عەبدولکەریم شێخانی: خرتکەو پرتکە – بەشی چل و نۆ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

11. 2. 2023
سڵاو و ڕیز و خۆشەویستیم بۆ هەموو دۆست و هاوڕێیان. خۆم بە قەردارتان دەزانم, بەڵام پیری و هەزار عەیب. ئەوە سێ حەفتەیە لەشساغی لەگەڵم ناکۆکە و تووشی پشتئێشەیەک بووم، هێز و توانا و بڕستی لێ بڕیوم، ( نە خەوم خەوە نە نانم نانە || وەختە بمکوژێ ئەو پشت ئێشانە ). هەر لەو ماوەیەدا سێ تیمى پزیشکیی گەڕۆک هاتوون بۆ سەردانم و کۆمەڵێک دەرمانیان بۆ نووسیوم. بەڵام لەتاو ئێشی پشتم هەناسەم بۆ نادرێ. گرفتەکەى من ئەوەیە کە ناتوانم بچم بۆ نۆڕینگەى دکتۆران و چاوەڕوانی ڕەحمەتی خواو دەرمانی ئەو دکتۆرە بەڕێزانەم.
ئەمشەو هەرچۆنێک بوو خۆم بەکێش کرد بۆ سەر لاپتۆپەکە و بناغەى نووسێنێک دامەزراند. دەزانم بۆم تەواو ناکرێ, بەڵام کەمێک باشترە لە هیچ. شتێکی سەیرم لە فێسبووک خوێندەوەو دەزانم پیاوانیش حەزى لێ دەکەن.
منداڵێک لەگەڵ دایک و باوکی سەیرى زنجیرەی حەرێمی سوڵتانیان دەکرد. کە تەواو بوو, منداڵەکە گوتی دایە من دەمەوێ ببم بە سوڵتان و حەوت کەنیزەکیشم هەبێ. یەکیان چێشتم بۆ لێنێ, یەکیان جلەکانم بۆ بشوات, یەکیان ماڵ پاک کاتەوە, یەکیان گۆرانیم بۆ بڵێ, یەکیان بمپارێزێ و گەرمم کاتەوە, یەکیان شەو لەگەڵم دانیشێ, یەکێکیشان ئۆتۆموبیلەکەم بشوا. دایکی پێی گوت ئەى ناتەوێ یەکێکیان لەپاڵت بخەوێ؟ گوتى ن , تۆ لە تەنیشتم بخەوە. چونکە تۆم خۆش دەوێ. دایکەکە فرمێسک زایە چاوى و گوتی: باشە ئەى کەنیزەکەکان لەکوێ بنوون؟ کوڕەکە گوتی: با بچن لاى باوکم بنوون. ئەم جارەیان باوکی فرمێسک لەچاوى زا و گوتی: ڕۆڵە خوا بۆ ئێمەت بهێڵێ. نازانم کێهەتان بەو قسەیە فرمێسک دەزێتە چاوتان؟
لەبەر ئازارى پشتم شتەکان بە قۆناغ دەنووسم و کە ئازار زۆرى بۆ هینام وازی لێ دەهێنم. بەڵام ئەمڕۆ هەواڵی ئازادکردنی خاتوو زارا محمدیم خویندەوە. پار ( من وەکو هەندێک زمانزانی ئاخر زەمان ناڵێم ساڵی ڕابوردوو ) لە 9. 1. 2022 لەسەروبەندى زیندانی کردنەکەى شیعرێکم بۆ نووسی, ئێستا بە بۆنەى ئازادکرانی هەمان شیعر دەنووسمەوە هەرچەندە هەست بە ئازارێکی زۆرى پشتم دەکەم, بەڵام خاتوو زارا ئەوەندە دێنێ کە ئازارەکەم بۆ ئەو بەلاوە قورس نەبێ.

زارا محمدى شێرەژنە
خاتوو زاراى ئێمە بووکە, بووکى هەموو کوردستانە
زاراى ئێمە گوڵباتمانە, تاقە گوڵی گوڵستانە
ئەو زارا خاتوونەى ئێمە زارى گشتمانی کردەوە
ئەو گرەوى مەردایەتی لە نامەردان گشت بردەوە
زاراى شەیداى زمانی کوردى بە پاراوى هاتە دوان
گوتی هەر بە کوردى دەدوێم کوردى گیانە گیانی ڕەوان
بووک زاراى من لە جێی بازن دەکاتە مەچەک کەلەپچە
بە تف دەشوا دەموچاوى گشت نامەرد و ناکەسبەچە
بووک زارامان هاوار دەکا زەوى و ئاسمان بێزار دەکا
لەو دوژمنە ترستان نەبێ کە هەر لە سەگی هار دەکا
هاوار دەکا و پێمان دەڵێ توخواکەى شەرمتان نەکرد
قاسمە ڕووتەى دوژمنی کورد کە وەک گیڤاڕا ناوتان برد
نە خەڵکی سلێمانییەو نە دۆستی کوردى ڕۆژئاوا
ئەو نە وەکو (قاسمە ڕەشە) و نە وەک ( کەپکی حەمەداغا)
لە جیاتی ئەو گەر ڕاست دەکەن ڕۆژێک بۆ قاسملو دانێن
قاسمە ڕووتەو ئەوانی دی توخوا هەموویان وەلانێن
سەرکۆنەتان دەکا زارا بێ ترس دەچێ لەبۆ زیندان
ژیانی دەوێ بە سەربەرزى وەکو هەموو غیرەتمەندان
زاراى ئێمە لافاوێکە لەلاى کورد گەورە ناوێکە
دەڵێ بێ باک بن لە دوژمن هێرشی ئەو هەر تاوێکە
کچی نەبەرد لە هەڵمەتا گەر لەگوللـە نەترسابێ
سینگی کردبێ بە قەڵغان لە زیندانیش ترسى نابێ++
بووک زارا دەڵێ وریا بن دوژمنان قەت بە دۆست نابن
ئەگەر دەتانەوێ ڕزگار بن بۆ یەکتر باوک و برابن
ئەوانەى ناحەز پەرستن بۆ ئەوان مەقاش و دەستن
بەر نەفرەتی گەل دەکەون چون گەلێک بێ هۆش وهەستن
زارا دەڵێ بە ئاشکرا زمانی کوردى چاوگەو چرا
زمانی ئێمە لەنێو ناچێ وەک کورد بەکەس لەنێو نەبرا
پەندى کوردى پێمان دەڵێ شێر هەر شێرە نێر بێ یامێ
خەنی لە زاراى شێرەژن کە خۆڕاگرەو ناچەمێ
زارا دەڵێ کەس ناتوانێ بەربەست لەڕێی ئێمە دانێ
چؤڵ ناکات مەیانی خەبات هەتا مابێ کوردزمانێ
خاتو زارا چریکاندى پڕ بە زار دەنگى هەڵبڕی
گوتی ئەو کەسە زیندووە کە بە مەرگی ژینى کڕى
گوتی زیندان با تاریک بێ من ڕووناکی لە دڵمایە
من خۆم بە تەنیا نابینم هەموو کوردم لەگەڵدایە

+ گوڵباتمان جۆرە قوماشێکی جوان و گوڵدار و بەنرخ بوو بۆ کەواى ژنان.
+ ئاماژەیە بۆ شیعرکەى پیرەمێرد
تا ئێستا ڕووى نەداوە لە تەئریخی میللەتا
قەڵغانی گوللـە سینگی کچان بێ لە هەڵمەتا

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت