عوسمان عومەر: دوو خواردنى کوردەوارى..

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کەشک
زۆر خواردنى کوردەوارى کۆن هەیە لەم کات و سەردەمە نەوەکانى ئێستامان ڕەنگبێ هەر ناوەکەیان نەبیستبێ یا نەزانن چییە؟ یا هەر حەزیان لێنەبێ، یا هەر نەیانخواردبێت. خواردنە کوردەواریەکانى زستانانى جاران ترخێنە, گەنم و ماش, داندۆک و گەنمەکوتاو پەڵپینەو بامیەى ووشک کراوەو باینجان و کولەکە و لەتکە تەماتەى ووشک کراوە. دەتوانم بلێم بۆیە ئەوکات مرۆڤەکانى ئەو سەردەمە هەم تەندروستیان باش بوو هەم تەمەن درێژیش، چونکە ئەو خواردنانەى دەیانخواردن سروشتى بوون و مەوادى کیمیاوى تێدا بەکار نەدەهێنرا. بۆیە زۆر جۆر نەخۆشى کە ئێستا پەیدا بووە، ئەو کات و سەردەمە کەمتر بووە، یا نەبووە وەک جەلدەى دڵ و مێشک و شیرپەنجە. لەم سەردەمەدا بە هۆى جەنگەکان و زۆر جۆرى چەکى کوشندە بەکارهێنان ئەو نەخۆشیانە لەزۆربەى شارەکانى عیراق و بەتایبەت لەکوردستانى خۆشمان بەڕێژەى بەرچاو زیادى کردووە.
کەشک لە شیرێژ دروستدەکرێ, شیرێژێکە لێى دەگەرێن تا ئاوەچۆڕ دەکات، ئینجا لەلایەن کابانى ماڵەوە خر دەکرێ و دەخریتە سەرسەبەتە یا سەر سینى و لەبەرهەتاو دادەنرێ تا ووشک دەبێتەوە. بێگومان خوێى بەپێى پیویست تێدەکرێ. لەزۆر ناوچەى کوردستان دروست دەکرێ، بەتایبەت ناوچەى پشدەر وەک دەگوترێ ناوبانگى چاکترە، چونکە هى مەڕو بزنە. هەرچەند لەناوچەى شارباژێرى سلێمانى لەزۆر لەگوندەکان دروست دەکرێ، زیاتر هى مانگایە. وەک قەدیمیان گوتویانە کەشکى مەڕو بزن بەتامترە. جاران و ئێستاش کەشکەکە شەو لەئاو دەکرا و بەیانیان بۆ بەرچایی لەگەڵ کەرەو گوێزو دۆشاو خورا.

چوینەتى ئامادەکردنى
کەشەکە شەو لەلایەن کابانى ماڵەوە دەکرێتە ئاوو تاکو نەرم دەبێتەوە, جاران بەدەستى دەسورایەوە لەناو شتێک لەقوڕ دروستکراو وەک گۆزە سوورکرابۆوە, بەلام لە ئێستادا بەهۆى بونى خەڵاطى کارەبایی کارەکە ئاسانتر بووە.
گەنمە کوتاو, گەنمێکە لەئاش تەڕ دەکرێ و توێکڵێکى لێ دەکرێتەوە، واتە پاک دەکرێ، ئەویش وەک گەنمە کوتاو شلە، زستانان لێ دەنرێ، جا هەیە ئیسقان و گۆشتى تێدەکات، بۆیە بەتامترە، هەشە بەشێوەى پڵاو لێى دەنێ. گەنمە کوتاوەکە شەو دەکرێتە ئاو و بەیانى دەخرێتە سەر ئاگر، تاکوڵانى تەواو، ئینجا کەشکە سوواوەکەى بەرەبەرە تێکدەرێ تاکو پێکەوە جوان دەکولێن و دادەگیرێ تا کەمێ ساردەبێتەوە دەکرێتە قاپەوە.
دواتر ڕۆنى بۆنخۆش یا کوردى لەگەڵ دۆشاوى ترێ دەخرێتە سەر ئاگرو بەرەبەرە تێک دەدرێ و بەپێى ئارەزوو بەسەر گەنم و کەشکەدا دەکرێ و خواردنێکى تەندروستە و خواردنێکى کوردەوارى جاران بووە زستانان.

ترخێنە
ترخێنەش هەر خواردنێکى کۆنى کوردەواریە، زیاتر لەناوچەى سلێمانى بەناوبانگەو زستانان لە کاتى سەرماو سۆڵەو بەفردا خەلکى لەمالەکانیان لێى دەنێن و جاران لەگەرەکەکان زۆرێک لەمالەکان پێکەوە لێیان دەناو هەریەکە قاپێک لە ترخێنەکەى خۆى بۆ مالە هاوسێکەى دەبرد و ئەویش قاپیکى لەوەى خۆیان بۆ دەناردنەوە.
ترخێنە لە شێلم بەگەلاکەیەوە ئامادە دەکرێ, سەرەتا گورزەیەک یا 2 گورزە شێلم بەگەڵاوە دەکڕدرێ بەپێى پێویستى خێزانەکە و جوان دەشۆرێتەوەو پاشان وورد دەکرێ, جاران کوپە هەبوو تێى دەکراو پاش خوێ پێوە کردن و ئاوى ترشى سماق پێداکردنى دەکرایە ناو ئەو کوپەیەوەو سەر دادەپۆشرا بۆ ماوەى 7 ڕۆژ, ڕۆژانە کابانى ماڵ سەرى هەلدەدایەوەو تێکى هەلدەشێلا. دواى ئەو چەند رۆژە دەبووە تەڕەساز و زۆرجار لەحەمامەکانى سلێمانى دواى خۆشتن قاپیکت داوا دەکرد و بەدەم خۆ ووشک کردنەوە ووردە ووردە دەخورا، هەروەها شێلم بەترش هەبوو دادەنرا.
تەرەسازەکە دواتر دەکریتە سەلک و لەبەر هەتاو یا لەسەر سینى زیاتر جاران لەسەر سەبەتە دادەنرا تا ووشک بونەوە. زستان کاتى بەفرو باران و سەرماو سۆلە لەمالەکان دا لێدەنرا. ترخێنەکەش هەر شەو دەکرێتە ئاو تا خاوبونەوەى و بەیانى دەخرێتە سەر ئاگر. لە شەوەوە کابانى ماڵ نۆک و فاسۆلیاو قەیسى و هەندێ ماڵ مێوژ گویز و هەر شەو چەوەنەرى سوور و سپىییان بۆ دەکوڵاند و هەندێ مالیش گۆشتیان بۆ سەر دەنا تا کوڵانى گۆشتەکە ئینجا ئەوانەى لەسەرەوە باسم کرد هەموى تێدەکرێ تاکولاندنى تەواو, هەندێ خێزان برنجى لەگەڵ لێدەنێن, بەپێى ئارەزوو. لەکوردەواریدا کۆن گوتراوە دەرمانى کۆکە و هەڵامەتە, ئیستا ئەو هەڵامەتە بۆتە کڕۆناو چەند جارێک خۆى گوریوە کەسەرەتا کۆڤید 19 بوو.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت