دانا مەنمی: هوشیاری ئینسان لە بینینی وێنە گەورەکەدایە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەموو میللەتێك مافی ئەوەی هەیە حكومەتەکەی خراپ بێت و بیڕوخێنێت، بەڵام پێش ڕوخاندنەکە دەبێ ئەلتەرناتیڤێکی بۆ دوای روخاندن ئامادە کردبیت و حکومەتیکی باشتر بونیاد بنێتەوە، 33 ساڵە پارتی و یەکێتی تیجاڕەت بە بیزنسی کوردایەتیەوە دەکەن، لە شاخیش شەڕی ئەمانە بۆ ئەوە بوو کە مارکێتینگەکانی کامیان (جنیودان، ناوزراندن، هۆنینەوەی بوختان و تیرۆری سیاسی و… هتد) باشتر کار دەکاتە سەر سایکۆلۆژیای کۆمەڵگاو شەقامی کوردی، لەدوای ڕاپەرینیشەوە لە کابینەی یەکەم هەتا کابینەی نۆیەم هەر کابینەیەک پێکهێنرابێت هەرگیز لە کابینەکەی پێشخۆی باشتر نەبووە. ئێوە لە کابینەی یەکەمی فواد مەعسومەوە هەتا کابینەی نۆیەمی مەسرور بارزانی تەماشای بکەن، هیچ کوردێک دڵی بەم کابینانەو بەم حکومەتە تڕە کەڵەکە خۆش نەبووە، هیچ کوردێکیش سەرۆکی هەرێم و وەزیرەکانی حکومەتی هەرێمی بە وەزیری خۆی نەزانیوە، هەرگیز کوردێک دڵی بەم فۆڕمە لە ئیدارەدان و بە فەتوای زۆنی زەردو فەتوای زۆنی سەوز خۆش نیە.
ئەوەی خەڵکی کوردستان لە کابینەی نۆیەمدا تێبینی کردووە بە خێزانیکردنی حکومەتە کە پارتی بۆ یەکەمین جار لەم کابینەیەدا هەیمەنەی خێزانی لە حیزبەوە گواستەوە بۆ ناو حکومەت، یەکێتی لە کابینەی نۆیەمدا کاری باوێشک و وەنەوزی سیاسییە و عاقڵ دانیشتون و چاویان لە دەستی پارتییە کە شوێنگەی سیاسی داهاتوویان بۆ دەست نیشان بکات، هەرچی بزوتنەوەی گۆرانیشە توشی هەناسەسواری بووەو بزوتنەوەکە بووەتە بەشیکە لە نەخشەریگای پارتی تا بتوانن نائومێدی خەلک لەڕێگای ئەمانەوە بچننەوە، نەوەی نوێش تەواوکەری پارتی و یەکێتی یە، چونکە ئەمانیش لەپشتی پارتی و یەکێتیەوە فەزاحەتەکانی خۆیانیان شاردووەتەوە، کەواتە هەموان پێکەوە هەموو شتیکیان دەوێ لە دەرەوەی یاسا و حوکمداری، تەنها حوکمداری خۆی نەبێ! هەمووانیش پێکەوە یاری بە دەماری خەڵک و هەست و سۆزی کۆمەڵگا دەکەن، مەسەلەن تۆ بۆ ئەوەی مەیلی خەڵک بەلای خۆتدا رابکێشیت ژینگەیەکی سایکۆلۆژی دەخولقێنیت، ژینگەیەک کە ئەوەندەی ئامانجی ختوکەدانی خەڵکە ئەوەندە ئامانجی خزمەتکردن و چاکەی گشتی و ئاشتکردنەوەی خەڵک نیە لەگەڵ خۆیاندا!
ئەمڕۆ لەهەموو کات زیاتر پارتی و یەکێتی و بزوتنەوەی گۆران و نەوەی نوێ بەرپرسیارن لەم دۆخە خراپەو سڵناکەنەوە لە وێرانکردنی هەموو شتێک و لەسەروی هەموویانەوە لەباربردنی متمانە! ئیستا خەڵک ئەمانە وەک سەرچاوەی هەموو بەدبەختییەکانی ژیانی خۆی تەماشا دەکات و لە ڕاستیشدا هیچ کات ئەمانە ئامرازێک نەبوون بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خەڵک، ئەمانە زۆر دورن لە فرسەخ و لە خەمە گشتییەکان و لەوەش زیاتر ڕۆچونەتە ناو تێکشکاندنی شکۆو بەهای تاکی کوردو بێئەرزشکردنی بەها کۆمەڵایەتیەکان، لە هیچ گۆشەیەکەوە سیاسەتی پارتی و یەکێتی وئۆپۆزسیۆن ناچیتەوە خزمەتی چاکەی گشتی و هەمووی هەر بۆ ئەوەیە خراپتری بکات وشار و تەپۆڵکە نەماوە، بازاڕ و بیزنس نەماوە قۆرغی نەکەن! هوشیاری ئینسان ئالێرەو لە بینی تابلۆکەدایە کاتیک پارتی و یەکێتی خراپن مانای ئەوە نیە کە موعارەزە نەخەینە ژیرپرسیارەوە!
بەلام پارتی حیزبی ژمارە یەکی سەرجەم شکستەکانی ناو ئەزمونی سیاسییە لە کوردستان، هیزێکە بێ هیچ تەفسیرکردنێک خاوەنی هیچ سیستەمێکی فیکری و پرەنسیپ و ئایدۆلۆژیایەک نییە، ئەمڕۆ شتیک دەڵێ سبەینێ بانگەشە بۆ پێچەوانەکەی دەکات، زۆرجاریش هەموو ئەو شتانەی دەیلێت پشتیان تیدەکات، پارتی لە ڕێکەوتنی سیاسیدا لەگەڵ لایەنەکاندا بەهار دێنێتە چۆکان و هەنگوینی لە دەم دەبارێ هەتا ڕێکەوتنەکە واژۆ دەکرێت، ئیتر دوای چاوی بەرژەوەندی خۆی نەبێ هیچ شتیک نابینێ، پارتی کاتێک ڕێکە لەگەڵ یەکێتی و موو بەبەینیاندا ناچیت لەسەر حسابی بەرژەوەندی گشتیە،کاتیکیش تێکی ئەدەن و دەیگەیەننە مریشکە ڕەشە هەر لەسەر حسابی بەرژەوەندی گشتیە! پەریزی هیچیان بەوە پاکنابێتەوە کە یەکتری تۆمەتبار بکەن و بڵێن خەتای پارتی بوو یان یەکیتی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت