کاوسین بابەکر: کۆسپەکانی بەردەم لەدایکبونی پارتی نوێ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەرگیز بەقەد ئێستا جەماوەری کوردستان لەحزبەکوردیەکان بێزارو وەڕەس نەبووە، لەوپەڕی ‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌چەپیانەوە بۆ ئەوپەڕی ڕاست بە دەستەڵادریان و ئۆپزسیۆنیانەوە، ئەوەش وایکردووە دۆخێکی ناڕەزایی و ڕەخنەیی تاکو کۆ دروست ببێ و سەربکێشێتە دروستکردنی گروپ و ڕەوت و ڕێکخراوی سیاسی جۆربەجۆر و دەیان بەیاننامەش لەوبارەوە دەربکرێ، کە هێلی سیاسی خۆیانی تێدا روون بکەنەوە. حزبەکان خاڵی بوونەوە لەفکر، ستراتیژی نەتەوەیی و نیشتمانیان گۆڕیوە بەتاکتیکی سیاسی کورتخایەن، بنەماڵەی ئۆلیگاریشی حزب بەڕێوە دەبا. بەخوێندنەوەی پێکهاتەی سیاسی و نەبوونی سیستەمێکی لەبارو دەستوریکی نوسراو ودەستەڵاتی حزبی چەکدار زۆر ئاشکرایە سەرهەڵدانی پارتی نوێ و ئازادانە کارکرن، ئەگەر کاری نەکردەش(مستحیل)نەبێ زۆر ئەستەمە. روداوەکانی ڕابردوو نیشانی داوین کەچۆن دەنگی ناڕازی و ڕۆژژنامەگەری و کاری میدیایی هەوڵی کپکردن و زیندانیکردنیان دراوەو جێبەجێش کراوە، جیابونەوەکانیشمان بینی چۆن مامەڵەیان لەگەڵکراوە و خۆشیان بە هۆی کۆپیکردنەوەی کاری سیاسی و ڕێکخراوەیی حزبەکانی پێشخۆیان یا هەڵوەریون، یان کەوتونەتە سوڕی متبونەوە.
ئێستا ئەگەر زەمینەش ڕەخسا پرسیارە سەرەکەیەکە قوتدەبێتەوە: چ جۆرە حزبێک بەکام میتۆدی سیاسی و فەلسەفەی فکری و دونیابینی کە جیاوازبێ لەوانەی هەن؟ زۆر لەوانەی بانگەوازی پارتی نوێ دەکەن بە دروشم و پالاتفۆڕمەکانیان پێمان دەڵین؛ شتێکی نوێ و جیاوازیان لەوەی هەیە پێنیە، ئەوەش وادەکات کەمتر خەڵک لەدەوری دروشمەکانیان کۆبێتەوە، زیاتر ئەو ڕێیە دەکوتنەوە کە حزبە بورژوازیەکان بە دروشمی نەتەوەیی بێ ئاکام کوتاویانەتەوە،دەشیکەنەوە ڕێبازی سیاسیان، لەکاتێکدا ئەوەندەی کوردستانیان تینوی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و پاراستنی شکۆ و کەسایەتی مەعنەویانن لەدروشمی نەتەوایەتی ووشک کە نەک هەر لەبازنەی پڕوپاگەندەی بێ کردەوە دەرناچێ، بەڵکو ڕێک پێچەوانەکەی دەبینرێ بێزراوو بێزارن.
پاشان کوردستانیان دەستەڵات و میتۆدی کارکردنی ئەو حزبانەیان تاقیکردۆتەوە، کە گوایە خەمی نەتەوەیان هەڵگرتوە، کەچی حکومەتێکیان پێکهێناوە بەنۆ کابینەوەو زیاتر لەسی و سێ ساڵ حوکمڕانی جگە لەڕۆژ بەڕۆژی پاشەکشە لەدەستکەوتەکان و نقومبون لەگەندەڵیداو پەرتەوازەیی ڕیز و هێزی کورد و بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی سەران و حزبەکانیان هیچیان وەدەست نەهێناوە کە ئایندەی کورد مسۆگەر بکرێ. کەواتە دروستکردنی پارت و حزب گرنگ نیە، بەڵکو کام پارت و کام حزب و بەکام میتۆد و فکرو فەلسەفە گرنگە. دەبێ خوێندنەوەیەکی وردی واقعی ئێستاو ڕابردووی کۆمەڵگای کوردستان و ‌‌‌‌هەڵەو پەڵەکانی ڕابردوو بکرێ وسیاسەتێک بگیرێتە بەر کەڕەنگدانەوەی ناخی کۆمەڵگاو خەون وخواستەکانی بێ کەخۆی لە عەدالەتی کۆمەڵایەتی و فەزای سیکۆلاریزم و مافی ژنان و رۆشنگەری و مەدەنیەت و گرنگیدان بە ئازادیەکانی تاک و چین وتوێژە کرێکاری و کەم دەستەکان و پاراستنی ژینگەو بەگژاچوونەوەی دیکتاتۆری کەسی و حزبی و لەڕەگەوە هەڵكێشانی گەندەڵی و چاودێری بازاڕ و دانانی سیستەمێکی دێموکراسی کەخۆی لەهەڵبژاردنی پاک و بێگەردو شەفاف و هێزێکی نیشتمانی دوور لەوابەستەیی حزب دەبینێتەوە. دەبێ ئەو روانگە سیاسیە کەڵک لە ئەزموونی شۆڕش و گۆڕانکاریە ناوخۆو دەرەکیەکان وەرگرێ بەتایبەت ئەزمونی چەپ، چونکە جێگرەوەی بورژوازی کە ناکارایی خۆی لەحکومەتداری و گەیشتن بە ئامانجە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی سەلماندوە، دیسان هەمان میتۆدو هەمان برژوازی نیە، بەڵکو چەپێکی دێموکرات و دادپەروەرە کە ئامانجە نەتەوەیی و دێموکراسیەکان یەکاڵای ئامانجە کڕیکاری و دادپەروەریەکان بکات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت