عەبدولکەریم شێخانی: خرتکەو پرتکە – بەشی چل و شەش.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

21. 12. 2022
دەڵێن ئەگەر کەسێک هەر پێ داگریی لەسەر قسەى خۆى کرد و بە گوێی کەسی نەکرد و خۆى لە هەموو کەس پێ ڕاستتر بوو، خۆ ماندوو کردن لەگەڵیدا بێ هوودەیەو لێی گەڕێی و وازى لێ بێنی باشترە. ڕۆژێک دێت زەمانە، دەیخاتە ژێر بارى قورسی بڕیارە هەڵەکانی خۆى و پانی دەکاتەوە.
ئەگەر کەسێک هەموو دەمێ کار و قسەى خۆی پێ چابێ
قسە و کردار و هەڵەى خۆی هەمووى لە ڕاستی پێچابێ
خۆتی لەگەڵ ماندوو مەکە, ئەوە نێرە بیدۆشەیە
سوارى سەرى خۆى بووە ئەو, بڕوات بێ بەتۆ چانابێ
مێشکى هەندێ کەس ژەنگ دەگرێ وەکو ئاسنى ژەنگاوى
ئاسن واى لێهات، جۆش دەدرێ و ژەنگ لادانی دەبێ وابێ
خزمەت کردنی وڵات هیممەت و لەخۆبوردوویی دەوێ و مرۆڤی نیازپاک ڕێگاى چاکە هەڵدەبژێرێ و خراپە وەلا دەنێ. خانمى حەلیمە یەعقوب ژنێکی موسڵمانی مالیزیاییە و مێردی بە پیاوێکی مالیزیایی بە ڕەچەڵەک یەمەنی کردووە. سەرەتاى لە زانکۆ دەرچوونیان خۆى و مێردەکەى لە تاقە ژوورێکدا دەژیان و کە حوکمی گرتە دەست، کۆبوونەوەى بە حکوومەت کرد و گوتى: من کارەکەرێکی خودام, ئەوەى بیەوێ کار لەگەڵ مندا بکات, بۆ سوود و بەرژەوەندى سەنگافۆڕە، من خوشکی ئەوم. کارە باشەکانی ئەو ژنە کە هیچ حزبێکی لەپشتەوە نییە: بەرزکردنەوەی دەرامەتی سەنگافۆڕە بۆ دوو تریلیۆن دۆلار, بەرزبوونەوەى دەرامەتی هەر هاووڵاتییەک بۆ (8500)دۆلار و پاسپۆڕتی سەنگافۆڕە گرانترین پاسپۆڕتە لە جیهاندا و ڕێژەى بێ کارى (1%) . نزیکەى دە هەزار پڕۆژەى زۆر گەورە ( من ناڵێم زەبەلاح) ى جێ بەجێ کردووە, ڕێژەى گەندەڵێ ( سفرە) و هەموو باجێکی لەسەر بەرهەمەکانی سەنگافؤڕە لابرد. هەر بۆ زانینیش ئەو کارەکەرەى خوایە هەموو ڕۆژێک لەگەڵ چەند خانمە فەرمانبەرێک لە مزگەوتی گەورەی پایتەخت نوێژ دەکات و دواى نوێژ گوێ لە گیروگرفتی فەرمانبەرەکانی دەگرێ. دەبێ ئەوەش بزانین ئەو وڵاتە خوا رەحمی پێ کردووە نەوتی نییە و ئەگەر نەوتی هەبایە، ئەویش وەک ئێمە قوڕى بۆ دەگیرایەوە.
ئینجا توخوا با ئەم شیعرەشتان پێشکێش کەم کە ناوى (لەخۆبایی) م بۆ داناوە.
من لەمێژە هاواردەکەم جامی ئارامیم پڕ دەرچوو
کەسێ بە زانام دانا بوو, نەزان بوو گێژو وڕ دەرچوو
ئەى ئەو کەسەى وامدەزانی پاکی و بێ گەردی لێ دەتکێ
بە فریشتەشم دەزانی, تا بڵێی هارو دڕ دەرچوو
ئەوەى بە باوکم دەزانی و خۆمم بەقوربانی دەکرد
کەچی بەداخی زۆرەوە خۆ ئەو بە باوکە زڕ دەرچوو
ئەوەى گوتم دەستی سۆزى بەسەر هەموومان دادێنێ
بازرگانێکی گەورە بوو سەرەنجام کۆیلەکڕ دەرچوو
ئەو کوڕەشێرەى تا ئێستا نەعرەتەى دنیاى دەلەرزاند
نازانم بۆچى واى لێ هات, بۆ وەکو مریشکەکڕ دەرچوو
هیواو ئاواتی ژیانم ئەو دارە بوو کە ڕواندم
بەخوێنی جگەرم داشتم, بەڵام بێ بەر و زڕ دەرچوو
بۆ ئەو هەموومان بووین بە مەڕ کردمان بە شوانی خۆمان
کەچی لەولاوە بۆمان هات وەک گورگی کەڵبەگڕ دەرچوو
هەرچى خێر و خۆشی هەیە لاى من بە زیاد دەست دەکەوێ
وامزانی دەکەومە خۆشی و نەمزانی قات و قڕ دەرچوو
هانام لەبۆ تەنکاوى برد تا لە بوارى بپەڕمەوە
بەڵام وەکو لافاو هەڵچوو , بێ بوارو بێ بڕ دەرچوو
ئەوەى کە من بە تەمای بووم لە تەنگانە بێ بەهانام
هەر وەک (خالصی) گوتی سمێڵ بابڕ و کەللـه خڕ دەرچوو
بەدەم هیچی نەهێشتەوە خۆی لێ کردم بە فریشتە
کەچی لە ناخڕا وا نەبوو, ئاخ ئەو مۆنی بنبڕ دەرچوو
وامزانی پشتیوانمە وکوڕی ڕۆژى لێ قەومانە
کەچى لە دزژمنان زیاتر بکوژ و ببڕتر دەرچوو
دەمگوت ڕەنگە لەمەو دوا خێرو خۆشییەکمان تێگەڕێ
قوڕ بەسەرمان هەرکێم بینی لەخۆم قوڕبەسەرتر دەرچوو
سەیری بێ بەرگیی خۆم دەکرد زۆرم زگ بە خۆم دەسووتا
بەڵام یەکێ کڵۆڵم دى ئەو زۆر لەخۆم شڕتر دەرچوو
نەکەى سەوداى لەگەڵ بکەى نەبادا وەک منت لێ بکا
وامزانی سەرڕاستە کەچی هەم دەستبڕ هەم قۆڵبڕ دەرچوو
ئینجا با دیسان بچین بەلاى زمانەکەمانەوە. ( زانست و زانیارى ). دەڵێن چێشت کە کابانی زۆر بوو، یان سوێرە، یان بێ خوێیە. لە سییەکانی سەدەى ڕابردوو, وەک بزانم, پیرەمێرد قوتابخانەیەکی ئێوارانی کردەوە بەناوى ( مدرسە المعرفە المسائیة ) و بۆ کوردییەکەشى نووسرابوو ( قوتابخانەى زانستیی ئێواران ) و ئەو قوتابخانەیە تا حەفتاکانیش مابوو. لە دواى رێککەوتنی 11ى ئادار ( من ناڵێم ئازار) ی 1970 بەڕێوەبەرابەتیی گشتیی خوێندنی کوردی گۆڤارێکی دەردەکرد بە ناوى ( التربیة و المعرفة ) و بەکوردیش دەیاننووسی (پەروەردەو زانست ). لەو هەردوو نموونەیەى هێناومن ( زانست بە عەڕەبی المعرفە)یە. ( المجمع العلمی الکوردى) ناونرا ( کۆڕی زانیارى کورد)، واتە بۆ (علم ) زانیارى دانرا و لە لە کتێبەکانی قوتابخانە ناوەندییەکان بۆ ( علم ) هەر زانیارى بەکارهات. کەچی دواى ئەوە پێچەوانە بووەوەو زانیاری بوو بە معلومات و المعرفة بوو بە زانست. ئەمە سەرلێ شێوانێکی زۆرى دروست کردووە هۆیەکەشی ئەو خاوەن بڕوانامە باڵایانەیە کە هەر یەکە دەیەوێ ڕاو بۆچوونی خۆى بسەپێنێ, بۆیە دەڵێم ( چێشت کە کابانی زۆر بوو یان سوێرە یان بێ خوێیە ).
هەندێک وشە ئێمەى نەگبەت لەزمانی عەڕەبییەوە وەریاندەگرین. بۆ نموونە ( پیپسی کۆلا) , لەبەر ئەوەى عەڕەب پیتی (پ) یان نییە ( نەمویست بڵێم پێیان نییە، چونکە دوو ماناى هەیە ), دەڵێن ( بیبسی) و ئێمەش وادەڵێین. ئۆتۆموبیلی (جیپ) عەڕەب دەڵێ ( جیب ) و ئێمەش دەڵێین ( جیب) . پیجۆ, ئێمەش وەکو عەڕەب دەڵێین بیجۆ. عەڕەبەکان بە چین دەڵێن (صین ) کەچى زۆر کەس وەک عەڕەبەکان دەڵێن سین و بە چینیش دەڵێن سینى. بەڵام هەر سینیی ڕووت بێ قاپ و کەوچک و چەنگاڵ. عەڕەب بە جاپان دەڵێن یابان و ئیمەش, بەگوێی مامۆستای دەڵێن یابان. حاجی قادری کۆیی نەمرلە شیعرى ( بۆچی فەرموویەتی نبی أمین )دا دەڵێ:
سەر بەسەر دەوڵەتی هەموو ژاپۆن
زۆر بە زەحمەت دەگاتە چل ملیۆن
سەبری چۆن چینی گرت و کردى بەخاک.
ئیمەش جاران پێش سەرهەڵدانی کؤلکە زمانزان و فەریکە زمانزان لە جیاتی یابان دەمانگوت ژاپۆن و بە صینیشمان دەگوت چین. ئەو وشەى چینە لەنێو کورددا زۆر باوە, بۆ نموونە چین و ماچین و هەروەها قەڕاڵی چین. لێرە ئیدى دەڵێم ماڵئاوا و ماڵ ئاوەدان و خواتان لەگەڵ.
خالصی کوڕى شێخ ڕەزایە و شاغیرێکی ناودارە وشیعرێکی گلەییئامێزى بۆ شێخ مەحمودى نەمر نووسیوە کە هەموو شیعرەکەم لەبەر نییە داواى لێ بوردنتان لێ دەکەم و لەو شیعرەدا دەڵێ(سمێڵ بابڕ, کفندڕکەللـەخڕ, پەرچەم مەریوانی ). هەوڵ دەدەم شیعرەکە بدۆزمەوە و پیشکێشتانی دەکەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت