عەبدوڵا کەریم مەحمود: قەڵای هەولێریان لە خاپوورکردن رزگار کرد.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە ساڵی 1990 سوبحی عەلی خەلەفی لێپرسراوی حیزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراکی و ئەبو عەلاءی بەڕێوەبەری ئەمنی بەعسی شیمال، لە سیناریۆیەکدا:
بە هاماهەنگی بەڕێوەبەری شارەوانی هەولێر و ئەمانەی عامەی بەلەدیات و چەند لایەنێکی تر.

پرۆژەی خاپوورکردنی قەڵای هەولێریان دانا.
بۆ ئەوەی بە قوڵایی 10 مەتر چواردەوری قەڵا بە خانووەکانی سەر قەڵاوە بە شۆفڵ بڕوخێنن. مامۆستا عەبدولرەقیب یوسف، سەرپەرشتیاری هەڵمەتێکی فراوانی دژ بە روخانی قەڵای هەولێر کرد. ئەو و هاوکارەکانی چەند بروسکەو راپۆرت و یاداشتیان نوسی بۆ سەدام حسین و دەزگا بەرپرسەکانی حکومەتی عیراق: لەسەر بەهای شوێنەواری گەورەیی قەڵایەکە و نارەزاییان دژ رووخانی قەڵاکە دەربڕی، بۆ ئەوەی ئەو پرۆژەو سیناریۆیەی سەرانی بەعس و دام و دەزگا کارتۆنیەکانی حوکمی زاتی نەتوانن قەڵاکە خاپوور بکەن.

دوکانەکەی عەلی بۆسکانی
رۆژێک عەبدولرەقیب یوسف لە دوکانەکەی ئەحمەدی حەلوچی لە بازاڕی عەسری دانیشتبوو، لەو کاتەدا بەختیاری کوڕی ئەحمەدی عەسری، دوو کەسی لە دوکانەکەی (شیخ سەعیدی نزارە )بینی، سەرقاڵی کرینی کەرەستەی کەلەپووری دەگمەن بوون، بە عەبدولرەقیب ی وت: ئەو دوو کەسە یەکیکیان وەزیرە، بەڵام ئەوی تریان ناناسم. دوای وەزیرەکە و هاوڕێکەی هەنگاویان بەرەو سەرەوەی بازارەکە نا، عەبدولرەقیب هەموو بیرو هۆشی لە لای قەڵاکەی هەولێر بوو، چاوی بڕیبوە هەنگاوەکانی وەزیرو هاوڕێکەی خەمی بوو، چۆن بگات بە هەنگاوەکانیان، هەردووکیانی بینی خۆیان کرد بە دووکانەکەی عەلی بۆسکانی دا.
عەبدولرەقیب بە خێرایی خۆی گەیاندە لایان، لەوێ زانی ئەو کەسەی لە گەڵ وەزیردایە بەهادین ئەحمەدی سەرۆکی مەجلیس تەنفیزی ناوچەی حوکمی زاتی یە. لەو کاتەدا عەلی بۆسکانی رووی کردە وەزیرو سەرۆکی حوکمی زاتی کوردستان و پێی وت: ئەمە عەبدولرەقیب یوسف ی شوێنەوار ناسی کوردە، بۆ پاراستنی شکۆی شوینەوارەکانی کوردستان، بە قوڕگی شیردا دەچێت.
عەبدولرەقیب بە بەهادین ئەحمەدی سەرۆکی حوکمی زاتی وت: من راپۆرتێکی 15 لاپەڕەییم بۆ تۆ و چەند لایەنێکی تر ناردوە، بۆ وەڵامی منت نەداوەتەوە؟
عەدنان داود سلیمان العبیدی وەزیری حوکمی محلی و ئەندامی دیوانی سەرۆکایەتی کۆمار، چاوی بریبوە عەبدولرەقیب و گوێی لێ دەگرت، بەکوردی قسەی دەکردو ناوبەناو وشەی عەرەبی بەکار دەهێنا، پێ کەنین گرتی.
سەرۆکی حوکمی زاتی بە قسەکان و هەڵویستەکانی عەبدولرەق رەنگی تێک چوو، هەستی بە لاوازی و بێ دەسەڵاتی و شەرمەزاری خۆی دەکرد، دەیزانی لە بەردەم بڕیارەکانی سەرەوەی خۆیدا چەند بێ دەسەڵاتە، هیج وەڵامێکی پێ نەبوو.

شکۆی مێژوویی قەڵا
لەو کاتەدا مامۆستا عەبدولرەقیب رووی کردە عەدنان سلێمان بە زمانی عەرەبی وتی؛ قەڵای هەولیر شکۆی شوینەواری گەورەیی مێژوویی ئەم نیشتمانەیە، ئێوە بۆ بڕیاری خاپوورکردنتان داوە. لەو کاتەدا عەدنان سلیمان وتی: اعطینی نوسخە من الرسالە و اعتبر المسالە منتهی من ها الساعە.
واتا نمونەیەکمان لەو راپۆرتە 15 لاپەرەییە بۆ بهینە، وابزانە لەم سەعاتەدا،کۆتایی بە کێشەی قەڵا هاتووە. لەو کاتەدا عەبدولرەقیب دەستی کرد بە کیسەکەی بەردەمی داو وتی: کاک عەلی گیان بفەرموو ئەم راپۆرتەم بۆ بنێرە بۆ ئیستینساخ.
عەلی بۆسکانی، بە خیرایی راپۆرەتە 15 لاپەرەیەکەی نارد و ئیستینساخیان کرد. عەبدولرەقیب نوسخەیەکی راپۆرتەکەیدا بە عەدنان داودی وەزیر، دوای ئەوەی وەزیر گەڕایەوە بۆ بەغداد، دوای چەند رۆژێک بڕیاریک لە سەرۆکایەتی دیوانی سەرکۆماری عیراق دەرچوو: بۆ پاراستنی شکۆی مێژوویی قەڵا، نابی قەڵای هەولێر دەسکاری بکرێت.

سەرجاوە و پەراوێز
قەڵای هەولێر: ناسراوە بە( قەڵات )، تەپۆڵکەیەکی بازنەیی رووتەختە، لە ناوەڕاستی شاری هەولیرە، لە کۆنەوە ناوەندی شاری هەولێر بووە، رووبەرەکەی 190، 102مەتر چوارگۆشەیە. شوێنەوار ناسەکان، مێژووی قەڵات دەگەڕێنینەوە بۆ سەردەمی سۆمەرییەکان و هەزاران ساڵ پێش زاین، لە 21ی حوزەیرانی 2014 قەڵای هەولێر خرایە لیستی میراتی جیهانی، ویکپیدیا –قەڵای هەولێر .
عەبدولرەقیب یوسف و هەینی قادر لە ساڵی 1990 کتێبێکیان بە ناوی ( بەرگریکردنمان لە قەڵای هەولێر ) چاپ و بڵاو کردەوە، لە بارەی سیناریۆو پیلانی وێران کردنی قەڵاتەوە.
عەدنان داود سلیمان العبیدی، سیاسەتمەدارێکی عێراقی بوو، لە ساڵی 1937 لەقەزای خالسی پاریزگای دیالە لە دایک بووە، لە 1979پارێزگای کەربەلابوو، بەڕیوەبەری گشتی نوسینگەی امانە سر قطری حیزبی بەعسی ئیشتراکی و راوێژکاری دیوانی سەرۆکایەتی کۆمار بوو، لە 1983- 1989وەزیری حوکمی محلی بوو، ئەم وەزیرە دوای ئەوەی مامۆستا عەبدولرەقیبی ناسی، چەند عاشق و پەرۆشی پاراستنی شکۆی شوێنەوارەکانی نیشتمانە، رێزی هەموو پێشنیارو داواکارییەکانی دەگرت، لە سەر داوای عەبدولرقیب، پەرستگای دەربەندی بازیان و قەڵای کەرکوکی لە وێران کردن رزگارکرد.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت