سەردەشت محەمەد: پەیامەکانی پشتی ڕێگرییەکان لە مامۆستایان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گۆڕانی ئاراستەی مانگرتن و خۆپیشاندانەکانی بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەران لە کوردستانەوە بەرەو بەغداد، یەکێکی دیکە بوو لە و هەنگاوە مەدەنیانەی کە زیاتر لە دوومانگە بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم بەئامانجی بەدەستهێنانی مافەکانیان ناویانە.
لێرەدا پێویست ناکات بگەڕێینەوە بۆ باسکردنی ئەو هەموو ناعەدالەتی و بێباکییەی دەسەڵاتی کوردی کەچەندین ساڵە دەرحەق بە تەواوی چین و توێژەکانی کوردستان و بەتایبەت مامۆستایان و فەرمانبەران دەکرێت، بەڵکو دەکرێت ئەوە بڵێین ئەمڕۆ ناعەدالەتی و زوڵمێکی دیکە بۆ ئێمە و خەڵکی کوردستان ئاشکرابوو، ئەویش زوڵمی ڕێکەوتنی ژێربەژێری دەسەڵاتدارانی هەرێم و بەغدایە.
ڕوونە ئەم ڕێکەوتنە باگراوەندێکی مێژووی چەندین ساڵەی هەیە و بەتایبەت لەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس و گرتنە دەستی دەسەڵات لە عێراقدا لە لایەن کۆمەڵێک بەناو سیاسی کە وایکردووە ڕێکەوتنەکان زۆر لەوە قوڵتر و شاراوەتربن کە ئێمە بتوانین هەروا بەئاسانی درک بەهەموو لایەنەکانی ئەو ڕێکەوتنانە بکەین، مەگەر ڕووداوێکی وەک ئەوەی ئەمڕۆ ڕوبدات تاوەکو بتوانین هەست بەو ڕاستییە بکەین کە سیاسیەکانی هەرێم و بەغدا نەک دژی یەکنین، بەڵکو هیچ لایەکیان ناتوانن بێ ئەوی دیکەیان لە هەندێک بابەت و پرسی گرنگدا هەنگاوبنێن.
ئەو ڕێگریانەی ئەمڕۆ لە مامۆستایان کرا هەروا ڕوداوێکی ئاسایی نین و نابێت بەسەریدا تێپەڕین، بەڵکو دەبێت مەودایی تێگەیشتنەکانی ئێمە لە هەمبەر بەغداد ئەوەندە فراوان بکات کە ئیدی دەبێت باوەڕ بەوە بێنین و بڵێین بەغداد بۆ ئێمە ئەو فریاد ڕەسە نییە کە بمانەوێ ڕوی تێبکەین و پەنای بۆ ببەین، بەڵکو دەبێت لەوە تێبگەین بەغدادیش خۆی نغرۆی ناو گێژاوی ناعەدالەتی و زوڵمە.
ئەو زوڵمەی دەسەڵاتداران عێراق لە گەلی عێراقی دەکەن، ڕەنگە لە ناوچەکەدا هاوشێوەی نەبێت. چونکە هەمومان دەزانین کە ئێستا عێراق خاوەنی چی داهاتێکی ئابوری زۆرە، کەچی تەنها دەسکەوتێک لەو هەموو داهاتە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرەکانێتی لەکاتی خۆیدا، ئەگەر نا ئەوا لە لایەنەکانی دیکەوە وڵاتێکی بێ نمونەیە لە گەندەڵی و بەهەدەرانی ساماندا.
ئەو ڕێگریانەی ئەمڕۆ لە بازگەکاندا لە مامۆستایان کرا یەکێکی دیکەبوو لە گەندەڵیەکانی دەسەڵاتدارانی عێراق و کۆمەڵێک پەیامی ئاشکرای بۆ ئێمە تێدابو پەیامەکان ئەوەبوو.
٭ چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندی بەغداد نییە.
٭ سیاسیەکانی بەغداد ئامادەنین ڕاستەوخۆ مووچە بۆ مووچە خۆرانی کوردستان بنێرن، ئەوەش بەپێی ڕێکەوتنێکە لە نێوان هەرێم و بەغداد.
٭ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی سیاسیەکان لە عێراق و هەرێم لەپێش پاراستنی شەقامی عێراقی و کوردستانەوەیە.
٭ هەموو ئەو لێدوان و کۆنگرە ڕۆژنامەوانیانەی کە لە ماوەکانی ڕابردوودا لەلایەن بەرپرسانی حکومەتی هەرێمەوە بەسترا دەربارەی ئەوەی کە حکومەتی عێراقی نایەوێت لەگەڵ هەرێمدا ڕێک بکەوێت، تەنها بۆ فریودانی هاوڵاتیان بوو.
٭ سەردان و هاتووچۆکانی بەرپرسانی هەرێم بۆ بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان نەبووە، بەڵکو بۆ ڕێکەوتنی هەرودلایە لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان.
٭ مامۆستایان و فەرمانبەران و خەڵکی کوردستان تبگەن لەوەی چارەسەری یەکجارەکی ئەم دۆخە نە لە بەغداد و نە لە هیچ شونێکی ئەم دنیایەدانییە، بەڵکو تەنها چارەسەر هۆشیاربونەوەی خەڵکە، ئەگەر نا دۆزینەوەی ڕێگا چارەکان تەنها بۆ کاتێکی دیاریکراوە و دواجار هەمان دۆخ سەر هەڵدەداتەوە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت