کاوسین بابەکر: دەستەڵاتی بێ سەرکردە!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەتێڕامانیکی سەرپێی لەدەستەڵات و سەرکردەکان و پێوانی سەرکردەکان بە پێوەری سیاسەت وەک هونەرو زانست و سیفاتەکانی سەرکردە،دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە سەرکردەمان بەو مەفهومو مانایە نیە.
سەرکردە لەزۆربەی پێناسەکاندا دەبێ ئەو سیفەت و مەرجانەی تێدابێ، یان لانی کەم هێندێک لەوسیفاتانەی هەبێ:
1- سەرکردەی باش دەبێ هەست بەبەرپرسیارەتی بکات و لەکاتە دژوارەکاندا بە حیکمەتەوە هەڵسوکەوت بکات.
2- سۆزی بەرانبەر هەموان هەبێ.
3- خاوەنی تموح و دەستکەوتی زیاتربێ.
4- ئیرادەی بەهێز و توانای بڕیاری قورسی هەبێ(مجازفە).
5- گرنگی بە ستافەکەی بدات و سنگفراوان و رق هەڵگرنەبێ. داهێنەرو دووربینبێ.
6- خاکەڕابێ و وەک خەڵکەکەی بژی.
7-لەپەیوەندی فراواندا بێ لەسەر هەموو ئاستەکان لەناوەوە دەرەوەی ووڵات.
8-ڕاستگۆبێ.
9- بخوێنێتەوەو لانیکەمی ڕۆشنبیری ئەوەی هەبێ بتوانێ روداوەکان هەڵسەنگێنێ.
10- چاوتێرو دەست و دەم و داوێنپاک بێ و تەنازول بۆ هیچشتێک نەکات.
ئێستا پرسیارەکە ئەمەیە؛ ئایا سەرکردەی وامان هەن؟ ئەگەر هەن بۆ دوای دوو شۆڕش و زیاتر لە سی ساڵ حوکمڕانی، هێشتا لەنێو ئاژاوەی ناوخۆدا دەژین و لەسەر هەموئاستەکانی ژیان لەقەیرانداین؟ هێشتا کیانەکەمان لەهەڕەشەی لەناوچوندا، کەدەبوایە ئێستا زەمینەسازی دەوڵەتمان بکردایە،کەچی خەریکە دەگەڕێینەوە خاڵی دەستپێک؟ لەجیاتی بنیاتنان و نیشتمانسازی و دەستکەوتی سیاسی ئابوری زانستی، هەواڵی دزی و گەندەڵی و ناشەفافی داهات و ملی یەکتر شکاندن و… هتد، دەبیستین.
ووڵاتان بەشۆڕشی زۆر قورستردا تێپەڕین و دەوڵەتی بەهێزیان بنیاتنا، ئەوە چین و کوبا و ڤێتنام و… هتد. کارل بیکەری مێژوونوسی نوێی ئەمریکا روداوە گەورەکان بە ئەندازەی ئەو دەستەواژانە دەپێوێ کە دەبنە کەلتوروبۆمان بەجێدەمێنن. بەدیوێکی تردا دانیشتوان کاتێ قسەو چیرۆک لەسەر روداوەکان دروستدەکەن و دەبنە نەریتی رۆژانەو بەشێک لەکەلتور ئەوا روداوگەلێک روودەدەن، یان ڕویانداوە. سەرەتای شۆڕشی نوێ قسەوباس لەسەر زوڵم و نەبوونی ئازادی و دێموکراسی بوو تا شۆڕش تەقیەوە، ئێستا کۆمەڵگا ئاوس بووە بە دەستەواژەو نوکتەو چیرۆکە تراژیدیاکانی دەستەڵات و دەستەوستانیان لەچارەسەرکردنی قەیرانە نەبڕاوەکان و بێئومێدکردنی خەڵک لە ئایندەیەکی باشتر، بۆیە من دەرفەتیکی زۆر نابینم لەبەردەم ئەودەستەڵاتەدا کە فریای خۆی بکەوێت لە دروستکردنەوەی تەبایی و هاوهەڵوێستی بەرانبەر بە هەڕەشەکانی بەغداو دەوروبەر.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت