سەردەشت محەمەد: دەباشان لە بەردەم تاقیکردنەوەی مامۆستایاندا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

نیگەرانی و ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم، لەبارەی پرسی دواکەوتنی مووچەوە، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەرەو زیادبون دەچێت و بەتایبەت پاش بە بارمتەگرتنی ئەو بڕە بودجەیەی کە حکومەتی عێراق وەک بەشێک لە مووچەی مووچەخۆران ڕەوانەی هەرێمی کردوە و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پێی وایە پارتی دیموکراتی کوردستان بەتەنها هۆکارە بۆ خوڵقاندنی ئەو دۆخە نەخوازراوە و خۆیان وەک پشتیوان و خەمخۆری مامۆستایان دەزانن و ئامادەی هەموو جۆرە هاوکاری و هاوهەڵوێستییەکن.
هەربۆیە مامۆستان و فەرمانبەران دوای نائومێدبون لەحکومەتی هەرێم و پاش دەرکردنی بڕیاری دادگای فیدراڵیی عێراق کە هەر فەرمانگەو بەڕێوەبەرایەتییەک دەتوانێت ڕاستەوخۆ پەیوەندی لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێرقدا ببەستێت، دەیانەوێت ڕووی ناڕەزایەتی و داواکاریەکانیان بکەن دەباشان و ئەو دەرگایەش تاقی بکەنەوە.
هەرچەندە پرسی دواکەوتنی مووچەو نیگەرانی مامۆستایان و فەرمانبەران ماوەی 10ساڵە درێژەی هەیە و لەوماوەیەشدا یەکێتی وەک فریادڕەس و خەمخۆری دۆخی هاوڵاتیان و مووچەخۆران خۆی ناساندوە و لەڕێگەی میدیاکانییەوە ئاماددەی هەموسازشێکە لەگەڵ بەغدادا، تەنها لە پێناو بەرژەوەندی مووچەخۆران و مامۆستایاندا، بەڵام تائێستا ئەو هەڵوێستەی یەکێتی تەنها لەچوارچێوەی قسە و لێدوان و نوسراودایە و لە باری پراکتیکیدا هەنگاوێکی نەناوە، بەڵام بۆ لەمەو دوا و بەتایبەت دوای دەرکردنی بڕیارەکانی دادایی فیدراڵی ئیدی یەکێتی دەکەوێتە بەردەم ئەرک و بەرپرسیارییەتییەکی قورستر و هیچ بیانوییەک نییە بۆ یەکێتی کە خۆی لە داوایی مامۆستایان و فەرمانبەران بدزێتەوە و بە تایەت کە لەم ڕۆژانەدا مامۆستایان و فەرمانبەرانی شارەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین و قەزای کۆیە دەیانەوێت گردبونەوە و ناڕەزایەتییەکانیان ببەنە دەباشان، بۆیە دەبێت چاوەڕێ بین ئەمجارە بافڵ تاڵەبانی و بەرپرسانی یەکێتی دێنە ناو خۆپیشاندان و گردبونەوەکانی مامۆستیان و فەرمانبەرانەوە و لەنزیکەوە گوێیان لێ دەگرن یاخود بەبیانوییەک پشت لە داوەکاریەکانیان دەکەن و ئەو دەرگایەش بەسەر مامۆستایاندا دادەخەن؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت