عەبدوڵا کەریم: یادەوەریی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دابڕان
لە مانگی 2ی ساڵی 1985 پێشمەرگە و کادرێکی دەست و داوێن پاکم لە گوندی هەڵەدن ناسی، دوای گفتوگۆی چەند باسێک، زیاتر لە یەک گەیشتین،بووین بەهاوڕێ، ئەو کەسێتیە نمونییە مامۆستا حەمە رەوف بوو. بە بەردەوامی زەردەخەنە لە سەر روخسارە ئەسمەرەکەی دەدرەوشایەوە، لە هەستی ناسک و بێ گەردو دەروونی جوانی خۆییەوە، دەرکی بەوەکرد و زانی بە عەشق و خولیایەکی دەروێشانەوە رووم کردوەتە شاخ بۆ پێشمەرگایەتی.
لەوێ زانیم پەروەردەی کەرتی هاوڕێیانی ئێمە، هاوڕێ سوارە و ئارام محەمەد کەریم(نەبەز)، محەمەد کەریم(سەنگەر) و تەحسین قادر( هیوا )، حسین محەمەد ئەحمەد (نەریمان ) ی شار، لە گەڵ ئەو بارودۆخ و ململانێ ئاڵۆزانەی شاخ جیاوزە.
لەوێ تەنیا باڵ رووبەرووی بارێکی نائاسایی و دژوا بوومەوە، ئەو هاوڕێ میهرەبانەم دەرکی بەوە کرد، بێزارم لەکەسانی راپۆرتنووس و لەب لەبان و دووفاق و زمان ژەهراوی. پێی وتم: پێم خۆشە وەک هاوڕێیەک پێکەوە جەولەیەک بە ناو گوندەکاندا بکەین. بەیانیەکەی لە گوندی هەڵەدنەوە بە ناوبەفرو بە نێودار بەڕەوەکاندا بە هەورازە کەدا سەرکەوتین بەرەو گوندی یاخسەمەر، لەوێ کش و مات بوو ، سەرمان لەمامۆستا (خۆشناو)دا، وانەی بە منداڵانی ئاواییەکە دەوتەوە. لەوێوە روومان کردە گوندی چۆخماخ، سەردانی خاڵە شیخ سدیق مان کرد، بە نوکتەیەک و قسەی خۆشەکانی خەمەکانی رەواندمەوە.
رێگای گوندی مێوڵاکەمان گرتەبەر، سروشتی رۆمانسی چیای ئاسنگەران و پیر بایز و ئەو هەموو دۆڵ و تولەڕێ و هەورازو نشێوانە دیمەنێکی ئەوەندە دڵگیرو جوانی هەبوو، فۆتۆی هیچ فۆتۆگرافەرێک ناتوانێ پەی بە رۆحی جوانی سروشت ببات. لە گوندی سنگرەوە، بەناو دۆڵەکەدا بەلای گوندی قوڵەجاخدا تێپەرێن تا گەیشتینە دوو کەپرەکەی چایخانەی گوێ ئاوی چەمەکەی باڵخ و لەوێ نانمان خوارد.
ئێوارەکەی خۆر بە تەواویی ئاوا نەبوو بوو، بە لای رەباییەکانی ئۆردگای کاریزەدا تێپەڕین و روومان کردە گوندی مۆکبە، شەوەکەی لە گوندی قەیوانی بچوک ماینەوە. دەمەو بەیان رێگای خەمزەمان گرتە بەر، سەردانی وەستا محەمەدمان لە گوندی خەمزە کرد، شەوەکەی لای ئەو ماینەوە، خەمزە گوندێکی زۆر دڵگیرو جوان بوو.
بەیانیەکەی لەلای قولە رەشەوە بە دۆەکەدا شۆڕبووینە بۆ خوارەوە، بۆ لای کاک( جەزا عەبدول واحییدی کادر) ی نمونەی هەموو بەها جوانەکان، بە تەنیا لە یەک ژووردا بوو لە خوارووی رۆژهەڵاتی گوندی سیرەمێرگ، ئەو شەوەمان لای ئەو بەڕێ کرد.
بەیانییەکەی روومان کردە گوندی (گەند کاوە )، لەوێوە هەنگاومان نا بۆ گوندی( مارەڕەش)، نیوەڕۆکەی لەوێ ماینەوە، دوایی روومان کردە، گوندی مۆکبە. دنیا تاریک بوو، لە نزیک رەباییەکانی ئۆردوگای کارێزەوە، روومان کردە گوندی کارێزە، رووناکی بلاجکتۆری رەباییەکان ئەو دەوروبەرەی کردبوو بە رۆژی رووناک.
لە کارێزە سەردانی ماڵی کاک حەمەی مام عەلی مان کرد، دواتر چووین بۆ گوندی باڵخ، لای کاک جەلال ی سدیقە فەنی هاوڕیم لاماندا.
بە رێکەوت کاک حسین ی دراوسێمانم لەوبەردەم دوکانێکدا بینی، شۆفیر بوو، بەپیکابە شینە کۆنەکەی هاتووچۆی نێوان گوندی باڵخ و سلێمانی دەکرد.
پێی وتم:
عەبە کەرکوکی جاش و ئەمنی سلێمانی، باوکتیان دەسگیر و زیندان کردوە و ئەمنی سلێمانی مۆڵەتی نەوت فرۆشتنەکیان لێ سەندوەتەوە و کتێبخانەکەت و کەلوپەڵی ماڵەکەتانیان تاڵان کردووە، دوای چەند رۆژێك باوکم و حاجی عەلی بەگ و کاک ئەحمەد سمێڵ و باوکی چەند پێشمەرگەیەکیان لە زیندانی سلێمانییەوە گواستوەتەوە بۆ زیندانی سنجار. ئەو هەواڵە ئازاری زۆری بە ناخم گەیاند و بێزارییەکەی زیاتر کردم. بۆ بەیانییەکەی هەنگاومان بەرەو گوندی وڵاغلو نا، دیمەنی چەند پەڵە هەورێک وەک پەشمەک لە ناو قەدی زنجیرە چیاکەی بەرامبەرمان ئاڵابوون، بە جۆرێک لەو دیمەنە تێرامام، هەستم نەدەکرد، بەو رێگا بەردەڵانە سەختانەدا دەڕۆین.
مامۆستا حەمە رەوف لەوێ لە گەڵ چەند کەسێکدا کۆبونەوە بە هەڵسوکەوتێکی هێمانەی جوان، لە هەموو روویەکی کێشەکەیانی دە کۆڵییەوە و بەزمانێکی نەرم و پاراویان.کێشەکانی بۆی چارەسەردەکردن، ئەو نیوەڕۆیە لای ئەوان ماینەوە.
دوای نیوەڕۆکەی بە دۆڵەکەدا سەرکەوتین، تا گەیشتینە گوندی گەڵاڵە، لەوێ نەوەستاین تا ناو گوندی سەفرە، سەفرە زۆر قەرەباڵخ بوو، جمـەی دەهات، مەرزی گواستنەوەی کەرەستەو خۆراک و کەلوپەل بوو، لە نێوان کوردستانی باشوورو رۆژهەڵات.
بە رێکەوت ( مامۆستا حەمە رەشی هەرەس )ی هونەرمەند و هاوسەرو هەردوو جگەر گۆشەکەیم لەوێ بینی، لە سلێمانی یەوە هاتبوون و وتی:
ژیان لە شار نەماوە دەچین بۆ ئێران، گەر دەرفەتمان بۆ بڕەخسێ بە نیازین رووبکەینە هەندەران.
شەوەکەی لەگەل مامۆستا حەمە رەوف لە ناو ژوورە نایلۆنەکەی ( مامۆستا دلاوەر) ی هاوڕێم و کاک بەخەی حەمامدا ماینەوە.
بەیانییەکەی پێکەوە گەڕاینەوە بۆگوندی گەڕەدێ و روومان کردە گوندی گاپیڵۆن، شەوەکەی لە تاقە ژوورەکەی کاک بەرزانی قادر خەڵوز لە رۆژئاوای گاپیڵۆن ماینەوە، ئەو شەوە کاک بەرزان چەندان نوکتەو قسەی خۆشی بۆ کردین، بۆ بەیانیەکەی سەردانی مامۆستا شێخ عیزەدینی حسینیمان لە قوتابخانەکەی چۆخماخ کرد.
دواتر سەدانی کاک سەربەست و کاک سەرکەوتمان کرد، لە ژوورێکی تایبەتی لەسەر جیهازی تیپی 47ی پیرەمەگرون بوون،گاپیڵۆن زۆر قەرەباڵغ بوو. رێگای گوندی مالومەمان گرتەبەر، لە گوندی مالومەوە لە نیوەی رێگادا بووین بەرە گوندی گوێزیلە، بارانێکی بەتاو دای کرد، هەموو جەستەمانی تەڕکرد. لە گویزیلە خۆمان وشک کردەوە، دواتر لە دووریانەکەی نێوان گویزیلەو یاخسەمەر، ماڵ ئاوایم لە مامۆستا حەمە رەوف کرد، ئەو رووی کردە هەڵەدن و منیش رێگای بەرگەڵوم گرتە بەرە، سەردانی کاک هەڤال کوێستانی و کاک ئازاد چالاکم لە رادیۆی گەلی کوردستان کرد.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت