عەبدولا کەریم مەحمود: حەمە تیماری، ئەفسانەکەی برزوت و بالۆسە – بەشی یەکەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

محەمەد حاجی سەعید، ناسراو بە (حەمە تیمار)یی بەشداری هیچ خولێکی تیوری و پراکتیکی سەربازی نەکرد بوو، دەرچووی هیچ کۆلێجێکی سەربازی نەبوو، بەڵام ویستگەکانی تەمەنی لە 1979 تا 3. 12. 1986، پڕ بوون لە ئەزموونی پلان و بەرنامەو نەخشەی سەربازی پارتیزانی و پێشمەرگایەتی. کام لە لێپرسراوە باڵاکانی سوپای عێراق، کام لەو ئەفسەرانەی سوپای عیراق، کە سەرشانەکانیان پڕ بوو لە ئەستێرە و داڵ و شـمشێر، لە رووبەرووەکاندا دەیان توانی لە بەرامبەر ئازایەتی و جەربەزەیی ئەم بازەی گەرمیان بوەستنەوە.
پێشمەرگەیەکی 13ساڵ لەساڵی 1979 خالید گەرمیانی و مەحمود سەنگاوی لە گوندی (درۆزنەی ) گەرمیان بوون، لە ناکاو کوڕێکی گەنجێکی سووروسپی باڵا بەرزیان بینی، بەرەو لای ئەوان هەنگاوی دەنا، کە گەیشتە بەردەمیان چەکی بەشانەوەیەوە تاقمی بەستووە.
ئەو کوڕە گەنجە، بە هێمنی و شەرمێکی بە ئەدەبانەوە، روویکردە ئەوان و وتی:
ئێوە پێشمەرگەن.
وتیان : بەڵێ؟
مەحمود سەنگاوی پێ ی وت: ناوت چییە و کوڕی کێیت و خەڵکی کوێیت؟
وتی: ناوم محەمەدە، کوڕی حاجی سەعیدی تیمارم.
مەحمود سەنگاوی، ئەمجا زانی محەمەد کوڕی حاجی سەعیدی تیمارەو کەسێتیەکی دیاری سەنگاوە، لە تیرەی ئالی بەگی جاف و خزمی دایکیەتی و پێی وت: تەمەنی تۆ بۆ پێشمەرگایەتی نابێت و بگەڕێرەوە بۆ تیمار لەوێ خزمەتی باوکت بکە، لای ئێمە پێشمەرگایەتی یە، شۆڕش هی ئێوەیە، ئێمە بێ ئیوە ناتوانین درێژە بە وێستگە جیاجیاکانی شۆڕش بدەین.
محەمەد بەجۆرێک عاشقی پێشمەرگایەتی بوو، سووربوو لەسەر ئەوەی وەری بگرن بە پێشمەرگە، دەستبەرداری داوەکاریەکەی نەدەبوو.
مەحمود سەنگاوی، زانی محەمەد پەشیمان نابێتەوە لەو هەنگاوەی ناویەتی ، رووی کردە خالید گەرمیانی و پێ وت: من خانەوادی محەمەد تیماری دەناسم و خزمی خۆمن. حەمەدیان بەپێشمەرگە وەگرت، دوایی ماوەیەک حاجی سەعیدی باوکی بە دوای کوڕکەیدا گوند بە گوندی گەرمیان دەگەڕا، دوای ماندووبوونێکی زۆر گەیشتە لای پێشمەرگەکان و پێ ی وتن؛ محەمەدی 13 ساڵە هێشتا نەبوەبە 18ساڵ، من شانازی دەکەم کوڕەکەم ببێ بە پێشمەرگە، بەڵام بەو تەمەنە کەمەوە، ئێستا ناتوانێت ئەرکەکانی پێشمەرگایەتی هەڵسوڕێنێت.
باوکی زۆر بەزەحمەت محەمەدی رازی کرد، لە گەڵ خۆیدا گەراندییەوە بۆ تیمار، دوای چەند رۆژێک، محەمەد بە تفەنگێکی سەلیبەوە، جارێکی تر گەڕایەوە بۆ لای پێشمەرگەکان، بەپێشمەرگە وەریان گرت. دوای چەند مانگێک خالید گەرمیانی بە مەحمود سەنگاوی وت: حەمە تیماری بەو تەمەنە کەمەیەوە لە تەمەنی خۆی گەورەترە، پێشمەرگەیەکی بە جەربەزەو لێهاتوو، بە توانایە.

هەڵمەتی بروسکە ئاسا
لە مانگی تەموزی ی سالی 1979، سالح عەلی ناسراو بە ( مام دەروێش ) و حەمە تیماری لە هەرێمی 5ی قەرەداخ بوون بە هاوڕێ، یەکەم چالاکییان لە ( کەلی پەیکوڵ )ی نزیک گوندی سەرچاوە پێکەوە بەشدار بوون. بۆسەیەکیان بۆ ئەو دوو ئیڤای سەربازیە دانا، هەموورۆژێک ئازوقەیان بۆ رەبایەکانی شاخی گوڵان دەبرد، 30 پێشمەرگەبوون لە قەراغ جادەکە دامەزران، چاوەڕوانی ئەو دوو ئوتۆمۆبیلە سەربازییەیان دەکرد، لە ناکاو هێزێکی زۆری سوپای عێراق بە دەبابە و زرێ پۆش و جاش، کوتنە ناو بۆسەی پێشمەرگەکانەوە و شەڕ بەرپا بوو. حەمە تیماری تازە گوێزرابوە بۆ هەرێمی پێنجی قەرەداغ، پشمەرگەکانی هەرێم نەیان دەناسی. لە کاتی بەرپابوونی شەڕەکەدا، حەمەتیمار بە جۆرێک، هەڵمەتی بروسکە ئاسایی دەبرد بۆ سەربازەکان، هەموو پێشمەرگەکانی هەرێمی توشی تێڕامان کرد، زیاتر لە 30سەربازیان کوشت، دوو پێشمەرگە شەهید کران، حەمە تیماری تەرمی یەکێک لە شەهیدەکانی خستبووە بن دەستی و رەشاشە بڕنەوەکەشی بە دەستەوە بوو.

تێک شکانی شۆفلێتەکە
لەساڵێ 1981 حەمە قاشتی و حەمەتیماری مەفرەزەیەک پێشمەرگە، بۆسەیەکیان لەسەرجادەی دەربەندیخان و سلێمانی دانا.
حەمە تیماری بە رەشاشێکەوە وەک جیڤارا لە ناوەڕاستی جادەکە وەستا، شێوەی وەستانەکەی تیماری دیمەنێکی سەرنج راکێشەرو سامناکی هەبوو.
لە ناکاوشۆفلێتێکی سەربازی گەیشتە نزیکی، حەمە تیماری لە یەکەم چرکەدا، بە دەسڕێژ شۆفلێتەکەی داگرتەوەو لەجوڵەی خست ، 5 سەربازی تیا کوژرا.

مەمە ریشەو حەمە تیماری
لەساڵی 1982 حەمە قاشتی و رەوفی باسە، لە نێوان فەقێ جنە و ئیمام محەمەدا، دەستیان بەسەر ئۆتۆمۆبیلێکی سوپای عێراقی عێراقدا گرت، بە خیرایی ئوتۆمۆبیلەکەیان گەیاندە گوندی باوەخۆشین، هیزێکی زۆری سوپا و جاش دوایان کەوتن. پێشمەرگەکان لەسەر رێگەکە بۆهێزەکە دامەزران، شەڕ بەرپا بوو. حەمەقاشتی و مامەریشەو حەمەتیماری خۆیان گەیاندە ناو شەڕەکە، شەڕێکی قورسی دەستەو یەخە بەرپا بوو، مامە ریشەو حەمە تیماری بە ئیرادەی پۆڵاین و بەورەیەکی بەرزەوە، سڵیان لە هیچ نەدەکردوە، هەڵمەتەکانیان بە جۆرێک بوو، هیزەکەیان تێک شکاند، لە ترسا هەڵاتن.

سەرچاوە پەراوێز: عەبدوڵڵا کەریم مەحمود، ئەفسانەکەی برزوت بالۆسە،کوردستانی نوێ، ژمارە 4372، 13. 10. 2007 ل 9.
*م حەمەد حاجی سەعید، ناسراو بە حەمە تیماری، لەساڵی 1966 لە گوندی تیماری دامێنی ئاژداخ ی سەنگاو لەدایک بووە، لە تەمەنی 13ساڵی دا بووەبە پێشمەرگە، لە مەفرەزەکەی خالید گەرمیانی لە هەرێمی 5ی قەرەداخ، بە توانای لەبن نەهاتووی خۆی، پلەکانی پێشمەرگایەتی بڕیوە و بووە بە فەرماندەی کەرت، لە تیپی 51 ی گەرمیان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت