عەبدوڵا کەریم مەحمود: کتێب و کتێبخانەی گوندەکان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە 6ی ئازاری 1975 بە پلان و بەرنامەی جەزائیر، لەدوای هەرەسی ئاش بەتاڵ. هەمووگوندەکانی سەرسنووری عێراق و ئێران، عێراق تورکیان، لە باشووری کوردستان، بە خانوو و مزگەوت و قوتابخانە و هەموو بنەمایەکانی ژیانی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری خاپوورکران، خەڵکی گوندەکان گوێزرانەوە بۆ ئۆردوگانەکان.
لە 21. 2. 1988 – 6. 9. 1988، بە بڕیاری سەدام حسین و عەلی حەسەن مەجید، رەشەبای ژەهرو ئەنفال بە هەشت قۆناغ دەستی پێکرد، لە سەرقەڵای گەرمیانەوە گەیشتە دوا گوندی سەر سنووری زاخۆ، هەموو گوندەکان سوتماک کران، ژن و پیاو منداڵی گوندەکان دەسگیرکران، لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان بێ سەروشوێن کران.
لە دوای راپەڕینی 1991 خەڵکی گوندەکان لە ئۆردگاو شارەکانەوە جارێکی تر روویان کردەوە ناو کەلاوە رووخاوەکانی گوندەکانیان، بە بازوی خۆیان، گوندەکانیان ئاوەدان کردەوە، قوتابخانە و مزگەوت و بنەمای ژیانی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری سەری هەڵدایەوە.
یەکێک لە پلان بەرنامەو نەخشە هەڵەکانی پەرلەمان و حکومەتی هەرێم ئەوەبوو، سەدام و بەعس ئاسا خانوویان لە ناو ئۆردوگاکان، بۆ کەس و کاری ئەنفالەکان دروست کردوە، گرنگیان بە ئاوەدان کردنەوەی گوندەکان و کەرتی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری ناو گوندەکان نەدایەوە، بەرهەمی کشتوکاڵی ناوخۆیان خستە پەراوێزە، نرخ و بەهایان لە بازاڕدا نەهێشت، گرنگیان بە بەرهەمی کشتوکاڵی دەرەوەدا، وشکە سالیش گەورەترین زیانی بە رەنج و ماندووبوونی خەلکی گوندەکان گەیاند، جارێکی تر زۆربەی جوتیارەکان گەڕانەوە بۆ ئۆردوگاو شارەکان. گەنجەکانیان کرد بە پێشمەرگەو پاسەوانی بەردەرگای ماڵ و بارەگاو کۆمپانیا و سەروەت و سامانیان.
دەبوایە سەرکردە سیاسییەکانی کورد، لە بری دەمانچە کتێب ان بکردیایە بەدیاری بۆ گەنجەکان، کتێبخانەیان لە هەموو ئەو گوندانەکان دروست بکردایە. بۆ ئەوەی گەنجەکان لە ناو ئاواییەکەیاندا، لە بری ئەوەی ببن بە هاوڕێی جبەخانەی ( دەمانچە و کڵاشینکۆف و بی کەسی سی)، ببن بە هاوڕێی کتێب و کتێبخانە، ئاستی هوشیاری و رووناکبیریان، فراونترو قوڵتر بکەن، دووربکەونەوە لە گرێی توندوتیژیی و چەک و زەبرو زەنگ و سەرهەڵدانی کێشە کۆمەڵاییەتیەکان.
دەبوایە حکومەتی کوردی، بە پرۆژەی خزمەتگوزاری و رووناکبیریی، کاریگەرییە خراپەکانی رەشەبای ئەنفال و ژەهربارانی نیشتمان و جینۆسایدی کوردیان رابماڵایە. بە عەقلێکی رۆشنگەری نوێ، بەشۆڕشی رۆشنبیریی گەنجیان بە جۆرێک پەروەردە بکرایە، دوور ( رق و کینە و بوغز و سینارۆیۆو تاوان و تۆڵەو تۆڵە کردنەوە)، بە رۆح و دەرونێکی ئاسایی، کۆمەڵگەیەکی نوێی ئاسودە پێک بهێنن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت