كەمال محەمەد: هەرێمی كوردستان لە بەرداشی مانەوەو دادگای فیدڕاڵیدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دەسپۆتیزم، یان دەسەڵات پەرەستی، هەمیشە ئاواتەخوازە خۆی تێر بكات و بۆ چارەسەری گرفتەكانی خۆشی، چەك بە بنەما ئەگرێت. ئەمە خۆرسكی دەسەڵاتە دوا كەوتوو فیوداڵەكانە. ئەمە ئەو سیستەمەیە كە دەسەڵات لەم هەرێمە كردیان بە شێوازێكی دەسەڵاتدارێتیان و هەر شتێك ئاواتەخواز و ئامانجیان بوو لە هێزەوە بۆی دەچوون. نەخۆشی ئەبەدی دەسەڵات و كۆكردنەوەی سامانی ژێر زەوی و سەر زەوی وڵات بە شێوەیەكی سەرسوڕهێنەر لایان تەشەنەی كردبوو، سیستەم و بەرێوەبەردنی وڵات ببوە ئەو یارییانەی حەزیان لێ بوو. تەنانەت لە میانەی زەبر لێك وەشاندن و ململانێی نێوانیشیانەوە بێت، تەواوی شاكارە جوانەكانی یەكسانی و ئازادی و دادپەروەری و بوون بە هاوڵاتییەكی هاوچەرخیان لەبار برد، پراكتیكی حكومڕانییەكی بەردەوام ئاست نزم وایكرد، هیچ بەرهەم و ئاكامێكی لێ نەكەوێتەوە بۆ گەل و ئاییندەكەی و جگەلەوەش چەندین زیانی بێ واتاو نابەجێی لەگەڵ خۆی هێنا و پێگەو پەیوەندییەكانی گەل و ئەم خاكەی لە میانەی گونجاوترین سیستەم و ستراتیژەوە بەرێوە نەبرا و فیداكاری و قوربانیدانەكانی گەلیان بەهەند وەر نەگرت كە بە دەگمەن نمونەكانی لە ئاستی جیهاندا ئەبینرێ، هەڵزنینی هەموو جۆرە فیوداڵیزمی و گوێنەگرتنێك بۆ ڕای گشتی مەیلێكی جوداخوازی مەترسیدارو قوڵبونەوەی قەیران و گێژاوە سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتییەكانی هێنایە ئاراوە.
بیر نەكردنەوە لە ڕێچكە دەوڵەمەندەكان و سیاسەتە چارەنوس ئامێزەكان بۆ ئێستاو داهاتوو، وە هەروەها بۆچونە پارادایگماكانی پشت بەستوو بە هزری زانستی و بۆچونە سیاسییە دەوڵەمەندەكان بە هونەری سیاسەتكردن، وایكرد كە كۆمەڵگای بۆرژواز بەلاوە نەنێت و نەیهێشت ناوەڕۆك و شێوەی شیمانەی سیاسەتكردن سەر لە نوی ئاواو ڕۆشن بكرێتەوە، تاوەكو لەگەڵ پێشكەوتنە سیاسی و ئابورییە ژیانییەكانی هەرێم بگونجێت. ئەو هەرێمەی بە هەزارەها رەنجی گەلێك دروست كرا، ئێستا بەرەو دۆخی ناڕۆشنی هەنگاو ئەنێت و خەریكە بەركەنار ئەكرێت و دادگای فیدڕاڵی خەریكی دادگایی كردنێتی. هەڵبەتە ئەگەر ئەمە ڕەفتارو لێكدانەوەی یاسایی بێت، بۆ ڕێكردنەوەی نایاساییەكان، بەڵام ئاسایی نین چوون ئەبێت، هەموان ئەبێت تێبگەین لێی كە ئایابڕیارەكان دەخوازن چی ڕزگار بكەن!؟
ئێمە نابێت ڕاستییەكان پەردەپۆش بكەین كە ئەوانەی ڕۆڵیان بە دادگای فیدڕاڵی داوە، ئەوانەن كە هەمو شتێك و بەرژەوەندی فیوداڵییانەی خۆیان بەخێو كرد، تەنها گەل و ئەم خاكە نەبێت. ئەوانەی ویژدان تێنەگەشتن نەیان ئەویست كە ئەم گەلە لەكامە بواردا مافدارن، یان خۆیان لەكام پێگەدا بەرپرسیارن، دوابەدوای بڕیارەكانی دادگا تا ئێستاشی لەگەڵ بێت حكومڕانی كوردی، نایانەوێت نزمترین هێزی خوگونجاندنیان لەگەڵ پێداویستییەكان ئەم ڕاستییە نیشان بدەن. ئەگەر تۆزێكیش دڵخوازی لەواندا هەبێت ئەوەیە، مسۆگەر پێویستە خاوەن هەندێ هەنگاو بن ئەوەیە بەشێكی زۆری گەلە هۆشیارەكەیان، ئەگەر لە جێبەجێكردنی یاسادا نەبنە یارمەتیدەر، ئەوا نابنە ڕێگریش.
وەك ئەنجام لە بڕیارەكانی دادگا ئەوانەی خۆیان وەك لایەنی مافخوراو ئەبینن گەلی ژێردەستەو ستەم لێكراوی هاوڵاتیانی هەرێمە بەدەست حكومڕانی كوردییەوە، ئەوەشی ئەم لایەنەی دروست كردوە و كردونی بە سگی سیستەم دەسەڵاتی كوردییە، ئەم بەرامبەرییەی هاوڵاتیان بەرامبەر حكومڕانی كوردی ئەگەری زیاتری خۆپیشاندانە لەپێناو زیاتر بەدەستهێنانی زیاتری كارگەرییان لەسەر ژیان و ئاییندەیان و هەروەها هەوڵی ئەنجام وەرگرتنیان لە بڕیارەكانی دادگا، چون دواجار دابڕانێكی سەرتاپاگیر لە شەقام چاوەروان ناكرێ و ناتوانێت بۆ ماوەیەكی درێژ یاخی ببێت و كۆمەڵەكانی گەلیش بۆ ماوەیەكی درێژ ئەم پێكهاتەو سیستەمە سیاسی و ئابورییە بێ بەرهەمانە پەسەند ناكەن و هەڵناگرن، لەسەرو هەمو سۆزەكانەوە ژیان و هەناسەدان بۆ ئەوان ناچاریان ناكات ئێتر هێزو سامانی ئەوانە بن بە ناوی ناسیۆنالیزمی و تائفییەوە لە هەمو ڕەوشێكدا سیستەم وەك خۆی پەسەند بكەن. بە واتایەكی تر ڕەنگە هەوڵەكانی گەل هەمان ئەو هەوڵانە بێت كە گەلان لەپێناو دیموكراسی خۆیان لەسەرو نەتەوەوە ئەیبینن. ئەوەی ماوەتەوە ئایا بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی ڕێگا لە پێش كەش و زەمینەیەك ئەكاتەوە كە ئومێد و چاوەڕوانی ڕاستەقینەی چارەسەری لێ بكرێت و ئەندێشەكانی دڵەڕاوكێ لە ئارادانەمێنێ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت