عوسمان عومەر: عەلی لەبلەبی کێیە؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەکتێبی چیم دی، ئەحمەد خواجە؛ باس لەچونی شیخ مەحمودی نەمر دەکات بۆ شوعەیبە، بۆ بەشداری لە شۆرشی 1920ی ھۆزە عیراقیەکان کاتێک ئینگلیزەکان عیراقیان داگیرکردووە. ئەحمەد خواجە دەلێت؛ تورکەکان لەبەردەم سوپای ئینگلیز زۆر بێدەسەلات و توانای بەرگرییان نەمابوو, بۆئەوەی لەخواروی عیراق بەکاری بھێنن، بۆیە تەفرەی شێخی نەمریان دا, کە پێشتریش بۆ بەرەنگاری رووسەکان ھێزو توانای شیخییان بەکار ھێنا بوو.
لەکۆتایی ساڵی 1918 و تاکو 1920 کاتی داگیرکردنی عیراق لەلایەن ئینگلیزەکانەوە, کوردو عەرەب بەسوننەو شیعەوە چەکیان ھەلگرت و گروپی شۆڕشگێڕییان دژ بە ئینگلیزەکان دروستکردبوو, خۆپیشاندان و شەر لەزۆرێک لە شارو شارۆچکەکان دەستی پێکردبوو بۆ دەرکردنی سوپای ئینگلیز, ئەو شۆرشە ناوی لێنرا شۆرشی 20.
ئەوکات و سەردەمە عیراق تەنھا دوو ویلایەت بوو، بەغداو بەسرە. بەلام ویلایەتی موسل ئەو پارێزگایانەی نەینەوا, کەرکوک و ھەولێر, دھۆک سلێمانی دیالەو سەلاح الدین و ھەندێک شوێنی تریشی لەخۆ گرتبو کە سەرجەمیان خاکی باشوری کوردستانن. ئەو کات و سەردەمە ھێشتا ئەو ویلایەتە نەخرابووە سەر دەولەتی عیراق, دواتر کۆمەلەی گەلان سالی 1925 لە راپرسیەکدا خرایە سەر دەولەتی عیراق بەرامبەر 50مەرج. سەرکردەی ھۆزە عەرەبەکانی وەک عەبدوالواحد ئال فیرعەون و خادم ئال غازی و محمد تەقی شیرازی و شەعلان ئەبو الجۆن و شیخ زاڕی زەوبەعی و شیخ مەحمودی حەفید ئامادەنەبون دانوستان و ڕێککەوتن لە گەڵ ئینگلیزەکان بکەن بۆ کۆتایی ھێنان بەشەرو ناڕەزایەتیەکان، تەنھا مەبەستیان دەرکردنی ئینگلیز بوو لەعیراق. ئەحمەد خواجە لە شوێنیکی دیکەدا دەلێت: لەگەڵ گەیشتنی کوردەکان, ئینگلیزەکان بۆ دەست پێشخەری کەوتنە جەنگێکی توند بە تۆپ و فرۆکە، گیانی بەلاشی ھیندی زۆر لە چەکدارانی کورد لەژێر لم و خاکی عەرەبستاندا نێژران, بەتایبەتی رەشید پاشا و 10 کەس لەپیاوە ناودارەکانی بەتۆپ لەش و گیانیان پەرش و بلاوکراوکرایەوە و بەمەرجێک تورکەکان نەک تفەنگ و فیشەک، تەنانەت ئاویشیان بە کوردەکان نەدابوو.
بێگومان ئینگلیزەکان بە فێل و تەلەکەی موخابەراتی بەناوبانگن, سیرئارنوڵد ویلسن لەرێگەی چەند جوغل (سیخوڕ)ێکی خۆیانەوە توانییان کەسێکی گەمژەو نەفام ھەڵخەلەتێنن و فریوی بدەن ناوی عەلی لەبلەبی(عەلی نۆکاو فرۆش) بوو, ناوبراو بەیانیان نۆک و ڕۆژنامەی دەفرۆشت ھەلیانخەلەتاند لەبری رۆژنامەو نۆک فرۆشتن دژ بە ئینگلیزەکان خۆ پێشاندان بکات, وەک سەرکردەیەکی شۆڕشگێڕ خۆی دەرخات لەبری ئەو کارە پارەیەکی زۆریان پێدەدا. عەلی لەبلەبی ھەرچەندە بۆ پارە ئەو کارەی دەکرد، بەڵام بێئاگا لە پیلان و سیناریۆ موخابەراتیەکانی ئینگلیز, ھەموو ڕۆژێک لەبەردەم مزگەوتی حەیدەرخانە لەبەغدا ژمارەیەک ڕۆشنبیرو شاعیری عیراق و کاسبکاری لەخۆی کۆدەکردەوە عەلییان دەخستە سەرشانیان و بەشەقامەکانی بەغدا بەرەو نوێنەرایەتی و بنکەکانی بەڕیتانیا دەچوون. ھاواریان دەکرد بروخێ ئینگلیز, مردن بۆ بەڕیتانیەکان, ئێرە خاکی ئیوە نییە بڕۆن ، بڕۆن. ئەوەش وایکرد عەلی لەبلەبی رۆژ دوای ڕۆژ لەناو عیراقیەکان ناوبانگ دەربکات بەتایبەت لەبەغدا, عەلی لەبلەبی گەورە کراو بوو بە (شێخ عەلی الافەندی) ناوی دەرکرد, زۆر لەخۆی بایی بوو تا ئەو ئاستەی داوای چەک ھەڵگرتنی لەخەلک دەکرد بۆ شۆڕش کردن دژی ئینگلیزەکان, ئینگلیزەکان بە ئەنقەست و بەمەبەست لە ڕۆژنامەوبەیاننامەکانی خۆیاندا لە بەغدا و شارەکانی دیکەی عیراق باسییان لە خۆپێشاندان و ھاندانەکانی عەلی دەکرد وەک کەسێکی ئازاو بەناوبانگ و دلسۆزی عیراقیەکان وەسفیان دەکرد، تەنانەت وایانکرد عوسمانیەکان و مارکسیەکانیش چاوەڕوانی سەرکەوتنی عەلی لەبلەبی یان دەکرد بەسەر ئینگلیزەکان دا. ئینگلیزەکان دیعایەی ئەوەیان دەکرد کە عەلی لەبلەبی چەندین جار تەقەی لەنوێنەرایەتی بەڕیتانیەکان کردووە لەبەغدا. لەرۆژی 12ی ئابی 1920 کۆلۆنیل لێچمان کە ئەفسەرێکی موخابەراتی بوو بەدەستی شێخ زاڕی کوژرا, ئینگلیزەکان وایان بڵاوکردەوە کە ئەفسەرەکەیان بە پیلانی عەلی لەبلەبی کوژراوە.
لەھاوینی 1920 فرۆکەیەکی سوپای بەریتانی کەوتبوە خوارەوە، وایان بڵاوکردەوە کە عەلی لەبلەبی خستویەتە خوارەوە. بەم ھەواڵانە ئەوەندەی تر عەلی گەورەکرا و زیاتر خەلکی عیراق بەدوای کەوتن و باوەڕییان پێدەکرد, وایلیھات عەلی ھیچ حسابێکی بۆ سەرکردە شۆرشگێرەکانی عیراق نەدەکرد. ئەم گەمەیەی ئینگلیز زیاتر لەسالێکی خایاند توانییان عەلی بکەن بەشوێنگرەوەی سەرۆک و سەرکردە شۆڕشگێرەکان. دواتر ھەر سێر ئارنۆڵد ویلسن بەیاننامەیەکی بلاوکردەوە تێیدا داوای دانوستانی لە عەلی لەبلەبی کرد بۆ کۆتایی ھێنان بە شەڕو خۆپێشاندان و شۆرشی عیراقیەکان. عەلی لەبلەبی ڕەزامەند بوو گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ ئارنۆلد ویلسن دەستی پێکرد لەوکاتەدا خۆ پێشاندەران لەدەرەوەی نوێنەرایەتی بەریتانیا چاوەڕوانی ئەنجامەکان بوون. سێر ئارنۆڵد ویلسن لە باڵەخانەی نوێنەرایەتی بەریتانیا لەبەغدا داوای لە عەلی کرد کۆتایی بەخۆ پێشاندان بھێنێت و عەلی بەلەخۆبایی بون و مەغرویەیتەوە گوتی و بێئاگا لەوەی رۆڵەکەی کۆتایی ھاتووە، لەوەڵامدا گوتی تەنھا بەدەرچونی ئیوەی ئینگلیز شەڕو خۆپێشاندان کۆتایی دێت. ئارنۆلد ویلسن ھەلدەستێت و بەپێکەنینەوە بە عەلی لەبلەبی دەلێت؛ تۆ بەکرێگیراوی بەردەستی ئیمەیت. تۆ لەژێر کۆنتڕۆلی ئێمەدایت. خزمەتتمان دەکەیت بۆیە دەبێت ئەم یارییەمان لەگەڵ تەواو بکەیت و تۆ نۆک فرۆش و رۆژنامە فرۆش بویت، ئیمە لە رێگەی جوغلەکانی خۆمانەوە ھاوکاری ماددی و مەعنەویمان کردی و لە عەلی لەبلەبیەوە تۆمان کرد بە (شێخ عەلی الافەندی) و دەبێت لەگەلمان رێک بکەویت و شۆرش لە عیراق و لە ھەرسێ ویلایەتی موسل و بەغدا و بەسرا کۆتایی پێبھێنیت. گەر ئەوکارە نەکەیت ناچارین ئابروت بەرین و ھەموو راستیەکان بۆ گەلی عیراق ئاشکرا بکەین کە تۆ بەکرێگیراویت و پارەیەکی زۆرت لە سیخورەکانمان وەرگرتووە، بە وێنەو دەنگەوە ھەمویمان تۆمار کرددوە بەبەڵگەوە. کاتێک عەلی لەبلەبی ئەم راستیە دەزانێت, ڕەنگی تێکدەچێت و توشی شۆک دەبێت. گەر ریککەوتن نەکات لەگەڵ ئینگلیز کاردانەوەیان دەبێت. خۆ گەر عیراقیەکان بەوە بزانن ئەوا یەکسەر دەیکوژن، بۆیە رازی دەبێت بە رێککەوتن و بۆیەش لە 25ی نیسانی 1920 بەریتانیەکان عیراقیان خستە ژێر ماندێت(انتداب)ی خۆیانەوە و دوای سێ رۆژ لە واژوو کردنی ڕێککەوتنەکە، عەلی لەبلەبی لەناو بەغدا تیرۆرکراو نھێنیەکان خرانە ژێر گڵەوە. سێر بیرسی کۆکس ئەوەی بۆ مەلیک فەیصەل لە بۆنەیەکدا بۆ گێڕاوەتەوە و ئەم ڕوداوە ساڵی 1989 لەڕۆژنامەی الاھرامی میسری دا بڵاوکراوتەوە.
عەلی لەبلەبی بە ویستی خۆی ئەم کارەی کردووە، عەلی لەبلەبیەکانی ئیستا بەویستی خۆیان خیانەت و خاکی نیشتمان دەفرۆشن و نەوت بەتالان بەدوژمنێکی ڕەگەز پەرست دەفرۆشن. ئایا ئەم بەسەر ھاتەی عەلی لەبلەبی دوای 100 ساڵ جارێکی دی لە عیراق و کوردستان دووبارە دەبێتەوە؟ کەواتە گەر وابێت راستە مێژوو ھەندێ جار خۆی دوبارە دەکاتەوەو ڕووی خیانەت کارانمان بۆ دەربخات؟

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت