عەبدوڵا کەریم مەحمود: قەڵای کەرکوکیان کرد بە عەبدولرەقیب.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئێوارەی 16. 03. 1990 مامۆستا عەبدولرەقیب یوسف لە تەلەفیزونەوە سەدام حسینی سەرۆک کۆماری عێراق لە سەر قەڵای کەرکوك بینی، بڕیاری دا: ئەو خانوەنانەی قەڵای کەرکوک بڕوخێنن و قەرەبووی خاوەنەکانی بکەنەوە. مامۆ ستا عەبدولرەقیب یوسف، ئاماژەی بەوەکرد:
سەدام حسینی سەرۆک کۆماری عیراق لە 16. 03. 1990، بڕیاری خاپورکردنی قەڵایدا، لەیادی ژەهربارانی هەڵەبجەدا بەکوردی وت:
چۆن بە رەشەبای ئەنفال و ژەهری کیمیایی، پێنچ هەزار ژن و پیاو منداڵم لە هەڵەبجە کوشت، دەهەزار کەسم بریندار کرد، شارەکەم خاپور کرد، ئاواش دوای دووساڵ لەو یادە، مێژووی کەلەپووری کورد لە قەڵای کەرکوک خاپووردەکەم.
مامۆستا عەبدولرەقیب یوسف بە خەم و حەسرەتێکی زۆری ورد و قوڵ، بیری لەوە دەکردەوە دوای رەشەبای ژەهرو ئەنفال، سەدام قەزای هەڵەبجەو پێنجوین و چوارتاو دوکان و قەڵادزی و ناحیەی سەنگەسەر و خەلەکان و ماوەت و خورماڵ و سەیدسادق و ئەتروش و سیدەکان و شەرانش و سەراپا گوندەکانی خاپور کرد، ئێستاش بریاری خاپورکردنی قەڵای کەرکوکیدا.
عەبدولرەقیب دەیزانی بڕیاری روخانی قەڵای کەرکوک بۆ گۆڕینی ناسنامەی نەتەوەیی کوردە لە کەرکوک، بیری لەوە دەکردەوە بە چ ڕێگایەک و چۆن بتوانێت رووبەرووی بڕیاری روخانی قەڵاکە ببێتەوە، دەیزانی کەس جورئەتی نییە و ناتوانێت لەو بارەیەوە لە گەڵ سەدام بدوێت، رای جیاوزاز هەبێ هەڵوێستی دژ بە بڕیارەکەی هەبێ.

نامەکە ی عەبدولرەقیب
مامۆستا عەبدولەقیب لە 30. 8. 1990 نامەیەکی 11 لاپەرەیی بۆ بەڕیز دکتۆر (موئید سەعید)بەڕیوەبەری گشتی شوێنەوارو کەلەپوری عێراق لە بەغداد نارد, بە ناونیشانی (ضرورة الحفاظ علی سلامة قلعة کرکوک بکافە – دورها و ازقتها ) نووسی، بە واتای ( پێویستە قەڵای کەرکوک بە هەموو خانوو و کۆڵانەکانی یەوە بپارێزین.
بەڕێوەبەری گشتی، لە بنەماڵەیەکی دەمیرچی کەرکوک بوو، پشتگیری داواکەی عەبدولرەقیبی کرد. عەبدولرەقیب چەند زانیارییەکی نوێ و وردو قوڵی خستە ناو نامەکەوە، بۆئەوەی بەهای گرنگی شوێنەواری دێرینی قەڵای کەرکوک زیاتر بخاتە روو، نەیڕوخێنن، بەڕێوەبەری گشتی شوینەوارانی عێراق، ئەو جۆرە زانیاریانەیان نەدەزانی.
بە نامەکان و زانیارییەکاندا، ئەمجا زانی هیچ کەس وە ک عەبدولرەقیب ئاوا بە وردی پشکنینی بۆ قەڵا ی کەرکوک نەکردووە. لە بەر بەهای گرنگی نامەکە کان، بەریوەبەری گشتی پوختەی ناوەڕۆکی نامەکانی بە جیانوسی و لە نامەکدا ناردی بۆ بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوارانی کەرکوک، تا بە گرنگی بەهای قەڵا بزانن، بۆ ئەوەی بزانن عەبدولرەقیب چەند شارەزی و بە عەشقێکی دەروێشانەوە گەڕاوەو ماندوو بووە.

فضولی البغدادی
عەبدولرەقیب لە نامەکەیدا باسی خانووی شاعیری بەناوبانگ (فضولی البغدادی ) کرد بوو، بە هۆی بەڕێز مەجید جەمیلەوە، باسی مزگەوتی فضولی کرد بوو، بە ناوی (فضولی )ەیەوە، لە نزیک خانووی فضولی لە لای رۆژهەڵاتەوە بە ( مزگەوتی زیندان ) ناسرابوو. لە بەرئەوەی لە باکورەوە بەرامبەر بە زیندان بوو، لە بەر ئەوە ناوی فضولی لەسەر نەمابوو، کەم کەس دەیزانی ناوە کۆنەکەی مزگەوتی فضولی بووە.
فضولی ناوی( محەمەد ی کوڕی سلیمان )بوو، لە ساڵی ( 1555 / 1556ز) کۆچی دوایی کردووە، خەڵکی کەرکوک بووە و شاعیرێکی دیارو بەناوبانگی تورکمان بووە. هەندێک کەس بە ناوی ( میری شاعیرانی تورک )ی دادەنێن.
لە نامەکەدا باسی چۆنیەتی بوژانەوەی قەڵای کرد بوو، نوسیویبووی: پێویستە سەدام حسین بڕیاری روخانی قەڵای کەرکوک بەتاڵ بکاتەوە، نابێ گۆڕانکاری لە بواری مێژووی و بیناسازی و کەلەپووری لە قەڵادا بکرێت، نابێ یەک خانوو لە خانووەکانی قەڵا بڕوخێنرێت.
مامۆستا عەبدولرەقیب لە بارەی بوژانەوەی قەڵا، 15 خاڵی نووسی بوو، لە 13. 5. 1990 یەک لاپەڕەی لە بارەی قەڵای هەولێرەوە نوسی بوو، خستبویە ناو نامەکانی، لەو نامەیەدا، چەند جارێک باسی ئەوەی کردبوو، نابێ دەستکاری قەڵای کەرکوکی بکرێت.

تەلەفونەکەی عەبدولرەقیب
لە 6. 11. 1990 مامۆستا عەبدولرەقیب یوسف تەلەفونی بۆ بەڕێز (سلمە عبدالرسول ) بەرپرسی بەشی کەلە پور (تراث )، لە بەڕیوەبەرایەتی گشتی شوینەوارانی عیراق کرد و پێی وت:
لە 30. 8. 1990 نامەیەکم بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەواران لە بارەی قەڵای کەرکوکەوە ناردووە، وەلامی نامەکەم چی بوو ؟
سەلیمە بە ترسەوە پێی وت: بەڕێوەبەری گشتی لە سەرنامەکەتی نوسیووە: هناک خطة و توجیهات – للحفظ. واتە/ پلان هەیە و تەوصیە هەیە – بۆ هەڵگرتن )
سلمە بە دەنگێکی نزمی پڕ لە ترسەوە دووجار بە عەرەبی بە عەبدولرەقیبی وت:
ئایا دەزانی تەوجیهات چی یە؟
عەبدولرەقیب وتی: بەڵێ
سەلمە وتێ: بەڵی واتا مەسەلەی قەڵا فەرمانی سەدامە، کەس ناتوانێت بەرەنگاری فەرمانی سەید رەئیس ببێ، لە بەر ئەوەی نامەکەت زۆر گرنگ بوو، زانیاری وردی تیا بوو،کورتمان کردەوە، ئەو زانیاریانەمان نارد بۆ بەڕێوە بەرایەتی شوێنەواری کەرکوک.

بێ دەنگی و ترسی بەڕیوەبەری گشتی
مامۆستا عەبدولرەقیب ئاماژەی بەوەکرد: موئید سەعیدی بەرێوەبەری گشتی مرۆڤێکی زیرەک و دڵسۆز و چالاک بوو، هەرچەندە لە بەرگریکردنی عەبدولرەقیب لە شوێنەوار و بینای کەلەپورییەکان ( تخریب مجموعـة من الاثار والتراث فی کردستان ). واتا (وێرانکردنی کۆمەڵێک شوێنەوار و شتی کەلەپوری، لە ( حدود کردستان الجنوبیة) ل 455- 480 پشتگیری عەبدولرەقیبی کردبوو، بەڵام لە بارەی قەڵای کەرکوک بێ دەنگ بوو، سڵی کردەوەو ترسا و نەیوێرا بەرهەڵستی بڕیارکەی سەدام بکات، عەدولرەقیب دوای چاوەڕوانیەکی زۆر، زانی نامەکەی هیچ ئەنجامێکی نییە.

برسکەکەی عەبدولرەقیب بۆ سەدام
لە6. 12. 1990 رووی کردە بەریدی سلێمانی و بروسکەیەکی نارد بۆ سەدام، بێ ئەوەی هیج مەدحێکی سەدام بکات، لەوێ پیان وت، بنوسە (حفیض اللە ). مامۆستا عەبدولرەقیب لەوەڵامدا وتی: من هاوڵاتیەکی سادەم، دائیرەی حکومی نیم، نانوسم (حفیض اللە ).
لەوێ پێیان وت: جارێکی تر لێرە بروسکەت بۆ ناکەین، گەر (حفیض اللە ) لە گەڵ ناوی سەید رەئیس نەنوسیت، رووبەرووی لێپرسینەوەی توندت دەکەینەوە. دوای ماوەیەکی کورت هەر لە 8. 12. 1990 بروسکەی تری نارد بۆ سەرۆکی دیوانی کۆمار و عەدنان داود سلمان ئەندامی دیوانی سەرۆکایەتی کۆمار، بۆ وەرگرتنی بیرورایان لەسەر قەڵای کەرکوک.
سعدون علوان مصلحی وەکیلی سەرۆکی دیوان بە ژمارە (ش .ع) / آ / 6 / 18201، بە ئیمزای خۆی ناردی بۆ وەزیری رۆشنبیری، لە گەڵ وێنەیەک لە بروسکەکەی عەبدولەقیب بۆ سەدام، تا وەزارەتی رۆشنبیری بیروڕای خۆی لە بارەی ناوەرۆکی بروسکە کەوە بخاتە روو، ئایا قەڵا بڕوخێنن، یا نا؟
نوسراوەکەی دیوانی سەرۆکایەتی بە ناونیشانی (الموضوع عبدالرەقیب یوسف ) نوسرا بوو ،(م / السید عبدالرقیب یوسف ). واتە ( (بابەت / بەڕێز عبدالرقیب یوسف )، دەبوایە بیان نوسیایە (م / قلعە کرکوک )واتا ( بابەت/قەڵای کەرکوک ). بەڵام لەبەر ئەوەی مەسەلەی ( خاپوورکردنی قەڵا ) بڕیاری سەرۆک کۆماربوو، بابەتێکی ترسناک بوو، دەچوە خانەی جینۆسایدی کلتووری.

قەڵای کەرکوکیان کرد بە عەبدولرەقیب
دیوانی سەرۆکایەتی نەیان ویست ناوی قەڵای کەرکوک بهێنن بۆ ئەوەی راگەیاندنەکانی عێراق و دەرەوە ئەو کارە نەهەژێنن، لەبەر ئەوە ناوی قەڵای کەکوکی کرد بوو بە ناوی عەبدولرەقیب یوسف.

( لوتکەی هەڵوێست )
ئەمە ش لوتکەی هەڵوێست و جورئەتی عەبدلرەقیبی دەخستە روو، گەورەترین هەڵوێست بوو، بوو بە مایەی تێڕامانی سەدام و دیوانی سەرۆکایەتی و شوێنەوار ناسان.
لە سەر برسکەکەی مامۆستا عەبدولرەقیب یوسف، سەدام حسینی سەۆک کۆماری عێراق، بڕیاری ( خاپورکردنی قەڵای کەرکوکی ) بەتاڵ کردەوە، ئەو بەڵیندەرەی نزیکەی 100 خانووی زیاتر لە قەڵای کەرکوکی رووخاند بوو دەرکرد.

سەرچاوە و پەراوێز :
دیدارێک لە گەڵ مامۆستا عەبدولەقیب یوسف، لە گەڵ چەند بەڵگە نامەیەکی گرنگ.
قەڵای کەرکوک دەگەڕیتەوە بۆ ناوەڕاستی سەدەی هەژدە ی پ.ز، سەرچاوەیەکی تردا دەڵێت: میژوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەزارەی سێ یەمی پ.ز، مەلیکی ئاشوورییەکان لە 331 پ .ز ، گرنگیان بە قەڵاکە داوە.
دوای چەند سەدەیەک ( ئەسکەندەری مەقدونی ) پەلاماری قەڵاکەی داوەو (شا داریۆشی سێییەمی )فارسی لە ناوبردوە و کۆتایی بە دەسەڵاتەکەی هێناوە، لە ساڵی 323پ.ز دوای کۆچی دوایی ئەسکەندەر ی مەقدۆنی، لە 311 – 319 پ.ز ، دەسڵاتەکەی کراوە بە دوو بەش، کەرکوک بووە بە بەشێک لە دەسەڵاتی (سلوق )، دەوڵەتی سلووقییەکانی دامەزراندوە و قەڵای کەرکوکی نۆژەن کردوەتەوە. بە هۆ ی جەنگەکانەوە، زیان بەر قەڵا کەوتووە، 72تاوەری نوێی بۆ دروست کردووەو دابەش کراوە بە سەر چەند کۆڵان و دوو دەرگای سەرەکی، ئەم پاشایە هۆزو نەتەوەکانی تری گواستوەتەوە بۆ ناوچەکانی نزیک قەڵا، قەڵای کردووە بە ناوەندێکی گرنگ بۆ دەسەڵاتەکەی.
دوای چەند فەرمانڕەوایەکی تر دەسەڵاتیان بە سەر ناوچەکەدا هەبووە، دوای ساسانییەکان و بڵاوبوونەوەی ئیسلام، دەسەڵاتی ئیسلام لە ناوچەکەدا بەردەوام بووە.
لە سەدەمی عوسمانییەکان گرنگی تایبەتی بەقەڵا دراوە، چوار دەرگایان بە دیزاینی تایبەتی بۆ دروست کردووە، بەهۆی جەنگ و هەلو مەرجی نائاساییەوە، زیان بە قەڵاکە گەیشتووە/ ئیسرا بورهان. قەڵای کەرکوک، کتێبی یار.
مامۆستا عەبدولرەقیب یوسف کتێبێکی بە ناوی ( قەڵای کەرکوک و هەوڵدانم بۆ رزگارکردنەوەی ) لە دوو توێ ی 352 لاپەڕەدا، چاپ و بڵاو کردەوەتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت