سەردەشت محەمەد: چۆن ڕۆژی زمانی دایک بەرز ڕابگرین؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانی زمانی دایکە، ڕۆژێک کە بەبڕوای من ئەگەر بۆ هەرگەل و نەتەوە و کۆمەڵگایەکی دیکە بەرزڕاگرتنی زۆر جێگەی گرنگی و بایەخ پێدان نەبێت، ئەوا بۆ گەلی کورد زۆر پێویست و گرنگە کە ئەو یادە زۆر بەرز و پیرۆز ڕابگرێت. چونکە ئەگەر بە مێژووی کورددا شۆڕببینەوە ئەوکات تێدەگەین هیچ وەخت و سەردەمێک نەبووە هێندەی ئێستا زمان و کەلتور و ڕۆشنبیری و خاک و سەروەری کورد لە ژێر مەترسی داگیرکاری و لەناوچوندا بێت.
ڕاستە مێژووی کورد پڕە لەداگیرکاری و لەناوبردن، بەڵام ئەوەی ئەم لەناوبردن و داگیرکاریانەی ئێستا لە ڕابردوو جودا دەکاتەوە ئەوەیە کە ئێستا خودی تاکی کورد بێئاگا خۆی پێشی داگیرکەران کەوتووە.
ئەگەر لەڕابردودا دەگیرکەران بەدوای داگیرکردن و دابەشکردنی خاک و نەهێشتنی هەستی نەتەوایەتی و لەناوبردنی کەلتور و زمانی کوردییەوە ببون و هەموهەوڵێکیان بۆ سەرخستنی پیلانەکانیان بوبێت، ئەوا ئێستا خودی تاکی کورد بێئاگا و بێ هەستکردن بەو مەترسیانە و خۆپاراستنیان لێیان سەرقاڵی جێ بەجێکردنی ئەو پیلانانەی دوژمنن، ئەوەی جێگەی مەترسییە جێبەجێکردنی ئەوپیلانانەش هەموی لەژێر ناوی بەرەوپێشچون و کرانەوەدا ئەنجامدەدرێت. هەربۆیە دەبینین یادێکی وەک ڤالانتاین کەنەک سودو قازانجی بۆ ئێمە نیە، بەڵکو کەلتور و خێزانی کوردیشی بەرەو لێکترازان و لەناوبردن بردووە. کەچی زۆر بەبایەخ تر و گرنگتر لە ڕۆژی جیهانی زمانی دایک لێی دەڕوانرێت و تەنانەت بەشێک لە میدیاکان زیاتر گرنگی پێدەدن.
قەبارەی مەترسییەکان لە سەر ناسنامەی ئێمەی کورد هێندە گەورەن ناتوانین بائاسانی مەزەندەیان بکەین، لە هەر دەروازە و ڕێگایەکەوە دەڕۆین دەبینین بە دەیان و سەدان پیلان بۆلەناوبردنمان لە بەردەماندا دانراوە، هەر ئەمەشە وامان لێدەکات کە بڵێین بەڵێ ڕۆژی زمانی دایک بۆ ئێمە لە هەموو یاد و ڕۆژێکی دیکە دەبێت بەرزتر ڕابگیرێت و دەبێت ڕۆشنبیران و خەمخۆرانی ئێمە پلانی باشتریان هەبێت بۆ بەرزڕاگرتنی ئەم یادە.
ناکرێت ئێمە ئەم یاددە لە ڕۆژێک و چەند سەعاتێکدا کۆتایی پێبهێنین، بەڵکو دەبێت بەرنامە و پرۆگرامی هەفتەیمان بۆئەم یادە هەبێت، دەکرێت هەرشار و شوێنێکی ئەم کوردستانە بکەین بە سەکۆیەک بۆپێشکەشکردنی دەیان بەرنامە لەسەر خستنەڕووی گرنگی پارێزگاری کردن لەزمان و کەلتورمان، چونکە ئەوی ئێمەی تائێستا ڕاگرتووە و لەنێو ئەم هەموو داگیرکەرەدا بەزیندویی هێشتونیەتییەوە زمانەکەمانە نەک ڕۆژی ڤالانتاین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت