواجار هەر دەسەڵاتیشە لە هەمو شوێنێك و مافێكدا ڕاكردنت بەسەردا ئەسەپێنێت. هەمو ئەمانەش سەرەنجام گەلێك ئەبن بۆ شێوەگیربون و بەردەوامی سیستەم و قەیرانەكان، ئەگەر بڕوانین بە درێژایی سیستەم دەسەڵات بەدوای ئێمەدا گەڕاوەو ئێمەی دۆزیوەتەوە. بۆ ئێمەش هەمان شت لە جێگای خۆیدایە و ئەوەی پێویستە سۆزەكانی بیركردنەوەو بینینمان بەگەڕ بخەین و چەمكی دەرفەت نەدان بە دەستەمۆكردنی سۆزەكانمان بەهەند وەربگرین، بەڵام ئەمە بۆ ئەو تاكانەی سەردەمی ئەمڕۆكەی حیزبی ڕەنگە دروست نەبێت كە بەرژەوەندی تایبەتیان مەست و بێ ئاگای كردون.
مرۆڤ كە لە ڕاستی دوركەوتەوە ناتوانێ سۆزەكانی بپارێزێ و خوازیاری تێگەشتن بێت لە ژیان و پەنا ئەباتە بەر خۆخەڵەتاندنی خۆی و دەورو بەر. ئەمەش خراپترین بێ بەرپرسیارێتیترین دۆخە كە ئەو كەسە بەرامبەر كۆمەڵگا و ئاییندە كە ئەندامێتی، بایكۆت و خۆپیشاندانی ئێستای چین و توێژەكان بەردەوامی و بوێری ئەنجامدانی رەخنەو ڕەخنەدانێكی بەپرەنسیبانەیە و گەشەكردنی خەباتی دیالەكتانەیە.
مانیفێستی قەیرانەكان و بێ باكی دەسەڵات كۆمەڵگای چینایەتی و بۆرجوازی بەرهەم هێناوە و سیستەمی لەپایەی ئازادی و یەكسانی دور خستۆتەوە، ئەم ڕەوشەی دەسەڵاتدارانی هەرێم بە تۆتالیتاریزم ناو ئەنرێت، چون بە كردەوەو ڕەفتارەكانیان كۆی سێكتەرەكانیان لاواز كردە و بڕیارو بەرژەوەندی حیزبەكان لەسەرو ئەو دەزگایانەوە دێت كە داواكارییەكانی خەڵك و حكومەت لە سیستەمێكی هاوچەرخدا هاوسەنگ ئەكات و بونەتە هۆكار و ئامرازی قوڵكردنەوی قەیرانەكان و لە جیاتی ئەوەی لە پێناو چارەسەركردنی كێشەكان سیاسەت پێشخەن، بونەتە هۆی زیاتر قوڵكردنەوی ستاتۆگەرا سیاسی و ئابورییەكان.
لەگەڵ بەردەوامی بایكۆت و خۆپیشاندان و فشارەكان دەنگی داخوازی مامۆستایان و فەرمانبەران و توێژەكان هێشتا لە ڕۆژەڤی سیاسی دەسەڵاتداران بە جێنەبوەو حكومەت نەبۆتە هۆی خاڵی ئۆپتیماڵ و هاوسەنگی نێوان كۆمەڵگابوون تاكێتی تاك ئامانجی سەرەكی نەبوە و وێنای سیاسەتی لای تاك ناشرین كردوە و بێ ئومێدی كردون لە پرۆسێسە سیاسیەكان.
كاتێك هەموان منداڵەكانمان هاندەدا بۆ هوشیاری بچنە قوتابخانەكان و چەندەی دەچو بە نەچونیان بە بچوك بۆ ئاییندەی وڵات ئەبینی، بەڵام ئێستا هەموشتێك پێچەوانە بۆتەوە قوتابی قوتابخانەكان لێك دابڕاون و هەمو شتێك لە پێناو باڵابونی حیز و بەدەستهێنانی دۆلاری زیاتر بوە بە قوربانی، بەڵێ ئەمە بو تیۆری كۆمەڵگای نوێمان بەدەست دەسەڵاتی كوردییەوە، بۆیە پێویستە هەموان دەربازكردن لەم دۆخەیان لا خۆشەویست بێت پشتگیری لێ بكەن و كامە هەڵوێست و ڕێگا لەسەر بنەمایەكی ئەرێنی سەركەوتوبێ دیسان ئامادەی پشتگیری كردن بن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت