دانا مەنمی: شەڕی ئازادی لە شاکر فەتاحەوە بۆ کاوە گەرمیانی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەعس لە سەردەمی خۆیدا هەریەک لە ( شاکر فەتاح و دڵشاد مەریوانی و عەبدولخالق مەعروف) ی تیرۆر کرد، هەریەک لەمانە نوسەری بوێرو راستگۆو خاوەن ئیرادەی سەردەمی خۆیان بوون، شیرکۆ بێکەس لە رۆژی شەهیدکردنی (عبدالخالق مەعروف ) دا لە شیعرێکدا بەناونیشانی (کەڵ ) بە میری شەهیدی قەڵەم ناوی دەبات، لەو سەردەمەدا کە (شاکر فەتاح و عبدالخالق مەعروف و دڵشاد مەریوانی ) تیرۆرکران، بەشێک لە قەڵەمفرۆشەکانی ئەو سەردەمە بانگەشەیان دەکردو دەیانگوت ( رژێم باوکمانە با لەگەڵی ڕێکبکەوین) و هەندێکجاریش توانج و تەعلیقلیان لە کەسانی وەکو ( شاکر فەتاح و عبدالخالق مەعروف ) ئەداو دەیانگوت ئەمانە ( یاخی بووی خۆفرۆشن ). بەڵام دوای ڕاپەرین کاتێک زانییان ئیتر هیوایەک نەماوە بۆ گەڕانەوەی بەعسیزم لە کوردستان، یەکەمین کەس ئەوانە هاتنە شەقام کە توانج و تەعلیقیان لە (شاکر فەتاح و عەبدالخالق مەعروف ) ئەدا بۆئەوەی فەزاحەت و بێهەڵوێستی و ڕووڕەشی ئەو هەڵوێست و هۆنراوانە بسڕنەوە کە بۆ باڵای سەدام و سیستەمی بەعسیزم دەیانووسی!
بە درێژای مێژوو هیچ رژێمێک بە هێرش و سەرکوتکردن و تیرۆرکردنی رۆژنامەنوسان ناتوانێت بەردەوامی بە دەسەڵاتی خۆی بدات، بەعس رۆیشت و نەماو ناوی (شاکر فەتاح و عەبدالخالق مەعروف و دڵشاد مەریوانی ) یش بەسەربەرزی مایەوە، لە دوای ڕاپەڕینیش خەسڵەتی کوشتن و ئازاردانی قەڵەمە یاخییەکان بەجۆرێک لە جۆرەکان سپیکردنەوەی ڕووی رژێمی بەعسە کە (پارتی و یەکێتی)پەنای بۆ دەبەن، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا تا دێ بە پلەی یەکەم هەڕەشەی پارتی بۆ کپکردنی دەنگی ئازاد و قەڵەمە یاخییەکان زەقتر دەردەکەوێت، ئەوەی گرنگە ئەوەیە نابێ لەبەرامبەر ئەم دیاردەیە و ئەم مۆدێلە لە کوشتن و بێدەنگکردنی کۆمەڵگا خەمساردو بێباک بین، چونکە ڕۆژانە مەودای پانتایی ئازادی ڕادەربڕین ئازادی چالاکی سیاسی و خۆپیشاندان و ئازادی کاری میدیای تەسکتر دەبێتەوە.
لەم دۆخەدا ترسی من ئەوەیە کە بێدەنگی و ترس ببێتە قەدەری مرۆڤ و کۆمەڵگا، بەمانایەکی تر تاکی کورد نەتوانێت قۆناغی ترس تێپەرێنیت و ترس ببێ بە بەشێک لە سروشتەکەی و خۆی تیدا مانفێست بکاتەوە و بوێری ئەوەی نەبێت کە رەخنە لەو حیزبەو لەو حکومەتە بگرێت کە بووەتە هۆکاری ماڵوێرانی دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەینێ. ترس و بێدەنگی دوو ڕووی دراوێکن و هەموو بێدەنگیەک نەشتەرگەرییەکی جوانکارییە بۆ کلتوری مەرگدۆستی کە پارتی و یەکێتی پەنای بۆ دەبەن، بە پلەی یەکەم پارتی خواستی ئەوەیە بەسەر لاشەی هەزارەها دەنگی ئازادو نوسەرو ڕۆژنامەنوس و چالاکوانی ڕەخنەگردا ببپەڕێتەوە بەئامانجی داپۆشینی فەزاحەتەکانی، لەدوای تیرۆرکردنی ( سەردەشت و سۆران و عبدالستار و ویداد و شوکری ڕیکانی و کاوە گەرمیانی ) مۆدێلێکی تر لە کوشتنی کەسایەتی رۆژنامەنوسان سەریهەڵدا کە ئەویش شێواندنی ناوناوبانگی زیندانەکانی بادیناندا بوو کە پارتی بۆ بێدەنگکردنی کۆمەڵگاو ترساندنی قەڵەمە یاخییەکان پەنای بۆ برد، هەرچەندە دۆسیەی (شیروان شێروانی و گیراوانی بادینان ) دۆسیەیەکی زیندووە لای ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و شێروان شیروانی و گیراوانی بادینانیش لە چاوی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و دونیای دەرەوەدا خاوەنی بەهای بەرزی ئینسانی و هەڵوێستی جوانی مرۆڤدۆستین و من دڵنیام تا دونیا دونیایە پارتی ناتوانێت ئەم فەزاحەتە پینەو پەڕۆ بکات.
دوێنێ دەیەمین ساڵیادی ڕۆژنامەنووس ( کاوە گەرمیانی ) بوو، گەرمیانیەک کە خەمی گەرمیانیەکانی بە کۆڵدا بوو، عەوداڵی دادپەروەری و دژی چەوساندنەوەو لە بەرەی ستەملێکراواندا بوو. کاوە گەرمیانی جوامێرێکی سەربەرزو سەربڵندی گەرمەسێر بوو، هەڵۆ ئاسا لە شەقەی باڵی دەدا و قەڵەمەکەی چەکوش بوو بۆ سەری دزو گەندەڵکاران، کاوە گەرمیانی نمونەیی قەڵەمی یاخی و مرۆڤی بوێر بوو لە کاری رۆژنامەگەریدا، ڕاستە ئەوانەی کاوە گەرمیانیان تیرۆر کرد گەیشتن بە مەرامی خۆیان، بەڵام لە دوای کاوە سەدان کاوەیتر لە دایک بووە و ناوی کاوە گەرمیانیش وەکو شاکر فەتاح بە زیندووی دەمێنێتەوە، لە کۆتایی دا دەڵێم؛ گرنگه‌ بێ هیوا نه‌بـین و ئـیراده‌مان لاواز نه‌بێت، چونكه‌ شه‌ڕی ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی شه‌ڕی ئیراده‌یه.‌

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت