عەبدولکەریم شێخانی: خرتکەو پرتکە – بەشی چل و هەشت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

22. 01. 2023
خۆشەویستان پێشەکی داواى لێ بوردنتان لێ دەکەم کە ئەوە ماوەیەکی زۆرە لە نووسینی خرتکەو پرتکەم دابڕاوم. بەڵام ئەو دواکەوتنە بەدەست خۆم نەبوو. تووشی ئەو کۆخەو سینگ ئێشەیە بووم بە جۆرێک دەستم دۆستایەتیی لەگەڵ قەڵەم تێک چوو و ئێستاش هەر پێمەوە دیارە و تەنانەت شەرمەزارى خۆشەویستێکيش بووم کە داواى لێ کردبووم شتێک لەسەر باوکی بنووسم, بەڵام نەمتوانی هیچ بنووسم و کەوتمە ژێر بارى گلەیی ئەو خانمە خۆشەویستە و ئەگەر بە گەورەیی خۆی لێم نەبوورێ. ئەوا رووم نایە سەیرى بکەم و ئاوڕى لێ بدەمەوە و قسەى لەگەڵ بکەم.
خرتکە و پرتکەى ئەمجارەش وەک هەندێکی دیکە زۆر شت لەخۆى دەگرێ، وەکو ئەو چێشتەى ئێمەى کۆیی وایە کە پێی دەڵێن ( حەفت ترینگە) و پێک هاتووە لە ( کوولەکە -کدووــ تەماتە و پیاز و سڵق و کەرەوزو باینجان و دەلووجە، واتە بیبەر و شویت ). كاك ڕەهبەرى خوارزا کتێبێکی قەبارە گەورەى بەو ناوەوە لەسەر قسەخۆشەکانی ناوچەى کۆیە نووسیوە.
وەک دایکم و نەنکم ( دایکی باوکم و پوورى دایکم ) باسیان دەکرد کە لەدایک بووم بەفرێکی زۆر باریبوو. بەوقسانە بێ، دەبێ، یان مانگی کانوونی یەکەمی 1933 بێ، یان مانگی کانوونی دووەمی 1934. ( واتە بەفرانباری 1933, یان ڕێبەندانی 1934 ) و من خۆم واى بۆ دەچم بەفرانبارى 1933 بێت. بەو پێیە بێ ئەم مانگە من تەمەنم بووەتە 90 ساڵ. ئەگەر خوا تەمەن بدا ئەوا دارێک لەسەر بەردێک دادەنێم و ئەوەى لە دەستم بێ درێژە بەو بوارە دەدەم کە گرتوومە و ئەگەر مەرگیش هات و بەرۆکی گرتم, منیش وەک ئەو هەموو خەڵکە بەجێتان دەهێڵم ئینجا، یان ڕەحمەتم بۆ دەنێرن, یانیش حەوت بەردم لەدوو داوێن و گەردەنتان ئازاد بێ.
دۆستێک لەسەر بایەخی خاڵبەندی شتێکی جوانی نووسیبوو، دەستی خۆش بێ و منیش تێوەرێخێک دەخەمە قسەکانی و دەڵێم: پێم وایە 2010 یان 2011 بوو ئەگەر بەهەڵەدا نەچووبم, کۆنفڕانسێکی ئەدەبی لە هەولێر ساز کرا، منیش بانگهێشت کرابووم بۆ بەشدارى کردن. ڕۆژێکیان برادەران باسیان لە شاعیرەکان کرد کە چۆن باسی سینگ و چاو و برۆ و زوڵف و خەت و خاڵی یاریان کردووە. برادەرێک ئاماژەى بە شیعرى هەندێک شاعیر کرد، بەڵام لە ناوى شاعیرەکان هەڵەى کردبوو و شیعرى چەند شاعیرێکی بە هەڵە دابووە پاڵ شاعیرى دیکە. منیش کە دەرفەتی قسە کردنم بۆ هەڵکەوت ئەو لایەنەم ڕوون کردەوە. ئەو بەڕێزە کە ئێستا کۆچی دوایی کرووە خوا لێی خۆش بێ, ڕوون کردنەوەکانی پێ ناخۆش بوو و ئیدى ئەوەى لە دڵ گرت و ڕووى لێ وەرگێڕام و بە درێژایی ئەو هەموو ماوەیە جارێک هەواڵێکی نەپرسیم، لە کاتێکدا شوێنەکەى هی ئەوە بوو کە دەبوایە نووسەران بەسەر کاتەوە. گەردەنی هەزار جار ئازاد بێ و هیچ گلەییەکم لەم ڕووەوە نییە.
هەر لەو کۆنفڕانسە برادەرێک باسی ئەوەى کرد کە چۆن شاعیرەکان بە جوانیی یاریان هەڵگوتووە لە باسی سینگ و مەمک و چاو و برۆ و زوڵفی خاو و لێوى تەنک و گەلێکی دیکە. بەڵام کە باسی وەفایی کرد, بەلاى منەوە وەک کوفرى کردبێ وابوو. گوتی: بەڵام وەفایی باسی دەرپێی یارەکەى کردووە. گوتی: دەستی هێنا, دەرپێی لە هەوادا
خوا لێ خۆشبوو سوارە قەڵادزەیی ( جەمال محەمەد ئیسماعیل)م لە تەنیشتەوە بوو، گوتم ئەو برادەرە قسەیەکی ناشیرینى کرد کە لە کوفر دەچێ. کە تەواوى کرد داوایان کرد کێ قسەى هەیە, دەستم هەڵبڕی و زوو دەرفەتیان دام و گوتم ئەو برادەرە بوختانێکی ناڕەواى بە وەفایی کر . ئەو قسەیە نەک لە وەفایی, بەڵکو لە هیچ بێ ڕەوشتێک ناوەشێتەوە. وەفاییەکی سۆفیی دیندارى لەخواترس و لە پەناى (شێخ عبیدالله) چۆن قسەى وا دەکات! ئاخر چۆن شاعیر ( هاوەڵکراس) ی یارەکەى لە هەوادا هەڵدەسووڕێنێ. کورد ئەوەندە بە ئەدەبە بەو شتە ناڵێ دەرپێ, بەڵکو پێی دەڵێ (هاوەڵکراس ). دواى ئەوە جەنابت لە خاڵبەندییەکەدا هەڵەت کردووە. تۆ دەڵێی: دەستی هێنا , دەرپێی لە هەوادا. ئەو وێرگولە ( فاریزەیە) ت خراپ داناوە و دەبێ بیگوازیتەوە دواى دەر و بڵێی: ( دەستی هێنا دەر, پێی لە هەوادا ).
ئەم چیڕۆکە لەگەڵ ئەو شتانە نەبوو کە من نیازم بوو بیاننووسم, بەڵام لە ماسێنجەرەکەم چاوم بەم چیڕۆکە کەوت کە براى بەڕێز و خۆشەویست دکتۆر( دڵشاد محمد ) ى دکتۆرى ڤیتەرنەرى بۆى ناردبووم و منیش نەمویست بەسەریدا تێپەڕم و دواى بخەم و حەزم کرد بە گەرموگوڕی پێشکێشتانی بکەم.
چیڕۆکیکە ڕاستینەیە دکتۆر ( ف. ق) کە مامۆستاى کۆلێجی پزیشکییە لە زانکۆى بەغدا دەیگێڕێتەوە و دەڵێ: کاتێک کە لەساڵی 2001 لە ئەمنى رصافة بە تۆمەتێکی سیاسی بەند کرابووم, لە بەندیخانە زیاتر لە 10 کەسی زەلامی کەتەى قەڵەوى ملئەستوورى خەڵکی گوندى ( معدان ) ى سەر بە ( أبوغریب )مان لەگەڵ بوو کە هەموو جارێک لە کاتی خۆیدا نوێژیان بە جەماعەت دەکرد. جارێکیان لێم پرسین تاوانی ئێوە چییەو لەسەر چی گیراون؟ گوتیان قیمەى گۆشتی کەرمان دەفرۆشت بە چێشتخانەو قەسابەکانی کاظمیە و ژنەکانیشمان کە ئێستا وا لە بەندیخانەى ژنان گیراون بەشدارییان دەکردین.
ئەو کاتە نۆڕینگەکەم لە کاظمیە بوو و بیست ساڵ لەو نۆڕینگەیە بووم. وا ڕاهاتبووم هەر ناو بەناوێک دوو کیلۆ کەبابم بۆ ماڵەوە دەبردەوە لە باشترین و پاکترین و گەورەترین چێشتخانەى کاظمیە کە ناوى ( کباب سید جابر بوو ) و یەکێک بوو لە چێشتحانە باڵا و بەهەڕمێنەکان و قەڕەباڵغییەکی زۆرى لەسەر بوو و لە هەموو ناوچەکانی دیکەى بەغدا بۆى دەهاتن. لێم پرسی: چێشتخانەکەى ( سید جابر ) یش لەو چێشتخانانە بوو کە قیمەى کەرتان بۆ دەبردن؟ گوتی: بەڵێ. ماوەیەک بێ دەنگ بووم و ئەو هەموو ساڵەم لەگەڵ ئەو هەموو کیلۆ کەبابە لێکدا کە لەو چێشتخانەیە کڕیومن و خواردوومانە کە بەتام و خۆشترین کەباب بوو و پێم گوتن، کەواتە من تا ئێستا ( کەر و نێوێکم ) خواردووە.
بێ گومان ئەو چیڕۆکە لە بەندیخانەکە بڵاو بووەوە و ئەفسەرى ڵێکۆڵێنەوە بەدوایدا ناردم تا لەزارى منەوە گوێی لێ بێ و بۆى بگێڕمەوە. پێم گوت: تۆش لەو کەبابەت خواردووە؟ گوتی بەڵێ, هەموو جار کە سەردانى ئەمنی کاظمیەم دەکرد و سەرم لە یەکێک لە هاوڕێیەکانم دەدا, ئەوا دەعوەتى دەکردم بۆ ئەو کەبابە. دواى تۆ منیش ئەوە خەریکم دەیژمێرم کە لەو ماوەیەدا چەند کیلۆ گۆشتی کەرم خواردووە.
بێ گومان ئەو کۆمەڵە هەموویان حوکمی لە سێدارەدانیان بۆ دەرچوو و بە ژن و پیاوەوە هەر هەموویان لە سێدارەدران. ئەو ڕووداوە لە سەردەمی ئەو ڕژێمە ڕووىدا کە بە توند و تێژى و سزاى قورس ناسرابوو و ئەو جۆرە رووداوە ناشیرینانەشی تێدا ڕوو دەدا. باشە ئەى ئێستا چۆن؟!. لەوانەیە لە 2003 وە تائێستا هەر یەکەمان دەرزەنێک کەرى خواردبێ و بە خۆشی نەزانیبێ, بۆیە هیچ سەیر نییە کە دەبینی ئەمڕۆ باباى عیڕاقی بێ دەنگ بیردەکاتەوە و بیر دەکاتەوە و دواى چوار ساڵ هەر هەمان کەر هەڵدەبژێرێتەوە. ( قسەى دکتۆرەکە تەواو بوو) و من دەڵێم دوور لە ڕووى ئێوەى ژیر و بیرمەند و هۆشیار, ڕووى دەمم تەنیا لە کەرەکانە و ئەوەشى لێم تووڕە بێ تەنیا زیان بەخۆی دەگەیەنێ و گەوهەرى خۆی دەردەخات.
من ناو بەناو باسی کوردییە سەیرەکەى هەندێک فیرعەونی زمانی کوردی دەکەم کە ئەمە یەکێکیانە و دەڵێم مادام باسی کەرمان کرد, با ئاوڕێکیش لە جاشان بدەینەوە. یەکێک لەوانە دەڵێ: لە ڕێی شەقڵاوە ئۆتۆموبیلێک لە ماکەرێکی داوە و کوشتوویەتى و بێچووەکە بە نووکی قاچی لە دایکى دەدا تا هەڵسێتەوە. کەسەکەم بە بێچووى کەر دەڵێن ( جاش, جاشک ) و نووکى قایش نووکە سمە. ئەى ئەو هەموو ساڵەى شۆرش، ئێمە ئەو جاشانەمان پێ نەناساندن کە ئێستا هەندێکیان ( موعەززەز و موکوڕڕەم) پلەو پۆست و پایەى باڵایان هەیە و لە پێشمەرگە پێشمەرگەترن.
دەڵێن جارێکیان پیرێژنێک دەچێ بۆ شار و ماکەرێکی جاش لەبەرى پێ دەبێ کەرەکەى دەبەستێتەوە و دەچێ بۆ بازار بۆ شتومەک کڕین, منداڵ و تاڵ جاشەکەی دەبەن و سوارى دەبن. کە دەگەڕێتەوە جاشەکەى دیار نییە. بەڕێکەوت هەندێک جاش لەناو بازاڕ دەبن و ئەویش لەترسی جاشەکان بانگەواز دەکات و دەڵێ: ڕەحمەتی خواتان لێ بێ کێ بێچووەکەرەکەى منی دیوە. جاشەکان قۆشمە دەبن کە گوێیان لێ دەبێ سەر دەکەنە سەر پیرێژن ناوە ڕاستییەکەى بڵێ, بەڵام پیرێژن هەر ناوێرێ بڵێ جاش. سەرەنجام قیڕوسیا دەکات و دەڵێ جاشەکەرەکەیان بردووم و ئیدى جاشەکان کە خۆیان دەزانن خەڵک چییان پێ دەڵێ پێدەکەنن و, دەگەڕێن و جاشەکەرەکەی بۆ دەدۆزنەوە و دەڵێن ها پیرێژن ئەوە خۆت و جاشت.
جارێکیان لەگەڵ دکتۆر هۆگر مەحمودى بەڕێز پێکەوە بانگ کرابووین بۆ دیدارێکی تەلەفزیۆنی. من پێش ئەوەى هیچ قسەیەک بکەم گوتم ( الفاتحة ) بۆ زمانی کوردى. خۆشەویستان من هیچ ناڵێم, ئیوە خۆتان حوکم بدەن و قسەیەک بکەن. یەکێک نووسیویەتی دەڵێ: گەورەترین ئاژەڵ حووتە ( نەیگوتووە نەهەنگە) و بچووکترین ئاژەڵیش میشە. توخوا مێش و نەهەنگ ئاژەڵن؟

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت