عەبدولکەریم شێخانی: خرتکەو پرتکە – بەشی چل و پێنج.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

9. 12. 2022
ئەم خرتکە و پرتکەیەم کردووە بە دوو بەش, یەکەمیان/ بۆ کاکە هێمنی جەرگم و ئەو قەڵەمەى بۆی هێناوم و زۆریش دڵم پێی خۆشە. دووەمیان/ بۆ شێخ و شێخایەتی لە کوردستان کە ئەمڕۆ حزبایەتی جێگەى گرتۆتەوە و دەکرێ لە جیاتی ناوى شێخ فڵان و شێخ فیسار بڵێین حزب.
دکتۆر (هێمن) ى کوڕم پڕۆفیسۆری جیۆلۆجیی دانیشتووى سوید، لەو چەند ڕۆژە کەمەى ئەم دواییە گەڕایەوە بۆ سەردانم، قەڵەمێکی ( پارکەر)ى پەنجاو یەکی بۆ هێناوم. ئەو قەڵەمە کاتی خۆی لە پەنجاکانی سەدەى ڕابوردوو، خوا لێ خۆشبوو مامۆستا ( نجم الدین مەلا)ى نەمرپێی دەگوت ( پار کەرى ئەمساڵ ئاقڵ ). منیش کە دڵم زۆر پێی خۆش بوو, جگە لە خۆشەویستیم, ئەم شیعرەم پێشکەش کرد. لەگەڵ ئەم دوو بەشە بەپێی توانا پەنجە بۆر چەند بابەتێکی ڕێزمان ڕادەکێشم.
((گوڵ قەڵەم))
دکتۆر هێمنی کزەى جەرگم
قەڵەمێکی بۆ هێناوم
( پارکەر) ێکی پەنجاو یەکە
دەیخەمە بان سەر و چاوم
ئەو قەڵەمەى هیمنى گوڵم
بۆنى گوڵ وشەى لێ دەپژێ
چی بەو قەڵەمە بینووسم
هەر گوڵاوى لێوە دەڕژێ
قوربانی خۆت و دیاریت بم
پارچە بەنرخەکەى جگەرم
لەگۆڕیشا کە بێ گیانم
لەوێش هەر لەبەرت دەمرم
هیچ دیارییەک ناگا بەخۆت
تۆ بۆخۆت جوانترین دیاریی
تۆ دیاریی پەروەردگارى
بە ڕەفتار و بە زاناییت
لە هەموو جیهاندا دیارى
سلێمانی ـــ 4. 12. 2022

کە سەیرى بارودۆخەکەى ئەمڕۆ دەکەم, بەدەست خۆم نییە زۆر دەگەڕێمەوە بۆ ساڵانی زۆر زوو و بیر لەوە دەکەمەوە کە لە خەڵکم بیستووە، یان ئەوەى بەچاوى خۆم دیومە. سەردەمانێک هەر ناوچەیەک شێخێکی تەریقەتی لێ بوو کە ناوچەکەیان قۆرخ کردبوو و ئیدى خەڵکی ئەو شوێنە هەموو سەر بەو شێخە بوون, واتە مریدى ئەو بوون بە دەروێش و خەلیفەوە. خەلیفە پلەیەکى بەرزى دەروێشی بوو. هەندێک لەو شێخانە پێیان دەگوتن ( قادرى ) بە ناوى ( شێخ عبدالقادری گەیلانی) و هەوادارەکانیان دەروێش بوون کە پرچیان درێژ بوو و وەک کەزیی ژنان دەیانهۆنیەوە. ئەوانە حاى و حووى و زیکریان دەکرد و زەرگیان لە دەم و گووپی خۆیان دەدا و شووشەیان دادەکرماند بە شمشێر خەڵكیان سەردەبڕى و زۆر جاریش کابراى سەربڕاو ( ئاو و ئاو دەچوو) و چاک نەدەبووە. یان زمانیان لە پشکۆئاگر دەدا. لە بەرانبەر تەریقەتی قادرى تەریقەتی نەقشبەندى پەیدابوو کە مەولانا خالد هێناى بۆ کوردستان و بەزوویی بڵاو بووەوە. وەکو گوتم هەوادارانی قادرى پییان دەگوتن ( دەروێش) و هەوادارانی نەقشبەندیش ( سۆفی) بوون. دەروێش شمشێریان دەوەشاند و زەرگیان لەخۆیان دەدا و بە حاى و حوو زیکریان دەکرد, بەڵام سۆفی بەکڕى و بێ دەنگی خواپەرستیی خۆیان دەکرد. ئەو دوو تەریقەتە ڕکابەرى یەکدیکەیان دەکرد، هەر وەک رکابەریی حزبەکانی ئەمڕۆى ئێمە. چەندان شێخی خۆ بەزلزان لە ناوچەکانی کوردستان پەیدابوون و هەر شێخە ناوچەیەکی بۆ خۆى دابڕیبوو و, نعوذ باللە, خۆشی بە سووکە خوایەک دەزانی.
ئێستا لە جیاتی شێخایەتی, حزبایەتی بۆتە باو، واتە شێخ حزب و هەندێک ئەندامی حزبەکان ئەوەندە بڕوایان بەحزبەکەیانە کە ئەوان لە هەموو حزبێکی دیکە ڕاستگۆتر و هەقبێژترن. بە کوردییەکی ڕاست و دروست, هەندێک هەوادارانی حزبەکان ئەمڕۆ دەوری دەروێشەکانی شێخی جاران دەبینن, لەگەڵ جیاوازییەک, هەرچی دەروێشی شێخ بوون نەخوێندەوار بوون, بەڵام دەروێشی حزب خوێندەوارن و هەندێکیان پلەى بەرزى خوێندنیشیان هەیە. چۆن جاران شێخی گەورەو دەستڕۆیشتوو هەبوون و لەپال ئەمانیشدا وردە شێخ هەبوون, ئێستاش شێخ حزب و وردە شێخ حزبیش هەن.
با واز لەم بەراوردە بێنم و شتێکی خۆشتان بۆ بگێڕمەوە. جاران شێخ بە دەست و دایەرەو تەپڵ و دەفەوە بەناوچەکاندا دەگەڕا بۆ تۆبە دادانی خەڵکی و هەوادار پەیدا کردن. خەڵک دەچوونە خزمەتی شێخ و ئامۆژگاریی دەکردن و لەسەر دەستی ئەو تۆبەیان دەکرد و لەگوناح پاک دەبوونەوە و ڕوویان لەخواپەرستی دەکرد و خەریکی دینداری دەبوون. پیاوێکی تەمەن دەورى چل ساڵی لەسەر دەستی شێخ تۆبە دەکات و بڕیار دەدات هەموو ژیانی خۆی بۆ خواپەرستی تەرخان بکات و واز لە خۆشیی دنیا بێنێ و تەنانەت سەرجێیی ژنەکەشی وەلاوە دەنێ و نووستن لەگەڵ ژنەکەى بە دوورکەوتنەوە لە فەرمانی خوا دەزانێ. بەڵام هەموو جار کە بۆ نوێژى بەیانی هەڵدەستێ, سەیر دەکا ( حەیتە)ى حەز و ئارەزووەکانی هەستاوە. زۆر لە خۆی دەکات, بەڵام چەندى دەکات سوودى نابێ. وەڵلا ئەویش نایکاتە نامەردى و بەیانییەک چەقۆى پێدا دێنێ و لەبنەوە دەیبڕێ. ماڵ و منداڵ و کەس و کار کەپێی دەزانن بە پەلە دەیگەیەننە نەخۆشخانەى سلێمانی. دەنگ و باس لە نەخۆشخانە بڵاو دەبێتەوە کە کابرایەکیان هێناوە, بیلامانێ, دەعباکەى خۆى بڕیوە. ئەوسا پەرستار وەکو ئێستا زۆر نەبوون و هەمووشیان گەنج بوون. ئیدى کە ئەوە دەبیسن دەحیلکێنن و دەست بە دەمیانەوە دەگرن و ڕووشیان نایە بچن سەیرى کەن. یەکێکیان کە لە هەموویان بە تەمەنترە و لەپێش ئەوانەوە پەرستارە و قسەخۆشیشە بە مەسەلەکەى نەزانیوە, تەماشا دەکات کچەکان دەتریقێنەوە, پێیان دەڵێ: کچینە ئەوە چ دەردێکتانە و بۆ وادەکەن و چیتان لێ قەوماوە؟ شتاقیان ڕووى نایە پێی بڵێ, تا کچێکیان بە ئاماژە کردن تێی دەگەیەنێ, ئەویش دەڵێ. ئەیەڕۆ ئەو هەش بەسەرە چۆن ئەوەى کردووە؟! ئیدى خانمى پەرستار دەچێتە لاى کابرا و پێی دەڵێ: تەشتێ قوڕبەسەرت بۆ من، ئەوە بۆ وات لەخۆت کردووە؟ چیت لێ کرد؟ ئەوە بۆ من باش بوو. ئیدى ئەوانەى لەوێ دەبن دەست دەکەن بە پێکەنین. دکتۆریش دەستی تێک پەراندووە و بەرانبەری ڕاوەستاوە. کەس و کارى کابرا دەڵێن: بەقوربانت بین دکتور چارەسەرێکی بکە. دکتۆریش دەڵێ: چارەسەرى چی, وەڵلاهی ئەوەى ئەم ( سەگبابە) بەسەرخۆى هێناوە و کردوویەتی نە دیومە و نە بیستوومە و نەخوێندوومەتەوە. ئاخر هیچ کەرێکت دیوە خۆشەویستترین کەسی خۆی بەم شێوەیە سەربڕێ؟!
بەڵام باوەڕ ناکەم هیچ مریدێکی حزب ئەم کەتنە بەخۆی بکات و خۆی کۆڵەوار بکات, بەپێچەوانەوە ئەوان بەدواى ( ڤیاگڕا) و شتی دیکەدا دەگەڕێن بۆ ئەوەى لەگەڵ زۆرترین کچ و ژندا بەکارى بێنن و وەکو کابرا بڵێن ئێمە ( کەڵ = فحل) ى چاکین.
ئینجا با ئاوڕێکی دیکە لە زمانە شیرینەکەى کوردى بدەینەوە. هەندێک وشە بە هەڵە بەکاردەهێنرێن. ( دڵگر و دڵگیر). بۆ نموونە کە تۆ دەڵێی ئەو شتە دڵگرە, واتە دەچێتە دڵەوە و خۆشەویستە ئەو کوڕێک, یان کچێکی دڵگرە. واتە خۆشەویستە و دڵ پێی خۆشە, یان لەبەردڵاندا شیرینە. بەڵام دڵگیر واتە دڵئێشاو. بۆنموونە ئەگەر بڵێین من لە فڵان کەس دڵگیرم, واتە دڵی شکاندووم وئە و دڵگیرە زۆر جار بە ماناى ( عاجز) دێت. کە دەڵێیت من لەفڵان کەس عاجزم، واتە دڵی ئێشاندووم، یان دڵێ شکاندووم و هەرگیز بەمانا عەڕەبییەکە نایەت ( عاجز)ى عەڕەبی و اتە پەککەوتە, بێ دەسەڵات, بەڵام عاجزە کوردییەکە هەرگیز ئەو مانایە نادات, هەندێک کەس دەڵێن ( عێجز, یان عادز ) چونکە پیتی ( د , ج) هەردووکیان دەکەونە سەرى زمان و لێک نزیکن.
ئەوەى تیبینیم کردووە هەموو نووسەران دەڵێن ( گرنگی پێ دەدەم, یان گرنگی پێ دەدا ) هەر چەندە من بە راستی نازانم, بەڵام ئەگەر گریمان ئەوە ڕاستیش بوو, ئەوا ڕێنووسەکەى هەڵەیە و دەبێ بنووسن گرنگیی نەک گرنگی. من پێم وایە دەبێ بڵێین بایەخی پێ دەدەم. تۆ وەرە ( گرنگیی پێ دەدەم ) بکە بە عەڕەبی, چونی دەکەى بە عەڕەبی, لە یەکێکم پرسی گوتی (أعطیە أهمیة ). گوتم باشە ئەى ( مهم ) چی لێ هات و بۆ بوو بە ( أهمیة ) ؟ دەڵێین زمان گرنگە، بۆیە ئێمە بایەخی پێ دەدەین. لەبەر ئەوە دیسان دەیڵێمەوە کە گرنگیی پێ دەدەم هەڵەیەو بەزۆر دەمانەوی ( بیخیچێنین ). واتە لە ڕاستیی نزیکى کەینەوە, بەڵام نزیک نابێتەوەو بەزمانی فیتەران هەرگیز ( فیت ) نابێ و دەبێ بڵێین بایەخی پێ دەدەم. با جارێ ئەوەندە بەس بێت و خواتان لەگەڵ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت