دانا مەنمی: قودس لە نیوان ئایین و پرۆژەی ئیمپریالیزمدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

تێگەیشتن لە حوکمی مێژوو بۆ دروستکردنی دەوڵەتەکان، ئەوەمان پێ دەڵێت؛ کە زۆرینەی دەوڵەتەکانی دونیا، یان بە پلانی کۆلۆنیالیزم دروست بوون، یانیش بە پاڵپشتی ئیمپریالیزم! هیچ وڵاتیک نەیتوانیووە لەسەر خاکێکی خۆرسک سەربەخۆی سیاسی بۆ خەڵکەکەی بونیاد بنیت. بەڵکو لە ئەنجامی پەلاماردان و داگیرکاریدا خاکی میللەتیکی تر داگیر کراوەو شەرعیەتیکی سیاسیان بەخشیوە، بە پرۆسەی داگیرکارییەکەو ناویان ناوە دەوڵەت. داگیرکاری دیوێکی گرنگی بابەتەکەیە بۆ تیگەیشتن لە پرسی ئیسرائیل و فەلەستیندا.
دیوێکی تری مێژوو بەستراوە بە تیکستە ئاینییەکانەوە، هیچکات قودس دابڕاو بێبەش نەبووە لە ململانێ و بەریککەوتنی هەرسێ ئاینەکە ( ئیسلام و مەسیحی و یەهودی)، لە دیدی موسڵمانەکان قودس قیبلەی یەکەمەو مزگەوتی ( الاقصی) تیدایە. لای مەسیحیەکانیش بە زەوییە پیرۆزەکان ناو دەبرێت و کەنیسەی قیامە لە قودسە، بەپێی بیروباوەڕی ئەوان (یەسوعی مەسیح ) لە قودس لەدایک بووەو ژیاوەو بانگەوازی ئاینەکەی لە فەلەستینەوە بۆ هەموو دونیا بڵاوبووەتەوە. لە روانگەی جولەکەکانیشەوە فەلەستین شانشینی ئیسرائیل ( یەهوزا)یەو پایتەختەکەیان (ئۆرشەلیم ) بووە. یەهوزای ئەسخەریوتی یەکێک بووە لە دوانزە هاوەڵەکەی مەسیح و دواجار لەبەرامبەر (30 ) دراوی زیودا، خیانەتی لە مەسیح کردو دای بە دەستەوەو لە خاچ درا، ئینجیلی لۆقا ئایەتی (19. 20. 22 ) باسکراوە.
قودس، یان ئۆرشەلیم پێش ئەوەی کێشەیەکی سیاسی بیت کێشەیەکی مێژووی قوڵی ئاینیە. رۆژئاوا هەر زوو کۆمەڵگای مەسیحیەتیان لە جولەکە پاککردەوە، بەشێکی زۆری جولەکەکان لە دوای قەتڵوعامی هۆلۆکۆست ناچار بە دەربەدەرکردن لە هەموو ناوچەکانی ئەوروپا بونەوە. سیاسەتی هەناردەکردنی جولەکە لە وڵاتانی ئەوروپا و ڕوسیاوە بۆ ئیسرائیل بەشێک بوو لە پرۆژەی ئیمپریالیزم. دیوێکی ئەم سیاسەتە ئیمپریالیزمیە پاشخانێکی ئاینی هەبوو کە جولێنەری پرۆژەی کۆچی بە کۆمەڵی جولەکە لە وڵاتانی رۆژئاواوە بەرەو ئیسرائیل، ئەو هێزە ڕەگەزپەرست و ئەو گروپە ئاینیە توندڕەوانان بوون کە خیانەتەکەی یەهوزایان دژ بە مەسیح لە بیر نەکردبوو.
دواجار تیگەیشتنی مەسیحیەت لە رۆژئاواو تیگەیشتنی ئیسلام لە رۆژهەڵات دژ بە جولەکە، دۆخێکی هێنایە پێش کە جولەکەی هەموو وڵاتەکانی تری یەکڕیز و یەکگرتوو کرد و بە قازانج بۆ پرسە نەتەوەییەکانی جولەکە شکایەوە. دەی ئەگەر ئەم دژبوونەی کۆمەڵگای ئیسلامیەت و کۆمەڵگای مەسیحیەت بەرامبەر جولەکە نەبوایە، ئیسکی هیچ مرۆڤێک بە دیندارو بێ دینەوە نەدەشکا و ئەم هەموو خوینڕێژییە ڕووی نەدەدا و لەنێوان هەر دەیەو چارەکە سەدەیەک، جەنگی ناوخۆی و هونەری برسیکردن و ئاوارەکردنی مرۆڤ ڕووی نەدەدا. هەموو جەنگەکان بەرهەمی فیکری مرۆڤن، ئەوەی سەیرە وێنەی هیتلەرەکان لەناو یادەوەری مرۆڤەکان زیندووە تا وێنەی گاندییەکان!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت