عەبدولکەریم شێخانی: خرتکەو پرتکە – بەشی چل و حەوت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

31. 12. 2022
ساڵی 2022 تەنیا تاقە ڕۆژێکی ماوە و ئەویش وەک هەموو ساڵەکانی پێش خۆی بەقوربانی ئێمە دەبێ و جارێکی دیکە ناگەڕێتەوەو سبەینێ ساڵی تازە دەست پێ دەکات. خەڵکی هەموو بە هیواى ساڵێکی پڕ خێر و خۆشی و کامەڕانین بۆ گەل و وڵاتی خۆیان و ئێمەش دەستی نزا و پاڕانەوە بەرز دەکەینەوە لە خوا دەپاڕێینەوە کە ساڵی تازەمان وەکو ساڵە پر ناخۆشییەکانی پێشوو نەبێ و نەڵێین ساڵ بەساڵ خۆزگەم بەپار.
پیاو دەم بەخێر بکاتەوە باشە ( تفاءلوا بالخیرتجدوه )، بەڵام وا پێناچێ هیچ گۆڕانێکی ئەوتۆ ڕوو بدات، چونکە ئەوە ( 30 ) ساڵە هەر هەمان دەموچاو دەبینین، هەر ئەوان حوکممان دەکەن و هەر ئەوانیش بارودۆخەکەیان بەو شێوە خراپە تێک داوە. ئاخر ئەوەى تێکیداوە چۆن دەتوانێ چاکی بکات و ئە وەى هیچی نەبێ, ناتوانێ هیچ شتێک ببەخشێ. من بەش بە حاڵی خۆم چاوەڕوانی چاکە لە حوکمڕانانی ئێستا ناکەم و یاخوا هەڵەبم و ئەو بۆچوونەم ڕاست نەبێ. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پڕ بەدڵ و بە چاوى بە فرمێسکەوە دەستی نزا هەڵدەبڕم و دەڵێم خوایە بە گەوڕەیی خۆت لەو نەهامەتییە دەرمان بێنی، دڵی کاربەدەستان نەرم کەیت، چیدیکە ماڵ و سامانی میللەت بەم لاو بەولادا نەبەن و گۆلمێکیش بەو خەڵکە بەشمەینەتە ببەخشن و وەکو لە شیعرێکی شێتانەدا گوتوومە:
ئەو هەرچی کەوتە بەردەستی هەمووى لە گیرفانی ئاخنی
قوڕ بەسەرم گیرفان نەبوو، پێم وابێ شەڵتەو تێڕ دەرچوو
شتێکی دیکەى زۆر گرنگ کە دەبێ بیڵێم، مووچەى خانەنشینانە کە ئەوە هەشت ساڵە حکوومەتی هەرێم کار بە یاسایەکی هەڵوەشاوە دەکات و جگە لەوەش 16 مووچەى نەداوێنێ و بڕیویەتی بە بیانووى نەبوونى پارە. بەڵام کەس پێتان بڕوا ناکاو بەو دوعایەی ئێوە ناڵێ ئامین. خۆ ئەگەر ئەو یاسایەى بەغدا بۆ لێ بڕین بوایە, بەو خوایە ئێوە پێش بەغدا ( عەیب نەبێ ) لە هەموومانتان دەبڕى. ئێستا دادگاى فیدڕاڵ بڕیارى داوە کە ئێوە یاساى خانەنشینیتان پێشێل کردووە, ئایا هەرسوور دەبن لەسەرئەو ستەمەى لێتان کردووین؟ کەى مافی فەرمانبەرانی چاو لەدەست دەدەنەوە؟ دەمەوێ شتێکی دیکەش بڵێم کە بەغدا بودجەى هەرێمی بڕیی، ئێوە هاوارتان لێ هەڵنەستا و نەتانگوت بەغدا مووچەى بڕیوین؟ ئەى باشە کە ئێوە مووچەی ئێمەتان بڕى، بۆ ڕێگەمان لێ دەگرن و ناهێڵن ئێمەش وەکو ئێوە بڵێین مووچەمان بڕاوە و بۆ ئەگەر بێینە سەر شەقام و داواى مافى خۆمان بکەین بەرشەقمان دەدەن؟. ئێوە دەسەڵاتتان هەیە لە چەندان کەناڵەوە پارە پەیدا دە کەن, بەڵا ئێمە هەر مووچە ڕووتەکەیەو ئەگەر نەبێ دەبێ بە دەمی قوتەوە دانیشین و بۆ خۆمان یالێلی بڵێین. ئەرێ بەڕاست کەى مووچە دزراوەکانمان دەدەنەوە؟ توخوا قسەیەکی خێر بکەن، خۆ قسە هیچی تێناچێ و با ئەویش بچێتە سەر بەڵێنە ناڕاستەکانتانی دیکەتان.
وەکو بەڵێنم پێدا بوون شیعرەکەى ( خالصی ) تان پێشکەش کەم, بۆ ئەو مەبەستە هانام بردە بەر براى خۆشەویست مامۆستا ( ئەحمەد حوسێن ) کە زۆر جار فریام کەوتووە, سوپاسی دەکەم لە ماوەیەکی زۆر کورتدا شیعرەکەى بۆ ناردم. بەڵام وا دیار لە گوڵچنی مامۆستاى خوا لێ خۆشبوو گیو موکریانى وەریگرتبوو و چوار دێڕ شیعری فارسیی تێدایە, مامۆستا لایبردبوون و نەینووسیبوون. ئەو سەبارەت بە تورکی و فارسی ئەوەى دەکرد و کەموکووڕیی دەخستە شیعرەکانەوە و دەستکاریی دەکرد و ئاماژە بۆ ئەویش دەکەم. بەڵام پێش ئەوە پەنجە بۆ شتێکی دیکە ڕادەکێشم و دەڵیم مرۆڤ بە دوو شت ئاوڕووی دەچێت و ناوى دەزڕێت, دەستپیسی و داوێن پیسی,کورد دەڵێ ( دز و حیز, یان حیز و دز). واتە دزى و دەستدرێژی کردنە سەر مێیینە بەناشەرعی و هەندێک جار کەسانێک هەن بەوەشەوە ناوەستن و هەتیوبازیشی لە پەنا دەکەن کە ئەمەیان زیاتر مایەى ئابڕوو چوونە. لە نووسینی پێش ئەمە ئاماژەم بە دیاردەى خانمە مۆدێلەکان کردبوو و ئەم جارەیان دەڵێم، هەموو پەیوەندییەکی ناشەرعی لە نێوان ژن و پیاودا, بۆ ژنەکە چەند مایەى ئاوڕوو چوونە, ئەوەندەش بۆ پیاوەکە مایەى ئابڕوو چوونە. چونکە وەک دەبینین ژنەکە چۆن ئەو پەیوەندییە دەشارێتەوە پیاوەکەش دەیشارێتەوە و پێی شوورەییە ئاشکراى بکات. لەوەش خراپتر ئەوەیە کە هەندێک پیاو کاسبی بەو خانمە مۆدێلانەوە دەکەن. وەکو خۆتان دەبینن ئێمە هەموومان لاو نیو و بە ناڕاستەو خۆ باسی ئەو کارە دەکەین, بەڵام من دەڵێم با وەکو خۆى باسى بکەین و خەڵک چییان پێ دەڵێ ئێمەش وایان پێ بڵێین. با بێ پەردەو پێچ و پەنا ناوەکان وەک خۆیان بڵێین
ئەو ناوەى خەڵک لێی ناون, ئێمەش ئەو ناوەیان لێ نێین
بەژنێ ناوگەڵ سەرمایەى بێ دەڵێن قەحپەیە و بەربادە
بەپیاوى سەرپەرشتکەریش دەڵێن دەییووس و گەوادە
ژنێ ئەگەر داوێن پیس بێ، بەچاوى سووک سەیرى دەکەن
بەڵام پیاوێ داوێن پیس بێ، وەک ژن بەخراپ ناوى نابەن
ئەم پێوانەیە ناڕێکە هەردووک لە ڕەوشتدا کزن
ناوگەڵفرۆش و ناوگەڵکڕ عەیبیان دیارە وەکو بزن
ئەو ڕێکارەى کاک بافڵ لەم دواییە گرتیەبەر بۆ داخستنی ئەو یانانەى بوونەتە مایەى بڵاوبوونەوەى لەڕێ دەرچوونی گەنج و تەڕپیری ئەم وڵاتە، دەبێ گشتگیر بێ و هەموو هەرێم بگرێتەوە و گەلێک شوێنی دیکەش هەن کە دەبێ دابخرێن، وەک قومارخانەکان کە بوونەتە هۆی تێکدانی شیرازەى خێزان و مایەپووچیی چەندان کەس و بۆ وەدەست هێنانەوەى ئەو هەموو پارە دۆڕاوە. خاوەنەکانیان هانا بۆ چەندان ڕێگەى نەشیاو دەبەن، وەک دزى و نەرمە بێ ڕەوشتی و گەلێکی دیکە کە ئێوە لەمن باشتر دەیانزانن.
شیعرەکەى ( خالصى) کە بۆ شێخ مەحموودى نەمرى نووسیوە، پارچەیەکی جوانییە، مامۆستا گیوى خوا لێ خۆشبوو، هەندێک وشەى گوڕیوە و چوار دێڕ شیعری فارسیشی تێدایە، لایبردوون. مامۆستا ئەوەشی لەگەڵ دیوانەکەى دڵدار کردووە لە شیعرێک کە لەگەڵ ( برهان جاهد) ی برازاى جەباراغاى کانی وەک گاڵتە کردنێک بە جەباراغا پیکەوە گوتوویانە و دێڕە تورکییەکانی لابردووە لە کاتێکدا نەک ئەو، بەڵکو کەس مافی ئەوەى نييە دەسکارى شیعری کەسێک بکات، تەنانەت ئەگەر بە دڵیشى نەبێ.
(خالصى) شێخ محمدی کوڕى شێخ ڕەزاى تاڵەبانییە. شێخ محمد تخلصى ( خالصى ) یە و کوڕى شێخ ڕەزاى تاڵەبانی، کوڕى شێخ عبدالرحمانى کوڕى شێخ ئەحمەدى کوڕى مەلا مەحموودە. خالصى کوڕە گەورەى شێخ ڕەزابووە و لە مزگەوتەکاندا خوێندوویەتى و علوومى قەدیمەى تەواو کردووە. لە عێڕاقدا قائمقامەتیی کردووە و لە مەرعشدا وەکیلی متصرف بووە و لە ساڵی 1928 لە بەغدا وەفاتی کردووە.

نامەیەک بۆ مەلیک مەحموود
لەپاش داوێن و پا ماچ کردن و عەرزی دوعاخوانی
وەڕین دەست پێ ئەکا بێچووە گەماڵی پیری گەیلانی
دەڵێ بۆچی دەرتکردم ئەگەر پاست نەکەم بەخوا
هەموو چەڵتووکەکەت دەخوا بەرازی قوتبی ڕەببانی
یەکانە و پەڵخ و مالۆسی قەوى و قۆڵی گەلێ زۆرە
بەرى ملیان لەکوێ دەگرێ پشیلەى کانی ئاسکانی
هەموو شێر و پڵنگن وەختی نان خواردن لە ئەتڕافت
سمێڵ بابڕ , کفندڕ , کەڵلەخڕ , پەرچەم مەریوانی
لە ڕۆژى وا پیاوێ چاترە بۆ تۆ لە پێنج سەد کەس
هەزارى لیرەیەک ناکا دە پارەو پووڵ و تارانی
هەموویان دوژمنن نەک دۆستى تۆن ئەو گیپەخۆرانە
کە ئەمڕۆ تۆ وەلیى نیعمەت و ئاغاى هەمووانی
دوعات با بۆ بکەن ئەمما بە تەدبیریان نەکەى زینهار
مەلا و دەروێش و سۆفی و شیخەکانی لوقمە باتمانى
ئەمانە گشت قسەن با بێمە سەر مەتڵەب وەکو عورفی
لەسەر ئەم مەتڵەعە لادەم بچم بۆ مەتڵەعی سانی
لەپاش تاڵان و عەزڵ و لانەوازى و خانەوێرانی
حەواڵەی خۆت دەکەم قوربان چلۆن بێم بۆ سلێمانى
لەبەر چاوت وەکو یەک وایە بێ فەرقن لە خزمەت تۆ
شەهێن و حاجی لەقلەق , شێر و رێوى , مرشد و جانی
لە کوێت دۆزینەوە ئەم قۆڕ و کوێرانەى لە خوا عاسی
چلونت کەوتە خاتر مشکە کوێرەو ورچی کوێستانى
کەر و گا خەرجی بار و جووتە , ئێستر ماڵی کاروانە
ئەمانە نابنە کوێخا و ڕەئیس و میرى دیوانی
بەیار کێڵان و گاى لەڕ, پیرو کچ خواستن, ژن وتەدبیر
سەگ و جۆ, ئەسپ و ئێسقان ,بۆق و سەردار. جورج و ناوکانی
عەبا و کەر, فێس و ڕێوى , ورچ و شەیپقە ,مێزەر و مەیموون
حەیا و کوێر , شەرم و دۆم , قەحپە و وەفا , نامووس و سۆزانی
لەڕێ دووبارە لام دا با بچم بۆ مەتڵەعی سالس
بڵێم ئەى پاسەوانی میللەتی کورد و سلێمانی
وجودت فەخرە بۆ من , چونکە لا ى من فەخرى کوردانی
نەوەى کاک ئەحمەد و نوتفەى حوسێن و شێرى یەزدانی
((ألا أى کشتەى پیکان هجرانت دل إخوان
ألا أى خستەى هجران رویت پیر کنعانی
تو با یاران چنان کردى کە باید کرد بادشمن
تو با دشمن چنان کردى کە ویرا رنجە نتوانی))
جەنابی تۆ لەحەق من زۆر لەخۆم موشفیقترى ئەمما
لە بەختی نەحسی من فیکرت خراپە زۆر بە نسیانی
هەتیو چیت گوت زمانت وەرگەڕێ غەڵتێکی گەورەت کرد
لەلاى خۆت شاعیرى هێشتا قسەى پیاوانە نازانی
فەلەک مل شۆڕ دەکا ئەمڕۆ لەبەر پێی ئەسپی شێخ مەحموود
مەلەک مەجبوور ئەکا ئەمڕۆ ئیتاعەى ئەمر و فەرمانی
خراپەى چاکەیە , زامی شیفایە , حیددەتی حیلمە
جنێوى فەخرە , تاڵانی عەتایە , عەفوە عینوانی
کەرەمکار و وەفادار و وەلی خولق و عەلی کردار
تەبیعەت چاک و دڵ بێ باک و تینەت پاک و نوورانی
ئەگەر چی موفلیست کردم لەناو خەڵقا حەیات بردم
خودا تۆ خۆش بکات با ماڵ و ڕۆحم بێ بە قوربانی
ئەمەندە بارى تەعنەى کەوت بە ملدا خالصی ئەمڕۆ
دەهات بۆ خزمەتت قوربان فەقەت زامدارە سەرشانی
شێخی پووزشی بۆ هێناوەتەوە و دڵێ داوەتەوە. لەلایەکی دیکەوە دەڵێم ئەرێ ئەوەى لەشیعرەکەدا هاتووە زۆر شتی لە ئێستامان ناچێ؟ دەبڵێن وانییە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت