كەمال محەمەد: جەنگی ئیسرائیل و گۆڕانكارییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بێ گومان جەنگەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، هەریەكەیان وەك ڤێرسیۆنێكی ئایدۆلۆژیای ئۆریانتالیست داهێنران و لەسەر بنەمای داگیركردنی خۆیا،ن بەناوی سەرمایەدارییەوە بەكار هێنراون. بۆیە ڕۆژهەڵاتی ناوین، مێژویەكی پڕ لە كێشم و ناوچەیەكی بۆ هەموان نەناسراو نییە، گۆڕانكارییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوین لەم دواییانەدا بوە بە مەڵبەندی ململانێی زلهێزە ئیمپریالیستییە جیهانی و ناوچەییەكان، ئەمە لە ساتێكدایە ناتوانرێ ئاسۆیەكی گەش بۆ كۆتایهێنان بەو قەیرانە ڕوو لە زیاد بوانە بەدی بكرێ. هەر بۆیە پێشبینی ڕوداوی تر لە خۆ ئەگرێ، ڕۆژهەڵاتی ناوین لە دوای ڕوخانی دیواری بەرلین و یەكێتی سۆڤییەت، زیاتر لە ئێستا پێویستی بە گرتنە بەری ستراتیژی وورد و سەقامگیری و تەناهی و ئاشتی ناوچەیی هەیە. بەڵام ئامانج و سیاسەتەكانی ئیمپریالیستییەكان و زلهێزەكانی جیهان چ بە راستەوخۆ بێت، یان ناڕاستەوخۆ بەرژەوەندی و ستراتیژی هاوبەشیان هەیە و دور نییە هەندێكیان قەیرانی نێوخۆییان بكەنە دەرەكی، تا لە ڕێگەیەوە خۆیان بپارێزن بەهێزتر بن.
ڕۆژهەڵاتی ناوین لە ڕووی پێگەی ستراتیژی بۆتە شەڕی نیابەتی زلهێزەكان، دەست تێوەردانی ئەمانەش بە كردەكی بۆتە تیرۆریزمی دەوڵەتی و نێودەوڵەتی و كارەساتی ژینگەیی و مرۆیی كەم وێنەی بەدوا دا هاتوە، ئێستای دونیای پڕ لە تۆزاوی و ڕەوشی ڕۆژهەڵاتی ناوین سەرنجی تەواوی جیهانی بۆ لای خۆی كێش كردوە و هەر یەكەو شڕۆڤەو لێكدانەوەی جیاوازی بۆ ئەكات. شەڕی ڕوسیاو ئۆكرانیا كە نزیكەی دو ساڵە درێژەی خایاندوە زیاتر لە جەنگی دو جەمسەری جیهانی ئەچێت و تاكو دو دەوڵەتی هاوسنور، وەستانەوەی ئەم دو جەمسەرەی جیهانیش بەرامبەرە بەو سیستەمە جیهانییە سەرمایەدارییەی كە وەستاوەتەوە، هەر بۆیە ئەوەی ئەبینرێ نەبینی جیاوازییە سیاسییەكانی ڕوسیاو ئۆكرانیا نییە بە تەنها.
ئێستا كە چاوی جیهان لەسەر جەنگی ڕوسیاو ئۆكرانیایە و نەیارانی ڕوسیا بە چڕی هەوڵ و سیاسەتەكانیان بۆ فشار خستنە سەر ڕوسیایە بۆ ئەوەی زیاتر لەو پێگەیەی كە هەیەتی جێگایەكی گرنگتر لە لۆژیكی ئاواكردنی هەژمونگەرایی سەرمایەداری جیهانی و بەتایبەت خۆرهەڵاتی ناوین نەگرێت، بێ گومان جەمسەری ڕوسیاو هاویارانی هەست بەو هەژمونگەرایی و هەوڵی گرتنە باڵادەستییە ئەكەن و نایانەوێت لەسەر حسابی ئەوان زیاتر پەرە بسێنێت. ئێمە ئەگەر مێژوو بخوێنینەوە زیاتر ئەتوانین بویەرەكانی دوسەدەی ڕابردوی ڕۆژهەڵاتی ناوین شیكار بكەین كە چۆن تەواوی جەنگەكان لە ژێر ناوی میلیگەرایی و ئیسلامگەرایی، تەنها بۆ پێشخستنی هەژمونگەرایی سەرمایەداری بون لای زلهێزەكان.
ئێستای جەنگی نێوان حەماس ی فەلەستین و ئیسرائیل ڕەنگە دروست كردنی كەلێنێك بێت بۆ پچڕاندن و لاوازی ئەو پەیوەندییە سیاسیانەی كە ئیسرائیل و وڵاتانی سوننە مەزهەب دروستیان كردوە، دەشێت ئەمەش هۆكار بێت بۆ ئەوەی بیرۆكەی ئێرانی ئایینی و ئەتنیكی هیلالی شیعی و هێزەكانی نزیك لەو هیلالە هەوڵ بۆ پەكخستنی ئەو پەیوەندیانە بدەن، ئەمەی ئێستا تەنها هۆكار و ئەگەرێكە، بەڵكو لێكدانەوەكانی هەژمونگەرایی مۆدێرنێتەی سەرمایەداری دەشێت شێوەیەكی ڕاستتر لە شیكاری لە خۆ بگرێت.
هێزی سەرمایەداری یەهودی لەم سەردەمەی مۆدێرنێتەی سەرمایەداری سەرەكیترین هێزی بونیادنەرە، ئەمەش ڕاست دەست نیشان كردنی ئەو هێزەیە لە سیستەمدا،ئەمە لە كاتێكدایە ئیسرائیل ناوەندی سەرنجی یەهودییە میلیگەراكانەیە، بۆیە سەرنجی یەهودییە نێودەوڵەتییەكان لە ڕوانگەی كۆمپانیا جیهانییەكانیانەوەیە. سەرمایەی یەهودی میلیگەرایی ووك چۆن دەستی لە قۆرخكاری ئابوری هەیە، دەستی لەهەر قۆرخكارییەكی سیاسی و ستراتیژی جیهانیش هەیە. بێگومان لە ئەگەری درێژەپێدان و فراوانكردنی بەرەی جەنگ لەناوچەكەو ڕۆژهەڵاتی ناوین، بەرەو قۆناغێكی سەخت ئەبات، چون بەردەوامی جەنگ و كوشتن ڕێگا لە پێش بەرپەرچدانەوە ئەكاتەوە و ڕەنگە دواجار سەرچاوەی سەرەكی و پشت پەردەی هێزە یارمەتیدەرەكەی حەماس و حیزبوڵاو حەشد كە ئێرانی هیلالی شیعییە لە لایەن ئیسرائیل و هاوپەیمانەكانییەوە لە ناوچەكەو ئەو وڵاتانەی كە تیایدا هێزە لایەنگرەكانی تێدایە، ڕوبەروی هێرش بكاتەوە و دەستپێكی قۆناغێكی سەخت و جەنگێكی بەرفراوان و درێژخایەن بكاتەوە و لەم چوارچێوەیەشدا قۆناغێكی نەرێنی بۆ كۆمەڵگاكانی ئەو وڵاتانە دروست ئەبێت، سەرەكیترین هێزی بەرپرسیار لە ڕودانی ئەو جەنگ و لەناوبردن و كۆمەڵكوژییانە مۆدێرنێتەی سەرمایەداریە كە ئامانج لێی دارشتنەوەی نەخشە جیۆپۆلۆتیكی و سیاسییەكەی ناوچەكەیە كە ئامادەكارییان بۆ كردووە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت